په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٨

لە یادی ٣٦ ساڵەی خۆپیشاندانەکانی شاری ھەولێر.


عەلی مەحمود محەمەد  


سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئەمە کورتە یاداوەرییەکە لە بەشەکەی لای خۆمەوە، سەدانی دیکەش چ تاک و چ گروپ ھەوڵی دیکەیان داوەو یادگاری و یاداشتی لەم چەشنەیان لایە، ھەمووشیان ئامادە بوون لەو رۆژگارە گیانی خۆیان بەخت بکەن، لێ جیاوازییەکە ئەوە ناگۆڕێت خۆپیشاندانەکان نەخشە داڕێژراوی پێشتر نەبوو، بەڵکە سەرەتا ھەوڵێکی بە کۆمەڵی قوتابیانی ھەردوو کۆلێجی ئەندازیاری و کۆلێجی زانستی چەند کۆلێژێکی دی بوو کە رۆژی دواتر ھەموو کۆلێجەکان و بەشێک لە قوتابیانی شاری ھەولێریشی گرتەوە، دیارە لە ھەموو بزووتنەوەو ھەوڵێک کۆمەڵێک خەڵک پەیدا دەبن ھەلپەرستانە دەیانەوێت کا رەکان بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، ئێمە خۆمان لەوە بەدور دەگرین، لەناو جەرگەی روداوەکان و مەترسیەکانین لێ خاوەندی نین، بەڵکە بەشێکی بچووکین لەکۆی ھەوڵەکان، قەبوڵیشمان نییە ئاراستەکان و راستیەکان بشێوێنرێت، کەسانێک بڵێن ھەر خۆمان ھاتین، کەچی ددرەنگ ە دەستبەتاڵی ھاتبێتن و زووش رۆیشتبێتن.


رۆژ ٢ ی ئایاری ١٩٨٥ کاتژمێر ٩ ی بەیانی، سیروان مەحمود قوتابی پۆلی دووی کیمیا لە شاری سلێمانی گەڕابوەوە، چونکە ١ ی ئایار پشو بوو نەھاتبونەوە بۆ دەوامی زانکۆ، لەسەر دەرگای کافتریاکە راوەستا بوو، منیش لە دەرەوە و لە بەرامبەری، بە فسکە فسکی سیاسیانەی ئەوکاتەوە، وەلێ کەمێک بەرزتر و بە لەخۆبایی بوونی نەترسانەوە، چونکە خۆپیشاندانەکان کەمێک ورەی زیاتری خستبووە سەر ورە بەرزیەکەی رابردووی وتی "خۆپیشاندان گەرمە لە سلێمانی و بەشداریمان کرد، بۆ لێرە دەست پێ نەکەین" لە گەڵ برادەران کەوتینە گفتوگۆ "یاسین حوسێن، لوقمان سدیق، عوسمان غەریب، حیکمەت حەکیم، سەباحە سور، ن شتمان، سەردار و .... "بە گروپ و تاک تاک، ھەندێکمان پەیوەندی رێکخراوەییمان لە گەڵ یەکتردا ھەبوو، پەیوەندی رێکخراوەیی ئەوکات پەیوەندییە کەسایەتیەکانی تا ئاستی خۆشەویستی دوو عاشق بەرزە کردەوە، زۆریشمان پلەی باڵامان ھەبوو لەچاو پلەبەندی ئەوکاتە" ھەرچەندە من لە ناوەوە بەرەو روخان دەچوم لە روی رێکخراوەییەوە لەو رۆژگارە، چەپی رادیکاڵ ھێواش ھێواش گەرای لەناو بیرو ھزرم دادەنا "ساڵی پێشتر کاتێک بەعسیەکان ھاتن تەتەوعمان پێبکەن بۆ ھەڵگرتنی چەک، بینیم چۆن قوتابیانی کوردی پۆلەکە ھەموو زۆر ئازایانە بە کۆمەڵ بەرەو روو بونەوە، بەراستی بە ئازایەتیان غیرەتیان دەدا بە مرۆڤ، سانا نەبوو لە ساڵی ١٩٨١ دا، راستەوخۆ لە بەرامبەر بەعسیەکان بە خەتی خۆت بۆیان بنووسیت "لا ارغب ان اتگوع ڵادافع عن ڕرچ العراق و شعبە" ئەو رستەیە ئەوکات مل پەڕانی لەسەر بوو، بۆیە متمانەم بە قوتابیانی پۆلەکەمان ھەبوو، دواتریش ھەمان ھەڵوێ ستی پێشەنگانەیان لەبەرامبەر مانگرتنی قوتابیان لە رەتکردنەوەی جەیشی شەعبی ھەبوو ساڵی ١٩٨٣ و ١٩٨٤ دا، ھەردوو بزوتنەوەکە لەناو قوتابیان بەشێوەی خورسکیانە سەری ھەڵدا ھەرچەندە رێکخستنەکانی حیزبەکان لەناو ریزی قوتابیاندا بە ھێز بوون بەتایبەت ینک، من و لوقمان و سیروان.


دوا نیوەڕۆی ٢ ی ئایار، وا لە پۆل دانیشتوینە و مامۆستا کینتی ھیندی وانەی کیمیای شیکاری دەڵێتەوە، لە پڕ دەنگی گولەی نزیک ھات، گروپەکەی ئێمە سەیرێک یەکترمان کرد و ھەڵساین، بە دوایدا نزیک بە ھەموو قوتابیە کوردەکان پۆلمان بەجێھێشت، مامۆستا و قوتابیە تورکمان و عەرەبەکان چاویان زەق ببوەوە، چوینە گۆڕەپانی کۆلێژ، لە بان تەلاری کولێژەکەوە، بۆ بۆشایی نێوان کۆلێژی زانستی و ھەندەسە کە ئەوکات ماڵ نەبوو بەشی زۆری، قوتابییە بەعسیەکان کە پێشتر چەکدار کرابوون، بە ئار بی کەی و کڵاشینکۆف راستەوخۆ روو لە خۆپیشاندانی قوتابیانی کۆلێژی ئەندازیاری تەقەیان دەکرد، کاک حیک ەت حەکیم ھەڵچوو، ھاوارێکی لێوە ھەڵسا، حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی کرد، کە یەکەم کاردانەوەش بوو بەرامبەر تەقەکان، کۆمەڵێک بەعسی یەکسەر پەلاماریان دا، من و نیشتمان خۆمان دایە بانیا بۆ ئەوەی لێدەنەکەی بەر نەکەوێت، چونکە زۆر بە توندی بە کۆمەڵ بەرببونە گیانی، نەمانتوانی لە دەستیان دەریبکەین، لە ھاتنی خۆپیشاندانی قوتابیانی کۆلێژی ئەندازیاری رو لە کۆلێژی زانست قوتابی حەمەی شێخ تاڵیب "حەمە راغب" کە ئەوکات رێکخستنی حشع بوو بریندار بوو، حەمە راغب بووە یەکەم برینداری خۆپیشاندانەکەی ھەولێر و حیکمەتی شەھید مامۆستا حەکیمی شۆریجەش کە قوتابی بەشی کیمیای کۆلێژی زانستی بوو، سەر بە رێکخستنەکانی ینک بوو بووە یەکەم زیندانی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ١٩٨٢ ی ھەولێر.


دوای گرژییەکە ناو کۆلێژی زانستی گەڕاینەوە بەشی ناوخۆیی قادر بلە ، من و حیکمەت لە یەک ژور بووین لە گەڵ کۆمەڵێک برادەری دی ، شەو بەشی ناوخۆیی قادر بلە بووە شوێنی کۆبونەوەی سیاسی و خۆ ئامادە کردن بۆ خۆپیشاندانی رۆژی دواتر ، ھەر گروپە بوو لە لایەکەوە کۆبونەوەیان دەکرد، سبەی بەیانی لە بڕیاردرا شێخەڵا لای میوانخانەی ھێمن خۆپشاندان بکرێت ، کێ ئەو کات نازانم و شوێنەی دیاریکرد لە یادم نییە.


رۆژی دواتر لە سبەی زووەوە قوتابیانی کۆلێژی کشتوکاڵ لە کەڵەک یاسین ئاغاوە گەیشتنە ھەولێر، بە حەماسی بەرزەوە، لە یادم نییە چۆن من لەگەڵ ئەوان بە یەک گەیشتم و بوینە یەک گروپ "ئاراز، رزگار سەلام، حەمە خێروڵا، سەردار سۆفی، حوسێن، خالە عارەب و عەلی کاکەی و عەلی بروسک و ..... "کاتێک چووینە شوێنی مەبەست بەرەو روی پەلاماری دڕندانەی بەعسیەکان بووینەوە، لە کۆڵانی پاسکیل فرۆشەکانەوە خۆمان کرد بەو گەڕەکەیا، دەرگای حەوشەیەک کرابوەوە چوینە ژورەوە بۆ سەربان، بە بان خانەییەکانا چوینە بان خانییەک دیکە لە دورتر ، لەوێ مااینەوە تا ماوەیەک زۆر و دەنگی تەقە و زیقەو زاقی ن ەجدە و ھات و ھاوار نەما، جەلادەکانیش بەو کۆڵانانەیا کەوتبوونە راوە قوتابی و ماڵانیان دەپشکنی، نزیک کاتژمێر ١١ بۆ ١٢ قوتابیەکی کچ بە عەباوە ماڵ بە ماڵ بۆ رزگار کردنی قوتابییەکان دەگەڕا، لەو کۆڵانە دەرمانی کرد تا ناو بازاڕ، ئیتر بە سەلامەتی گەڕاینەوە بۆ بەشی ناوخۆیی قادر بلەی.


عەسری رۆژی سێیەم گروپێک لە قوتابیان خۆپیشاندانێکی خێرامان ئەنجامدا لە سەر شەقامی باتا، دیسان بەرەو روی ئەمنەکان بوینەوە، بە دەمانچەی روت بە تەقە کەوتنە دوامان، بە راکردن بەو کۆڵانانەیا خۆمان دەرباز کرد، جار جارەش ھەواڵ دەھات لە قوتابخانەکانی ھەولێر ناڕەزایەتی ئەنجام دەدرا لە لایەن قوتابخانە ئامادەییەکانەوە ، ورەیەکی بەرز بوو بۆ ئێمە.


ھەر وا بەشە ناوخۆییەکان وەک سەرکرایەتی مەیدانی لێ ھاتوووە، سەرجەم کۆلێژو بەشەکان وەک ئێمە لە جموجۆڵدان، ھەموو ورە بەرز.کار بۆ درێژەدانی خۆپیشاندانەکان دەکەن، کۆی جموجۆڵ و ناڕەزایەتیەکان سەدان گەنجی ناو کۆلێژەکان و قوتابیانی شاری ھەولێر بە کوڕو کچەوە کاری بۆ دەکەن، ناڕەزایەتیەکان سەدان سەرکردەی مەیدانی ھەبوو، شەوی چوارشەمە لەسەر پێنج شەمە لە پڕ ئەمینداری لقی بەعس و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین خۆیان کرد بە بەشی ناوخۆیدا بە ھەڕەشەوە داوایانکرد زانکۆو بەشی ناوخۆیی بەجێی بھێڵین، رۆژی دواتر قوتابیان گەڕانەوە بۆ شارو شارۆچکەکانی خۆیان، بەم شێوەیە کڵپ ی راپەڕینیان لە شاری ھەولێر کوژاندەوە.


کە ئێمە گەڕاینەوە بۆ کەرکوک پێش ئەوەی بچمە ماڵەوە لە باخچەی قەڵا لامدا ، ئەیوب کوێخا رەزای ھەمیشە نەمر "گەنجێکی ژیرو ئازاو لە خۆبردوی چەپی حەساری بوو لە دوای راپەڕین بە نەخۆشی دڵ سەری نایەوە " و قەھار عەلی و ھاوڕێ کرێکار بەرەو پیریم ھاتن ، وتیان نیازمان ھەیە خۆپیشاندان بکەین، بەشی دی دێتە لێرەوە پێشەوە کە لەسەریم نووسیوەو زۆریش باسکراوە ، پێویست بە دوبارە کردنەوە ناکات، کە خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی ٦ ی ئایاری شاری کەرکوکە.


لە کۆتادا داوای لێبووردن دەکەم ھەر ھەڵەیەک کرابێت، ٣٦ ساڵ زۆرە بۆ بیرەوەرە لاوازەکانی ئێمە، ھەموو وردەکارییەکان وەک خۆی وێنا بکاتەوە.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک