٢٥\١\٢٠١٢
مالیکى و ئاخوندى،
دوو رووى دراوێکن.

هیوا رەش
ئایەتوڵا مالیکى هەرچەندە بە ناو
سەرەکوەزیرانى عێراقە ، وەلێ بە ناوەڕۆک پاسدارێکى دڵسۆزى سیاسەتى
جمهورى ئینسانکوژى ئێرانە ، ئاخوندییەکانى ئێران بۆ بەڕەنگاربونەوەى
باهۆزى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە بە گەرمى دەستیان بە ڕێکخراوەکانى
خۆیانەوە گرتووە و هەوڵى جیدى دەدەن لە ڕێگەى ئەو ڕێکخراوە دەسکردانەى
خۆیانەوە بە پارەى گەلانى ئێران و بە خوێنى گەلانى دەرودراوسێ سیاسەتى
فراوانخوازى و ڕەگەزپەرستانەى خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن ، ئەوەتا -
حزب الله - ى لوبنانى بۆ ڕازى کردنى ئاغاکانیان بە هەموو
توانایانەوە چونەتە نێو هاوکێشەى گۆڕانکاریى ڕژێمى سوریاوە و بە چەک و
بە خوێن باربۆى دەکەن و دەیانەوێ لە ڕوخانى حەتمى بیپارێزن و بێباکانە
لە کۆکوژیى گەلانى سوریا ، چەکدار و چەتەوڵەکانى خۆیان ڕەوانەى ئەو
وڵاتە دەکەن بۆ سەرکوتکردنى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى خەڵک کە
دەیان ساڵە لە لایەن ڕژێمى بەعسى سورییەوە سەرکوت و سەرکوێر دەکرێن ،
لەملاشەوە حکومەتە شلۆق و سەرپێنەکەوتووەکەى - حزب الدعوە -
ى عێراق کە مالیکى سەروکارى دەکات ، بێگوێدانە ئازارى خەڵکى سوریا و
مەینەتییەکانى ڕابردووى خەڵکى عێراق لە سەر دەستى بەعسییە سەدامییەکان
، بە ئیعازى ئێران پاڵپشتى و هاوکارى خۆیان بۆ بەعسییە - اسد -
ییەکان ناشارنەوە و ژێربەژێر باس لە کۆمەکیى سامانێکى زۆروزەوەندى
عێراق بە ڕژێمى سوریا دەکرێ کە لە لایەن نورى مالیکییەوە بڕیارى لەسەر
دەدرێ ! ئەم ئایەتوڵا مۆدێرنە دوسەرە ئەمریکى ئێرانییە ، کۆمەڵکوژیى
شرناخ شەرمەزار ناکات و داواى لێبوردن لە ئەردۆگانى فەرخە دیکتاتۆر
دەکات کە دووسێ خومپارەى بێزیان ئاراستەى باڵوێزخانەجاسوسییەکەى لە
بەغا کراوە.
من قسەم لەسەر گروهى موجاهیدینى خەڵق نیە ، بەڵام ئێستا نزیکەى 3500
کەسى سەر بەو گروهە لە کەمپى ئەشرەفدا ژیانێکى ناهەموار دەگوزەرێنن ،
لەم زووانەشدا حکومەتى عێراقى گوێڕایەڵى ئێران ، فشارى ڕادەبەدەریان بە
فەرمایشى ئاخوندەکان لەسەریان دروست کردووە و بە نیازن بە تۆبزى
بیانگوێزنەوە بۆ ناوچەى - حریە - ى نزیک فڕۆکەخانەى
نێودەوڵەتیى لە بەغا ، بە پێى زانیارییەکان لەوێدا جێگایەکیان بۆ
تەرخان کراوە کە ڕوبەرەکەى 40 کیلۆمەترى چوارگۆشەیە ، بەڵام لە دواییدا
کراوە بە 2 کیلۆمەترى چوارگۆشە و دەنگۆى ئەوەش هەیە بیانخزێننە نێو 500
مەتر ( نیو کیلۆمەترى چوارگۆشە ) کە بە دیوارى 4 مەتر بەرزیى تەنراوە و
پۆلیسیشیان لە نێو دەخەن ، پارچە زەوییەکە بە قەد حەوشەى باڵەخانەى
پاسەوانێکى مالیکى نابێت ، مەبەستەکەش لەوەدایە چاودێریى وردى
دەزگاکانى ئیتیڵاعاتیان بە سەرەوە دابنرێت تا هێدى هێدى بەرەو تونى
مەرگیان ببەن ، ئەو 3500 کەسەش نزیکەى 1000 کەسیان ئافرەتە و لە کۆى
ئەو ژمارەیە جگە لە نەتەوە و مەزهەبەکانیتر 500 کوردیشیان تێدایە و کە
لە شوێنێکى وا تەنگەبەردا مەگەر بە پێوە بخەون!
