٢٨\١\٢٠١٠
ماڵەکەی خۆمان، ئینجا دراوسێیەکی باش.

ستار محەمەد قادر
ماوەیەک لە مەو پێش لە زاری هێندێک لە سیاسییەکانەوە ئەوە دەدرا بە
گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کە دۆستەکانمان لە دەرەوە پێمان دەڵێن:
"پێویستە کورد ماڵی خۆی رێک بخات" ئەوجار بیر لەوە بکەینەوە تا لە
دەرەوەی ماڵەکەی خۆمان دراوسێیەکی باشمان هەبێت!
لێ بە داخێکی زۆرەوە سەرەڕای ئەوەی بیرۆکەی دروستکردنی ماڵ لە نێو
ئەجێندا و فەرهەنگی سیاسییماندا دوای ئەوەندە قات و قڕی و ماڵ وێرانی
نەبووە بە ئەندێشەی خۆمان و وەکو پێویستییەک بیرمان بەلایدا نەڕۆیشتووە،
ماڵ کاولی راستەقینە ئا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئاراستە بکرێین لە
پێناو خۆشنوودی خۆماندا! کەچی بێینەوە وەکو ئەوەی ئێمە خودی خۆمان
داهێنەر و ئافرێنەری ئەو بیرۆکەیە بووبێتین، تەنها لە رووی تیۆریەوە
قسەی لە سەر بکەین و لایەنە پراکتیکیەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بکەین بە
دیاریی دەستمان!
ماڵ لێرەدا گوزارشت لەو شوێنە ناکات کە تەنها چارەنووسی خێزانێک پێکەوە
گرێ دەدات، بەڵکو ماڵ لێرەدا گوزارشت لە پانتاییەک دەکات کە زیاد لە
دەنگێک و رەنگێک، زیاد لە خێزانێک و زیاد لە بیرکردنەوە و ئایدیایەک و
ئاین و ئاینزاو نەتەوەو زوبانێک لە خۆی دەگرێت.
ئەم ماڵە تا نەبێت بە هیی هەمووان ناتوانین وێنەی بگۆڕین؛ لە ماڵی
حیزبەوە بۆ ماڵی پاشکۆی کوردستانیبوونی حیزبەکان! لە ماڵی
ئایدیۆلۆژیاوە بۆ ماڵی کورد، لە بەرژەوەندییە باڵاکانی حیزبەوە بۆ
بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەت. لە خۆشەویستیمان بۆ کەسێکەوە،
بنەماڵەیەکەوە، بۆ وڵاتێک. لە ئینتیمامانەوە بۆ شارێک، بۆ پانتاییەک کە
پێی دەگوترێت نیشتیمان! لە غیابی هەموو ئەو ئیشکالییاتە
سیاسییانەمانەوە بۆ چەمکی ماڵ، ئەگەر بمانەوێت قسە لە سەر ماڵێک بکەین
بە ناوی ماڵی کوردەوە، دەبێت قسە لە سەر ماڵێکی کلاسیکی سەدەکانی
رابردوو بکەین، کە خۆی لە هاوشێوەی ئەو تۆوەدا وێنا دەکات کە ئەمڕۆ
نەتەوەی کورد باجەکەی دەدات!
گرنگە لێرەدا پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: مەبەستمان لە رێکخستنی ئەو
ماڵە دەبێت چی بێت؟ ئایا چ شتێک لە رابردوودا بووە بە هۆکاری پەرتەوازە
کردنی ئەو ماڵە؟ یان چەمکی ماڵ لە دونیای ئێمەدا تا هەنووکە بۆچی
سنووری خێزان نابەزێنێ و لەدەرەوەی هاوسەرگیری نەمانتوانیوە وێنەی ماڵ
بۆ هیچ شتێکی دیکە بکێشین؟ ئەگەر وا بڕیار بێت ئەم ماڵە رێک بخەین،
ئایا بیرمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت دەسبەرداری چ شێوە ماڵێکی دیکە
ببین؟!
پڕ ئاشکرایە ئەگەر لە بەرنامەماندا بێت ئەم ماڵە بە شێوەیەکی تەندرووست
رێک بخەین، دەبێت ئەوەمان لە بەر چاو بێـت کە دەبێت ئەم ماڵە لە
بارتەقایدا بێت هەم وەکو ماڵی نەتەوەیەک وێنا بکرێ و هەمیش وەکو ماڵێک
لە هەناویدا هەڵگری بیرۆکەی ئازادیی بێت و دەبێت بەرگەی ئەو
ململانێیانە بگرێت کە باهۆزی دیمۆکراسی تێیدا درووستی دەکات!
ئەگەر بشمانەوێت قسە لە سەر لایەنێکی دیکەی ئەم ماڵە بکەین، دەبینین
هێندێک لە ئەندامانی ئەم ماڵە کە خۆیان بە کورد دەزانن، لێ بە داخەوە
کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژموونی مەزهەبییەوەو لە چرکە ساتە
هەستیارەکاندا بوونی خۆیان وەکو پێویست لە نێو ماڵێکی دیکەدا دەبیننەوە!
ئایا تا چەند توانیومانە ئیش لە سەر ئەوە بکەین کە ئەو پێکهاتە
سەرەکییە وا لێ بکەین بگەڕێنەوەو خۆیان بە ئەندامێکی کاراو دانەبڕاوی
ئەو ماڵە بزانن کە بۆ ساڵانێک دەڕوات بە هۆی زۆر فاکتەرەوە لێی دابڕاون!
خاڵێکی دیکە کە زۆر حەز دەکەم لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم، ئەویش
رێکخستنەوەی ئەو ماڵەیە لە چوار چێوەی وڵاتی عێراقدا، چونکە دەبێت
ئەوەمان لە یاد نەچێت کە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا کاتێک
بەرەی کوردستانی راگەیەنرا، کە خۆی لە رێکخستنەوەی رووبەڕووبوونەوەی
رژێمی بەعسدا دەبینییەوە، دەبینین بوو بە هۆکاری ئەوەی کە راپەڕین چ
وێنەیەکی دەستە جەمعی لە خۆی بگرێت!
ئەمڕۆ ئەگەر بە نێرینی هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانەوە بمانەوێت لە رەوشی
ئەو ماڵە بڕوانین، دەبینین ئاراستەکان ئاماژە بە زۆر شتی مەترسیدار
دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا بە شێوەیەکی شێلگیرانە
ئیش بۆ ئەوە نەکراوە کە ئەو ماڵە لە ماڵی حیزبەوە بگۆڕن بۆ ماڵی کورد!
دەبێت هەموومان بە باشی ئەو راستییە بزانین کە قسە کردن لە سەر
ماڵَََََََََََََی کورد، ئەرکێکی گران و دوور مەودایە، چونکە ماڵی کورد
بە شێوەیەک لە شێوەکان لە کیانی نەتەوەی کورددا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە
من پێم باشە لە لایەن رۆشنبیران و نووسەرانەوە بە شێوەیەکی شێلگیرانە
تیشک بخرێتە سەر تەوەری رێکخستنەوەی ماڵی کورد، نەک رێکخستنی ئەم ماڵە
لە بیر بکەین و هەمیشە خۆمان بە جۆرە شتێکەوە سەر قاڵ بکەین کە قابیلی
قبووڵ نییە، بۆیە من وای بە باشتر دەبینم با ئێمە بەر لەوەی قسە لە سەر
دۆستایەتی ئەم حیزب یان ئەو حیزب لە گەڵ ئەم وڵات یان ئەو وڵاتدا بکەین،
با لە هەوڵی رێخستنی ماڵەکەماندا ببین، ئەوجار بیر لەوە بکەینەوە تا لە
دەرەوەی ماڵەکەی خۆمان، دراوسێیەکی باشمان هەبێت؟!
star_qadr@yahoo.com
|