په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

لە یادى شەش ساڵەى پرۆسەى رزگارکردنى عێراقدا:

سێ ملیۆن بێوەژن چوار ملیۆن پەنابەر شه‌ش ملیۆن نەخۆشی دەرونى پێنج ملیۆن کرێچى دوو ملیۆن بێکار.

 

 

ئا.لە هۆڵەندى و ئینگلیزى و عەرەبییەوە: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*

 

لەم مانگەداو لە رۆژی نۆی نیساندا و لەساڵی (2003)دا بتە ترسناک و نەفرینەکەی دیکتاتۆری سەدەی بیستەم ڕووخێنراو ئیدی پرۆسەی ئازادکردنی و ڕزگارکردنی وڵاتی عێراق گەیشتە پلەی ئەوپەڕی و هاتنی ئازادی و سەرفرازی و بەختەوەری هەتاهەتایی مژدەی بەرزو بڵندی بۆدرا .. تێکڕای خەڵکی ئەم وڵاتە بە تایبەت کورد و شیعەی ستەمدیدە و خەڵکانى ڕەشپۆش کەوتنە سەماو هەڵپەڕکێ و سترانی ئازادی و خۆشەویستی بۆ نیشتمانیان چڕی و زۆرێک هەبوون لە خۆشیدا فرمێسکی شیرنینیان هەڵڕشت و خەونی سەوزیان بە سبەینێیەکی ئاسوودەو ئارام و بەختەوەرییەوە دەبینی، وایان دەهاتە بەرچاو کە لەمەودوا لە مێرگێکی پڕ لەمیوەو گوڵزارو نێرگزەجاڕدا ڕاکشاون و پەری و فریشتە بە باڵە پەڕە گەورەکەیانەوە باوەشێنیان دەکەن و جارجارەش قۆخ و قەیسی دەکەن بە دەمییانەوە..

 لەولاوە توتی و کەناری و هوزارو بولبول حەیران و مەقامی حیجاز دەچڕن، لەملاوەش خوڕەو هاژەی کەف و قەڵبەزەی تاڤگەو ڕووبارۆچکەی باخچە هەڵواسراوەکان مۆسیقاو هارمۆنی دەروون و دڵ دەنەخشێنن ... لەمجۆرە خەون و ئاوات و ئارەزووانە لە مێشکی یەک بە یەکەماندا بەرکەماڵ بوو لە زۆربەی مینبەرو سەرکەپرو هەرزاڵ و چاخانەو بەرهەیوان و دیوەخاندا باسی خێرو خێراتی نەوت و ئاوو کشتوکاڵ و پارەو سامانی ئەم وڵاتە دەکرا کە ئیدی چۆن لەمەودوا تاکی عێراقی وەکو میرەکانی میرنشینانی کەنداوی عەرەبی ژیانی شاهانە دەبەنە سەر .

ئێمەی کوردیش دوای چەندەها ساڵ لە کوێرەوەری و نەهامەتی و بێدەرەتانی و ساڵانی ڕەشی براکوژی  و دوولەتی و دوو هەرێمی و دوو حکومەتی، هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەدا بووین کە یەکێ لە گەورەترین دیکتاتۆرە خوێنمژەکانی ئەم وڵاتە خێرنەدیووە، بەڕووخاوی و بەزەلیلی ببینێتەوە و ئاوێکی سارد بەدڵ و دەروونی هەڵقرچاویدا بکرێتەوەو ئاسۆی بینینی و ڕوانینەکانی لە تاریکایی نێو تونێلەوە بگوازێتەوە بۆ نووزەیەک لە ڕووناکی و جۆرێک لە ئاسوودەیی!

بەڵام ئێستاو دوای نزیکەی شەش ساڵ لە پرۆسەی ئازادی و لە سێدارەدانی دیکتاتۆرو  گرتنە دەستی کورسی سەرۆکایەتی لەلایەن کوردەوەو هەنگاونانی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن و فیدراڵییەت و ئەوجا یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکە لە کوردستاندا، ئومێدو موژدەی ئاسوودەیی و گۆڕان بەرەو باشتر بوونی گوزەرانی خەڵک بە هەموو لایەکدا بەخشرایەوە کە ئەو ڕەوش و دۆخەش لە چاوو سیمای هەموو کەسێکی ئەم دەڤەرەدا بەدیدەکرد، خەڵک زوو زوو بەجلی ڕەنگاوڕەنگەوە  خێزانی خۆی دەبردە سەر شەقەماکان و وێنەو پەڕۆو بەیداخی بەرز دەکردەوەو سەیرانگاکان جمەی دەهات لە ئاهەنگ و خواردنەوەو بەزم و خۆشی و پێکەنین و خەون و ئاوا..

بەڵام ئایا پرسیارێکی زۆر گرنگ لێرەدا سەر هەڵدەدات و ڕەنگە زۆربەی مرۆڤەکان لە خۆیانی بکەن و کە ئەوەیە: بۆچی خەون و ئاراستەی ئاوات و ئارەزووەکان لە سەوزەوە بۆ ڕەش گۆڕان و وەرچەرخاون!؟

کەواتە بەرنامەو خشتەی ڕوخان و سووتان و کوشتن و تەقاندنەوەی تیرۆرستەکان لە بەرنامەو لە ویست و هێزی ئەمەریکاو حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە هێزترو پتەوترو دارێژراوترە!

ئەی ئەگەر وانییە، ئەم ئامارە ترسناکانە چین لەم وڵاتە هەناسەساردو هەشبەسەرەدا سەریهەڵداوە؟ کە ڕەنگە زۆربەی ئامارەکانیش خاترو خۆتری تێدا بێت و لە رێژەى راستەقینەیان بەکەمتر وەرگیرابن نەک زۆرتر.. لەمساڵانەدا زۆرێک لە رێکخراوو ستافە ئەهلی و مەدەنیە جیهانییەکان چەند ئامارێکیان جێبەجێکردووە کە زۆر ترسناک و خەتەرناکن، کە گوایە نزیکەی سێ ملیۆن بێوەژن لە عێراقدا هەن و چوار ملیۆن پەنابەری عێراقیش لە سەر سنووری دەرەوەی ئەم وڵاتە هەرە زەنگینەدا کۆچیان کردوەو ڕێژەی (30%)یش لە هێڵی ژێر سفرەوە گوزەرانی نەداری و ئەوپەڕی هەژاری دەبەنەسەر، هەروەها نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە منداڵ و گەنجی عێراقی خوێندنیان بەجێهێشتووە یان دەرفەتی چوونە خوێندنگەو قوتابخانەیان بۆ ناڕەخسێت..

هەروەها رێژەیەکی زۆریش بریندارو کەمئەندامی دەرئەنجامى کارەسات و تەقینەوەو شەڕی تایەفەگەری و ئایینی بوونەتەوەو زۆربەشیان مووچە یاخود بیمەی یارمەتی یاخود هیچ یارمەتییەکی ماددی و مەعنەوی نادرێن.. داتا نوێیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە 6ملیۆن لە دانیشتوانى عێراق دووچارى نەخۆشی دەروونى بوونەتەوەو لەسەدا حەڤدەى خەڵکى ئەم وڵاتە لەڕووى دەروونییەوە نەخۆشن....هەروەها داتا سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەش دەدەن کە ڕێژەى بێکارى لەم وڵاتەدا گەیشتۆتە نزیکەى2ملیۆن بێکار، هەروەها رێژەى کرێچی و هەژارانى بێ زەوى وموڵک لەم عێراقە زەنگینە پڕ نەوت و کانزایەدا زیاترەلە5ملیۆن کرێچى کە ڕەنگە ملیۆنێکیان لە کوردستانە ئازادو دەوڵەمەندەکەى خۆماندا بێت و(بەندە یەکێکە لەو کرێچیانە)..!

هەروەها رێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانى ناوەڕاست و خوارووی عێراق دووچاری نەخۆشییەکانی وەکو شەکرەو شێرپەنجەو دڵ و کەمخوێنی و لەرزوتاو گرانەتاو تەنانەت تاعون (کە چەندان سەدەیەکە نەماوەو فەنابووە!!) و پەتا زۆرەکانى دیکە بوونەتەوەو وەکو پێویست چارەسەرو داوو دەرمانیش وەرناگرن، یان مووچەو بیمەی مانگانەی ئەوان بەشی نرخ و تێچوونی بەهای بەرزی دەرمانە چاکەکان ناکات، ئەو دەرمانانەشی بەکاری دێنن، وەکو کوالیتی و چۆنیەتی، رێژەیەکیان بەسەر چوون و باش نین و بێکەڵکن..

لە بواری خزمەتگوزاریشەوە، رۆژنامە گرنگ و ناودارەکانی ئەمریکاو بەریتانیا ناوبەناو بڵاویدەکەنەوە کە نە ئەمریکاو نە حکومەتی عێراقی نەیانتوانیوە، کارەبا و ئاو و سوتەمەنی وکۆنترۆڵى گرانى وبێکارى و خزمەتگوزارى هێندەی یەک تاقە مانگی سەدامی گۆڕبەگۆڕ دابین بکەن  بۆ خەڵک و میللەتی ئەم وڵاتە پڕ خێرو بەرەکەتە کە لە جیهاندا پێشەنگى وڵاتە زەنگینەکانە!

بەڵام بۆ ئێمەی کورد، ئەوە دڵتەزێنە و خەنجەرێکەو لە پشتەوە لێماندەدرێت، کە زۆر بەداخەوە، باری ئاسایش زۆر ئاسوودەو بێدەنگەو هیچ ئاستەنگێکی ماددی و مەعنەوی و مرۆڤیی لە ئارادا نەبێت و ئەوپەڕی دڵتەنگی و بێزاری خەڵکی لەدەست ئەم ڕەوش و بارودۆخەی دوای پرۆسەی ئازادی کاسەی سەر ور ِو گێژ بکات.  لە کوردستانیشدا رێژەکان ترسناکن، لە هەموو بوارێکەوە دڵخۆشکەرو خۆشبەختی و خۆشنوودى  نابەخشن .!

رێژەی هەژاری و بگرە هەژاری ژێر سفریش لە ئارادایە کە نەتوانن مانگی جارێک میوە گرانبەها بێتام ونایلۆنیەکانیش بخۆن، رێژەی بێکاری و دروستنەکردنی دەرفەتی ئیش بە تایبەت بۆ گەنجان و کۆچکردنی بە کۆمەڵی ئەم توێژە گرنگە بەرەوە سەرابى هەندەران، زەنگێکی ترسناکە.. بێجگە لە سستی و لاوازی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەباو ئاوو سووتەمەنی.. هەروەها کێشەی نیشتەجێبوون و بەرزی کرێی کرێچێتی یەکێکە لە کێشەو خەمە چارەسەر نەکراوەکان کە دانیشتوانێکى زۆرى کوردستان پێوەى دەناڵێت و نرخى کرێچێتى بە دەست ساحێب خانووەکانەوەیە و یاسا خەوى قووڵى لێکەوتووە....

 هەروەها گرانی بازاڕ و نرخی شتوومەک و بێسەروبەرەیی بواری چاودێر بازرگانی و نرخی شمەک و کاڵا گەورەترین کێشەو گرفتی هاوڵاتیانى ئەم پارچەیەی کوردستانن... گومانی تێدا نییەو درۆو قسەی هەڵبەستراوو ناحەزان و ئانارشیزمانیش نییە کە جێی داخە رێژەی تاوان و دزى  و مناڵ رفاندن و ژن و منداڵ و گەنج کوشتن بە ئاستێکی بەرفراوان لە بەرزبوونەوەدایە، وەکو توێژەرێکی کۆمەڵایەتی من خۆم ئاگادارم کە رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە سێیەکی رێژەی هاوسەرگیرییە لە کوردستاندا، ئەم رێژەیەش بەرزەو ئاسایی نییەو ژمارەی بێوەژنان و پیاوانى رەبەن زیاد دەکات و گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەدوای خۆیدا دێنێتە کایەوە ..

 هەروەها بیرمان نەچێت منداڵ و نەو جەوان و مێردمناڵێکی زۆر هەن واز لە خوێندن و فێربوون دێنن و دەچنە سەر شەقام و کۆڵانەکان، یان دەبنە بەڕەڵاو بێنەواو هەتیو، یان دەبنە دەستگێڕو حەماڵ و فیتەرو سیدی فیلمی پۆرنۆ فرۆش .. ئەم وتانەی ئێمە خستمانە ڕوو وەبیرهێنانەوەو یادکردنەوەی پرۆسەی ئازادی نییە ئەوەندەی پێداچوونەوەو خستنەوە بەرچاوی چەندجارەی ڕەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات و نیشتمانەکەمانە دوای ڕوخانی دیکتاتۆر ...

ئێستا بۆمان هەیە (وەکو هاوڵاتی پلە /2-10)ی ئەم نیشتمانە بە دەسەڵات و حکومەتە کوردی و خۆماڵییەکەی خۆمانی بڵێین: ئەى برا گەورەو شۆڕشگێڕانى مەزنى نیشتمانەکەمان! تکایە ئاوڕێکی جیدی و دڵسۆزانە لە میللەت و خەڵکی پاک و دڵسۆزو ڕاپەرین دروستکەرەکەی خۆتان بدەنەوە، باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و (نیشتەجێبوونی) خەڵک و نەتەوەکەی خۆتان چاکتر بکەن، سامانی نەتەوەیی کوردستان (ئەگەر هیچى وای تیامابێت ) زۆر زەنگینەو بەشی هەموو لایەک دەکات، تکایە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی کۆمەڵایەتی–ئابووری و سەروەریی یاسا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و سەرەکییەکان باشترو چاکتر بکەن، تکایە چارەسەری گەندەڵی و(دزی و تەمەڵی و حزب حزبێنەو خزم خزمێنەو واستەکارى وپشت لە خەڵککردن) بکەن.. ئەگینا رێژە سەلبیەکان بەرزتر دەبنەوەو بێزاری و دڵتەنگی و تووڕەیی خەڵک زیاتر دەبێت، ئەو دەمەش گەندەڵی دەبێتە گەردەلوول و کورسی و عەرش و بورجی عاجێکانتان لوول دەدات !

___________________________________________

تێبینى: ئەم داتایانەم(( 3ملیۆن بێوەژن 4 ملیۆن پەنابەر6ملیۆن نەخۆشی دەرونى5ملیۆن کرێچى2ملیۆن بێکار)) لەڕادیۆى نەواوە، ناوبەناو کۆکردوونەتەوە.

* توێژەرى کۆمەڵایەتى.