په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠١٢

ماڵاوا کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد.


سمایل شەرەفی       


دوای تەواو بوونی رێورەسمی یادی ٦٦ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ھەولیر لە توێی وتارێک دا باسم لە زەمینەکانی پێکھێنانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کرد.


بەشداریی ھێز و لایەنە سیاسییە بەرچاوەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لەو یادەدا پەیامێکی دڵخۆشکەری بە گوێ دا چپاندین و من پێم وابوو کە پارتی دێموکراتی کوردستان کە ئاڵا ھەڵگری بیرۆکەی "کۆنفرانسی نەتەوەیی" یە، ئەم یادەی کردۆتە "پیش درامد"ێک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی نەتەوەیی.


ئێستا کە بە نموونە چووکەکانی ئەم جۆرە لە کاری گشتیی - نەتەوەیی بەرەو ئەو قۆناغە(کۆنفرانسی نەتەوەیی) ھەنگاو ھەڵدێنینەوە، تووشی شک و گومانی تێکەڵ بە دڵە راوکێ دەبین.


ھەر لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی رابردوودا دوو کۆنفرانسی لاوان و ژنانی کوردستان لە شاری ھەولێر بەرێوە چوون کە من ھەر بە "رێ خۆشکەر" و "سەرەتا"یەک بۆ کۆنفڕاسە گەورەکە (کۆنفرانسی نەتەوەیی) یان دەبینم. ئەم دوو کۆنفرانسە (لاوان و ژنان) و ئاکامەکانیان، بە پێچەوانەی یادی ٦٦ ساڵەی کۆماری کوردستان، منیان تووشی شک و گومان کرد.


کۆنفرانسی ژنان کە بە بەشداری نەکردنی ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد، بە بایکۆتی ژنانی باکوورو رۆژئاوای کوردستان کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.


ئەگەر ئامانج لە بەرێوەبردنی ئەم سەرەتاو رێ خۆشکەرانە، یادداشت ھەڵگرتنەوە بن بۆ چۆنیەتی بەرێوەچوونی کۆنفرانسی نەتەوەیی، بێ گومان بێ خوێندنەوەی کەم و کوڕییەکان و پشت گوێ خستنی خواستی لایەنەکانی بەشدار بوو ناکرێ ئولگوویەکی بەرزتر درووست بکرێ.


بە گشتی من پێم وایە ‌ساز کردنی زەمینەو بەستێنی عەمەلی بۆ کۆنفڕانسێکی وڵامدەری نەتەویی پێویستی بە کاتێکی زیاتر ھەیە کە بتوانرێ لەو زەمەنە دا دانووستانی زیاتر لە نێوان لایەنە پێوەندیدارەکاندا بێتە ئاراوە. بە پێچەوانەی ئەوە گرتنی کۆنفڕانسێکی نەتەویی کوردی کە ‌لایەنێک پێی وابێ بە تەنیا داھێنانەکەی دەگرێتە دەست و ئیمتیازی پێ وەردەگرێ و لایەنەکانی دیکەی بەشداربوویش تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکان دەخوێندرێنەوە، محاڵە و پێویستە ماڵاوایی لەو بیرۆکە بکرێ.

 

 

smailsherefi@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک