په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠٢١

لووتکەی کۆنفرانسی بەرگریی لە ژینگە.


زاھیر باھیر       


بڕیارە ڕۆژی ١شەمە، ٣١/١٠/٢٠٢١، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کۆنفرانسێک لە شاری گڵاسگۆی سکۆتلەندە لەسەر پرسی ژینگە و باشکردنی، بگیرێت. لەم کۆنفرانسەدا وا خەمڵێنراوە کە ١٢٤ وڵات بە سەرۆک و دەستوپێوەندەکانیان و بزنسمانە گەورەکانیانەوە کە ھەر ھەمووی دەگاتە نزیکەی ٣٠ ھەزار کەس بریارە بەشداری بکەن. ھاوکاتیش پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لەوێ پرۆتێست بکەن.


بەڵام ئایا ئەم کۆنفرانسە ھیوابەخشە؟


ئەزموونەکانی ژیان لە سای دەوڵەت و ئیدارەکەیی و بزنس و بزنسمانەگەورەکاندا، تا ئێستا ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە ھەتا دەوڵەت و بزنس و بزنسمان و سامانداران ھەبن ھەرگیز کێشەی ژینگە نەک ھەر چاک ناکرێت بەڵکو خراپتریش دەبێت.


بزنس و دەوڵەت و ژینگە دوو ھێڵی تەریبین بە یەک و ھەرگیز بەیەکدی ناگەن ، ھەر یەکەشیان دەکرێت ، لە سەر حسابی ئەوی تریان گەشە بکات. بزنس ژینگە دادەڕزێنێی و ڕوتکردنەوە و برسیبوونی خەڵکانی کە لەسەر ئەو ژینگەیە ھەن، ئەرکێتی و لە ئەستۆی دەگرێت.


ئەوەی کە لەو ١٠ ڕۆژەدا ڕوودەدات نۆشکردنی خواردنەوەی نایاب و خواردنی بەلەزەت و دەمەتەقێی نێوان تاوانبار و خۆێنمژ و شەڕھەڵگیرسێنەر و بکوژ و برسیھێنەرەکانن، نەک بنەبڕکردنی کێشەی ژینگە . لە باشترین حاڵەتدا ئەوان تەنھا دەیانەوێت کە ھاوسەنگییەک لە نێوانی بزنس و تەماحی بزنس و ژینگەدا بکەن و دابنێن، ئەویش لەبەر خاتری بەردەوامبوونی زوڵم و زۆر و پاوانەکردنی دونیا و کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە .


لە نێو ئەو سەرۆکانەی کە بەشداریناکەن لەم کۆنفراسەدا سەرۆکی چین و سەرۆکی روسیایە ، کە ھەردوو وڵات کارایی گرنگیان ھەیە لەسەر پیسکردنی ژینگە. چین لە سەدا ٢٧ ی دانەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی دونیا پێکدەھێنێت کە دوو ئەوەندەی دروستکردنی ئەو غازەیە کە لە لایەن ئەمەریکاوەیە و چوارقاتیش ھیندستان.


زۆرێک لە سەرۆکی بانقە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خەڵکە ساماندارەکان بەشداری دەکەن . کە لەوانە ، ھەر بۆ نموونە ؛ سەرۆکی بانقی جیھانی، David Malpass ، کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا لە ئیدارەکەی ترامپ-دا دەستبەکار بووە، بەشداردەبیت . ئەم کابرایە پێش ئەوەی کە دۆناڵد ترامپی ئەنتی ژینگە لە ساڵی ٢٠١٩ دا ھەڵیبژێرێت بۆ سەرۆکی بانقەکە، خۆی دژ بە ڕیفۆرم بوو لە ژینگەدا. دەیڤد لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە گوێرەی راپۆرتەکان ، ئەو نکوڵی لەوەدەکرد کە گەرمی جیھان [ گڵۆبەڵ وەرمینگ، global warming ] دەستکردی پیاو بێت [ مەبەستی ئەوەیە کە خۆی و ئەوانی دیکە سوچێکیان نییە لە خراپبوونی بارودۆخی ژینگەدا]. ھاوکاتیش بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە بانقی جیھانی لە ئێستادا ھاوکاری و یارمەتی ئەندەنوسیا دەکات لە پرۆژەی زیاتری fossil fuel لەو وڵاتەدا .


ھەر بە تەنھا ئەو کابرایە نییە کە ئەم راگەیاندنانە دەدات و بە عەمەلیش کار لەسەر وێرانکردنی زیاتری ژینگە و دانیشتوانەکەی دەکات. زۆربەی زۆری سەرۆکی کۆمپانیاکانی دیکە و گەلێکیش لە سیاسییەکان و بازرگانەکانیش ھەمان ڕاو بۆچوونیان ھەیە . جا ئایا دەکرێت لە کۆنفرانسێکدا کە بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە تەرخان کرابێت ، کە ئەمانە پلاندانەر و چاککەری بن ، چاوەڕوانی یاخود ھیوایەکی باشی لێبکرێت ؟ من بەش بەحاڵی خۆم زۆر بێ ئومێدم، ھەر زۆریش.

 

٢٩\١٠\٢٠٢١

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک