په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٠

لیبیا و دەستتێوەردانی وڵاتان.


زاھیر باھیر      

 
تەماشا بکە دەبینیت ئەم سیستەمە خەڵکی چۆن بێ بەھا و سووککردووە. بوون بە پیاوی خەڵک، حیزب ، سیخووڕی دەولەتی، بەکرێگیراوانی وڵاتان کە ئینگلیز پێی دەڵێت mercenaries کە کورد پێیدەڵێت "جاش". ڕەنگە تا ڕادەیەکی کەم لە ھەندێکیانا جۆرێک لە دڵسۆزی تیادابێت، یا ھۆکارێکی دیکەی ھەبێت بەڵام بەشی زۆری بژێوی و بارخواری ژیان و بێدەربەستیی و نەبوونی ھۆشیاریی ، دڕندەیی بێت. ئاخر کابرایەک ھەڵکوتێتە سەر ماڵ و خاک و گەلێکی دیکە و ئەوەی کە پێیبکرێت بیکات، بێ ئەوەی بیناسێت و غەدرێک تاوانێکی بەرانبەر کردبێت ...نازانم چ ناوێکی لێدەنێیت؟!!


من لێرەدا زیاتر دەمەوێت قسە لەسەر بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ناویان 'سوپای ئازادیی سوریا'یە، بکەم.


ئەمڕۆ لیبیا وەکو سوریا ئەمیش بوەوەتە مەیدانی لابەلاکردنەوەی کێشەی نێوانی دەوڵەتەکان لەسەر ئاستی جیھانی و ناوچەیی. حکومەتی ویفاقی لیبی کە لە لایەن ئیتالیا و قەتەر و تورکیا و ڕێکخراوی یو ئێن و ھەندێک لە وڵاتانی دیکەوە پشتگیری لێدەکرێت و خەلیفە حەفتار-یش لە لایەن میسر و ئەردەن و ئەمارات و روسیا و فەرەنساوە لایەنگریی و کۆمەکی پێدەکرێت، کێشەیەکی یەکجار گەورەیان بۆ ئەو خەڵکە ھەژارەی لیبیا دروستکردووە، کوشتارگەلێکی بێشووماری تیادا دەکرێت.


تورکیا بۆ کەمکردنەوەی ئەزمەکانی نێو خۆی بریاری دا کە کۆمەک بە حکومەتەکەی لیبیا، ویفاق، بکات بۆ ئەمەش لە ٢٤/١٢ دا ٣٠٠ چەکداری لەو بەکریگیراوانەی'سوپای ئازادیی سوریا' نارد ، لە ٢٩/١٢ دا ٣٥٠ بەکرێگیراوی تری نارد و لە ٠٥/٠١/٢٠ دا ١٣٥٠ی دیکەی ناردووە.


بۆچی ئەمانە بەکرێگیراون؟


ئەمانە ھیچ مەبدەئێک و مرۆبونێکیان لا نییە لە ھەر شوێنێک بکرێت بەکرێبگێرێن ئەوان بێ دوودڵی دەچن و شەڕ دەکەن . بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی رۆژنامەی گاردیانی ئەمڕۆ ١٥/٠١/٢٠ ئەم بەکرێگیراونە عەقدێکیان لەتەک یو ئێن-دا بەستووە بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی لیبیا، کە ھەر بەکرێگیراوێک ٢٠٠٠ دۆلاری ئەمەریکی موچەی بێت کە لە کاتێکدا کە تورکیا شەڕی دژ بە کوردی پێدەکردن مانگی ٤٥٠ بۆ ٥٥٠ لیرەی تورکییان وەردەگرت کە بە پاوەندی بریتانی دەکاتە ٥٢ بۆ ٧٢ پاوەند. ھاوکاتیش تورکیا واژۆی ئەوەی کردووە بۆ یو ئێن کە پارەی تێچونی چارەسەری بریندارانیان سەرفبکات و پارەی گێڕانەوەی تەرمی کوژراوانیشیان بۆ سوریا، دەدات.


کاتێک ئەم بەکرێگیراوانە دانیشتوانی شوێنی دیکەنئەوەندەی ئامادەبن کە خەڵکانی نەیاری حیزبەکەیی و دەوڵەتەکەی بۆ بکوژن، ، لە لایەن ئەردۆگانەوە گرەنتی ئەوەیان پێدراوە کە بکرێنە ھاووڵاتی تورکیا.


لە سۆدانیش ئەو بەکرێگیراوانەی کە شەڕیان لە دارفۆرد دەکرد و سکی ژنان و منداڵانیان ھەڵدەدڕی ، ئێستا کە لە سۆدان شەر نییە ئەوانیش بە ٣٠٠٠ کەسیانەوە ئەوە چەند مانگێکە گەیشتونەتە شاری بنغازی بۆ شەڕکردن دژ بە جەنڕاڵ خەلیفە حەفتار. بەرپرسێکی لیبی بە گاردیانی وتوە " ئەوەندە گەنج لە سۆدانەوە ھاتووە کە توانای دابینکردنی ژیان و پێداویستی ترمان نییە بۆیان".


کۆماندەکانی ئەمانە بە تەمان دوای ئەوەی کە عەقدەکەیان لەگەڵ لیبیا و یو ئێن دا تەواو دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سۆدان و شەڕ دژ بە حکومەتی تازە بکەن . لە دیمانەیەکیانا لەتەک ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانییدا، یەکێک لەم کۆماندانە دەڵێت " من دەزانم ئێمە مێسینەرین [ بەکرێگیراو] ین شەڕکردنمان نە ڕێز و نە شەرەفی تیادایە ... بەڵام ئەمە کاتییە و دوای تەواوبوونی موھیمەکەمان دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە " یەکێکی دیکەیان وتی " چەکداربوون و شەڕکردن وەکو بەکرێگیراو، تاکە ڕێگەیەکە بۆ پەیداکردنی سامانێک کە دواتر بتوانین شەڕ دژ بە دەوڵەتی سۆدان بکەین " ... " باوەڕمان وانییە کە عومەر بەشیر تەواو بووبێت.. ئێمە ئێستا لە لیبیاین بەڵام مەعرەکەی دیکە لە سۆدان چاوەڕوانمان دەکات.." یەکێکی دیکەیان لە تەڕابلوس، وتی " وەختی دیاریکراومان لێرە نییە ... تەنھا چەک و تەقەمەنی و لۆجستکی میللتەریی بەدەستدەھێنین بۆ گەڕانەوەمان بۆ سۆدان" کۆماندەیەکی تر وتی " تۆ خۆت دەیزانی کە ئێمە کارێکی وامان نییە بۆیە جاری واھەیە کە دەبێت خەڵک بڕفێنین و بە قاچاخ بیانگەیەنیینە شوێنی پێویست".


ئەمە ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین دونیای حیزبایەتی ، دونیای بەکرێگیرا و سوپا و پۆلیس و سیخووڕ و دونیای حکومەت و دەولەت ، دونیای چینایەتی و کۆمەڵی قووچکەیی. ئەمە ئەو سیستەمەیە کە ئێمە لە سایدا دەژین بارودۆخێکی ئاوا دەخولقێنێ تاکو کەسانێک بەکرێبگیرێن مانگی بە ١٠٠ دۆلار، کەمتر یا خود زیاتر و بێنە سەر خاک و ماڵومنداڵت و بتکوژن بێ ئەوەی بتناسن ، بێ ئەوەی ھیچ ناکۆکییەکی لەتەکتا ھەبووبێت ، یا خراپەیەکت بەرانبەری کردبێت.


١٥/١\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک