په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١١

لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان،

لە نێوان حیزباندن و ناڕەزایی رۆژنامەنووسانی تورکمان و عەرەبدا.


رابەر رەشید*    

 

لە بەراییدا پیرۆزبایی لە سکرتێرو یەکەکەی ئەندامانی لێژنەی نوێی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم کە بڕیار وایە لە رۆژی شەممە (١٩/١١/٢٠١١) لە شاری کەرکوک لە سێیەمین کۆنفرانسی لقدا دابنرێن، ھەر لە ئێستاشەوە، ھیوای کارو چالاکیی بەردەوامی پیشەییانەیان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەوەی کە ئێمە وەکو لێژنەی ئێستای لقی کەرکوک لە کارنامەماندا بوو ئەنجامیان بدەین و نەمانتوانی، لێژنەی نوێ ئەنجامیان بدەن و پیشەییانە لە خزمەتی تەواوی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کەرکوکیدا بن، دوور لە ھەموو بەرژەوەندییەکی نەخوازراو. ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانیی ئێمەی رۆژنامەنووسی شارەکەیە، ئەو دەستێوەردانە حیزبایەتییە ئاشکرایەی ھەردوو حیزبی (یەکێتی و پارتی)یە لە پێکھاتەی ئەمجارەی لێژنەی لقی کەرکوک، چونکە بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لە ئارادان لێژنەی ئەمجارەی لقی کەرکوک، سکرتێرەکەی بۆ پارتی دەبێ و لە یەکێتی دەسێندرێتەوە کە ئەمەیان بەپێی رێککەوتنی نێوانیان تا رادەیەک ئاساییە، ھەر یەکەو ئەندامێکی یەدەگیشیان بۆ دانراوە کە ئەم دانانی ئەندامە یەدەگە دەستێوەردانێکی ئاشکرای حیزبە لە لقی کەرکوک، چونکە بەپێی مادەی (٢٣) لە (پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان) بە ھیچ جۆرێک ئاماژە بە ئەندامی یەدەگ نەکراوە. سەبارەت بەوەی کە لێژنەی لق بە لانی کەمەوە لە (٧) ئەندام پێکدێت، ھەروەکو لە ھەمان مادەی یاسای ناوبراودا ھاتووە، کەواتە لێژنەی لقی کەرکوک بە سکرتێرەکەیەوە رێک (٧) ئەندام دەردەچن، بەمجۆرەی خوارەوە: (سکرتێری لق: نوێنەری رۆژنامەنووسانی پارتی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی یەکێتی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی شیوعی، نوێنەری رۆژنامەنووسانی زەحمەتکێشان، نوێنەری رۆژنامەنووسانی تورکمان، نوێنەری رۆژنامەنووسانی عەرەب، نوێنەری رۆژنامەنووسانی کلدۆئاشوور). ئیتر تێناگەم ئەم ئەندامە یەدەگە چییەو بۆچی و بە بڕیاری کێ دانراوە؟، خۆئەگەر لە خەمخۆرییە بۆ شاری کەرکوک و بۆ ئەوەی ژمارەی لێژنەی ناوبراو زیاتر بێت، ئەوا دەکرێ ئەندامێکیش بۆ نوێنەرایەتی ئەو رۆژنامەنووسانە دابنرێت کە سەر بە ھیچ حیزبێک نین و تا ئێستاش ئەندامی سەندیکان و وەک دەڵێن سەربەخۆن، بەمەش پێویست بە دانانی ئەو دوو ئەندامە یەدەگە ناکات. ھەڵبەتە ئەم پێکھاتەیە دوای پاشەکشێی نوێنەرانی رۆژنامەنووسانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ھاتوونەتە ئاراوە کە پێشتر نوێنەریان لە لقی کەرکوکدا ھەبوو. ئەگەر بێت و دانانی ئەم ئەندامە یەدەگانە سەربگرێت، ئەوا لقەکە زیاتر دەحیزبێندرێت و زیانیش بە ناوبانگی سەندیکاکەو کارو چالاکییەکانیشی دەکەوێت، کە ھیوادارم پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێت و بەرژەوەندیی باڵای پیشەیی رۆژنامەنووسانی کەرکوک و لقەکەیان ببێتە جێگای متمانەیان، نەک زیاتر مۆرکی حیزبایەتی پێوەبنرێت.

دەستێوەردانێکی دیکەی حیزب لە چۆنییەتی پێکھاتنی لێژنەی ئەمجارەی لقی کەرکوک، دابەشکردن و دانانی نوێنەرانی رۆژنامەنووسانی ھەردوو نەتەوەی تورکمان و عەرەبی شاری کەرکوکە بەسەر ھەردوو حیزبداو دانانی دوو رۆژنامەنووسی ئافرەت کە نە خاوەن ئەزموونێکی ئەوتۆی رۆژنامەنووسین –وێڕای رێزی زۆرم بۆیان- و نە لەلایەن رۆژنامەنووسانی ھەردوو نەتەوەوە جێگای قەبووڵ کردنن، بەڵگەش بۆ ئەم قسانەم لە رۆژانی ١٤و١٥ی ١١ی ٢٠١١ چەند رۆژنامەنووسێکی ھەردوو نەتەوە بە ئاشکرا ھاتوونەتە لقی کەرکوک و گلەیی ئەوەیان لێکردووین کە ستەمیان لێکراوەو بەم دانانە حیزب رێگەی نەداون لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، نوێنەری شایستەی خۆیان بۆ لێژنەی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ھەڵببژێرن، تا حاڵ گەیشتە ئەوەی برایەکی رۆژنامەنووسی یەکێک لەو دوو نەتەوەیە راشکاوانە وتی: ئێوە بەم کارەتان شەڕ لەگەڵ مانەوەی ئێمە لە لقی کەرکوکی سەندیکاکەتان دەکەن و ئەگەر بەم شێوەیە رەفتارمان لەگەڵدا بکەن، ئەوا زۆربەمان روو لە لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دەکەین و لەوێ دەبینە ئەندام. بۆیە پێموایە ئەگەر ئەمە سەربگرێت، ئەوا –وەکو کورد- پاش چەند ساڵێکی دیکە، ئینجا ھەست بەم ھەڵەیەی خۆمان دەکەین و چۆن دوای زیاتر لە (٧) ساڵ فەرمانڕەوایەتیی کەرکوک، بە ناچاری و بۆ دڵڕازیکردنی برا تورکمانەکان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کەرکوکمان پێبەخشین، بێئەوەی لە ھەڵبژاردندا توانیبێتیان ئەو پۆستە بەدەستبھێنن. جێگای ئاماژەیە کە بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی رابردوو، بەتایبەتیش لەدوای کۆنفرانسی دووەمی لقی کەرکوکەوە کە لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراقی دروست بوو، ئێمە لە لقی کەرکوکی رۆژنامەنووسانی کوردستان دووچاری چەندین کێشە ھاتووین لەوەی کە ھەندێک لە رۆژنامەنووسانمان ویستوویانە روو لە سەندیکا عێراقییەکە بکەن، بە پاساوی نەبوونی (ئیمتیازات)و حیساب نەکردن بۆ رۆژنامەنووسانی کەرکوک لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە. بۆیە باشتر وایە ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە بێتەدەنگ و خەسڵەت و رووخساری پیشەییانەی خۆی بپارێزێت و رێگەش بۆ ناووناتۆرەی دیکە خۆش نەکات کە بە سەندیکاکەمان بوترێت، چونکە بەرئەنجامی دەستێوەردانی حیزبایەتی لە رێکخراو و سەندیکا پیشەییەکان ئاشکراو دیارەو ئەزموونێکی تاڵیشمان لەو بوارەدا ھەیەو زیاتریش لە قاڵبدانی ئەو رێکخراوانەیە کە بەم شێوەیە لقی کەرکوک ئەو رووخسارە جوانەی خۆی لەدەست دەدات کە لە ھەردوو کۆنفرانسی پێشووداو ھەردوو لێژنەی پێشووش دوور لە دەستێوەردانی حیزبایەتی کارو چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامداوە، بەجۆرێک کە متمانەی نێوان ئەندامانی لێژنەکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی نوێنەری رۆژنامەنووسانی کۆمەڵی ئیسلامی لە جیاتی نوێنەری رۆژنامەنووسانی شیوعی واژۆ لەسەر نووسراوەکان بکات و بە پێچەوانەوەش، ھەروەھا نوێنەری لایەنەکانی دیکەش بەھەمان شێوە. کارو چالاکییەکانی پێشووش بەڵگەی حاشا ھەڵنەگری ئەم قسانەن، بۆیە جارێکی دیکە تکام وایە خودی نەقیبی سەندیکا بێتە ناو کێشەکەوەو بەرلەوەی کار لەکار بترازێت، ئەو ئەندامە یەدەگانەی ھەردوو حیزب نەھێڵدرێت و نوێنەری رۆژنامەنووسانی تورکمان و عەرەبیش کە وەکو وتم ناڕەزایی زۆری لەسەرەو بە نووسراویش برا تورکمانەکان لقی کەرکوکیان ئاگادارکردۆتەوە کە بەو دانانە حیزبییە ناڕازین و لەوانەیشە لەناو کۆنفرانسدا کێشەی لێبکەوێتەوە. نووسینی ئەم چەند دێڕەش تەنھا لە دڵسۆزیمە وەکو رۆژنامەنووسێکی کەرکوکی و خۆشەویستیمە بۆ لق و سەندیکاکەم وێڕای کەموکووڕییەکانیش.
______________________________________________
* بەرپرسی کارگێڕی و راگەیاندنی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
 

ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک