په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

                   ماچ.


ناڵە حەسەن

گوڵە گیان :
ئەی خوداوەندی عەشق و جوانی
ئەی چرکەساتە پەنهانیەکەی
ژێر کەپرەکانی ژوان و دەستلەملانێ و
ڕامووسانی
ئەی ڕوخسارە زێڕێنیەکەی
زەردەپەڕی ئومێدەکان و ئاوەدانی
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

ئەوکاتانەی
بیر لە خۆکوشتن و مردنم دەکەمەوە
یان ئەو کاتانەی
دەمەوێ لەگەڵ تۆدا بخەوم
یان ئەودەمانەی
دەمەوێ لەگەڵ نیگەرانیەکانی خۆمدا جووتبم
لە هەرکاتێک
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی


لە بنار دیوانی شیعرێکم
لە باڵکۆنێکی خەونەکانم
لە کۆڵانێکی یادەوەریم
لە ئاقارێکی خەیاڵم
لە نێو تابڵۆیەکی لەدایکبوونەوەم
لە نێو باخچەیەکی ژیانەوەم
لەسەر پشتی شەپۆڵێکی هەستانەوەم
لە هەرشوێنێک
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی


من ڕێبوارە ماندووەکەی مەملەکەتی
نێو مەمکۆڵەکانی تۆم
من موریدە خوداییەکەی فیردەوسی
نێو چاوەکانی تۆم
من شۆڕەسوارە ئاوییەکەی ئۆقیانووسی
نێو فرمێسکەکانی تۆم
من مۆرفیمی وشە و ڕستەکانی
نێو نامەدڵداریەکانی تۆم
من تاسە و ختووکە چووزەرە ڕێواسەیەکانی
نێو جێگای شەوەکانی تۆم
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

ئەوکاتانەی
گوێ لە سەمفۆنیای کچێنی تۆ ڕادەگرم
یان کوڕێنی خۆمت بە ئیمەیلێک بۆ دەنێرم
یان ئەودەمەی
لە نێو نیگاری ڕووتبوونەوەی گوڵ
نامەیەکت بۆ دەنووسم
یان ،
دەگەڕێمەوە سەر شیعرە زایەندیە
تەواو نەکراوەکانم
یان ئەو دەمەوسەحەرانەی
سەرچڵانە و مەستەمەست
لە نێو قیبلەگا و پەناگەی ماچ دا
لە جەستە ڕەونەقدارە ڕووتەکەی
تۆی عاشقم ڕادەمێنم
لە هەرکاتێک ،
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

ئەوکاتانەی کە مردیشم
چ لە نێو ئەلبوومە ئاوریشمیەکەی شیعر
چ لە نێو شەقامە فێنکەکانی گیا
چ لە نێو تیاترۆخانەکانی بەهەشت
چ لە نێو میترۆکانی خەون
لە هەرجیگایەک منت بینیەوە
لە کاتی مەستبوون و سەماکردنم
یان لە کاتی نغرۆبوون و پیاسە کردنم
لە هەرکاتێک لە هەرشوێنێک
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

تۆ ڤینۆسی و
من سەرسامی جوانیەکانی تۆم
" ئەفرۆدیتە " یت و
من سەرسامی خۆشەویستی تۆم
تۆ سروشتی و
من سەرسامی ڕەنگەکانی تۆم
تۆ بارانی و
من سەرسامی ڕۆمانسیەتی تۆم
تۆ خۆت سەرپشک بە گوڵم
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

ئەوکاتانەی
بەنێو ئاسمانە وەهمیەکەی ئاگردا ڕەتدەبم
یان گوێ لە هاژە بەسۆزەکەی
دەنگە سیحراوییەکەی تۆ ڕادەگرم
یان لەنێو شەوە سوورەکان دا
لە نێو کەژاوە پرتەقالیەکانی پاییز دەمێنمەوە
یان لە نێو کاتژمێرەکانی تەنیاییم
کتێبەکانی بێدەنگی دەخوێنمەوە
لە هەرکاتێک
تۆ دەتوانی لە دەرگای دڵم بدەیت و
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی

ئەوکاتانەی
وەرزەکان لێم جیا دەبنەوە
وشە خۆڵەمێشیەکانی هەتاو
چیتر لە نێو گومان و
خەیاڵە سەرابیەکانی مندا
نامێننەوە
یان ڕێژنەی تەرزەکانی بەهار
گوێ لە میلۆدی ،
دەمەوئێوارانی من ڕاناگرن
خۆرنشینەکانی قەدەر
چیڕۆکەکانی لێکدابڕانم بۆ دەخوێننەوە
یان ئەو شەوانەی بەخوێنی
نێو ڕۆحی ئەستێرەکانی ئەڤینی
ناولەپی تریفە یاخیبووەکانی خۆم
سوور سوور دەکەم
یان ئەودەمانەی بە چرای موعجیزەکانی جوانی
بەدوای فیردەوسە سەوزەکانی عەشق دا دەگەڕێم
لە هەرکاتێک لە هەرشوێنێک
تۆ خۆت سەرپشک بە گوڵم
هەرچۆنێک ئارەزوو دەکەی
تۆ دەتوانی ماچم بکەی.


پووشپەڕی 2008