په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١١\٢٠١٥

لە یادی رووخانی دیواری بەرلیندا، بڕووخێ دیواری نێوان سلێمانی و هەولێر.

کازیوە ساڵح      

 

دیواری بەرلین دەرئەنجامی سیاسەتی دیماگۆگی و تاک-ئیدۆلۆژی پەرەستی نێوان دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و کۆمۆنیستەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦١ دروستکرا و لە ساڵی ١٩٨٩ ڕوخێنرا. واتە نزیکەی ٣٠ سی ساڵ ئەو وڵاتەی لە هەموو ڕۆیەکەوە ورد و خاشکرد، بە ئاستێک ئەڵمانیایەکی زلهێز و ترسناک بۆ دەوروبەر هێنایە ئاستی نابووت بوون و هەتا ئەمڕۆ و سەدەکانی داهاتووش ئەڵمانیا ئەوەندە لە ڕووی دەرەکیەوە قەرەبووی دڕندەیی لە هۆلۆکۆستدا دەدا ، ئەوەندەش بە هۆی دروستکردنی ئەو دیوارەوە لە رووی لۆکاڵییەوە قەرەبوو ئەدات.


لێرەدا دەمەوێت باس لەو دیوارە دروستکراوەی نێوان هەولێر وسلێمانی بکەم کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکان ولە ناوچەکانی دییەوە دەستی پێکردووە و ئەمڕۆ دەستی خستوەتە سەر قوڕقوڕاگەی هەولێر و سلێمانی. لە ماوەی بیست وپێنج ساڵی فەرمانڕەوایی کوردیدا هێندەی دیواری بەرلین بۆ ئەڵمانەکان دیواری سیاسی دوێنێ دوو حیزب وئەمڕۆ سێ حیزبی کوردی زیانی بە کورد گەیاندووە. ئەڵمانەکان چارەکە سەدەیەک بوو مێژووی جیهانیان خۆێناوی کردبوو،دەستیان بە سەر چەندین شوێن و وڵاتی دەرەوەی جوگرافیای خۆیان گرتبوو. بۆیە ئەکرێت ئەوە پەرچەکردارێکی ئاسایی بووبێت بۆ ئەوان، بە تایبەت کە لەت بوونی ئەڵمانیا زیاتر بە هۆی ئەو باوەڕەوە بوو کە بەشی ڕۆژئاوا نازیەکان بوون و بە هەموو شیوەیەک دەبوو عەقڵی نازیست و شۆڤێنی لە ناو بچێت، واتە ئەگەر تەنها سەیری ئەو خاڵە بکرێت بە بێ ڕەچاوکردنی زیانەکانی دی، لەو تاکەدا ئەکرێت قازانجی هەبووبێت. بەڵام دیوارە کوردییەکەی خۆمان پاش چەشتنی سەدەیەک کارەساتی خوێناوی و جینۆساید و کاولکاری کورد دێت ، واتە پێچەوانەی ' منی باڵا' کەی ئەڵمان ، لە ' منی بچووک' ی کوردیەوە سەرچاوە گرتووە. واتە ئەڵمانەکان لە هەستکردن بە گەورەیی و باڵایی خۆیانەوە کەوتنە ئەو هەڵەیەوە و کاتێک دنیایان لە دەستدا نەما هەمان دەسەڵاتیان لۆکەڵایز کرد توندوتێژیەکەیان ناوخۆکرد. کوردەکەش لە نابووتی و هەست بە بچووکی خۆییەوە کاتێک ئەو توندوتیژییان لە بەرانبەردا نەما، هەمووی بەرهەم هێنایەوە، لۆکاڵایزی کرد و لە نێو خۆیاندا دووبارەیان کردەوە. ناوەکیکردن کارەساتە پڕ توندووتیژیەکان لە لێکۆڵینەوە دەروونیەکاندا لە سەر چارەنووسی هەمیشە کۆیلەی هندیە سوورەکاندا زۆر باسی لێکراوە، لە بەر ئەوەی لە ڕوانگەی سایکۆلۆژی کولتووری و کۆمەڵایەتیەوە لە سەر ئەم بابەتە لە سەر سەرجەم کۆمەڵگەی کوردیدا و لە داهاتووی نزیکدا بڵاو ئەکەمەوە لێرەدا تەنها چەند خاڵێک لە واتا و سیما سەرەکیەکانی ئەم تووندوتیژییە ئەخەمە ڕوو، ئەوانیش:


کۆمەڵێ ئاکاری نابەجێ تەژێ بە قسە و قسەڵۆک ، پەژمەکردن -عەیبدارکردن- ، گلەیی ، خەجاڵەتکردن و خەجاڵەت بوون ، نابووتکردن و شکاندنی خەڵک، نەبوونی تەبایی خێزانی.
دژی یەک وەستانەوە.
هەمیشە خەڵکی توڕەو و ناڕەزایی و پەرێشانن.
دووبەرەکی و یەکتر نەویستن.
ئێرەیی -حەسوود-ی بە یەکتر بردن.
کێشەی فێربوون و دواکەوتن لە فێربووندا.
توندوتیژی بەرانبەر بە یەک ئەنوێنن چ لە ڕووی زمانەوانی و فیزیکییەوە و ..تد.


ئەمانە بەشێکن لە دەرهاویشتە دەرونیە خراپەکانی کۆمەڵگەی پاش پۆست -کۆڵۆنیال، نیشانەی خەڵکێکن لە ڕووی دەروونیەوە ناساغ و پەرێشانن . لە ڕۆژئاوا زۆربەی کات ئەم کەسانە لە سەنتەرەکانی پەروەردەکردنی دەروونیدا دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و جاریەکی دی ڕادەهێنرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن یەک خۆیان خۆش بوێت ، دوو خەڵکیان خۆش بوێت ، سێ وەکو ئاژەڵێکی کێوی ماڵی ئەکڕێننەوە بۆ ئاستێک کە بە کەڵکی ژیان لە نێو کۆمەڵگەدا بێن. ئێستا خۆێنەر تەنها بە سەیری ئەو چەند خاڵەی پێناسەکە تێ دەگات باشووری کوردستان مەگەر حەسارێکی بە دەوردا بکرێت و بکرێت بە گەورەترین نەخۆشخانەیەکی دەروونی وڕاهێنانەوە، ژمارەی نەخۆشەکانی هێندە بێ شوومارن . بەڵام تەنانەت دروستکردنی ئەو سەنتەرە و ڕاهێنانەوەی خەڵک پیویستی بە فەرمانڕەوا، سەرکردە و خەلکی ژیرە. واتە کاتێک کۆمەڵێکی زۆر لە هندیەکان ئەمڕۆ خراونەتە نێو گرووپی چارەسەرەوە کەسێکی ژێر و ساغ ڕێبەری وجاودێریان ئەکات.دیارە ئەم دەردە لە بەشەکانی دی کوردستاندا ئەگەر سەربەخۆییان چەنگ کەوێت باشتر دەبینرێت تا هەنووکە ، ئەمە ئالودەبوونێک نیە هیچ کۆمەڵێکی داگیرکراو لێێ دەرباز بووبێت.


ئەوەی لە نێوان هەولێر و سلێمانی و باشوور و بەشەکانی دیدا دروست بووە هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەی تێدایە و ئەو ئالودەبوونانە دروستی کردوون ، هەموو ئەوانەی بانگەشەی بۆ ئەکەن و بە ڕوخسار و بە کردار و قسە و پۆست ئەو نەخۆشیانەیان هەموو تیا بە دی ئەکەیت. بەڵام چارەسەر لەوێدا بن بەست ئەبێت ئەگەر خودی سەرکردە حیزبیەکان ئەو خالانەیان تێپەڕاندبێت لە پەرێشانیدا، بەڵگەش ئەو ئێستە نەخوازراوەی پەیوەندی کۆمەڵگەی کوردی بە یەکەوە، بەربوونی سەرجەم جومگە سەرەکیەکانی.


ئەو سێ هێزەی ئەم قەیرانەیان دروستکردووە هەر یەکەیان چەند تایتڵیەکیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە کە سیمای دی لای خەڵک باشتر و جوانتری دەربخات و وەکو ئاڵای شانازی ڕۆژانە پێشانمان ئەدەن و بەر گەوێمان دەخەن ، بەڵام ئەگەر گوتار وکرداریان بەراورد بکەین سفر هیچ بە دەستەوەیە. هێزە کوردیەکان نەزۆکن لە ئاست بەرەوپێشبردن و پاراستنی کۆمەڵگەی کوردیدا لە پەرچەکردارە ناوخۆیەکان بەر لە دەرەکیەکان، هەر یەکەیان پێکهاتەیان بنەمای شار چیەتی و زمان چیەتی و لە ناو شاریشدا گەڕەک چیەتی ولە ناو گەڕەکیشدا گەڕانەوە بۆ بنەچە و باب و باپیران ئەگەر لەو شارەدا نەبووبێت نابووت و نامۆ، لێرەشەوە بۆ عەشیرەت ولە عەشیرەتیشەوە بچووک دەبێتەوە بۆ خێزان. لە ساکارترین بەراورددا بەوەی هێزەکان کردوویانە بە مانشێت بەروارد بە هەڵوسیتەکانیان بەر لە هاوڵاتیان دەسەلاتداران پێویستیان بە چارەسەرە. ئەگەر هێزێک خۆی بە یەکەم هێز و فەرمانڕوا ئەزانێت چۆن خۆی بچووک ئەکاتەوە بۆ مەسەلەی ناوچە چیەتی و شارچیەتی بە تایبەت کە فەرمانڕەوا بوو، هێزی فەرمانڕەوا هێزەکانی دی هەرچۆن بجوڵێنەوە ئەرکی ئەو بە یەکسانی مامەڵەکردنە لە تەک هەموواندا و هەموارکردنەوە ناڕێکیەکانە نەک زەقکردنەوەی ، کە فەرمانڕەوا بوو کاری ئەو حیزبایەتی کردن نیە. ئەگەر هێزێک خۆی بە باوکی دیموکراسی دەزانێت لە کوردستاندا و میانگری نێوان هێزەکانی کردووە بە مانشێت چۆنە ئەو کۆنە کینەی گەیاند بەم ئاستە و دیموکراسی بۆی چارەسەر نەکردن ؛ هێزێک ئەوانی دی بە دواکەوتوو و چەقبەستوو ئەزانێت و پێی وایە کلیلی وەرچەرخانی کۆمەڵگەی لایە، چۆن خۆی ئەخاتە ئاستی ئەوانەی خۆی بە کەم و دواکەوتوو ناوزەدیان ئەکات، هەمان مامەڵەی ئەوان ناجۆرتریش ئەکاتەوە. ئەوەی هەتا ئێستا لە ڕووی لۆکاڵیەوە زیانی پێ گەشتووە لەم دوو پارچەکردنەی باشووردا تەنها هاوڵاتیان بوون لە رووی لۆکاڵەوە. گەرچی ئێستا هاوڵاتیان هەمان یاری خۆیان بە زیادیشەوە لە گەڵ دەسەلات ئەکەنەوە ، واتە قوتابی/خوێندکارێکی بە ئەمەک بوون. ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت لە نێو کورددا جیاواز لە نەتەوە داگیرکراوەکانی دی دوو جۆرە ناوەکیکردنی توندوتیژی هەیە؛ یەکەم لە ئاستی هەرێمێکدایە و دوای پەرچە-ئاکار نەک ' پەرچە-کردار' فەراهەم هاتووە و دووەم لە ئاستی گروپ و حیزبێکدا. لە ڕووی ناوبانگیشەوە لە دەرەوە ئەم هێزانە لە لیستی تیرۆریستدان و خەڵکێک هەیە پازدە ساڵە بە خەونی هاوڵاتیبوونەوە دەنوێت و لە بەر ئەوەی بە هەڵەش بووبێت وتویانە ئەندامی یەکێک لەو حیزبانە بوون مافی هاوڵاتی بوونیان نەدراوەتێ.، هەندێکیش لێیان سەندراوەتەوە. واتە لە دەستدانی هەردوو شوناسی ناوەکی و دەرەکی، ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت بە تایبەت هەردوو حیزبی دەسەلاتدار خاوەنی شوناسنامە نەماون.


قسە و پەیامی ئەندامانی هەر یەک لەو دەسەلاتانە کە لە میدیاکان وتۆڕە کۆمەلایەتیەکانەوە دەردەکەوێت، گەر لە یەکێک لەو وڵاتانەدا بکرایە خاوەنی یاسا و دەستورەکانی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤن،سزای یاسایی توند دەدران، چوونەک تەنها فیتنەی و دووبەرەکی ، ڕوشانی خەڵک و بێ حورمەتی بە پیرۆزیەکانی گەلێک نین ، بەڵکو هاندانن بۆ ڕک و ڕەگەزپەرەستی و جوداوازی و سەڕی ناخۆش. ڕۆژی دەیان پەیام و دەیان ڤیدیوی نەخۆش و گێلانە بلاودەکرێتەوە و بێ حورمەتی بە شار وزمانی یەک و ژنی شاری یەکتر ئەکەن. لە باشترین دۆخدا و ئەو مەزنانەی باسی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئەکەن لە پێکەنینی مەکراوی و ژینگەیەکی بێ ڕێزدا ئەڵێن ژنی فڵان شار ئەخوازم بۆ ئەوەی کێشەکانمان هیور بێتیەوە.کە بێ حورمەتیکردن بە ژنی شارێک لە ئەو کولتوورە بەربەریەیە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕۆژهەلاتناسەکان لە سەر کورد گوتویانە و واتە لە سەدەی ناوەڕاستەوە کورد بە پۆشاک نەبێت بە عەقڵ نەگۆڕاوە.


ئەو سیما و ئاکارانەی باسکراون هیچ کات کارەکتەری شوێنێک نیە خۆی بە پایتەختی هەرێم و پایتەختی ڕۆژهەلات بۆ بازرگانی بناسێنێنت ؛ ئەوانە پێچەوانەی کارکتەری ڕۆشنبیرین و دەبوو بۆ شارێک خۆی بە پایتەختی ڕۆشنبیری بناسێنێت نەگونجاو بێت. کە گونجاویشە ناوەکانتان جگە لە تایتڵ لە دژی یەک هیچی دی نیە. ئەم دوو شارە ئەوەندە بە دژایەتی یەکەوە خەریکن ئاگایان لە ناوخۆی شارەکان نەماوە و نابینن چۆن داعشی کوردی ڕۆژانە لە نێو ئەو کۆمەڵگەیەدا بنج دادەکوتێت. ئەوەندە بە سوکایەتی یەکترەوە خەریک بوون جگە لە خانووبەرە بە دیزاینی سەقەت عەقڵی خەڵک، رۆژگار بۆ دواوەو تۆمار دەکەن، ئەمەش چوونکە ئەم شارانە ئەوەندە عاشقی خۆیان بوون و ئەوەندە بە خۆیان هەڵدەدەن، بیریان چووەتەوە ڕەخنە لە خۆیان بگرن، تەنها ڕەخنەگرتنیش لە خود ئەتوانێت شارێک، ناوچەیەک، نەتەوەیەک و مرۆڤێک پێش بخات. ئەمڕۆ جیهان بە ڕووی نەتەوەکانی دیدا کراوەتەوە، وڵاتانی دنیا بە خۆیان ئەڵێن فرە کولتوور، سەدان نەتەوەی جیاوازیان لە خۆیان کۆکردوەتەوە لەگەڵ هەمووشیان بە تەبایی ئەژی. کوردیش یەک نەتەوەیە دەیان دیواری جیاوازی لە نێوان خۆیدا کێشاوە و لە نێو یەک لا دیواریشیدا تەبای نیە.

ئەمڕۆ نەتەوەکانی دنیا لە سەر داهێنانی لە سەر کام شار و کام نەتەوە داهێنەر ترە و لە ەگڵ ڕەوتەکانی تەکنەلۆژیا هاوتەریبن کێ بڕکیەیانە شارە پایتەختەکانی ئێمەش لە سەر ئەوەی کێ باشتر ئەزانێت میزی حوشتر بخواتەوە و ئەتوانێت پارچە لاستێکی نەعلی عەرەبی لە سعودیە بۆ هاتووە بە خەیاڵی میتۆلۆجیا ماچ بکات. حیزبەکانی دنیا بە بە خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان کێ بڕکێ دروست ئەکەن بۆ ئەوەی دەنگیان بەرنەوە، حیزبۆکە کوردیەکانیش بە ئامانجکردنی هاوڵاتی بۆ خزمەتی خۆی کێ بڕکێ ئەکات نەک بۆ بردنەوە دەنگ بۆ بە زۆرەملێ دابڕینی کورسی، ئیتر گەمژاندن لێرەوە سەرچاوە ئەگرێتەوە ووەکو بازنەیەک بە دەوری هەموو فاکتەرە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکاندا ئەخولیتەوە.

چاکترە ئەو سێ حیزبەی چەندین ساڵە بەو ئاکارە هۆزگر و نامرۆییە هەستی خەڵک دەڕوشێنن هەندێک سەروەری بۆ ئەندامەکانی خۆیان بگەڕێننەوە، چونکە هەر یەکەیان ئەندامی لە شارەکانی دی هەیە؛ هەندێک سەروەری بۆ هەستی هاولاتیان بگەڕێننەوە، کێ ئەڵێت منی سلێمانی ئامادەم هەولێر تەنها بە هەولێرێیەکان ببەخشم، ئەوی هەولێری ئامادەیە سلێمانی تەنها بە سلێمانیەکان ببەخشێت. کێ ئەڵێت هاولاتیان ئامادەن ڕێگەتان پێ بدەین بەشێک لە کوردستانەکەی ، لە جەستە و ڕۆحی شەهیدەکانی لێ بکەنەوە بیکەن بە پێچکەی کورسی بەرژەوەندی بۆ خۆتان؟ ئایە پێتان وایە هاوڵاتیان تەنها لە مەرامکارە حیزبیەکان پێک هاتووە ؟ خەڵکی سیاسەتزان ئەزانێت ئەوەی ئێوە ئەیکەن لە ڕووی سیاسیەوە هەڵەیە و گەر بە خۆشتابن بزانن یەک بە یەکتان باجی ئەو هەڵەیەتان داوە. ئێوە کە هەمووتان وەکو یەک سیاسەت ئەکەن لە لەتکردنی باشووردا مانای ئەوەیە کەستان لەوی تر باشیر نیە، ڕۆشنبیرتر و دیموکراسی تر نیە، کوردتر و شۆڕشگێرتر نیە.


ئێستاش کە پەروانەی مەرگ لە دەوری چرای ژیان ، ناوبانگ و هێزی ئەو حیزبانە دەخوڵێتەوە، هەموو هێزی ئیسلامی و ئیسلام زادەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەک دەست و یەک دەنگ خەریکی هەڵچنینی دیواری مەرگن بە دەوری کورددا، وا ئێمە لە دووری دوورەوە دەبینین چۆن داعشی کوردیش هەماهەنگی دەکات و لە ناخۆدا هەمان دیوار هەڵدەچنێت، بەڵام باشوور ئەیەوێت بڵێت چاویلکەکەم شکاوە و نایبینم. باشترین وەڵام و سیاسیترین چارەسەر ئەوەیە ئێمە هەموو دیوارە حیزبی و ئایدۆلۆژیە ناقۆڵاکان نێوانمان بڕوخێنن. سەرکەوتنی مرۆڤ بەوە ناپێورێت کە رووبەڕووی تەنگژە بووەتەوە یان نا ، بەڵکو پەرچەکرداری چۆن بووە بەرانبەر تەنگەژەکان، پەرەچەکردارەکان لە باشووردا هەتا ئیستا تەنها مژدەی ئەوە دەدات کە جگە لە شوناسی پێشمەرگە هەموو شوناسەکانی دی دۆڕاون.
 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک