په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٠\٢٠١٢

لیۆنکا لە دەریاچەی مالویە.

                                                                                          

     ک. پاوستۆڤسکی                                                                                                  لە فارسیەوە: ئازاد نەجم


ئێمە ، بەهۆی نەخشەیەکەوە - کە لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا کێشرابوو - بەڕێدا دەڕۆیشتین. لەگۆشەیەکی نەخشەکەدا نوسرابوو: ( ئەم نەخشەیە ، لەسەر بنەمای پرس و ڕاوێژ کردن بە خەڵکی ناوچەکە دروست کراوە). ئەم ڕاستگۆییە شتێکی دڵٍخۆشکەر نەبوو بۆمان. ئێمەش پرسیارمان لەخەڵکی ناوچەکە دەکرد. بەڵام زۆربەی جاران ڕێنماییەکانیان نادروست بوون.


(خەڵکی ناوچەکە) ، ماوەیەکی زۆر ، بەگەرمی دەیانکردە هات و هاوار ، قسەی نەشیاویان بەیەکتر دەگوت و ناوی زۆر شوێنیان دەبرد.


ڕێنماییەکانیان هەمیشە بەم شێوەیە بوو: ( هەرکە گەیشتنە جۆگاکە ، بەرەو لای جەنگەڵەکە بسوڕێنەوە و لەوێ لەتەنیشت جادەکە ، لەسەرەتای بنارە سوتاوەکەی جەنگەڵەکە ، تا کەندەڵانەکە بچنەپێش ، دوای ئەوەی لەکەندەڵانەکە تێپەڕین ، دەبێ ڕاستەوخۆ بچنە سەر گردەکە ، گردەکە لەوێوە دیارە ، دواتر ڕێگایەکی سادەیە ، لەوێڕا بڕۆن تا دەگەنە دەریاچەکە).


ئێمەش بەدروستی بەپێی ئەو ڕێَنوێنیەی ئەوان ، دەڕۆیشتین. کەچی هێشتا دەریاچەکەمان لێوە دیار نەبوو.


ئێستا ئیدی بەپێی نەخشەکە دەڕۆیشتین ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، لەنێو قوڕی وشکەوەبووی زەلکاوەکەدا - کە ئیدی بۆ خۆی ببووە جەنگەڵێکی پڕ لەداری گچکە و بێَهێز - ڕێگامان هەڵە کرد و ون بووین.


ڕۆژێکی وەرزی پایز بوو. دەنگی خشە خشی گەڵا وشک و وەریوەکان ، دەهات. دواتریش بارانێکی بەخوڕ باری ، کەش و هەوایەکی ساردی هەبوو.


دەوروبەری کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ ، لەنێو زەلگاوەکەوە بەسەر گردۆڵکەیەکی بەرداویدا ، کە گیا سورخسێکی زۆری لێ ڕوابوو ، سەرکەوتین. ڕۆژیش بەخێرایی خەریکبوو ئاوا دەبوو و تا دەهات دنیای تاریکتر دەکرد. لەژێر ئەو ئاسمانە گرژ و توڕەیەدا ، وردە وردە تادەهات دنیا تاریکتر دەبوو. شەو نزیک بۆوە ، شەوێکی تاریکی نێو زەلکاوی پڕ لە خشەخشی گەڵای وەریوی درەختەکان و چکە چکی دڵۆپە باران و هەستی تەنیایی و کەشێکی لەتوانای دان بەخۆداگرتن بەدەر .
هاوارمان دەکرد و پاشان گوێمان ڕادەگرت. لەوەڵامدا: ڕەشەبا ، لەشوێنێکی دورە دەستی نێو جەنگەڵەکەوە ، گڤەگڤی دەکرد و قیڕقیڕی قەلەڕەشەکانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا.


دواتر ، لەوەڵامی ئێمەدا لەشوێنێکی ئەوسەری کۆتایی زەوی و زەلگاوەکان ، هاوارێکی درێژ و لاوازمان کەوتەبەر گوێ.


تادەهات دەنگەکە نزیکتر دەبۆوە ، خشەخشێکی زۆریش دەبیسترا ، دواتر لەنزیکی خۆمانەوە هەستمان بەدەنگەکە کرد.


کوڕیژگەیەک ، لەنێو دارستانە چڕەکەوە هاتەدەرێ. تەمەنی ، هەر نزیکەی دوانزە ساڵێک دەبوو. پێڵاوە کۆنەکانی بەدەستەوە گرتبوون و بەپێخواسی و بەوریاییەوە بەسەر لق و گەڵا وشکەکاندا هەنگاوی دەنان. لێمان نزیک بۆوە و بەشەرمەوە سڵاوی لێ کردین. پێکەنی و گوتی: گوێم لێبوو یەکێک بەردەوام هاواری دەکرد ، زۆر ترسام ، چونکە لەم کاتانەدا هیچ کەسێک ڕێی ناکەوێتە ئێرە ، تەنیا وەرزی هاوین نەبێ کە ژنان بۆ چنینی میوەی جەنگەڵ دێنەئێرە. بەڵام ئێستا لەم کاتانەدا هیچ میوەیەکی لێنیە ، چیە؟ ڕێگاتان هەڵە کردوە؟


ئێمەش وەڵاممان دایەوە: بەڵێ ون بووین.


کوڕیژگە گوتی: بەڵێ ئەگەر مرۆڤ لێرە زۆر وریا نەبێت بزربوون شتێکی ئاساییە. پار هاوین ، ژنێک بۆ کۆکردنەوەی میوە هاتبووە نێو ئەم جەنگەڵە و بزر بوو ، ئیدی ئەوەندەی بەدوایدا گەڕان نەیاندۆزیەوە ، ئیدی ئەوەبوو بەهارێ ئەمجار دیتیانەوە ، تەنیا ئێسک و پروسکەکانی مابوونەوە.


: ئەی تۆ لێرە چ دەکەی؟


کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: لێرە دەژین ، لەدەریاچەی مالویە. بەدوای گۆلکێکدا دەگەڕێم.


کوڕیژگە ئێمەی گەیاندە دەریاچەی مالویە. کاتێ بەنێو زەلکاوەکاندا تێپەڕین و گەیشتینە زەویەکی سفت و پتەو ، بەترێکی شەو تێپەڕیبوو ، بەنێو ڕێگایەکی پڕ لەگژوگیادا دەچوینە پێش.


با ، هەورەکانی بەرەو باشور ڕادەماڵی. ئەستێرەکان ، لەسەروی لق و پۆپی دار سنەوبەرەکانەوە تروسکە تروسکیان بوو. بەڵام وێنەیەکی ئاشنای ئاسمان ، لەپشت لقە سیس بووەکانەوە ، نامۆ دەهاتە بەرچاوان. تەنانەت بینینی ( ورچی گەورە*) ش کارێکی ئەستەم بوو.


کوڕیژگە ، دوای بێدەنگیەکی درێژ ، گوتی: ڕاستیەکەی من بەدوای گۆلکدا نەدەگەڕام ، ئەم قسەیەم هەر لەخۆمەوە هەڵبەست.


: ئەدی لەنێو ئەو جەنگەڵ و زەلکاوەدا بەدوای چیدا دەگەڕای؟


کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: ئەستێرەیەک داڕژا ، پێرێ شەوێ لێرە ، لەپشت تەپۆڵکەکەوە ئەستێرەیەک کەوتە خوارەوە ، شەوێ لەناکاو لەخەو هەستام ، دیتم مانگاکەمان - مانکا - خۆی ڕادەپسکێنی و هار بووە و دەبۆڕێنێ و قۆچ دەوەشێنێ ، دەتگوت گورگ چۆتە نێو هۆڵەکە. منیش خێرا چومە نێو حەوشە و ویستم بزانم چی ڕویداوە؟ لەناکاو بینیم شتێک لەئاسمانەوە بڵێسەی دا ، سەیرمکرد بینیم نەیزەکە ، بەنزمی بەسەر ئاسمانی جەنگەڵەکەدا دەکشا ، لەولای جەنگەڵەکەوە کەوتە خوارێ ، وەک فڕۆکە دەنگی دەهات.


