٣\٥\٢٠١٣
لە یادی
لەسێدارەدرانی فەرزادی کەمانگەر و ھاوڕێکانیدا،
یەکێک لە نامەکانی
فەرزاد لە زیندانەوە بۆ قوتابیەکانی.
بابە ئاوی دا.

لە فارسییەوە: ئازاد نەجم
سڵاو منداڵینە..
زۆر
دڵتەنگم بۆتان ، لێرەدا شەو و ڕۆژ بە بیرەوەریە شیرینەکانی ئێوەوە
شیعری ژیان دەچڕم ، ھەمو ڕۆَژێ لەبری ئێوە بەیانی باش لە خۆرەتاو دەکەم
، لەنێو ئەم چواردیوارە بەرزانەوە لەگەڵ ئێوەدا بێدار دەبمەوە ،
لەگەڵتاندا پێدەکەنم و لەگەڵتاندا دەنوم. ھەندێکجار " شتێکی لەشێوەی
دڵتەنگی " سەراپای بونم دادەگرێ. خۆزگە دەکرا بە وێنەی جاران کە لە
گەشت و گەڕان دەھاتینەوە و بەم گەرانەشمان دەگوتت گەشتی زانستی ، شەکەت
و ماندو ، گەردو تۆزی ماندوێتیمان چەشنی زوڵاڵی ئاوی کانیاوان ھاوکات
لەگەڵ دێدا بەفەرامۆشی دەسپارد. چەشنی ڕابردو گوێچکەکانمان بە (دەنگی
پێی ئاو) و جەستەشمان بە نەوازشی گوڵ و گیا دەسپارد و ھاوکات بە
سەمفۆنیای جوانی سروشت ، وانەمان ئامادە دەکرد. خۆزگە دەکرا کتێبی
بیرکاریمان بەھەمو نەزانراوەکانیەوە ، خستبا بن بەردێکەوە ، چونکە کاتێ
باوکە نەتوانێ نانێک بۆ خێزانەکەی بنێتە سەر سفرە چ جیاوازیەکی ھەیە
مرۆڤ بەدوای سێ دابەش چواردەوە بێت یان سەد دابەش چواردە. وانەی
زانستمان بە ھەمو گۆڕِانە کیمیایی و
فیزیکیەکانی دونیاوە خستبا ئەولاوە و بە ئومێدی گۆڕانکاریەک لە جنسی "
عیشق و موعجیزە " پەڵە ھەورەکانی ئاسمانمان لەگەڵ نەسیمێکدا بەڕێ دەکرد
و چاوەڕوانی گۆڕانکاریەکمان دەکرد کە کۆرشی ھاوپۆلتان لە قوتابخانەوە
بەِڕێ نەکەنە کرێکاری و لە تافی لاویدا لە بەرزایی باڵەخانەیەکەوە
نەکەوێتە خوارێ و بەجێمان نەھێڵیت. چاوەڕوانی گۆڕانکاریەک کە بۆ جەژنی
نەورۆز دەستێک جلوبەرگی نوێ و جووتێک پێڵاو و سفرەیەکی پڕ لە نوقڵ و
شیرینی بۆ ھەموان بەدەستەوە بێت.
خۆزگە دەکرا جارێکیتر و بەدزیەوە و دور لە چاودێرە توڕە و تۆسنەکەی
قوتابخانە ئەلف بێی کوردیمان خوێندبا و شیعرمان بە زمانی دایک بۆ یەکتر
خوێندباوە و گۆرانیمان گوتبا و دواتر دەست لەنێو دەست ھەڵپەڕیباین
ھەڵپەڕیباین ھەڵپەڕیباین.
خۆزگە دەکرا دوبارە لەنێو قوتابیەکانی پۆلی یەکدا بوبامەوە گۆڵچی و
ئێوەش بە خەون و خولیای بون بە ڕۆناڵدۆوە ، گۆڵتان لە مامۆستاکەی خۆتان
کردبا و یەکترتان لە ئامێز گرتبا.
بەڵام بەداخەوە ئێوە نازانن کە لە وڵاتی مەدا ئاوات و خۆزگەکان بەر لە
پشکوتن دەژاکێن. ئەی خۆزگە دەکرا جارێکی تر بوبامە پای جێگیری مامەی
زنجیرھۆنی کچانی پۆلی یەک ، ھەمان ئەو کچانەی کە دەزانن دوای چەند
ساڵێکی تر بە دزیەوە لەگۆشەیەکی دەفتەری یادگاریەکانیاندا دەنوسن :(خۆزگە
بە کچ نەھاتبامە دونیاوە). دەزانم گەورە بونە ، سبەی مێرد دەکەن ،
بەڵام لەلای من ھەمیشە ئەو فریشتە پاکەن " کە جێ ماچی ئاھورەمەزدا"
لەنێوان چاوە جوانەکانتاندا بەدی دەکرێ ، ڕاستی کێ دەزانێ کە ئێوەی
فریشتە ئەگەر زادەی ھەژاری و کولەمەرگی نەبان ، کاغەز بەدەست بۆ
کەمپینی ژنان ئیمزاتان کۆ نەدەکردەوە ، یان ئەگەر لە گۆشەیەکی ئەم (خاکە
فەرامۆش کراوەی خودادا ) نەھاتبانە دونیاوە ناچار نەدەبون لە تەمەنی
سێزدە ساڵیەوە و بە چاوانی پڕِ لە فرمێسک و حەسرەتەوە ( لە ژێر تۆڕی
سپی ژنبوندا) بۆ دواھەمین جار ماڵاوایی لە قوتابخانە بکەن و چیرۆکی
تاڵی ( ڕەگەزی دوەم) بەتەواوی بونتانەوە بچێژن. کچانی سەرزەمینی ئاھورا
ئەگەر سبەی ویستتان لە داوێنی سروشتدا (پونە) بۆ ڕۆڵەکانتان بچێنن یان
تاجێکیان لە بنەوشە و گوڵان بۆ دروست بکەن ، حەتمەن دەبێ یادێک
لەسەردەمی منداڵیتان بکەنەوە.
کوڕانی بە سروشت خۆرەتاو دەزانم کە ئیدی بۆتان ناکرێ لە گەڵ
ھاوپۆلەکانتاندا دانیشن و بخوێننەوە و پێبکەنن چونکە دوای (بەڵای پیاو
بون) ئیدی خەمی نان) بەرۆکتان بەرنادا. بەڵام لەبیرتان بێت پشت نەکەنە
شیعر و ئاواز و لایلایە و خەونەکانتان ، منداڵەکانتان فێرکەن بۆ
وڵاتەکەیان و بۆ ئەمڕۆ و بۆ سبەینێ ببنە ڕۆڵەیەک لە جنسی (شیعر و باران).
ئیدی بە خۆرەتاو و باتان دەسپێرم و تا سبەینێیەک - کە ھێندە دور نیە -
وانەی عیشق و ڕاستی بۆ وڵات بڵینەوە.
ماڵپەڕی ئازاد
نەجم
|