په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٧\٢٠١٠

ماڵئاویى لە ئاو.*

پێشڕەو حەمید  

''ئەوەى تازە چاو بەژیان هەڵدەهێنێت لە جێگه‌ی مەمکەمژەگوللە هاوەنێکى بدەن بەدەستەوە ''. (سۆرانى مامەحەمە)


لەدواى دوو ساڵ لە تیرۆرکردنى سۆرانى مامە حەمە هێشتا جێگەى گومانە کە لە فەزایەکى وەهادا دەیان قەڵەمى تر نەکوژراوە ؟ هێشتا عەقڵیەتى کوشتن و بڕین و سوکایەتى پێکردن لەهەناوى حیزبەکوردیەکاندا خۆى مەڵاس داو هەرساتێک ختوکەى ئەو عەقڵێتە بدرێت گورزى خۆى دەوەشێنێت و ژیان پڕدەکات لەخوێن ، حیزبە کوردیە باڵادەستەکانى کوردستان بەناوى پارستنى ئەمنى قەو مى و دەسکەوتەکانى ڕاپەڕینەوە، زیانێکى زۆریان بەبیرى کوردو گەنجانى کوردو ماناکانى حکومکردن کردو تۆوى دوبەرەکى و نایەکسانیان لە خاکێکدا چاند و وڵاتیان پڕکرد لە بونەوەرى مشەخۆر. ( سەردەشت عوسمان ) یش دوا قوربانى دەستى دوژمنانى ووشەى ئازاد بوو، بەڵام ڕەنگە نێچرى ئەم جارەیان تەنها کەسێک نەبێت و بەکۆمەڵ نیچیرەکانیان ڕاوبکەن بەتایبەتى ئەو کەسانەى تەنها قەڵەمیان چەکى دەستیانەوە بە ووشە وێنە ناشرینەکان ئاشکرادەکەن و ئەو هەنگاوانە بۆچەڵ دەکانەوە کە کۆمەڵێک خەڵکى مشەخۆر پێى دەوڵمەند دەبێت.


دووساڵى تەواو بەسەر شەهید کردنى سۆرانى مامە حەمەدا تێدەپەرێت و هیشتا بکوژەکانى ئاشکرا نەکراون هیچ هەنگاوێکى دڵخۆشکەرانە لە دۆسێى کەیدا نەڕۆشتووەتە پێش، ئەم ئاکامە ئەوەنیشان دەدات کە ئەولیژنەى بۆئاشکراکردنى بکوژەکانى سۆران دروستکراوە بیباکانە پاڵیان لێداوەتەو تەواوى ئەو بەڵێنانەیش کە بۆئاشکرا کردنى بکوژەکانى دران لەلایەن بەرپرسانەوە تەنها لە حیکایەتێک دەچێت .


کوشتنى ڕۆژنامەنوسێک لەسەر دەربڕینى دونیابینى تایبەتى خۆیى و هەڵدانەوەى نهێنى ناخى بەرپرسانى گەندەڵ و شەهوەتبازەکانى ناو کایەجیاجیاکانى دەسەڵات جگەلە زیندوکردنەوەى لیژنەى ئیغتیالات و خۆسەپاندن ونیشاندانى گەورەى کردارە دیکتاتۆریەتیەکانیان هیچ شتێکى تر نییە ، لەدواى دووساڵ لە کوشتنى سۆرانى مامە حەمە دەپرسم ، کام لیژنەى ئیغتیالاتى حیزبەکوردیەکان ( سۆران ) یان کوشت ؟ کام لەو بەرپرسانەى کەناوەکانیان لاى سۆرانە و لەگەڵ سۆزانیەکانى کەرکودا دەستیان تێکەڵ کردبو ( سۆران ) یان بەوشێوە ترسنۆکانەیە گوللـە بارانکرد ؟ کوشتنى سۆران چیى مانایەکى دەبەخشێت بە ئەجنداى کارى بکوژەکانى ؟ ئایا لەبیرکردنەوەى ئەواندا کوشتنى سۆران بێدەنگ کردنى تەواوى خاوەن قەڵەمە ئازادەکانە ؟ یان کوشتنى سۆران سەرەتاى هەرەس هێنانى ئەو پانتایە ئازادەیە کە سەرکردایەتى کورد لەخەیاڵدانى خۆیدا وێناى کردوە و لەڕاگەیاندن و گوتارەکانیاندا بانگەشەى بۆدەکەن و لۆژیکیەن هیچ بونێکى نیە ؟ یان بکوژان و جەلادان لە ڕێگەى کوشتنى ( سۆران ) ە وە پێمان دەڵێن ( گەندەڵى و چەتگەرایى و شەهەوەت بازیى و خیانەتکردن ) پرۆژەمانە و کەس ناتوانێت ڕێگرمان بێت و هەر هاوڕێ یەکى ( سۆران ) یش وەک سۆران ( ووشە یەک ) دورلەخواستى ئێمە بکاتەهەوێنى نوسینى ( وتارێک ) وەک سۆران لەجامەتاریکەکانى ئۆتۆمبیلەکانمانەوە ( گوللە ) بارانى دەکەین.


بیگومان ( سۆران ) وەک ڕۆژنامەنوسێک ئامانجى یەکەمى دوژمونانى ووشە ئازاد نەبو ، بەڵکو ئامانجى بکوژەکانى سۆران، ترساندن و تۆقاندنى تەواوى ئەوڕۆژنامەنوسانەبو کە بۆ بەرنگاربونەوەى ناشرینییەکانى دەسەڵات و سروتە باوەکانى کۆمەڵگاو کارو پیلانى گەندەڵکاران ، تەنها ووشە شک دەبەن بۆجەنگاندن دژ بەو سیاسەتەى کە دەخوازێت تەواوى تاک بەتاکى کۆمەڵگاى کوردى بکاتە بونەوەر گەلێکى شەرمن و تێکشکاو .


کوشتنى سۆران و سەردەشت جگە لەوەى هێزى زیاتر بە( قەڵەمەکانمان ) دەبەخشێت ، بەهەمان شێوەش تاقى کردنەوەیەکە و بەردەوام بون بۆ بڕینى قۆناغەکانى ئەو تاقیکردنەوەیە قوربانى زیاترى دەوێت و دڵنیاشم کە تا ( گەندەڵکاران و شەهوەت بازان و مشەخۆران ) ى ناو دەسەڵات لە ( ووشە ) بترسن ، دەیان سۆران و سەردەشتى ى تر دەبنە قوربانى و سنگیان بێ ڕەحمانە دەکەوێتە بەر دەستڕێژى گوللەى ئەو بونەوەرە تێکشکاوە ترسنۆکانەوە.

________________________________
* ناونیشانى شیعرَکى (سۆران مامەحەمە)یە کە لە مەراسیمى یادکردنەوەى دووسالەى تیرۆرکردنیدا لە پارکى نالیى لە شارى سلێمانى خوێندمەوە .

 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید