په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٤

مافی مرۆڤ و فاشیزم.

دانا محەمەد عەبدوڵا


وشەی فاشیزم مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە بەڵام بۆ یەکەم جار ئەم وشەیە لە دوای ساڵی ١٩٢٤وە لە ئیتاڵیاوە تەشەنەی کردووە و چووە ناو فەرھەنگی سیاسیەوە، ئەم وشە بەمانایی توندرۆیی و درندەی و تۆقاندن و تیرۆر و دیکتاتۆری دەگەیەنێت. ئەم بارودوخەی ئێستا ھەرێمی کوردستانی تێکەوتوە و ئاوارەیەکی زۆر رووی تێ کردووە وەک شۆێنێکی ئارامی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەراست دەبینرێت و بۆتە جێگایەکی پێکەوە ژیانی چەندان نەتەوە و ئاین، بۆیە کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پێکەوەژیان و هێمنیی و لێبووردوویی تاک ھەیە نەک ڤاشیزم و راسیزم و ناسیۆنالیزم و نازیزم و دیکتاتۆری ھتد...

 

لە ئیستادا ئەرکی دەزگاکانی ھەرێمی کوردستانە بەبڵاوکردنەوەی گیانی یەک قبۆڵ کردن لە نێوان نەتەوەکان و قبوڵکردنی جیاوازییە ئاینەکان ھەیە و پێویستی بە پێکەوە ژیان ھەیە بەتایبەتیش بەرامبەر ئاوارەکانی ھەریمی کوردستان چونکە ئێستا شارەکان رێژەیەکی زۆر لەنەتەوەی عەرەب و تورکمانی کلد و ئاشوری و ئاینەکانی ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی و کاکەی و... ھتد لێ دەژێت کە بەپێی ھەندێک ئامار ھەر پێنح تاک لەھەرێمی کوردستان ئاوارەیەکی بەردەکەوێت، ئەگەر شاری کفری بەنمونە بھێنمەوە کە ناوچەیەکی ستتراتیژی کوردستانە چی لە کۆن و چی لەئیستادا شارێکی سنوورییە لەگەڵ ناوچە عەرەب و تورکمان نشینەکاندا و یەکێکە لەو شارانەی کە ئێستا رێژەیەکی زۆر ئاوارەی تێدا دەژیت، بۆیە ئەرکی زیاتر دەکەوێتە سەردەزگاکان بەگشتی و مافی مرۆڤ بەتایبەتی لە دژایەتیکردنی ھەرجۆرە ناکۆکیەک دژ بەنەتەوەکانی تری ئەم شارە، بەڵام ئەوەی جێی سرنج و تێرامان لەم کاتە ھەستیارەدا، لێپرسسراوی مافی مرۆڤی کفری دەنوسێت من کەسێکی فاشی عەیار ٢٤م، ھەروەھا لە جێگایەکی تردا دەنووسێت برایەتی کورد و عەرەب دروشمێکە دەیان ساڵە کورد بەرزی کردۆتەوە و بەڵام لایەنەکەی دیکە نەک ھەر بروای پێی نەبووە بەڵکو کورد گەلێک باجی ئەو دوروشمەی داوە، ھەروەھا لە جێگایەکی تردا لەسەر جەلەولا دەنووسێت تەختی بکە، بەرشۆفڵی بدە، وێرانی بکە، داری بەسەر بەردەوە مەھێلن، بیسوتێنن و لە جێگایەکی تردا دەنووسیت ھەلۆکانی کوردستان حەشر بەداعش دەکەن لە جەلەولا و عەرەبەکان ھەڵدێن و ئەرۆن، ھەروەھا دەنووسیت، وەڵا ئەبێت کارێک بکرێت خۆیان ناچار بن برۆن وڵاتیان پیسکردوە بەراستی، ئەمانە و چەندین نووسین و دروشمی تر...

 

ئەمانە زەنگێکی مەترسیدارن چونکە رەنگە ئەمە زەمینەیەک خۆش بکات بۆ شەری "کورد و عەرەب" ئەم جۆرە دروشم و نووسینانە لە خزمەتی کوردستاندا نییە ئەبێت دەستەی مافی مرۆفی کوردستان ورد و بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بکات بەتایبەت ئیستا ھەموو دونیا چاوی لەم ھەرێمەیە کە نوێنەری چەندان وڵات چاودێری دەکەن، پێویستە بزانرێت کورد ئامانجی گەورەتری ھەیە و باسی دەوڵەتی کوردستان دەکات ھەر بۆیە بێ گومان عەرەب یەکێک دەبێت لە نەتەوەی ئەو وڵاتە بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم، بۆیە جێی خۆیەتی ھەموو لایەک بەوپەری ھەست بەلێپرساوییەوە مامەڵە بکات بەتایبەت دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان نەوەکو لێپرسراوی نووسینگەیەک ئەو جۆرە قسانە بکات ئاگرێک خۆش بکات کە بە ھیچ شێوەیەک خزمەتی کورد و ئەم ناوچەیە ناکات و نووسینەکان بۆنی شەری "کورد و عەرەب"ی لێ دێت.

 

بۆ ئەوەی کوردستان وەکو ناوچەکانی تر عێراقی بەسەردا نەیەت و نەگلێتە شەرێکی نەخوازراوە و کە دوژمانانی کورد و بە تایبەت "داعش" ئامانجی ئەوەیە ئەو شەرە دروست بکات ئیستا لە کەرکوک ھەندیک ھەوڵ و چالاکی ھەیە بۆیە ئەو جۆرە نووسینانە ئامانجی تیرۆریستان جێبەجێ دەکات.

 

ئەرکی ھەموو لایەکە ئاگاداری ئەو جۆرە نووسین و لێدوان و ھەوڵانە بن کە نزیکمان دەکاتەوە لەشەری "کورد و عەرەب" یان شەرێک کە رەنگە بە ھەڵگیرسانی زیانێکی گەورە بە میلەتەکەمان بکەوێت و بە تراژیدیایەکی گەورەی کوردی کۆتای بێت، بۆیە بەشێکی لێپسراویی دەکەوێتە سەر دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤی کوردستان پێویستە بە ھەستیاریەوە ئاگاداری مافی مرۆف بێت لە کوردستاندا نەوەک و خۆی ببێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەر و گیانی دووبەرەکی لە نێوان نەتەوەکاندا دروست بکات و گەشەی پێ بدات، ھەروەھا دەبێت لێپرسینەوە لەو جۆرە ھەوڵ و نووسین و دروشمانە بکرێت. ھەربۆیە چەند گرنگە پێشمەرگە ئاگاداری سنووری کوردستان بێت ئەوەندەش گرنگە لە ناوخۆ ئاگاداری مافی مرۆڤ و شەری نەتەوە و ئاینەکانی ھەرێمی کوردستان بین.

 

ماڵپه‌ڕی دانا محەمەد عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک