٢٠\١٢\٢٠٢١
لە یادی
١٠٠ دەوڵەتی عێراقدا،
تەنیا یادوەریی جینۆساییدمان لەگەڵیدا
ھەیە.
دامەزراوە فەرمیەکانی دەوڵەتی عێراق، لەسەر ئاستە جیاوازەکان، بە
چالاکی جۆراوجۆری سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی وسەربازی و ... ھتد،
یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەکەن وەک یوبیلی زێڕین.
لە ماوەی ١٠٠ ساڵەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە، گەلی کوردستان بەردەوام
رووبەرووی کۆمەڵکوژی و لە ناوبردن و سڕینەوە و راگواستن بۆتەوە.
دەوڵەتێک لە ماوەی (١٠٠) تەمەنیدا ھەموو جۆرە پێشلکارییەکی مافی مرۆڤ و
تاوانی زەقی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر گەلی کوردستان و کەمیاتییە ئاینی و
نەتەوەیی و مەزھەبییەکان پەیڕەو و پیادە کردووە.. و بە ئێستاشەوە ھەمان
ئاراستە لە بەرانبەر گەلی کوردستان و مەزھەبی جیا بوونی ھەیە و
بەردەوامە و بنبڕ نەکراوە.
دەوڵەتی عێراق، لەکاتێکدا یادی (١٠٠) ساڵەی دەکاتەوە، ھێشتا
نەیتوانیووە برینەکانی سەر جەستەی گەلی کوردستان بە تایبەتی و
کەمینەکانی تر سارێژبکاتەوە و لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی بەرانبەرییان
ئەنجامیداوە، داوای لێبوردنی فەرمی بکات.
جیاواز لەوەش.. تائێستا دەوڵەتی عێراق پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، بۆ قەرەبوکردنەوەی مادی و مەعنەوی
کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و تەواوی
دۆسیەکانی تر، کە لە دادگای ئاماژە بۆکراوە، حوکمی کۆتاییان وەرگرتووە,
لە ھەمووشی گرنگتر ئامادە نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو
دەوڵەتی وەک دڵنەواییە بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید و تاوانی جەنگ و
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئایندەدا لەم ولاتەدا.
بۆیە وەک بەشێک لە رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی گەلی کوردستان و
خەمخۆرانی ئەم بوارە، نارەزایەتی لە بەرامبەر ئەم یادکردنەوەیە
دەردەبڕین تا ئەو کاتەی قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیان دەکرێتەوە
و عێراق پەیوەست دەبێت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە و دڵنەوایی
تەواو بە ھەمووان دەدرێت عێراقی داھاتوو جیا دەبێت لە عێراقی رابردوو.
ناوەکان:
١- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
٢- رێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال
٣- تۆڕی رێکخراوە کوردستانییەکان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
٤- رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
٥- گۆڤاری تۆبزاوا
٦- رۆژنامەی نگرە سەلمان
٧- ھەڵمەتی ژیان دژ بە
سێدارە لە کوردستان
٨- رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەریی
|