ئایەتوڵا مالیکى بە زۆرێک لە کردارى ئیتیڵاعاتى ناوەستێتەوە ، کاتێک
ئەمریکاییەکان لە خاکى عێراقدا مابوون چرکەى لێوە نەدەهات و
ئیشوکارەکانى ڕایى دەکرد ، بەڵام لەگەڵ پاشەکشێى سوپاى داگیرکارى
ئەمریکا و دورکەوتنەوەیان ڕێگە خۆش بوو بۆ جریتبازیى ئیتیڵاعاتى و
پاسدارییەکان ، بۆیە بۆ دڵنەوایى ئەوان یەکسەر دۆسیەیەکى شارراوەى کۆنى
هێنایە پێش و بە فەرمانى ئاخوندەکان و لەسەر دەستى سەرەکوەزیرى عێراق
هەوڵ دەدرێ تۆڵە لە یەزید و معاویەکان بکەنەوە و شەڕێکى تایفەگەرى
ئەوسەر نادیار بەرپا بکەن و عێراق بکەنە ئەزمونگە و تاقیکردنەوە لەسەر
جەستەى برسیى بەشمەینەتانى عێراق بکەن ، مەلەفى تاڕق هاشمیش بکەنە
پلیتەى ئەوشەڕە نەگریسە کە بە مەرجێک وەکو مالیکى باسى لێوە دەکات
دەمێکە ئاگادارى کار و کردەوەى هاشمى و هاوڕێکانیەتى بەڵام بێدەنگیى
لێکردووە ، بێدەنگیى چەند وەختەى و هاوزەمانیى هەڵدانەوەى ئەو مەلەفە
لە دواى چونەدەرەوەى سوپاى ئەمریکا پرسیار گەلى زۆر هەڵدەگرێت ، چونکە
با هاشمى تیرۆریستیش بێت بەڵام هێشتا شاگردە و تیرۆریستى ڕاستەقینە و
چاوگەى هەناردە کردنى تیرۆر و شێواندنى ئەمنیەتى گەلانى عێراق سوریاى
ژێر دەسەڵاتى بەعسییەکانە ، ئەدى بۆچى لەملاوە دەیەوێ فەرخە
تیرۆریستەکان بداتە دادگا و لەولاشەوە یارمەتى و پشتیوانى خۆى بۆ قەڵاى
تیرۆر ڕادەگەیەنێت؟!
بۆیە دەبێت مالیکى بدرێتە دادگا ، لەبەر ئەوەى لە دوڕووەوە هاوبەشى
تیرۆریستانە:
١- ماوەیەکى زۆر مەلەفى تیرۆریستیى تاڕق هاشمى شاردۆتەوە و لەو
ماوەیەدا جەستەى دەیان هاوڵاتى بێتاوان بێگیان و کەمئەندام کراوە.
٢- پشتیوانى ڕژێمى سوریا دەکات کە چەندین ساڵە مۆڵگەى تیرۆریست و
بەعسییە هەڵاتووەکانە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|