١٨\٣\٢٠١٦
لە یادی ٢٨ ساڵەی
کیمیابارانی ھەڵەبجەدا، جینۆسایدی کورد بەردەوامە.
ئەمساڵ بیست و ھەشت ساڵ تێ دەپەڕێ بەسەر تاوانی کیمیابارانی ھەلەبجەدا،
ھێشتا زامەکانی ھەڵەبجە و شارو گوندە کیمیابارانکراوەکانی تری کوردستان
وەک پیوست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە چونکە:
١.
سەدان بەرکەوتووی کیمیایی دەنالێن و چارەسەری گونجاویان بۆ نەکراوە.
٢. ژینگەی ھەڵەبجە وەک پیوست کاری لەسەر نەکراوە.
٣. ناو شارو گوندەکانی ھێشتا سیمای وێرانەیان پێوە دیارە.
٤. چارەنوسی دەیان مناڵی وونبووی ھەلەبجە ھێشتا نادیارە.
٥. قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەویەکانی خەڵکی ھەلەبجە و شوێنەکانی تر
بەتەواوی نەکراوەتەوە.
٦. تائیستا حکومەتی عیراق دانی بە جینۆسایدی ھەڵەبجەدا نەناوە، تا
نەچێتە ژێر باری قەرەبوەکانەوە.
٧. لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیھان ھەولەکان بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی
ھەلەبجە ھێشتا لە سەرەتادایە.
٨. تا ئیستا ئەو کەلوپەلانەی ھەلەبجە ئاودیوکراون (نمونە کتێبخانەی
ھەلەبجە) لەئێران وەرنەگیراونەتەوە.
٩. تائیستا ناوەندێک لە ھەلەبجە یان لە کوردستان نیە بۆ
بەدۆکیومێنتکردنی بەڵگەکانی جینۆسایدی کورد، بە زمانە جیھانیەکان.
١٠. پەیوەندی و ھاوکاری حکومەت و ڕیکخراوەکانی بواری جینۆساید لەگەڵ
ڕێکخراوە جیھانیەکان کە گرنگی دەدەن بە کەیسی جینۆساید لەئاستێکی زۆر
لاوازدایە یان ھەر نیە.
ئەو خاڵانەی سەرەوە ھۆکاری کەمتەرخەمی حکومەتی ھەرێم و رێکخراوەکانی
ئەو بوارەن کە بوونەتەھۆی ئەوەی نەتوانین کار لەسەر کەیسی جینۆساید ی
کورد بکەین لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ھاوکات ناکۆکی شەخسی و بیری
تەسکی حزبایەتیش لە نیو ڕیکخراوەکانی بواری جینۆساید ڕەنگی داوەتەوە.
ئەمەش وای کردووە، کارەکان پەرتەوازەو بێ کاریگەر بن.
لەم یادەدا دەبێ چیتر کات بەفێڕۆ نەدەین و ھەموو ھەولەکان دەبێ
یەکانگیر بکرێنەوە و بەیەک ئاراستە ببرێنە پێش.
لە دوای ھەلەبجەو ئەنفال، جینۆسایدی شەنگال ڕوویدا، لە ڕۆژئاوای
کوردستان چەندین تاوانی جەنگ و دژ بەمرۆڤایەتی ڕویان داوە و
بەردەوامیان ھەیە، ھەر لەم ڕۆژانەدا لەحەلەب بۆمبی فسفۆریی دژی کورد
بەکار ھاتووە، لەباکوری کوردستان، ھێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی شارەکان و
کۆمەڵکوژکردنیان بەردەوامە، ھەوالەکانیش دەلێن کە چەکی کیمیایی بەکار
ھاتووە لە شاری جزیرە، پێش چەند رۆژێک لە ناحیەی تازە لەباشوری
کوردستان داعش بۆمبی کیمیایی بەکارھێنا، و کەسێک گیانی سپاردو، زیاتر
لە ٥٠ بریندار ھەیە، لەڕۆژھەلاتی کوردستان لەسێدارەدانی کوردان درێژەی
ھەیە و ھێرش بۆ سەر خەڵکی کۆڵبەری ھەژار و بێ دەرامەت بەردەوامە.
لەیادی مەرگەساتی گەورەی سەدەی بیستەمدا دەبێ مرۆڤایەتی ھەڵوەستەیەک
بکات، بەخۆیدا بچێتەوە، چیتر کوشتوبڕ واز لێ بھێنێ و رێگای ئاشتی و
پێکەوە ژیان بگرێتە بەر.
چاودێری کوردۆساید - چاک
١٦\٣\٢٠١٦
info@kurdocide.org
|