په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٣\٢٠١٨

    لە زایەڵەی تۆفانێکدا.

 


هاوار تەیب

ئەمشەو تکام لە تەمەنی فانیم کرد
بمداتەوە دەست رۆژگاری ئاو!
بمکاتەوە بە سووی بانی ماڵێكی رابردوو
منارەی ئەم خەمە!
هەر بە رۆح ئاو دەدرێ
و بە عیشق واڵا دەبێ
ببە فریادڕەسم ئەی ئەمەرگ....
ئەو دەمەی لە سنووری سەفەرتا پەساپۆرتی
وڵاتێكی بێ ناونیشانم پێبەخشرا
ئیدی مەرگ بێدەنگ و ژیان بێمانا
هەر خۆم و
خۆم بەدەم داڵغەی بەیانییەوە
هەنووکە مقامێکی کریستاڵیی دەیەوێ دیواری فیراق ببڕی و
مشتێك لە حیکایەتی مناڵییم
بباتەوە بەردەرگای خانەقای تۆبەکارێك!
جریوەی زەمەنێك
لە گۆشەگیرییم
بخزێنێتە خەوی شیعرێکمەوە
خەراباتی ئەو هەموو نهێنییەم بەسپێدەیەکی ماڵئاوایی
خۆی بەدەم خۆیەوە شەرح دەکا
زایەڵەی سەحرایەك لە بێ مروەتییم
عاشقانە بە بەرگی غەریبیم مەست دەکا
جەنگێك لە چاوەڕوانیم
ئەمداتە دەست چارەنووسی نیشتمانێك لە سەروەریی و
زایەڵەی تۆفانێك لە یادەوەریی
ئەوە قەدەرە دەستی ژیان دەگرێ و
چاوەڕوانی لە هاتنی رووناكییەك
لە پاییزدا دەچێنێ و
لە ھاویندا بارانێك لە بیاباندا دەبارێنێ
لە خەونی جگەرگۆشەیەك ئەنفالكراودا
میھرەبانیی شوێنپێی جەللادێك دەكاتە
ماڵێك بۆ ناسكی خەیاڵ.


رانیە
ماڵپەڕی هاوار تەیب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک