١٥\١٠\٢٠١٠
مالئاواییەکەى سام ئاغا،
شەش واتا و یەک ئەنجام.

کامیل ژیر
بەدواى نامەى ماڵئاواییەکەى بەریز جەلالی سام ئاغادا . ژمارەیەک وتارو
نامەو ئیمیلم بەرچاو کەوت کە تیکرا گەشبین و یەکرابوون لەسەرئەوەى
هیشتا لە هەریمەکەماندا کەسیکى پاک ماوە ! ئاى کە سەیرە ! هێشتا کەسیکى
پاک ماوە ! تۆبڵێی راستبێ !؟
لە رۆژگارو رۆژگارستانیکدا سەیر ئەوەبوو کەسێکى ناپاک هەڵکەوێ !
ناپلیون چەند ساڵێک ئابڵووقەى ولاتێکیدا ، دوایی پاشەکشەىکرد . پرسییان
بۆ؟ وتى چونکە زۆر هەوڵمدا ناپاکیکیان لەناودا بدۆزمەوە ، دەستمنەکەوت
. ئیستا لاى ئێمە جیگەى سەرسوڕمان ئەوەیە پاکێک هەلکەوێ ! ئەوە واتاى
یەکەم.
واتاى دوەم: کاتێ بەرپرسێکى گەندەل دەزگاکەى بەجیدیلیت ، کارمەندەکانى
حەوت بەرد بەدوویدا هەڵئەدەن یا هیچ نەبىت لەژیر چاکەتەکانیانەوە
چەمۆلەیەکى لێئەنین . کەچى نەک هەر کارمەندەکانى دیوان ، بەلکو پینووسە
ئازادەکانیش یەکی جامیک ئاویان بەدووى سەروکە پاکەکەدا هەلدا بە هیواى
ئەوەى هەر ئەو یا سوارچاکیکى وەک ئەو بگەریتەوە و ئیستا چاوەروانن
بزانن ئەم نەریتى ئاوهەلدانە وەک جاران ئەنجامدارئەبێ. یا ئەو
تروسکەیەش نامینێ ؟
واتاى سێیەم: بەرپرسە رووتاریکەکان هەولى بێهوودە ئەدەن بە چراخانى
کوشک و تەلارو پروژە گەورەگەورەکانیان رووى تاریکى خویان رووناکبکەنەوە
. بەلام بەرپرس و کارمەندەکانى دیوان بە بنە مۆمیک قاسە دزراوو
نارەواکانى ئەوان لە تاریکیدا ئەهیننە دەرىً .
واتاى چوارەم: سام بەکردەوە سەلماندى ئاغایەتییەکەى بریتییە لەوەى
بەرامبەر مەترسییەکان ریزى پێشەوە بگرێ و بۆ خیرو بەرەکەتەکانیش
لەدواوە بوەستێ .
واتاى پینجەم: لە نامەى مالئاواییەکەىدا ئەلێ : ئەگەر کار بە
راپورتەکانى چاودیرى بکرایە ئەوا دنیا بۆ گەندەلکاران بەمجورەى ئیستا
تەخت نەئەبوو ، ئەوکاتە دەمانتوانى کومەلگایەکى مەدەنى بخولقینین کە
یاساو لیپرسینەوە بالادەسبێ تییدا ..
ئەم وتە ترسناکانە لە سەروکى دزگایەکى وەک چاودیرییەوە جیاوازە لە قسەى
گشتیی نارەسمیی خەلکى . وتەکانی ئەم نامەیە گومان لەوەدا ناهیلێ کە :
ا - کار بە راپورتەکانى دیوان نەکراوە .
ب - ئەشێ هەر لەسەرەتاوە دیوان بۆ خولکردنە چاو بووبێ .
ت - زەوى بۆ گەندەلکاران تەختە .
پ - کومەلگەى شارستانى ناوى بێناوەروکە .
ج - یاسا بالادەسنیە .
ح - دەستى لیپرسینەوە کورتە .
واتاى شەشەم: لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ، هیشتا ورە بەرزەو هیوا بەهیزە
بۆ دەستى جەماوەرو چنگى میژوو .
ئەنجام.
کە ئاو لە سەرچاوەوە لیڵبوو ، بە چاودیریی بێدەسەلات و نەزاهەى رووکەش
و دادوەریی بێپشت ، روونناکریتەوە .
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|