: ئەگەر دۆزیباتەوە چیت لەو نەیزەکە دەکرد؟


کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: دەمبردە قوتابخانە ، دەبێ تاوتوێ بکرێ ، ئەرێ ئێوە نازانن ئەستێرە لەچی دروست بووە؟


ئیدی بەڕێگاوە گفتوگۆیەکی باشمان لەبارەی ئەستێرەکان و کەرت بوون و دابەش بوونی ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەوە ، کرد.


لای نیوەشەوێ ، گەیشتینە سەر دەریاچەکە. ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەو شەوە پایزیە ، خۆیان لەنێو ئاوی دەریاچەکەدا نمایش دەکرد و ورینجەیان دەدایەوە. چەند کوختێکی چکۆلە ، لەکەناری دەریاچەکە بوون. جگە لەیەکێکیان - کە ئاگری چرایەکی کزی تێدا دایسا - ئەوانی تر هەمویان تاریک بوون.


کوڕیژگە لەدەرگایدا.


ژنێک ، بەتوڕەییەوە لەژورێڕا گوتی: هەی شەیتان ، تا ئێستا لەکوێ دەگەڕای؟ تەنیا لەهیچ و خۆڕایی پێڵاوەکانی خۆت دەدڕێنی.
کوڕیژگە ، وەڵامی دایەوە: نا دایە گیان پێڵاوەکانم دانابوون.


دەنگی ترقە ترقێک ، لەکڵۆمی دەرگاکەوە هات و دەرگاکە کرایەوە ، ئێمەش بەکوێرە کوێر خۆمان بەژورێدا کرد.


بۆنی پوش و پەڵاش و شیری تازە لەژورێ دەهات.


ئیدی ئەوشەوە لەماڵی کوڕیژگەدا - کەناوی لیۆنکا زۆێف بوو - ماینەوە و لەگەڵ باوکیدا ، کە پیرەمێردێکی کەم قسە بوو و چاویلکەیەکی لەچاودا بوو ، جگەرەمان کێشا و بەتەنیشت سۆبەکەوە لەسەر پوش و پەڵاشەکە ڕاکشاین.


دەنگی سیسرکە و لەنێو حەوشەکەش دەنگی قرخە قرخی خەوتنی مریشکەکان دەهات.


لای نیوەشەوێ لەخەو هەستام گوێم لە دەنگێکی ژنانەی بەهێز و توند و لەهەمان کاتیشدا غەمگین بوو کە کۆپڵەیەکی ئاشنای ئۆپێرای ( بی بی پیک) ی دەچڕی ، نەوای سەدان تاری ئۆرکێسترا ، دەنگی دەدایەوە.


ئەستێرەکان ، لەودیو شوشەی تەم گرتوی پەنجەرەکەوە ، دەلەرزین. سیسرکەکەش بەبیستنی ئەم ئاوازە ، وازی لە سیڕە سیڕ هێنا و بێدەنگ بوو.


دایکی لیۆنکا ، لەسەر سەکۆی نێو ژورەکەوە ، گوتی: دەنگی ئەم ڕادێویە هەراسانت ناکا؟ ئەمە لیۆنکا خۆی دروستی کردوە ، پێموایە ناهێڵێ بنوی؟ من نازانم چۆن دەکوژێتەوە! ناچارم لیۆنکا هەستێنم.


: نا پێویست ناکا ، لێی گەڕێ بابنوێ.


ژنە گوتی: بەڵام ئێمە بۆخۆمان حەزمان لێیە - لێرەدا بڕێک دەنگی ئارامتر بۆوە - زۆر حەزمان لێیە بزانین ئاخۆ گۆرانیەکانی مۆسکۆ چۆنن؟ هەم لێڵ و ناڕۆشنن هەم غەمگین و شادی بەخشیشن ، هەرچەندە بەدرێژایی ڕۆژێ حەجمینم نیە ، بەڵام جاری وایە تا کەڵەبابی بەیانی دەقوقێنێ ، چاو لێک نانێم.


ئیدی بێدەنگ بوو.


پێدەچو کە لەو کاتەدا زەردەخەنەیەک هاتبێتە سەر لێوی - گوتی: هەمو ئەمانە کاری لیۆنکان ، هێند بزێوە دەیەوێ هەمو شتێک بزانێ ، چۆتەوە سەر باوکی.
لەژنەکەم پرسی بۆ باوکی چۆنە؟


ژنە پرسیارەکەمی دوبارە کردەوە: سیمۆن چۆنە؟ سیمۆن لەساڵی ١٩١٨ وە ئەندامی حیزبە. هەمو شتێکی هەر بۆَ خەڵکە ... ئامادەیە پاروی دەمی خۆی بکاتە دەمی خەڵکەوە و بۆخۆیشی خۆی بەکتێبان تێر بکا.


لای بەربەیان لە سەربردەی ژیانی سیمۆن زۆێف ، ئاگادار بووین. لەسەردەمی لاویەتیدا لەکارخانەی ڕستن و چنینی (لیسۆف) ، لەشاری (ڕیازان) ، کاری کردوە و کە لەو سەردەمەدا بەباشترین کارخانەی شار ئەژمار دەکرا. جل و بەرگی بۆ پارێزگار و ئەفسەران و نوێنەران و پارێزەران دەدوری. پارێزەرەکان جل و بەرگی تایبەت بە خۆیان دەویست و زۆێفیش شریتێکی ئاوریشمی بەپانتۆڵەکانیانەوە دەدوری. سەرەنجام بەهۆی ئەو کارەوە چاوەکانی توشی گرفت بوون ، ئەو کارە حەوسەلە و توانا و وردبینیەکی زۆری دەویست.


لیسۆف ، پیرەمێردێکی خواناس بوو ، ڕوخسارێکی مەیلەو سەوزی - کەدەتگوت ڕۆنی چرایە - هەبوو. ڕۆژ تا ئێوارێ سەرگەرمی خوێندنەوەی کتێبی ئاینی یان کتێبی ( مێژوی وڵاتی ڕوسیا) ی (کارامزین) بوو. هەزار ڕۆبڵی بۆ نوسین لەسەر چەندین پارچە تابلۆی چەدەنی تەرخان کرد ، کورتەیەک لە (مێژوو) ە کەی کارامزینی لەسەر تابلۆیان دەنوسی و پاشان بەدیواری ماڵەکانی نێو گەڕەکە پڕ لە تۆز و خۆڵەکانی شاردا هەڵیدەواسی. لەژێر هەموشیاندا نوسرابوو: بڕوانە کتێبی (مێژوو) ی کارامزین ، بەرگی ئەوەندە ، لاپەڕەی ئەوەندە.


سیمۆن گوتی: من لە کتێەکانی کارامزینەوە دەستم پێکرد و لەکۆتاییشدا کەوتمە خوێندنەوەی وتارەکانی (لینین). دەکرێ بڵێی کە بانگەوازی لینین ، تەنانەت لەدورەدەست ترین شوێنی تەریک کەوتو ولاچەپەکدا بەهێز و کاریگەیەکی گەورەوە خۆی دەچەسپێنێ. ئەگەر مرۆڤ شەوێ بەرهەمێکی بخوێنێتەوە ، ئەوا بەیانی بێ دودڵی ، ناڕازیە و دێتە سەر شەقام. تۆز و خۆڵ ، قازەکان بەرەو لای جۆگە ئاوەکان دەچن ، دیواری دوکانی مەشروب فرۆشیەکە بە (لاک*) سوور بووە ، دەنگی ناقوس لەکلیساکەوە دێتە بەرگوێ ، سواڵکەرەکان بەوپەڕی خۆ بەهەق زانینەوە لەسەر کۆبیکێک دەیکەنە هەرا و یەکتر دەدەنە بەر گۆچان. بەکورتی ئیدی ئەمە ڕوسیای سەردەمی دەقنانوس بوو ، بەڵام وتەگەلێکی تازە ، بەوێنەی بڵێسەیەکی نور ، لەبارەی ئایندەیەکی هاوشێوەی خۆی لە مێشک دایە.


سمیۆن ، دوای سەرکەوتنی شۆڕش ، هاتبووە ئەم گوندە کەناریە و لەکەناری دەریاچەکە کوختێکی بۆخۆی دروست کردبوو. کەوتبووە ئاوەدان کردنەوە و پاک کردنەوەی بەشێکی زەویە جەنگەڵیەکە ، ئیدی ئێستا پێنج خێزان لەکەناری ئەم دەریاچەیەدا دەژین.


سبەی بەیانی ، لیۆنکا تا سەر جادەیەکی گەورە ڕێنمایی کردین.


خۆری سپی بەسەر جەنگەڵەوە - کە سەرتاپا ڕوت ببۆوە و گەڵای دارەکانی هەڵوەریبوون - دەدرەوشایەوە. بەهۆی ڕوناکیە ساردەکەیەوە ، گەڵا هەڵوەریوەکان و سپیدارە کەوتوەکان ، دەبینران. هەرکاتێ بایەکیش هەڵیکردبا ، گەڵای دارەکان چەشنی بارانێکی بەخوڕ بەسەرماندا دەبارین.


دوای چەند ڕۆژێک ، لیۆنکا بە هانکە هانک و بەپەلە خۆی گەیاندەوە ئاواییە چکۆلانەکە و پارچەیەکی بچوکی تیژ و سوتاو و دوکەڵاوی (ئەستێرە کەوتوەکە) ی بەدەستەوە بوو. ئەو پارچەیەی لەوسەری تەپۆڵکەکەوە هێنابوو.


ئیدی لەوکاتەوە لەگەڵ لیۆنکادا بوومە ئاشنا ، حەزمدەکرد لەگەڵیدا بەنێو جەنگەڵەکەدا بگەڕێم. ئەو ، تەواوی کون و قوژبن و کوێرەڕێگاکانی نێو ئەو جەنگەڵە چۆڵە ، شارەزابوو و هەمو جۆرە گیایەک و بنەبنچک و ئاشنە و خارچک و گوڵەکان و دەنگی هەمو باڵندە و دڕندەکانی دەناسی.


لیۆنکا ، یەکەمین کەس بوو - لەنێو ئەو سەدان کەسەی کە دەمناسین - کەپێی گوتم : ماسی چۆن و لەکوێ دەخەوێ؟ دار کاژە کۆنەساڵەکان چۆن گوڵ دەکەن و جاڵجاڵۆکە بچوکەکان چۆن هاوکات لەگەڵ باڵندە کۆچەریەکاندا لەوەرزی پایزدا کۆچ دەکەن؟. ئەو پێی گوتم کە جاڵجاڵۆکەکان خۆیان لە تەونی خۆیانەوە دەپێچن و کاتێکیش بایەکی بەهێز بەرەو باشور هەڵدەکا ، خۆیان دەدەنە دەم ئەو بایە و سەدان کیلۆ مەتر دەیانبات.


لیۆنکا ، دو بەرگی لە کتێبێکی ( کایگۆردۆف) ی نوسەر هەبوو ، لەئەنجامی خوێندنەوەدا پەڕپوت ببوون ، بێهودە هەوڵی دەدا لەنێویاندا لە نهێنی کۆچی ساڵانەی جاڵجاڵۆکەکان تێبگا.


لیۆنکا دەیگوت: (تەنیا لەشتێک تێناگەم ، جاڵجاڵۆکە خۆی بچوکە ، بەڵام ئەگەر ئەو تەونەی کە دروستی دەکات ، کۆبکرێتەوە چل بەقەد قەبارەی خۆی دەبێت.
لیۆنکا ، بۆئەوەی هەمو ڕۆژێ بگاتە قوتابخانە ، دەبووایە دە کیلۆمەتر ڕێگا ببڕێ. لەتەواوەی ئەو زستانەشدا تەنیا دو ڕۆژ نەیتوانیبوو بچێتە قوتابخانە ، ئەویش لەئەنجامی ئەو بەفر و زریانەدا بوو کەهەتا ئاستی سوانەی خانوەکە باری. بۆخۆی هیچ کات حەزی نەدەکرد ئەمەی وەبیرکەوێتەوە ، شەرمی دەکرد.


لە وەرزی زستاندا کاتێ لیۆنکا لەماڵێ وەدەر دەکەوت ، دنیا تاریک بوو ، ئەستێرەکان لەسەرمان دەلەرزین. گەڵای دارکاژەکان خشەخشیان دەهات. بەفر لەژێر پێیدا کرتەکرتی دەکرد و دڵی توند دەبوو: نەکا گورگەکان گوێیان لێ بێت. گورگەکان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا دەهاتنە کەناری دەریاچەکە و لەژێر کۆمای گژ و گیاکاندا دەژیان.


لەهەموشی ناخۆشتر کۆتاییەکانی وەرزی پایز بوو ، ئەوکاتانەی بەفر لەئەنجامی بارینی بارانێکی زۆردا نەرم و شل دەبۆوە و سەرجادەکانی دادەپۆشی و بایەکی بەهێز هەڵیدەکرد و سەرما جەستەی مرۆڤی دەبەست.


لیۆنکا ، هاوینانیش لەگەڵ دایکیدا زەوی دەکێڵا و بێستانی دەکرد و گیای دەدورییەوە.


سمیۆن کاری پێنەدەکرا ، لێدانی دڵی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبوو ، ڕەنگی دەگۆڕا و کۆخەیەکی وشک و درێژخایەن ، پڕزەی لێَ بڕیبوو. ناولەپی دەستی بەسینگی خۆیدا دێنا و دەیگوت: (نەژیانم هەیە ، نەئەوەشە بمرم ، ئەم ژیانە جاڵجاڵۆکەییە کوشتمی. دەرکەوت کە درەنگ شۆڕِش کرا ، هەرچیەک بێت گرینگ نیە ، لیۆنکا هەر کارێک بێت لەبری من دەیانکات).

*    *    *

لەگەڵ لیۆنکادا پەیمانی دۆستایەتیمان بەست ، زۆر کتێبم لەمۆسکۆوە بۆ دەنارد. هەمو ساڵێکیش لەوەرزی پایزدا گەشتێکم بۆ ئەو لادێ بچوکە کەناریە ، دەکرد ، ئیدی خوم بەم گەشتە ساڵانەیەوە گرتبوو.


هەمیشە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو خۆم بەماڵیاندا دەکرد ، لەنێو ئەو بێدەنگیەی جەنگەڵدا دەڕۆیشتم ، جگە لەباڵندەی نێو جەنگەڵ ، لەگەڵ هیچ شتێکی تردا بەرەو ڕو نەدەبوومەوە ، مێرگوزارە دڵگیرەکان و پێچ و بادانەوەکانی جادە پڕ لە گژ و گیاکە ، بەتەواوی شارەزا ببووم. هەمو دار کاژەکانی قەراغ جەنگەڵەکەم دەناسیەوە ، لیۆنکا فێری کردبووم ئەو شتانەم خۆش بووێت.


هەمیشە سەروەختی تاریک و ڕونی ئێوارێ ، ئەو کاتانەی ئەستێرە ڕەنگ پەڕیوەکان ، پێشبینی شەوێکی ساردیان دەکرد و پێدەچو بۆنی دوکەڵ خۆشترین بۆنی دونیا بێت ، خۆم بەماڵیاندا دەکرد.


بۆنی دوکەڵ ، لەنزیک دەریاچەکە و لەنێو کوختێکی گەرم و پڕ لەباس و خواسی گەرم و شادی بەخش و گلەییە شیرنەکانی دایکی لیۆنکا و جێگا خەوێکی لە پوش و پەڵاش سازکراو و دەنگی جیڕجیڕە و شەوانی بێ کۆتایی ، کە من لەو شەوانەدا لەغەوغای تارەکان ، لە موزیکە دڵگیرەکانی (بتهۆڤن و ( ڤێردی) - کە لورەی لەرزۆکی گورە برسیەکانی کپ دەکرد - لەخەو هەڵدەستام.


هەرجارێ لیۆنکا لەکوختەکە دەهاتە دەرێ وپێشوازی لە من دەکرد ، شەرمی دەکرد خۆشحاڵی خۆی دەربڕێ ، تەنیا بەتوندی دەستی دەگوشیم.


دواتریش پێکەوە ماوەیەکی باش لەبارەی ئەو کتێبانەی کە خوێندبوومانەوە و لەبارەی بەرهەم و داهاتی ساڵانە و ئەو کەسانەی کە زستان لەجەمسەری باکور گیریان خواردبوو و لەبارەی خۆرگیران و ڕاوی مارماسیەوە ، دەکەوتینە گفتوگۆ. ئێمە بابەتی زۆَرمان هەبوو بۆ قسە کردن.


سمیۆن ، دوبارە لەبارەی گەنجێتی خۆی و ئەو خوێندکارانەی کە بڵاو کراوە نهێنیەکانیان دەبردە ڕیازان ، دەکەوتە قسە کردن.


بەم شێوەیە دۆستایەتی ئێمە پتەو تر دەبوو. من لەهەر شوێنێک بووایەم ، دەمزانی سەرەتای پایز دەبێ بەرەو ئەو سەرزەمینە جەنگەڵیە بگەڕێمەوە. دەگەڕێمەوە و لیۆنکا و سمیۆن دەبینم و بەم شێوەیە و بەژیان کردن لەگەڵ ئەم خەڵکانەدا زیاتر و زیاتر هەست دەکەم کە ژیان ساڵ بە ساڵ باشتر دەبێ.


هەرچی زیاتر هەست دەکەم کەڕۆژانێک بەڕێگاوەن کە تیایدا نائاگا دەبیستم چۆن جەنگەڵ لەژێر گڤەی ڕەشەبادا دەنگی هاشە هاشی دێتە بەرگوێ ، چۆن کانیاوە ساردەکان لەژێر چڵە ئاشنەکان دەیکەنە زەمزەمە ، لە نرخ و بایەخی ڕاستەقینەی کتێبەکان و بیرکردنەوە و هاوڕێیەتی کوڕیژگەیەکی دێهاتی - کە سێ ساڵە ئارەزوی لەوەیە بێتە مۆسکۆ و میترۆ و کرملین و فیلی زیندوی نێو باخچەی گیانلەبەران ببینێ - تێدەگەم.


هەمو ساڵێک ، کاتی گەڕانەوە ، لیۆنکا بەڕێمدەکا. ئەمساڵیش هەر بەو شێوەیە بوو. ترێنێکی باریک ، کەخەڵکی ناوچەکە ناویان لێناوە ( پیرە بارگیر) ، بەنێو جەنگەڵەکەدا دەخشێ.


باریکەڕێیەکان و دیمەنە ڕازاوە و ئەرخەوانیەکانی جەنگەڵە چڕەکە ، لەبەردەمماندا دەکاتەوە. لەیەکێک لەم باریکە ڕێیانەدا ، دروست بەتەنیشت ڕێگا ئاسنەکەوە ، لیۆنکا ڕاوەستاوە و کڵاوە لێواردارەکەی باوکی بەدەستەوەیە و ڕایدەوەشێنێ.


لۆکۆمۆتیڤ ، هاوارێکی توڕەی لێ بەرزبۆوە. بەڵام لیۆنکا پێکەنی و هاوارێکی بۆ کردم و گوتی: چاوەڕوانت دەبم ، من لەبارەی هەموشتێکە نامەت بۆ دەنوسم و تۆش لەبیرت نەچێ کتێبەکەی (براهام) م بۆ بنێرە.


تاماوەیەکی زۆر هەر لێمەوە دیاربوو ، بەڕوخسارێکی جوانەوە ، بەنێو جەنگەڵە چڕ و شێدار و (گەس) ە پایزیەکاندا ، بەدوای شەمەندەفەرەکەدا ڕایدەکرد. ئەو ڕایدەکرد و جانتا پڕ لەکتێبەکەی ڕادەوەشاند و زەردەخەنەیەکی بێگەرد و شەرمنانەی دەدا بەڕوی من و خۆر جەنگەڵەکان و تەواوی دونیادا.
_________________________________________________________
* ورچی گەورە: یەکێک لە وێنە فەلەکیەکانی باکوور.
* لاک: شلەیەکی ڕەنگ سورە ، لە هیندستان لە هەندێک دارەوە دەستیان دەکەوێ.
سەرچاوە / نامە / نولهای معاسر شوروی / ترجمە / گامایون / بنگاه نشریات پروگرس / موسکو.

 

nagmkaya@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک