په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١١\٢٠١٠

لوتکەی چەقبەستنەوەی سیاسی...!
- لە بارەی دەسپێشکەری یەکەی بارزانی یەوە بۆ کۆبونەوەی لوتکەی ھەولێر -


موزەفەر عەبدوڵا
  


بە دوای زیاتر لە ھەشت مانگ لە سیناریۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ،و پێکنەھێنانی حکومەت لە لایەن لیستی براوەوە ،و ھەوڵی ھەمو ھێزە ناوخۆیی و دەرەکی یەکان، لە ئاکامدا مەسعود بارزانی دەسپێشکەری یەکی کرد ،و بانگەوازی ھەمو سەرۆک و سەرکردەی لیستە براوەکانی کرد بۆ بەستنی کۆبونەوەی لوتکە لە رۆژی 8-11 لە شاری ھەولیر.


وە لە ئاکامدا سەرانی لیستە براوەکان، لە ھەر سێ باڵە بۆرژواکانی ئیسلامی و ناسیونالیستی عەرەبی و کوردی، کە خۆیان لە لیستەکانی عراقیە بە سەرۆکایەتی عەلاوی،و لیستی دەوڵەتی یاسای مالکی ،و ھاوپەیمانی نیشتیمانی ئالحەکیم ،و لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی ،نوێنەرانی رەوتی میلیشیای سەدر، بۆ یەکەم جار کوبونەوە بە مەبەستی تەوافق لەسەر پوستەکان تا بتوانن لە قەیرانی پێنەھاتنی حکومەت رزگاریان بێت و حکومەتی شەراکەی نیشتیمانی جێ مەبەستی خۆیان پێکبێنن.


ھەڵبەت ھەروەک لە دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیان و ھەمو دەزگاکانی تریشەوە بلاوکرایەوە کە کۆبونەوەی یەکەم لە ھەولێر زیاتر خیتابی سەرۆکەکان بوو، وە لە کۆتایی دا ھەرچۆنێک بوو ڕێککەوتن لەسەر کارنامەیەک تا کوبونەوەکانیان بەردەوام بێت بۆ پیکھێنانی حکومەت.بەڵام رۆژی دوایی کوبونەوەیەکی تریان لە سەری رەش لە ماڵی بازرانی ئەنجام دا بێ ئەوەی علاوی و ھاشمی بەشدار بن. بۆیە ناچار کۆبونەوەی لوتکەکانیان گویزایەوە بۆ نوسینگەی بارزانی لە بەغدا.
بە پیی ئەوەی راگەیاندەنکان بلاویان کردوتەوە دوای فشاری زۆری جۆراوجۆری ئەمریکاو ئێران و سعودیەو تورکیا و سوریا و میسر و ،دیارە ھەر یەک لە روانگەی بەرژەوەندی یەکانی خۆیانەوە، لە ئاکامدا ڕێککەوتنەوە لەسەر ھەمان تەوافقاتی تایەفی و قەومی بە کەمێک دەسکاری یەوە بۆ رازیکردنی لیستی عەلاوی . ئەمەیش بە دوبارە دانانەوەی مالکی بە سەرۆک وەزیران بۆ دەورەیەکی تر و تالەبانیش بە سەرۆک کۆمار،و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ پرسە سیاسی یە چارەنوسسازەکانیش بدرێن بە سەرۆک و سەرکردەکانی لیستی عەلاوی.


بەم شیوەیە بە رواڵەت وا دیارە کە ئاکامی ئەم دەسپێشخەری یەی بارزانی قەیران و تەنگژەی حکومەتیان کۆتایی پی ھێناوە. رۆژی پینجشەممەش پەرلەمان کۆبۆوەو یەکەم دانیشتنی فەرمی ساز داو رەسمی یەتیان دا لەم دووبارە دابەش کردنە تایەفی قەومی یە .بەم شیوەیە ھەروەک چۆن بە ھەزارو یەک فیڵ و تەلەکەو لە خشتە بردن و وەعدەو وەعید خەڵکی عێراق و کوردستانیان راکێشایە بەردەم سندوقەکان و پەنجە موریان لی وەرگرتن ،و بی ئەوەی ھیچ ئیعتیباریک بو دەنگی ئەو خەڵکە دابنێنن، ئەوان ئێستا بە پیی بەرژەوەندی یەکانیان رێککدەکەون و بە ووتەی خۆیان حکومەتی شەراکەی نیشتیمانی بێک دێنن.دیارە پاش راگەیاندنی ئەم ریکەوتنەشیان خەڵکی دەرژیننە ناو شەقامەکانەوە بو سەما کردن و ھەڵپەرین لە پێناوی پیک ھێنانی حکومەت لە سایەی نەبونی لانی کەمی ئەمن و ئاسایش و بێکاری و ھەژاری رەھاو گەندەڵی و نەبونی ھیچ خزمەتگوزاری یەک و دەیان کێشەو گیروگرفت تر.


ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی کە تێکەڵەیەکە لە ئەحزابی قەومی و ئیسلامی کورد ئەم دەسپێشکەری یێەی بارزانی رەنگە لە ئیستادا برێک کیرفی لیستەکەیان لە ئاستی ئەوانی تری عیراقدا بباتە سەر، بەوەی سەرانی لیستی کوردستانی جگە لەوەی توانیان تاڵەبانی دانێنەوە بە سەرۆکی عێراق ،ھاوکات وەرەقەیەکی نۆزدە خالییان خستۆتە بەردەم لیستەکانی تر تا بۆیان جیبەجێ بکەن لە باری پیکھینانی حکومەتدا .ھاوکات ئەم دەسپێشخەری یەو سەرکەوتنی ئاکامەکەی بۆ بارزانی دەسکەوتیکی گەورەترە لە بەرانبەر حزب و لایەن و لیستە کوردستانی یەکانی تر، بە تایبەت لە بەرامبەر ھاوپەیمانە ستراتیژ یەکەی خۆی کە تالەبانی و یەکێتی نییشتیمانی یە. وە بارزانی لیرەوە جێگەو رێگەی خوی لە ھەمو ئاستەکان زیاتر قایم دەکات و پۆزی زیاتر لێدەدات و ھەنگاوی سەرکوتگەرانەی زیاتر دەنێت، چ بە ملھوری وسەرکوتی ئاشکرا بێت، چ بە ھۆی دارشتنی یاساو بریاری کۆنەپەرستانەو دژی ھەمو مافو ئازادی یەکانی خەڵکی لە پێش ھەمویانەوە دژی ئازادی سیاسی و دەربرین.


بەلام تا ئەو جیگەیەی دەگەریتەوە بە ئاستی ئەوەی ئەمانە ناویان ناوە قەیرانی پیک ھێنانی حکومەت بە بروای سیاسی ئیمەو لە روانگەی بەرزەوەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی یەکانی خەڵکی کریکار و زەحمەکێش و ھەمو توێژە ئازادیخوازەکانەوە، بە تایبەتی ژنان و لاوان و خویندکاران رۆشنبیرانی سکولاو ئازادیخوازەوە لە ئاستی عێراق و کوردستانیش ، ئەم دەسپیشکەری یەی بارزانی وکوبونەوەی لوتکەی ھەولیر و تەنانەت پیکھینانی حکومەتی دلگیری خۆشیان، نەی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی قوڵ کۆتایی پی ناھێنێت بەڵکو بە پیچەوانەوە ئیستا و ئاییندەش زیاتر ئەم تەنگژەو قەیرانە قوڵترو قوڵتر دەکاتەوەو ئەم ھێزە کۆنەپەرستە تئیسلامی تایەفی و قەومیانە لەبەرانبەر یەکتر رادەگری . بەمەش ژیانی سەرجەم خەڵکی عێراق بە کوردستانیشەوە ، تایبەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە نائەمنی وھەژاری و بێکاری و ئاوارەیی ،چ لە ئاستی ناوەو چ بۆ دەرەوە، رادەگرێ .چونکە ئەوەی ھەشت مانگە دەبینرا لە گرفت و قەیرانی پیک نەھینانی حکومەتیدا لە بنەرەتدا بریتی یە لە قەرانێکی قوڵتر و ریشەدارتر کە خۆی لە قەیرانی سەرجەم پرۆسەی سیاسی و لە گرێژنە بردنی بنەماکانی دەوڵەت لە عێراقدا خوی دەبینێتەوە.


ئەوە رۆشنە بە دوای روخانی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی یەوە، لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی عیراق،و روخانی کۆڵەکەکانی عێراق بە وینەی ووڵاتیک و ڕادەسکردنی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستی کومەڵێ دەستەو تاقمی ملیشیایی ئیسلامی و قەومی و رەسمەتدان بەم دەستەو تاقمانەو و دەسەڵاتدارکردنیان و بەم پیەش دارشتنی دەستوریکی دینی _تایەفی و قەومی لە سایەی داگیرکاری و سرینەوەو پێناسەی مرۆڤەکان بە وینەی ھاووڵاتی ئازادو یەکسان لە رووی ئەرک و مافەوەو، تەنانەت دابەش کردنی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای فیدرالی قەومی، ئەمانە ئیتر ھۆکاری سەرەکین لەم قەیرانە قوڵەی دەوڵەت و حکومەت .بۆیە تا ئەو جیگەیەی ئەم ووڵاتە لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەدا بێت ئەوە ھەرگیز شایەدی یەک دەوڵەتی موتەعاریف و جیگیری سیاسی و یەک دەست نابین .بەمەش ھەرگیز لە چوارچیوەی ئەم نەخشە سیاسی یەی ئەمرودا کە بە ناوو پیی دەڵین عیراق ھەرگیز حکومەتیکی نورماڵ کە سەرجەم باڵەکانی بۆرژوازی لە خۆی بگرێت و ئەمن و ئاسایش و سەرجەم پیویستی یە سیاسی و کومەڵایەتی یەکانی پروسەی بەرھەمھینان دەستەبەر کات بەدی ناکریت.لە روویەکی تریشەوە کە بارودۆخ بەم شیوەیە بوو ئیتر ئەم دەوڵەت و حکومەتە ھەرگیز ناتوانیت سەرەتایی ترین ماف و ئازادی و پیویستی کان بۆ خەڵک دابین بکات.


بۆیە ئەگەر لە روانگەی بەرژەوەندی یەکانی چینی کرێکارو توێژە ستەمدیدەکانەوە سەرنجی ئەم دەسپێشخەری یەی بارزانی و سازدانی کۆبونەوەی لوتکەی ھەولێر و ئاکامەکانی،کە لە پێکھێنانی حکومەتی تایەفی و قەومی خۆی دەبینێتەوە،بدەین ئەوە ھیچ نی یەو نابێتە ھۆکار بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ھەمەلایەنەیەی تووشی ھاتوون .وە ئەم کۆبونەوەی لوتکەیە جگە لە چەقبەستنەوە لە ھەمان خاڵداو خولانەوە لە ھەمان بازنەی کۆندا زیاتر دەرناچێت کە چەند ساڵە خەلکی عێراق و کوردستان تووشی ھاتوون.


15\11\2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا