١٢\٨\٢٠١٢
ماڵئاوایی عیرفانی
شاعیر و ھەڵوێستی پۆلیس و ئاسایش.

حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
(١)
ھاوڕێیەتی من و عیرفان ئەحمەدی شاعیری جوانەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ
سەرەتاکانی ساڵانی ھەشتاکان، ئەو دەمەی لە کۆڕو سیمینارەکانی شاری
سلێمانیدا یەکتریمان ناسی و بوینە ھاوڕێی نزیکی یەکتر، لەچایخانەی
سەناعەی بەردەمی بەنزینخانەکەی عەقاری و تەنیشتی کتێبخانەی گشتی، من و
کاکە عیرفان و تاریق فەقێی شاعیری کۆچکردو، ھیوا قادرو ئیسماعیل حەمە
ئەمین و ئاکۆ کەریم و ئەحمەد رەزای شاعیرو ناوبەناو محەمەد عومەر
عوسمان و بەرزان ھەستیارو دڵشاد کاکی و ئەوانیدیکەی ئەدیب و ھونەرمەندو
ئەکتەرانی ئەو سەردەمە یەکترمان لەو دەڤەرە دەبینی و عەسران و ئێواران
و ھەندێکجار شەوانیشمان پێکەوە بەسەر دەبرد، ئەودەمە کۆڕە
شیعرییەکانمان لەو ژوانانەدا مەیسەر دەکرد بۆ یەکتر دەبوینە جەماوەرو
بیسەرو شاعیرو چیرۆکنوس و تەنانەت رەخنەگریش.
خەسڵەتی ئەو سەردەمە وابو، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەعسی فاشی گەرمەی سیاسەتی
پەرتکەو زاڵبەی خۆی پیادە دەکردو لەپاڵ شەڕی نەگریسی عێراق-ئێرانیشدا،
پەلاماری نەگریسانەو دڕندانەی شاخ و شارو شارۆچکەو لادێ سەرکەشەکانی
کوردستانی دەدا، لەڕوی کۆمەڵایەتیشەوە، ھەراسانی کردبوین، متمانەو
بڕوابەخۆبونی کەمتر کردبۆوە، کاری بۆئەوە دەکرد، برا متمانەی بە برای
خۆی نەبێت، سیخوڕو ئەمن و پۆلیسی نھێنی خزاندبوە ھەموو جومگەو
شوێنەکانی ژیانمانەوە، بەڵام داھێنەرانە، خەڵکانی کوردستان کەشوھەواو
ئەتمۆسفیرێکی وەھایان بۆ خۆیان خۆشکردبو، کە ھەست بە نەھامەتیەکانی
جەنگ و کوشتارو گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی ئازیزانمان نەکەین.
یەکێک لەو کەسانەی کە من دڵ و دەرونە باشەکەییم بەدڵبو، لەڕوی دڵسافی و
عیزەتی نەفسی بەرزو پەروەردەی خێزانیی جوانەوە سەرنجڕاکێشبو، کاکە
عیرفانی جوانەمەرگ بو. من و ئەو زیاتر لە دوو کۆڕی شیعریمان بۆ
لافاوەکەی سلێمانی ساڵی ١٩٨٧ و ئەنفالی ٨٨ لەھۆڵی رۆشنبیریی جەماوەری
سلێمانی سازداوە.. یادەوەری خۆش و تاڵم لە نەست و ھەستەکانما
تۆمارکردوە، چەندان شەوم لە ماڵە سەرکەشەکەی ئەودا بەسەر بردوەو نان و
نمەکی دایە رەحمەی کۆچکردوی دایکی عیرفانم خواردوەو تامی بەلەزەتی ئەو
خواردنە خۆش و پاک و بێوێنانە لەژێر دانەکانی حەمەی بەندەدایە تاکو
مردن.!!
کاکە عیرفانم لەدوای راپەڕینەوە بەجێھێشت، ئەو خەریکی شیعرو بژێو
پەیداکردنبو، دەرچوی ئامۆژگای نوژداری بو، دوای راپەڕین ژنی ھێنابو،
کچێکی ژیکەڵەی جوانیشی ھەیە.. ساڵی ١٩٩٨ بو بەسەفەرێک لە ھەندەرانەوە
ھاتمەوەو چومە ماڵیان، پێکەوە دانیشتین و شیعری نوێی خۆی بۆ خوێندمەوە.
ساڵی ٢٠٠٤یش گەڕامەوەو بۆ سەردانێک چومەوە لای.. پاشتر ئەوەبو ئیتر من
بە یەکجاری گەڕامەوە سلێمانی و ناوبەناو بەپێی دەرفەتی ژیان، لە باخی
گشتی دەمبینی و پێکەوە بەرەو سەھۆڵەکە یان بازاڕ پیاسەمان دەکرد. باسی
ژیان و خێزانمان دەکرد. یادەوەریمان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە، جارجارەش
نوکتەیەکی تازەی بە زمانە شیرینە شاعیریەکەی خۆی بۆ دەوتم دەیخستمە
پێکەنین و تاوێک خەم و پەژارەی لەبیر دەبردەمەوە. بەڵام من نیگەرانی
یەک حاڵەتی ناخۆش و جەرگبڕی ئەو بوم و دەنوکی برایانەم لەسەری بو، وەکو
براو ھاوڕێیەکی دێرین و توێژەرێکی کۆمەڵایەتیش راوێژو ئامۆژگاری ئەوەکم
دەکرد کە واز لە نۆشین و خواردنەوەی مەی بەو شێوازە زێدەو لەڕادەبەدەرە
بێنێت، چونکە جارێکیان لەنزیک باخی گشتیەوە بەشێوەیەکی زۆر دڵتەزێن
بینیم کە ئەو تەواو ھۆشی لەدەستدابو، پێویستی بەدەستگیرۆیی و شەفەقە
ھەبو تا بگەیەنرێتەوە ماڵەوە، تەکسیم بۆ گرت و بردمەوە ماڵەوە، ماڵێکی
گەورەی دو نھۆمی و باخچەیەکی گەورەیان ھەبو، بەڵام ساردوسڕو چۆڵ و
ھۆڵبو..
رۆژانی دواتر پێمڕاگەیاند کە ئەگەر ئەو گفتم دەداتێ وەک چۆن وازی لە
جگەرەکێشان ھێناوە ئاوەھاش واز لە نۆشینی بێوێنەو زۆری مەی بێنێت،
ئەوەبو بیست رۆژ چاودێری ئەوم کردو لەنزیکەوە لەگەڵیدا بوم و خولی
راھێنان و ئارامگرتنم بۆ کردبۆوە، پزیشکێک یارمەتی باشی دەداین
لەوبوارەوە. ھەروەھا ھاوڕێ و برادەرەکانی یاریدەدەری ئەو نەبون بۆ
تەرککردنی مەی نۆشین.! کاکە عیرفانی کۆچکردو، خۆی پسپۆڕیەکەی لەبواری
تەندروستیدابو، ئەو یاریدەردەری پزیشکی بو، جەستەی خۆی و نەخۆشیەکانی
خۆی باش دەزانی و دەناسی( کە شەکرەو پەستانی خوێنی ھەبو) بەڵام من
لەنزیکەوە دەمزانی کە ئەو چەندە بیری لای کچەکەی بو کە لەقۆناغی
ھەرزەکاریدایەو لای دایکی دەژیا، منیش ترسی ئەوەم ھەبو کە ئەو رۆژێک
بمرێت و ئەو کچە بەتەواوەتی ھەتیو و سەرگەردان بێت و لەبینینی
ناوبەناوی ئەم باوکەی بێبەش بێت!
ئەوەبو ھەر لەسەر مەسەلەی خواردنەوەش کە لەمانگی رەمەزاندا مەی کڕین و
فرۆشتن بوبوە گرفتێک بۆ عیرفانی شاعیر، دەچێتە ھۆتێل سلێمانی پاڵاس و
بەھۆی ئەوەوە کە شوێنێک و مێزێک نابێت بۆ لەسەر دانیشتن و خواردنەوەی
ئەم، ئیدی دەبێتە دەمەبۆڵەو قسەی لەگەڵ ستافی ئیدارەکەداو پاش
بانگھێشتکردنی پۆلیسی ئەو ھۆتێلەو راکێشان و لێدانی کارەبای ئەو (بەپێی
قسەی کاک سمکۆی برای عیرفان) دەپەڕێت و سەری بە دیواردا دەدات و خوێنی
لێدێت، سنگ و دەموچاوی بەتوندی بەزەویدا دەدات و دەکوترێت و شین و مۆر
دەبێتەوە، ئەو لەبەرئەوەی نەخۆشبو، بەرگەی ئەو شۆکە توندە ناگرێت،
لەھۆش خۆی دەچێت، دیارە ئەوانیش لەترسی پرسیارو وەڵامی (نەخۆشخانەی
تەواریەکە) وەکو تاوانبارو تیرۆرستێک دەیبەنە بنکەی پۆلیسی رزگاری و لە
رۆژی ٣١ی٧ەوە بۆ رۆژی ٢ی٨ی ئەمساڵ دەیھێڵنەوە، تا کەسوکاری عیرفان
شوێنی دەزانن و دەیفڕێنن بۆ تەواریەکەو تاکو رۆژی ٥ی ئاب لەوێ دەبێت
بەڵام پاش ئەوەی کە لەدەست دەردەچێت و چارەسەریش فریای ناکەوێت
گیانلەدەست دەدات!!؟
(٢)
ئەمێستا دەمەوێت ئەوە بدرکێنم کە، ئەوەی لەم نیشتمانە کڵۆڵەی ئێمەدا
بژی و تەنیا گوێ لەکورتەی ھەواڵەکان بگرێت، بۆی ئاشکرادەبێت کە
کوردستان رۆژ دوای رۆژ بێتامترو بێئامانترو نائاسودەتر دەبێت. چونکە
ئەوەی گوێبیستی دەبین ھەواڵ و نوچەی مەترسیدارو ناخۆشترینە بەجۆرێک کە
ترست لێدەنیشێت نۆرەت دێت تۆش وەکو ئەو قوربانیە زۆرانە لەماڵەکەی خۆت
بچیتە دەرەوەو نەگەڕێیتەوە، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ھیچ جۆرە
ئاسایشێک و گەرەنتی و متمانەیەک لەئارادا نییە لەسەر ژیان و پاراستنی
مافەکانی تاکەکەس، پێش مردنت و دوای مردنت..
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییەدا ھەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە سیستمی ئەمنی
و پۆلیسی و ئیستیخباراتی تاقەتپڕوکێن زاڵبوە بەسەر جومگەو
وردەکاریەکانی ژیانی یەکبەیەکماندا، ھاونیشتمانیانی ئەم کوردستانە رۆژ
دوای رۆژ متمانەو بڕوایان بەئاسودەیی و تەبایی و ئاشتیی ژیانی
کۆمەڵایەتیان لاوازترو سستر دەبێت، ئەوەی دەیبیستین لەبارەی
گیانلەدەستدانی مرۆڤەکانی کوردستانەوە، چ نەخۆشێک بێت کە بەھۆی تەنیا
دەرزی لێدانێکەوە گیانلەدەست دەدات، لەھەمان کاتیشدا، ھیچ بەرپرسێکیش
موی لەشی نابزوێت و یاساو دادگاو دادەوەریی تاوەکو سەر ئێسقان،
بێھەڵوێست و بێدەنگن! چ کوشتن و بریندارکردنی رۆژنامەنوسان بێت، یان
مامۆستایان بێت یان خوێندکار یان شۆفێر بێت.. یاخود کوشتن و
برینداربونی سەرنشینەکانی سەر رێگاوبانە مەترسیدارەکانی کوردستان بێت..
کوشتنی ژنان و کچان ئەوە ھەروەکو ئاوخواردنەوە وایە، کەس تاقەتی
باسکردن و گێڕانەوەشیانی نەماوە!؟ کەوتنە ناو چاڵ و مەنھۆڵی گەڕەک و
کۆڵانەکانمان و خنکاندنی منداڵە چاوگەشەکانمان ئەوەش لەروداوەکانی دیکە
کەمتر نین. ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبن و ھەواڵ و مژدەی رێگەچارە یان
بنەبڕکردنیان لەئارادا نین و ئومێدێک نیە بۆئەوەی کە تەنانەت لەم وتارە
شەرمنەشدا بەگەشبینیەوە بۆی بڕوانم.
خوازیارم منی بەندە وەکو کۆمەڵناسێک بەوپەڕی ئیمانەوە ئومێدبەخش و
خۆشبین بیر بکەمەوەو بنوسم تا ھیچ نەبێت پیاوانی دەسەڵات و
ھەوادارانیان بە دوژمن و نەیاری خۆیان ناوزەدمان نەکەن، بە تابوری
پێنجەم و چەکوشبەدەست و روخێنەر لەقەڵەممان نەدەن و نانبڕاومان نەکەن..
بەڵام واقیعێکی سەخت و دژوار، ستایڵی ژیانێکی قورس و تاقەتپڕوکێن،
خەمڵیوە، ھەروەھا بێبەھایی بۆ نرخی مەزنی مرۆڤ وەکو ئینسانێک کە مافی
ژیانی ھەیە، لە لێواری ھەڕەشەو مەترسیدا دەبینم، دەسەڵات و پیاوانی
وەزارەتی ناوخۆش زۆر بە کەمتەرخەمی دێنە بەرچاوم، دادوەری و قەزاو
دادگاکان و دادوەران و پاریچزەرانی مافی مرۆڤ و یاسا لەم نیشتمانەدا
وەختە بڵێم لە بازنەی ((نەبون و غیابێکی خەتەرناکدا) دەخولێنەوە.. ئەو
تێڕوانینانەش مەترسیدارن بۆ ئایندەی نزیکی ھەمومان، دەبێت دیسانەوە
بەرەو ھەندەرانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و مافپەرەوەر سەری نامۆیی و
سەرگەردانی و پاشگەردانی ھەڵگرینەوەو ئەم نیشتمانەی کە بۆنی دۆزەخی
لێدێت بۆ ھەتایی بەجێبھێڵینەوە.
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|