٤\٥\٢٠١٨
لیستی عەلی
باباکان.

عەلی مەحمود محەمەد
تەمویلی دادپەروەرانە و ئاشکرا یەکێکە لە پێوەرە سەرەکی و
بنچینەییەکانی دادپەروەری ھەڵبژاردن , پێویستە خەڵک بزانێت کێ لە پشت
ئەم پارتانەوەیە, پارە لە کوێ دێنن؟, بۆ کێ کار دەکەن؟, چەند خەرج دە
کەن لە پرۆسەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن؟, لێرەشەوە بزانرێت کارەکانی ئەم
فراکسیۆن و لیستانە دوای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی کام قارون و کام
کۆمپانیادایە.
لە کوردستان پارت و لیستەکان, نە بودجەی پارتەکان و نە بودجەی پرۆسەی
ھەڵبژاردنەکانیان دیار نییە, لە کاتێکدا ٤ ساڵ و نیوە پارتە سیاسییەکان
کوردستان بودجەیان لێ بڕاوە,کەچی سەتەلایت و ماشینی راگەیاندن و خەرجی
بێشوماری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیان رانەوەستاوە, خەرجییە زۆرەکەش کرێی
مەراقیبەکانی سەر سندوقەکانە بەڕێوەیە, ھاووڵاتیان بە گشتی و ئەندامان
و دەنگدەرانی ئەم لایەنانە مافی خۆیانە سسەرچاوەی دارایی لایەنەکانیان
بزانن, دەوڵەمەندەکان پارەیان زۆرە بەھۆی بەخششەکانیانەوە ویستی خۆیان
بەسەر کاندیدەکان دەسەپێنن لە دوای ھەڵبژاردن, ھاوکات ئاشکرا کردنی
سەرچاوەی داھاتی پارت و خەرجی ھەڵبژاردنەکان بەشێکە لە شەفافیەت, ئەگەر
پایەی پارتێک لەسەر ناشەفافیەت دامەزرابێت, چۆن دەتوانێت لە ئایندەدا
حکومەتێکی شەفاف بنیات بنێت,کە شەو رۆژ شیوەن و رۆ رۆو قژ رنینیانە بۆی,
ئایا دەنگدەری حیزب ئاگاداری خەرجیەکانی حیزبەکەیەتی, کە مافی خۆیەتی
بزانێت کێ ھاوکاری دەکات, کام لۆبی قاچاخچییە دەستی دەگرێت, قاچاخچی
نەوتە یان تلیاک؟, پارەی بەکار ھاتوو رەشە یان سپی؟, سەرچاوەی دیارە
یان نەزانراو؟,سەرچاوەکەی کوێیە؟, ناوخۆییە یان دەرەکی؟, دزییە یان
ھەواڵگری وڵاتان؟, ھەرێمی یان نێونەتەوەیی؟, ئەمە ھەمووی ئەگەرەو
ھەمووشی لەگەڵ پرۆسەی سیاسی کوردستان دێتەوە کە مەحرەم زۆر کاڵبۆتەوە.
پارتی سیاسی پێویستی بە پارەیە بۆ راییکردنی کارەکانی, بە تایبەتی لە
کوردستان, ئەمە حەقیقەت و ھاشا ھەڵنەگرە, لێ ئەم پارەیە لە کوێ دێنێت؟,
چۆن پەیدای دەکات؟, ئەمە ھەمووی پرسیارە, خەڵک لە مێشکیاندا دەیھێنن و
دەیبەن, وەلێ تا ئێستا نەکراوە,پارە رەگی گەندەڵییە,تا خەرجییەکان
ھەڵبژاردن زیاد بێت, شەفافیەت دەبێتە زەروری, وە قەبارەی پارە ھاتووە
جێی گومانەکان گەورەتر دەبێت, تا دەزگا حکومیەکان لاواز بن وەک
ھەنووکەی کوردستان, ئەوا دەوڵەمەندەکان باشتر دەتوانن پارەکانیان بۆ
ئاراستەکردنی پارتە سیاسییەکان بەکار بھێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەکان لە
بەرژەوەندیان دەربچێت لە داھاتوودا, ئەوان زۆریان ناوێت, تەنھا
ھێشتنەوەی چەند بۆشاییەک لە وەبەرھێنان و چەند شەڕێک بە بریکاری لە
پەرلەمان بۆ لادانی رکابەرەکانیان, یاخود گەیاندنی چەند زانیارییەک
لەسەر پرۆژەکانی داھاتوو, یاخود گەیاندنی زانیاری بە کۆمپانیا
بیانییەکان لە کاتی بوونی کێشە وەک بینیمان.
دەمانەوێت بزانین کام کۆمپانیا و دەوڵەمەند ھاوکاری پارتەکان دەدەن,
چۆن کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانیان دابەشکردووە لە نێوان خۆیاندا, کێیە
ماشینی راگەیاندنەکەیان تەمویلە کات, لە کام وڵاتەوە پارە خۆی دەکات بە
کوردستاندا ؟؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە راستەوخۆ پەیوەستن بە ھەڵبژاردنەوە,
چونکە پیویستە دەنگدەران بزانن ئەم پارانە لە کوێ دێن کە پارتە
سیاسیەکانیان بەکاری دەھێنن, کە کاندیدە بەسزمانەکانیش زۆرینەیان
نازانن, ئەو پۆستەرەی بۆیان دروستکراوە بە پارەی تلیاکە یان باجی
جامخانەیە....... ئەمەو یەک دنیا پرسیاری دیکە.
دەمانەوێت بزانین ئایا سستەمی سیاسی لە کوردستان دیموکراسی یان
بلۆتۆکراسییە؟, ھەڵبژاردن و سستەمەکەی لە ژێر کاریگەری پارت و بۆچونە
سیاسییەکانە, یان لە ژێر ھیژمۆنیای پارەدایە, کە بێشک ئەوی دووەمە و
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت بلۆتۆکراسییەو پارە ئاراستەی ھەموو کارێک
دەکات.
کەمەیاتی فرە دەوڵەمەند لە کوردستان راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی
خۆیان بەکار دەھێنن, بۆ مسۆگەرکردنی سەرچاوەی داھات و تاڵانی سەروەت و
سامان, دواتر بەو دەستکەوتە سیاسی و ئابورییەی بەدەستی دەھێنن
کەناڵەکانیان بەڕێوە دەبەن, بەمەش پارەو کورسی و راگەیاندن کۆنترۆڵە
کەن, سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا برلسکۆنی لەوەدا کارامە بوو, ھاوکات
نوخبەی دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژھەڵاتیش ھەمان کاریان کرد, تورکیا و
کوردستانیش بەو ئاقارەدا رێ دەکەن و گەیشتونەتە دوا مەنزەڵ.
راگەیاندن چەندە مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵدا بێت,
بەھەمان ئەندازە مەترسیدارە لە دەست ملیاردێرەکاندا بێت, ئەوانیش
بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن نەک خەڵک., بۆیە کاتێک قارونەکان ئاراستەی
سیاسەت دیاریدەکەن لە رێگای پارەو راگەیاندنەوە, ھیچیان لەبەرچاو نییە
جگە لە قازانج, سیاسەت لای ئەوان لقێکە لە بزنس, نەک بۆ چاکەی گشتی و
گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری .
بۆیە دەبێت پارتە سیاسیەکانی کوردستان ناچار بکرێن, سەرچاوەی داھاتیان
ئاشکرا بکەن, دەسەڵاتی پارە لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەت ھەڵبژاردن کورت
بکرێتەوە, کە تا ئێستا ھەمووی لە تاریکییە و گۆڕەپانیش بۆ دەسەڵاتی
پارە ئاوەڵا بووە, ھیچ ھێزێکی سیاسی لەم بارەیەوە دەستپێشخەری
نەناوەندووە, کەس نازانێت ئەم پارەو سامانە لە کوێوە دێت و بە کوێدا
دەڕوات, یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی خەرجی پارتەکان و دیاریکردنی
سەرچاوەکانیان و رێکخستنی بەخششەکان و .... لەپاڵ رێکخستنی ئەوانە
پێویستە کۆمپانیاکانیش ناچار بکرێن بەخششەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن.
سوید و سویسرا دوو جەزیرەی نا شەفافی کاری سیاسین لە روی پارەدان بە
حیزب و خەرجی ھەڵبژاردن لە ناو ئەوروپا, بەردەوام لەبەر چەقۆی تیژی
رەخنەدان, سستەمە سیاسییەکەیان بەو ھۆکارەوە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە,
لەم دوو وڵاتە یاسای نیشتمانی بۆ تەمویلی حیزبەکان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن
نییە, سەرچاوەی بەخششەکان لە تاریکیدایە, وەلێ پێچەوانەی کوردستان
پارتەکانی ئەوان پێش ھەڵبژاردنەکان بودجەی خۆیان بڵاو دەکەنەوەو
رایدەگەیەنن, سەیر بکەن پارتەکانی سوید ٨ مانگ پێش ھەڵبژاردن بودجەی
پارتەکانیان بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن دیاریدەکەن, پارتی سۆسیال دیموکراتی
دەسەڵاتدار ١٠٠ ملیۆن کرۆن, تەنانەت شێوازی خەرجی ئەو بودجەیەش
دیاریدەکەن, نموونە ٧٠ ملیۆنی بۆ ریکلام دیاریکردووە, پارتی ناوەند ٧٠
ملیۆن کرۆن, ٥٠٪ی بۆ ریکلام, پارتی دیموکرات ٥٠ ملیۆن.
بەھۆی دابەزینی ژمارەی ئەندامانەوە , ئابونەوەی حیزبی تەنھا ٣٪ی داھاتی
پارتەکان دیاری دەکات لە سوید,لە ساڵی ١٩٨٩ رێژەی ١٣٪ی ھاووڵاتیان
ئەندامی پارتەکان بوون, ئێستا کەمتر لە ٥٪., بۆیە بەشداری ئابوونەوەی
حیزبی کەمترە لە ٥٪ی خەرجیییەکان کە شەرعیترین رێگای پارە پەیداکردنی
حیزبی سیاسییە.
کەموکڕی لە سستەمی دیموکراتی سویسری ئاشکرا نەبوونی خەرجییەکانە, بەم
ھۆیەوە کەوتۆتە بەر رەخنەی توندی رێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی
سەبارەت تەمویلی سیاسی پارتە سیاسییەکان, جگە لە پارتی گەلی راستگەرا,
ھەموو پارتەکان بودجەی خۆیان پێشتر بۆ ھەڵبژاردنەکان بڵاو کردۆتەوە "
پارتی سۆسیالست ١و٤ ملیۆن فرەنک, پارتی لیبراڵی رادیکاڵ ٣ ملیۆن فرەنک,
پارتی دیموکراتی کریستان ٢ ملیۆن فرەنک, پارتی سەوز ٢٠٠ ھەزار فرەنک,
پارتی بۆرجوازی دیموکراتی ٥٠٠ ھەزار فرەنک, سەوزە لیبراڵەکان ٣٠٠ ھەزار
فرەنک".
تەنانەت پارتە سیاسییەکانی سویسرا کە لەبەردەم تیغی رەخنەدان,
ناڕاستەوخۆ سەرچاوەی داھاتەکانیشیان دیاریکردوە" حیزبی لیبراڵی سویسری
بودجەکەی ٣ ملیۆن فرەنک"٦٥٪ی لە کۆمپانیاکانەوە", پارتی دیموکراتی
کریستان ٢ ملیۆن "٥٠٪ی لە کۆمپانیاکانەوە", پارتی گەلی سویسری ٢ ملیۆن
"٣٥٪ی لە کۆمپانیاکانەوە " پارتی سۆسیالست ٢,٥ ملیۆن فرەنک "٧٥٪ی لە
ئابونەوەیە, سۆسیالستەکان لە یەک کۆمپانیا بەخشش وەردەگرن ئەویش
ئاشکرای ناوەکەی کردووە, تاکە پارتە ئاشکرای ناوی کۆمپانیاکەی کردووە
لەناو ئەو پارتانەی ئامادەن بەخشش لە کۆمپانیاکان وەربگرن ".
پارتی سەوزی سویسری بەخشش لە بانکی کریدی سویس و یو بی ئێس وەر ناگرێت,
پارتی سۆسیالستیش کۆمەک لە بانکەکان و کۆمپانیاکی دڵنەوایی وەرناگرێت,
بەمەش ساڵانە زیانی ٤٠٠ ھەزار فرەنک زیان لە خۆی دەدات, بانکەکانی یو
بی ئێس, کریدی سویس و رایفایزن و کۆمپانیاکانی سویس ئێر و ئەکسا
فینترتور و ..., ئەو پارانە ئاشکرا دەکەن داویانە بە پارتە سیاسیەکان,
کریدی سویس ساڵانە ملیۆنێک فرەنک دەدات بەو پارتانەی ٥ کورسی زیاتریان
ھەیە جگە لە سۆسیالستەکان بەخششی لێ وەرناگرێت وەک پێشتر ئاماژەمان
پێدا.
نیو سەدەیە چەپەکان داوای شەفافیەت دەکەن لە تەمویلی پارتەکان و
ھەڵبژاردن,پارتە چەپەکان لە گەڵ شەفافیەتن, راستگەراکان لەبەر ئەوەی
پارەی زۆر وەردەگرن لە کۆمپانیاکان و بەستراون بەو بەرژەوەندیانەوەو
زۆرینەن لە پەرلەمان ناھێڵن ئەم داواکارییە جێگای خۆی بگرێت بە یاسا
بەخشش و خەرجییەکان و سەرچاوەکانیان و ئاشکراکاری لە داھاتەکان جێی خۆی
بگرێت.
چەپەکانی سویسرا ھەڵمەتێکیان راگەیاندووە بۆ ئاشکرا کردنی بەخششی سیاسی
ئەوەی لە ١٠٠٠٠ فرەنک زیاترە, بۆ ئەم مەبەستە ١٢٠ ھەزار ھاووڵاتی واژۆی
لەسەر کردووە.
ئەگەر سویسراو سوید لەبەر رەخنەی توندا بن بەھۆی ناشەفافیەتی خەرجی
حیزب و ھەڵبژاردنەکان و نەزانینی سەرچاوەی داھاتەکان و لێڵبوونی
سەرچاوەی پارەکان, ئەوا لە تاریکسانی پارەی رەشی پارتەکان لە کوردستان
شەوەزەنگی سستەمی بلۆتۆقراتی دا, ھەڵبژاردنەکان جگە لە شەڕی لۆبییەکانی
پارە شتێکی دیکە نییە.
alimahmud2001@yahoo.com
|
       |