|
٢١\٨\٢٠٢٦
لە یادی ٢٠ ساڵەی
دادگایی تاوانبارانی ئەنفال
و
رۆژی دادپەروەریی
تاوانکاریی کوردستاندا.
رێکەوتی
٢١ی ئابی ٢٠٠٦ بۆ پرسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆسایدی
گەلی کورد و بنەماڵەی قوربانیان بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی
رۆژێکی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێکردنی دادگاییکردنی
تاوانبارانی تاوانی "ئەنفال" بوو لە عێراق، لەو رۆژە بۆ یەکەمجار لە
مێژووی گەلانی کوردستان و گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان لە
ماوەی سەدان ساڵی رابردوودا، کەسانێکی تاوانبار بە تاوانی گەورە
بەرامبەر بە گەلەکەمان "تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی"، لە لایەن دادگایەکی وڵاتی داگیرکەری کوردستان و بکەری
تاوانەکەوە دادگایی بکرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی
کۆمەڵکوژییەکانی تێدا دەرچووە.
رێککەوتی ٢١\٨\٢٠٠٦
پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال دەستی پێکرد، خواستی
قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاکوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو
لە دادگایکردنی تاوانباران لە دادگایەکی نێودەوڵەتی یاخود لانی کەم
دادگایەکی ھاوبەش، تاکو دادگاییەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانەو جێی
متمانەی ناوەندەکانی جیھانی بەڕێوە بچێت و پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید
گەلی کورد بە جیھانی بکرێت، ھەرچەندە داواکە نەھاتە دی, وەلێ دادگاکە
وێڕای کەمکوڕییەکانی زۆر بڕیاری گرنگیدا، لەوانە چوار کەیسی کۆمەڵکوژی
خەڵکی کوردستانی بە جینۆساید ناساند، کە تەنھا لە ماوەی ٩ ساڵدا
بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرابوون، ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا
بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە
دادگاییکردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال
جێبەجێ نەکرا و رێزی لێنەگیرا، گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە
ئاشکراکردنی لیستێکی سەرەتایی لە ٤٢٣ تۆمەتبار کە ئەویش پڕ بوو لە
کەماسی (سەرجەم تاوانباران نەبوون, ناوی چواری نەبوون, ناوی دووبارەی
تێدا بوو...).
پارتە سیاسییەکان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران لە کوردستان بە شێوازی
جۆراوجۆر، نەک تەنھا داڵدەی تاوانبارانیاندا و پاراستیانیان و نەیان
ھێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵکو فشاریان خستنە سەر دەزگا
ھەمە جۆرەکانی دادوەری و رێگرییان کرد لە بڕیاری دەستگیرکردن و
دادگاییکردنی ٤٢٣ تۆمەتباری ئەنفال، کە زیاتر لە ٦١٪یان کورد بوون
(٢٥٨) و تا ھەنووکەش تاوانبارانی داواکراو لەلایەن پارتەکانی
دەسەڵاتدارەوە دەپارێزرێن و ھەندێکشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە...
تەنانەت ھەندێکی دیکەشیان لەلایەن پارتەکانەوە لەسەر پشکی گەلی کورد
پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدرابوو. ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری
تۆمەتبارانی دیکە سکاڵایان لەسەر بوو, کەچی ناویان لە ریزبەندی
تۆمەتباراندا نەبوو, لە ھەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو,
کە خۆی دان بەوەدا دەنێت سەرپەرشتی چوار پرۆسەی ئەنفالی کردووە کە
دویان ئەنفالی چوار و ئەنفالی کۆتایی کە زۆرترین زیانی مرۆیی ھەبووە,
ناوبراو لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام حوسێن و عەدنان خێروڵاو عەلی
حەسەن مەجید دەھات لە بڕیاردان.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری تاوانکاری لە کوردستان کە رێکەوتی (٢١-٨) ە،
کە بە رۆژێکی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەھای دەزانین بۆ خەڵکی کوردستان و
پرۆسەی دادپەروەری لە کوردستان داواکارین:
یەکەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال"٤٢٣
تۆمەتبار" و کەیسەکانی دیکەی جینۆسایدا ھاتووە، بە زووترین کات دەستگیر
بکرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەکان بۆ دادگاییکردنیان, لە
کوردستانیش ئەمانە وەک تۆمەتباری ھەڵھاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا
بکرێت، نەک ھاوڵاتی بە ئیمتیاز وەک ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول دوای رێکخستنی
لیستەکە بە ناوی چواری تۆمەتباران و ناوی سیانی دایکیان، بۆ ئەوەی
ھەڵاتووەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن کە
تاکە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەکانە لە سەر ئاستی جیھانی.
سێیەم: لە لایەن پەرلەمانی داھاتووی کوردستانەوە ڕۆژی ٢١\٨
بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری تاوانکاری (عدالە الجنائیە) لە کوردستان
بناسرێت و ئەو ڕۆژە بکرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا,
بۆ بەرچاو روونی ھەموو لایەک, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و
بە پشتیوانی وەزیری شەھیدانی پێشوو مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە کابینەی
حەوت بە فەرمی وەک رۆژی دادپەرەوەری ناسێنراوە.
چوارەم: دادگاییکردنی تاوانبار عەجاج ھەواڵێکی خۆش بوو, لەوەش خۆشتر
ئەوەیە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی بە فەرمی سکاڵای قوربانیان
وەربگرێت و دادگاکە بەردەوام بێت و سەرجەم تاوابارانی کەیسی ئەنفال لە
سزا رزگاریان نەبێت.
پێنجەم: بە زووترین کات رووفاتی ئەنفالکراوان دەرھێنراو لە گۆڕە بە
کۆمەڵەکان بھێنرێنەوە کوردستان و پرۆسەی پشکنینی دی ئێن ئەی خێراتر
بکرێت بۆ کەسوکاری قوربانیان.
شەشەم: نابێت رێگا بە تۆمەتبارانی ئەنفال و موستەشارەکان و نەوەکانیان
بدرێت, لە رێگای پۆستی سەرۆکی عەشیرەتەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێننەوە
بەسەر خەڵکدا, کە ئێستا دەیانجاری سەردەمی سەدام حوسێن دەسەڵات و
نفوزیان ھەیە.
حەوتەم: رێگا بگرترێت لە بەرپاکردنی پرسەو مەراسیمی گەورە بۆ ئەو
تاوانبارانەی جینۆساید کە دەمرن, وەک پاڵەوانی نەتەوەیی نمایش بکرێن.
لە کۆتاییدا دەڵێین دوای ٢٠ ساڵ لە دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال
ھێشتا زۆرینەی تۆمەتباران نەک دادگایی نەکراون, بگرە بەھێزکراون,
روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی کەسوکاری
قوربانیان ھاوتای موچەی کەسوکاری قوربانیانی عێراق نەکراوە, حکومەتی
عێراق داوای لێبوردنی نەکردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای
تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە....
بەرزو بەرێز بێت روحی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و ھەڵەبجە و بارزانی
و فەیلی و ئێزیدی و کریستان و کاکەیی و شەبەک لە رۆژی دادپەروەری
تاوانکاری لە کوردستاندا، سەرکەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی
حوکمی یاسا و دادگایەکی بەھێزی سەربەخۆی سازش نەکەری پیشەیی لە
کوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلکاری یاسایی
و تاوانە لە کوردستان, درێژەی تاوانەکانی بەعسە و بەردەوامی پرۆسەی
جینۆسایدە.
- تۆڕی رێکخراوە
کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
- کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی ھەڵەبجە
- چاودێری کوردۆساید-چاک
- تۆڕی ئایکان کوردستان
- رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
- رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەری
- رێکخراوی جیھانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
- ھەڵمەتی ژیان دژ بە سێدارە لە کوردستان
- گۆڤاری تۆبزاوە
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان
- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
٢١\٨\٢٠٢٦
|