ماچی کۆتایی.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر
1
ئەمشەو دڵم بۆنی نێرگزی
لێدێ و
دنیای بەختەوەریم شەپۆلێکی وێرانەیەو
بێ دەنگی بەسەر دەریای تەمەنمدا
دەڕژێ و،،
باڵای چنارم
بۆنی ماڵئاوایی
دەکا و
خەیاڵی رۆحم پێم دەڵێ:
ئەمشەو دوا ماچی کۆتاییە
و
وەرزی بەهار، گوڵی باخت تێر ئاو
ناکا.
2
ئەمشەو خەونی مەرگ دەبینم
مردن تێکەڵ بەمن
دەبێ و
نایەوێت تامی رۆژگاری رانەبردووی
ژیانم بکەم.
3
ئەمشەو دڵۆپێک باران
نابارێ بەسەر خونچەی روخسارمدا و
تەنهایی باوەشێک گەڵای زەردی بۆهێناوم
لێوەکانم بوونەتە شەوانی
غوربەت و
غەریبی بۆتە هاوڕێی چارەنووسم.
4
ئەمشەو نهێنیەکانم، لەگەڵ خۆمدا
دەکەمە تاسەی
دووری و
زەنگی مردن دەکەمە دەزگیرانم.
5
من دەمەوێت لەخۆم زیاتر
جوانی گوڵە کێویلە
و
دەنگی نەغمەی
بولبول و
هاژەی رووباری
سەرشێت و
زەردی گەڵای پایز
و
برینی جەستەی
هەژاران و
هیوای دووری کەس نەبیستم !
من دەمەوێت لەخۆم زیاتر
چێژ لە روخساری کەس وەرنەگرم
دەمەوێ دەنگت پێم بڵێ
بێنە روخساری ژاکاوت
تاکو جوانییهکانی
تێدا حەشار
بدەم و هەڵیکێشم.
6
ئەوە منم بەچاوی پڕ لە
فرمێسکەوە
بە روخساری پەشۆکاو
بە جەستەیەکی شەکەتەوە
لە ئاوێنەی تەمەنمەوە دوور
دەڕوانم و
هێمنتر لەجاران
بە هیلاکی
و ماندووبوونەوە
لەژێر سێبەری بێ دەنگیدا
بە هیوام ژیان میهرەبانیم بداتێ
کە لەمێژە خەونی پێوە دەبینم.
7
من دەترسم کاتێک مەرگ
سۆراخی من دەبات بۆخۆی
پەڕەی شعر
و ووشەکانم
گوڵێکی تر نەکاتە تریفە
و
پانتای دەشتێکی بەرین ؟
8
ئەمشەو مردن پەیکەرێکە
وەکو میوان، باوەش بەتەنهایمدا دەکا
و
لێوی ووشک بووم تەڕ
ناکا
بەڵام چی بکەم ، دڵەی شێتم
پێم دەڵێت ،خۆشم دەوێت.
8
من دەزانم چارەنوسم چی بەسەر دێ
ئێستاکە دەمەوێت بڕۆم
و
بەڵام نازانم
کەی بیر لە
تۆ دەکەمەوە.
9
ئەمشەو دەبم بە
خۆم،
گڕی عەشق لە
دەرونمایە
و
دەبم بە
گڕ بە ناخی خۆمدا دەتوێمەوە.
10
ئەمشەو دەبمە ئەستێرە
و مانگ
دەبمە پەپولەیەکی بێ باڵ
دەبمە شەونمی سەردرەخت
دەبمە کانیلەیەکی جوان
دەبمە پرچی کیژۆڵەیەک
شانەی دەستی بۆم دابێنێ.
11
دەمەوێت بڕۆم و
واز لەخۆشەویستی و مەرگ بێنم
دەمەوێت
بگەڕێمەوە تەمەنی
منداڵی و
بۆ بووکەشوویەک تێر بگریم
تاکو رۆحی منداڵیمی
تێدا زیندوو بکەمەوە..!
sannet01@yahoo.com
|