په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٣

لە یادی دوو رابەری کرێکاریی.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

ئەلیزابیس گورلی فلین              ولیەم هەیوود    


ئەلیزابیس گورلی فلین (١٨٩٠ - ١٩٦١).
رابەرێکی یەکسانیخوازی کرێکاریی.


ئەلیزابێس گورلی فلین رابەرێکی کرێکاریی و هەڵسوڕاوێکی بواری خەباتی یەکسانی ژن و پیاو، کە ڕۆڵی سەرەکی لە نێو بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەمەریکا بەگشتی و ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان بەتایبەتی بینیوە. ئەلیزابیس فلین ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمەریکا و هەروەها لایەنگرێکی دیاری مافەکانی ژنان و کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنانی ئەمەریکا بوو. لە ساڵی ١٩٣٦ پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی ئەمەریکاوە کردووە و لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا، لە ساڵی ١٩٦١ بووەتە یەکەم سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی ئەمەریکا. ئەلیزابێس گورلی فلین لە ٧ی ئابی ١٨٩٠ لە شاری کۆنکۆرد لە ویلایەتی نیو هامپشایر لەدایک بووە، خێزانەکەیان لە ساڵی ١٩٠٠ ڕوویان لە نیویۆرک کردووە و لەوێ لە قوتابخانە حکومییەکانی ناوچەکە خوێندوویەتی. دایک و باوکی سۆسیالیزمیان پێ ناساند و ئاشنایان کرد بە مارکسیزم. کاتێک تەمەنی تەنها پانزە ساڵ بوو یەکەمین وتاری خۆی بە ناوی "سۆسیالیزم چی بۆ ژنان دەکات" لە یانەی سۆسیالیستی هارلم پێشکەش کرد. وەک بەرئەنجامێک هەستی بە پێویستی تێکۆشان لەپێناو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کرد و بڕیارێکیدا کە دواتر پەشیمان بووەوە، کە پێش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، قوتابخانەی مۆریس بەجێبهێڵێت. بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی تێوەگلانی بە سیاسەتەوە لە قۆناغی ئامادەییەوە لە قوتابخانە دەرکراوە.

هەڵسوڕابوون لە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان.


لە ساڵی ١٩٠٧وە، ئەلیزابیس فلین ژیانی خۆی وەک ڕێکخەر و هەڵسوڕاوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان تەرخان کرد و بەشداری یەکەم کۆنفرانسی ئەو ڕێکخراوەی لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا کرد. چەند ساڵ پاشتر ئەلیزابیس کەمپەینێکی لە نێوان کرێکارانی جلوبەرگ لە پێنسیلڤانیا و کرێکارانی ئاوریشم لە نیوجێرسی و کرێکارانی چێشتخانەکان لە نیویۆرک و کرێکارانی کانەکان لە مینیسوتا و میسۆلا لە مۆنتانا و سپۆکەین لە واشنتۆن و هەروەها کرێکارانی قوماش لە ویلایەتی ماساشوستس بەڕێخست، کە بەرجەستەبوون و لێهاتوویی ئەم رابەرە کرێکارییە نیشان دەدات. هەو لەو ساڵە ١٩٠٧ ئەلیزابیس بە رابەرێکی کرێکارانی پیشەسازی جیهان لە ویلایەتی مینیسوتا بە ناوی جەی ئەی جۆنز ئاشنا دەبێت کە شانزە ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، بەڵام ئەلیزابیس لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت "عاشقی بووم و لە کانوونی دووەمی ١٩٠٨ هاوسەرگیریمان کرد. لە ساڵی ١٩٠٩ ئەلیزابیس بەشداری لە گفتوگۆکانی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین لە شاری سپۆکەیندا کرد، کە تێیدا خۆی بە زنجیر بە عەموودی کارەباوە بەستەوە بۆ ئەوەی کاتێک دەستگیری دەکەن،دەستگیرکردنەکەی دوابخات. پاشان ئەلیزابیس پۆلیسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە خانەکانی باڵەخانەی زیندانەکە وەک خانەی لەشفرۆش بەکار دەبەن. تۆمەتێک کە وای لە پۆلیس کرد هەوڵی کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی کرێکاری پیشەسازی بدەن کە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردبۆوە. لە ٤ی ئازاری ١٩١٠، دەسەڵاتدارانی شاری سپۆکەین پاشەکشەیان کرد و مافی ئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و خۆپێشاندانی ئەندامانی یەکێتیی پیشەسازی جیهانیی بە فەرمی دان پیانا. ئەلیزابیس فلین لەو ماوەیەدا دە جار دەستگیرکرا، بەڵام بە هیچ چالاکییەکی تاوانکاری سزا نەدرا. ئەلیزابێس بەردەوام بیانووی پێدەگیرا. لەساڵی ١٩١٦، دەرکردنی ئەلیزابیس فلین و جۆ ئیتۆری هاوڕێی لە ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی ڕویدا کە بەپێی وتاری مێژوونووس ڕۆبەرت ئێم ئێلیف کە لە گۆڤاری مێژووی مینیسۆتا کە لە هاوینی ١٩٨٨ بڵاوبۆتەوە، سێ کرێکاری کانەکانی مینیسۆتا کە لەڕووداوێکی نەخوازراودا بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرابوون و بەم بۆنەشەوە سێ لە رابەرانی یەکێتیی کڕێکارانی پیشەسازی جیهانیی تۆمەتبار کران، هەرچەندە هیچ کام لەو سێ رابەرە لەو کاتەدا لەو شوێنە نەبوون و لە شوێنی دیکە بوون. ئەو سێ کرێکارەی کانەکان کە هیچیان بە شێوەیەکی ڕەوان بە ئینگلیزی قسەیان نەدەکرد، ڕووبەڕووی زیندان بوونەوە. ولیەم هەیوود؛ ئەلیزابیس و جۆ ئیتۆری بە بەرپرسیار زانی کە ڕێگەی بە کرێکاری کانەکان داوە کە دان بە تاوانەکانیاندا بنێن کە ڕەنگە هەر لە سزای تاوانەکەیان تێنەگەیشتبێتن. هەیوود لە ژیاننامەی خۆیدا نووسیویەتی کە ئەلیزابیس فلین و ئیتۆر بەهۆی ئەو کارەساتەوە لەڕیزەکانی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی وەدەرنران.

هەڵسوڕاوبوون لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان.


ئەلیزابیس فلین لە ساڵی ١٩٢٠ ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمەریکا بوو، کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە هەڵمەتی دژی سزادانی ساکۆ و ڤانزێتی. ئەلیزابیس بە تایبەتی خەمی مافەکانی ژنان بوو، پشتگیری لە مافەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنان دەکرد. هەروەها ئەلیزابیس ڕەخنەی لە رابەرایەتی سەندیکاکان گرت کە پیاوان زاڵن و ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان نین. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٣٦، ئەلیزابیس فلین لە باشووری ڕۆژئاوای پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگن لەگەڵ وۆبلی ماری ئیکوی هاو سەنگەر و هاورێبازیدا ژیاوە. هەرچەندە ئەلیزابیس زۆربەی کاتەکانی لە پۆرتلاند تەندروستی باش نەبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٤ لایەنگرێکی چالاک و هەڵسوڕاوی مانگرتنی لۆنگشۆری کەناری ڕۆژئاوا بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ ئەلیزابیس دووبارە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمەریکا هەڵبژێردرایەوە؛ بەڵام کاتێک ئەدۆلف هیتلەر و جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٣٩ پەیماننامەی نادەستدرێژییان واژۆ کرد، یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمەریکا لەساڵی ١٩٤٠، سەرجەم ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی لە ڕیزەکانی خۆی دەرکرد، کە ئەلیزابیس یەکێک بوو لەو دەرکراوانە. لە ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٠ ئەلیزابیس وەک سەرۆکایەتی بەرگری نێودەوڵەتی کار دەکات. لەو ماوەیەدا چالاک بوو لە تێکۆشان لەپێناو ئازادکردنی ڕێکخەرانی کرێکاری زیندانیکراو و دەستبەسەر.

ئەلیزابیس و کەمپی زیندانی فیدراڵی ئەلدەرسۆن.


لە ساڵی ١٩٣٦ ئەلیزابیس پەیوەندی بە حزبی کۆمۆنیستەوە کرد و گۆشەی فێمینیستی بۆ ڕۆژنامەی دەیلی وۆرکەر دەنووسی. دوای دوو ساڵ بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست هەڵبژێردرا. ئەلیزابیس لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وەڕێخستنی کەمپەینی هەلی ئابووری یەکسان و هەقدەستی ژنان و دامەزراندنی دایەنگە و باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کرێکار. لە ساڵی ١٩٤٢ لە نیویۆرک خۆی بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس کاندید کرد و ٥٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٨دا دەیان سەرکردەی حزبی کۆمۆنیست دەستگیرکران و تۆمەتبارکران بە پێشێلکردنی یاسای بە داکۆکیکردن لە ڕووخاندنی حکومەتی ئەمەریکا لەڕێگەی توندوتیژییەوە. دوای ئەوەی لە دادگا تانەیان لە بڕیارەکەیاندا. ئەلیزابیس فلینیش هەڵمەتێکی بۆ ئازادکردنیان دەستپێکرد بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥١دا خۆی لە شەپۆلی دووەمی دەستگیرکردنەکاندا دەستگیرکرا و پاشان لەگەڵ شانزە ئەندامی دیکەی حزبی کۆمۆنیست؛ دادگایی کرا. ئەوان تۆمەتبار کران بە پیلانگێڕی دژ" حکومەت دوای دادگاییکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەمپی زیندانی فیدراڵی لە شاری ئەلدەرسۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا زیندانی کرا. دواتر بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی نووسی بە ناوی چیرۆکی ئەلدەرسۆن: ژیانی من وەک زیندانییەکی سیاسی. دوای ئازادبوونی لە زیندان، ئەلیزابیس دەستی بە چالاکییەکانی لە نێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمەریکا کردەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ وەک کۆمۆنیستێک خۆی بۆ ئەنجومەنی شاری نیویۆرک کاندید کرد و ئەمجارە تەنها ٧١٠ دەنگی بەدەستهێنا.

ژیانئاوایی ئەلیزابیس فلین.


ئەلیزابیس فلین لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە یەکێتیی سۆڤییەت کۆچی دوایی کرد. حکومەتی یەکێتیی سۆڤییەت پرسەیەکی فەرمی دەوڵەتی لە گۆڕەپانی سووردا بۆ ئەلیزابیس فلین ئەنجامدا و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی خواستی لەوەوپێشی ئەلیزابیس خۆی، دەسەڵاتدارانی یەکێتیی سۆڤییەت تەرمەکەیان بە فڕۆکە ڕەوانەی ئەمەریکا کردەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی والدهیم لە شیکاگۆ لە نزیک گۆڕی یوجین دێنیس، ولیەم هەیوود، ئیما گۆڵدمان و شەهیدانی شۆڕشگێر هایمارکێت بە خاک بسپێردرێت. ئەلیزابیس دوای مردنی کتێب و جل و بەرگ و ماڵوحاڵەکەی بەجێهێشت بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی دۆرۆتی دەی لە شاری نیویۆرک. ئەلیزابیس و دۆرۆتی دەی بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٩١٠ یەکتریان بینی و ئەلیزابیس فلین بە بەردەوامی جل و بەرگ و بەتانی دەنارد بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی نیویۆرک. ئەلیزابیس لە ٧١ ساڵی تەمەنی پڕ لە تێکۆشانی خۆیدا، جگە لە سەدەها وتاری ئیرتجالی، ٢٩ کتێب و نامیلکە و چەندین وتاری سیاسی و جەماوەری نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە.

ڕەنگدانەوەی تێکۆشانی ئەلیزابێس فلین لە ئەدەب و هونەر.


ئەلیزابیس فلین بۆ جۆ هیڵی هونەرمەند و سووردخوێنی چینی کرێکاریی ئەمەریکا دەبێتە ئیلهامبەخش و لەساڵی ١٩١٥ لە گۆرانی (کچە یاخیبووەکە) کە هەر خۆی نووسیویەتی، باس لە ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی ئەلیزابیس لە خەباتی ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەکات. جگە لەمەش ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (جوانی سوسنەکان)ی جۆن ئاپدایکدا وێنا کراوە کە دەوترێت پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کارلۆ ترێسکای ئەنارکیست هەبووە، کە بە نامە و بیرەوەرییەکانی فلین پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (ملیۆنە ساردەکان)ی جێس واڵتەرشدا بۆتە بابەتی ئەدەبی گێرانەوە.
_______________________________________________
سەرچاوە: https://en.wikipedia.org/wiki/Elizabeth_Gurley_Flynn
 

 


ولیەم هەیوود (١٨٦٩ - ١٩٢٨).
- ئەو رابەرە کرێکارەی خەوی لە چاو ئەمەریکا تۆران -


کەسایەتی ولیەم هەیوود.


ولیەم دادلی هەیوود ناسراو بە ( بیگ بیڵ)؛ رابەرێکی بزووتنەوەی کرێکاری ئەمەریکا و دامەزرێنەری یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکا(١) لە چواری مانگی شوباتی ساڵی ١٨٦٩ لە شاری سەڵت لەیک لە ویلایەتی یوتا لەدایک بووە. ولیەم لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بەشداری چەندین نەبەردی کۆمەڵایەتی چینایەتی کرێکارانی کردووە دژ بە سەرمایەداران، وەک نەبەردی کرێکارانی کۆلۆڕادۆ و مانگرتنی کرێکارانی ڕستن و چنینی لۆرانس و مەساچوستس و نیوجێرسی.
ولیەم داکۆکیکارێکی سەرسەختی ڕێکخستنی کرێکاران بوو لە یەکێتیی و سەندیکاکانیان. ئەمەش فەلسەفەی ململانێی چینایەتی کرێکارانە تا کرێکارانی ڕشتە جیاوازەکان لە ڕێکخراوی خۆیاندا ڕێکخراو بن. ولیەم باوەڕی وابوو کە کرێکارانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان دەبێ یەکگرتوو بن. چونکە یەکگرتوویی کرێکاران بەمانای بەهێزبوونیان دێ لەبەرامبەر سەرمایەداران. هەروەها ولیەم ئەوەندەی باوەڕی بە کردەی ڕاستەوخۆ هەبوو ئەوەندە باوەڕی بە کردەی سیاسی نەبوو. ولیەم سازشکار نەبوو لە خەبات بۆیە هەمیشە بەوە تاوانبار دەکرا کە لایەنگری توندوتیژییە. دیارە توندوتیژی بەمانا چینایەتییەکەی. بۆیە سەرمایەداران هەوڵیاندا لە ساڵی ١٩٠٧ بە کوشتنی فرانک ستونینبێرگ تاوانباری بکەن، بەڵام لەو پلانە چەپەڵەیان سەرکەوتوو نابن. ساڵی ١٩١٨ ، بەبیانووی چالاکی دژی بە جەنگی جیهانی یەکەم، حکومەتی ئەوسای ئەمەریکا سەد و یەک ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی دەستگیر کرد و ولیەم یەکێک بوو لەوان. ولیەم بیست ساڵ زیندانی بۆ دەبڕنەوە. بەڵام ساڵی ١٩٢١ لەکاتی پیاچوونەوەی بڕیارەکەی ولیەم دەرفەتی بۆ هەڵدەکەوێت و هەڵدێت بەرەو وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەت.

ژیانی ولیەم هەیوود لە یەکێتیی سۆڤییەت.


لەیەکێتیی سۆڤییەتی حکومەتی بەلشەفییەکان، هەیوود بووە ڕاوێژکاری کار لە حکومەتی بەلشەفیکی لینین و تا ساڵی ١٩٢٣ لەو پۆستەدا مایەوە. هەروەها هەیوود بەشداری لە دامەزراندنی کۆلۆنی پیشەسازیی سەربەخۆی کوزباسدا کرد(٢). میوانە هەمەچەشنەکانی هەیوود بۆ شوقە بچووکەکەی لە مۆسکۆ هەستییان بە تەنیایی و خەمۆکی ولیەم و ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا دەکرد. لە ساڵی ١٩٢٦ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ڕووسی پێکهێنا، هەرچەندە ولیەم و هاوژینەکەی دەبوو بە زمانی ئاماژە قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە هیچ کامیان زمانی ئەوی دیکەی نەدەزانی. ئەم دۆخی غوربەتە زۆر درێژەی نەکێشا و بەداخەوە ئەم رابەرە مارکسیستەی چینی کرێکار لە ١٨ی ئایاری ١٩٢٨، لە نەخۆشخانەیەکی مۆسکۆ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەستدا. پاش مردنی تەرمەکەی سووتێنرا و نیوەی خۆڵەمێشەکەی لە نەکرۆپۆلیسی دیواری کرێملین نێژرا؛ دەبەیەک کە نیوەکەی تری خۆڵەمێشەکەی تێدابوو ڕەوانەی شیکاگۆ کرایەوە و لە نزیک مۆنۆمێنتی شەهیدانی هایمارکێت نێژرا.

ولیەم و یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٠٤ ژمارەیەک لە رابەرانی کرێکاری ڕادیکاڵ و بەرجەستەی ئەمەریکا لە شیکاگۆ کۆبوونەوە بۆ نەخشەداڕشتن لەپێناو پێکهێنانی یەکێتییەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕی نوێ. بۆ ئەو مەبەستە بەیاننامەیەک نووسرا و ڕەوانەی سەرتاسەری وڵات کرا. ئەو رابەرە کڕێکاریی و سەندیکاییانەی کە لەگەڵ مانیفێستەکەدا هاوڕا بوون، بانگهێشت کران بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی دامەزراندنی یەکێتییەکی نوێ کە دواتر بە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان ناونرا.
کاتژمێر ١٠ی بەیانی؛ ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٠٥، هەیوود قسەی بۆ ئەو خەڵکە کرد کە لە هۆڵی براند لە شیکاگۆ کۆببوونەوە. ئامادەبووانی کۆنگرەکە بریتیبوون لە دوو سەد نوێنەری ڕێکخراوە کرێکارەکانی سەرتاسەری ئەمەریکا، کە نوێنەرایەتی سۆسیالیستەکان، ئەنارکیستەکان، کرێکارانی کانەکان، سەندیکاییەکانی پیشەسازی و کرێکارانی یاخیبوویان دەکرد. هەیوود یەکەم کۆنفرانسی بەم وتانەی خوارەوە دەستیپێکرد.
(هاوڕێیان، ئەمە کۆنگرەی کیشوەریی چینی کرێکاری ئەمەریکایە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی کرێکارانی ئەمەریکا یەکگرتوو و یەکپارچە بکەین لە بزووتنەوەیەکی چینیایەتی مەزن بە مەبەستی ڕزگارکردنی خۆی لە کۆیلایەتی سیستەمی سەرمایەداری. خواست و ئامانجەکانی ئەم یەکێتییە دەبێت ئەوە بێت کە چینی کرێکار دەسەڵاتی ئابووری، هۆکارکانی خۆشگوزەرانی ژیان، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت، دوور لە چاودێری کارفەرما و سەرمایەداران.)
جگە لە ولیەم هەیوود؛ قسەکەرانی تری ئەم کۆنگرەیە لەم کەسایەتییە شۆڕشگێرانە پێکهاتبوون وەک یوجین دێبس رابەری حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکا و مەری هاریس دایکە جۆنس ڕێکخەری گشتی یەکێتیی کرێکارانی کانەخەڵووزەکانی ئەمەریکا و لوسی پارسنس ڕێکخەرێکی گەورەی کرێکاران بوو. دوابەدوای پێکهاتنی یەکێتییەکە، ئەم ڕێکخراوە سەرسەختانە بەشداری تێکۆشان و خەباتی چینی کرێکاری ئەمەریکای کرد. ولیەم هەیوود لە ساڵی ١٩١٥ تا ١٩١٨ بوو بە سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە شۆڕشگێڕە.

دادگایی و تاوان هەڵبەستن.


لە ٣٠ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٠٥ فرانک ستێننبێرگ حاکمی گشتی ویلایەتی ئایداهۆ لەلایەن هاری ئۆرچاردەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت. فرانک لەڕووبەڕووبوونەوەی کرێکارانی مانگرتوو زۆر وەحشیگەریانە جووڵابۆوە. هاریش پاسەوانی چارڵس مۆیەر بوو کە سەرۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی کانەکان بوو. هاری لە زیندان کەوتە ژێر کاریگەری سەرمایەداران و بە تەماحی پارە و ئازادکردن ئیفادەکەیان پێ گۆڕی و هاری کرداری کوشتنەکەی خستە ئەستۆی چوار لە رابەرانی کرێکارییەوە، واتە بە فەرمانی ئەوان ئەو کارەی کردووە. ئەوە بوو یەکێکیان هەڵات و سێ رابەرەی تر لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ١٩٠٦ لە شاری دێنڤار پایتەختی ویلایەتی کۆلۆڕادۆ دەستگیر کران. لەکاتێکدا ئەو رابەرانە لە کاتی تاوانەکەدا هەر لەوێش نەبوون. ئیتر پەڕاوی دادگایییان بۆ ئامادەکردن. هەیوود ئەوکاتەی لەزیندانیش بوو وەک کاندیدی حیزبی سۆشیالیستی کۆلۆرادۆ خۆی کاندیدا کرد و ١٦٠٠٠ دەنگی بەدەستهێنا. دادگاییەکە لە ٩ ی ئایاری ١٩٠٧ دەستی پێکرد. لە دادگاییەکەدا هاری دانی بەوەدا نا کە ئەو بەر لە ناسینی هەیوود و مۆیەر پارەی وەرگرتووە. سەرمایەداری لەم پلان و نەخشەیەیدا دژ بە رابەرانی کرێکاری سەرکەوتوو نەبوو.

هەیوود و حیزبی سیاسی.


بۆ چەندین ساڵ؛ ولیەم هەیوود ئەندامێکی چالاکی حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکا بوو، لەتێڕوانینە سیاسییەکانیدا مارکسیست بوو. هەروەها هەیوود لە ساڵی ١٩١٠، نوێنەری حیزبەکەی بوو بۆ ئەنتەرناسیونالی دووەم. ساڵی ١٩١٢ بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە. هەیوود بەردەوام تاکتیکی خەباتی ڕادیکاڵانە و تووند بووە. بۆیە هەمیشە پشتی بە مانگرتن و ئاکسیۆن بەستووە نەک تاکتیکی سیاسی. دوای ،مشتومڕێکی سیاسییانە دەربارەی ئەو تاکتیکانەی هەیوود، ئەوەبوو هەیوود لە شوباتی ساڵی ١٩١٣ ڕیزەکانی حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکای جێهێشت و وەک یەک رابەری بەرجەستەی کرێکاریی خۆی بۆ یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی تەرخان کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمە بەو مانایە نایەت کە ولیەم هیچ بایەخی بە تیۆر و فێربوون نەداوە، بەڵکو خودی خۆی چەندین نامیلکە و وتاری گرنگی نووسیوە کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکارانی ئەمەریکای باکوور(٣)

دوا قسە.


ولیەم هەیوودی سەرڕاست و جیددی و بەوەفا و مارکسیست؛ شانبەشانی بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەمەریکا لەتێکۆشاندا بوو. چینی کرێکاری ئەمەریکا ڕێزێکی زۆریان بۆ هەیوود هەبوو. ئەویش هەموو ژیانی بۆ ئەو چینە تەرخان کرد. وتەکانی، قسەکانی، نووسین و کتێبەکانی گەواهی دەدەن لەسەر جیددی بوون و سەرسەخت بوونی ئەم رابەرە مەزنەی خەباتی چینایەتی لەبەدیهاتنی خواست و ئاواتەکانی کرێکاران. تا چینی کرێکاری ئەمەریکا مابێت ئەو قسەیەی هەیوودی لەیاد ناچێت کە دەیوت (دڵڕەقی سەرمایەداری بەجۆرێکە ئەوەی بەزەیی بێت، تێیدا نییە). ولیەم ٥٩ ساڵ ژیا، بەڵام سەربەرزانە ژیا لەپێناو ملیۆنان ئینسان کە چیتر برسی و چەوساوە نەبن. ئەو شەو و ڕۆژی پێکەوە گرێ دەدا تا ئاواتە چینایەتییەکانی کرێکاران کە لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئاماژەی پێدراوە، بێتە دی. هەر ئەو تێکۆشانەی هەیوود بوو کە بۆ ماوەی سێ دەیە خەوی لەچاوی سەرمایەدارانی ئەمەریکا تۆران.(٤)
_________________________________________
تێبینییەکان:
١- حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٠١ لە ئەمەریکا لە ئەنجامی لێکنزیکبوونەوەی حیزبی سۆشیال دیموکراتی ئەمەریکا و حیزبی کاری ئەمەریکا هاتە دامەزراندن. لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم حیزبە پشتیوانییەکی زۆری لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان و سۆشیالیستەکان و جووتیارە پۆپۆلیستەکان و پەناهەندەکانەوە بەدەستهێنا. یوجین ڤی دێبس دوو جار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا زیاتر لە ٩٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەمان کاتدا حیزبی سۆشیالیست دوو نوێنەری ئەمەریکای (ڤیکتۆر ئێڵ بێرگەر و مێیەر لەندەن) و دەیان یاسادانەر و زیاتر لە ١٠٠ سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی هەڵبژارد. دژایەتی تووندی ئەو پارتە لەگەڵ تێوەگلانی ئەمەریکا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، هەرچەندە لەلایەن زۆر کەسەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام بووە هۆی لادانی دیار و سەرکوتکردنی فەرمی ئەو حیزبە. حیزبی سۆشیالیست زیاتر بەهۆی شەڕێکی کوتلەیی لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩١٧ و دامەزراندنی ئینتەرناسیوناڵی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩١٩دا لەت و پەت بوو- زۆرێک لە ئەندامان پارتەکەیان بەجێهێشت و چوونە نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئەمەریکا.
٢- لەسەرەتای دەسەڵاتی سۆڤییەتەکان، حکومەتی بەلشەفیکەکان بە پێویستی زانی کە سوود لە سەرمایە و زانیاری و ئەزموونی بیانی لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئیمتیازەوە، وەربگرێت، ئەم بڕیارەش لە یەکەمین کۆنگرەی سەرتاسەری ڕووسیای سۆڤیەتدا کە لە کانوونی دووەمی ١٩١٧دا بەڕێوەچوو، بڕیاری لەسەر درابوو.
٣- بۆ نموونە : سۆشیالیزمی پیشەسازی لەگەڵ فرانک بۆهن شیکاگۆ ١٩١١، مانگرتنی گشتی ١٩١١، وتاری هەیوود دەربارەی کەیسی ئیتۆر و جیانۆڤیتی ١٩١٢، بیل هەیوود مانگرتنی پیتەرسنی ساڵی ١٩١٣ی لەیادە. ١٩١٣، مێژووی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی دڵۆپ دڵۆپ بە خوێن نووسراوە. ١٩١٩، هەڵکوتانەسەر بەبەردەوامی ١٩١٩، ژیاننامەی بیڵ هەیوود ١٩١٩.
٤- هەندێک ناو لەم نووسینەدا هاتوون کە خوێنەر دەتوانێت گوگڵیان بکات و زانیاری پێویستیان لەبارەوە بەدەست بهێنێت.

سەرچاوە: بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگێراوە:
١- https://www.oregonencyclopedia.org/articles/industrial_workers_of_the_world_iww
٢- https://www.forewordreviews.com/reviews/frank-little-and-the-iww
٣- https://libcom.org/article/iww-canada-g-jewell
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک