٢٣\٣\٢٠١٥
"ماڵ و کلیل"ی
شوان عەتووف بەشداری لە سێ فیستیڤاڵی جیھانی فیلم دەکا.
مەنسوور
جیهانی
کورتە
فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"
بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی سێ فیستیڤاڵی جیھانی فیلم دەکات.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شوان عەتووف" و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی
کە لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی
بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی سێ فیستیڤاڵی
جیھانی فیلم دەکات.
پاش ئەو سەرکەوتنانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە
فیستیڤاڵە ناوخۆیی و جیھانییەکاندا بە بردنەوەی ١٠ خەڵاتی جوداجودا و
بە ئامادەبوون لە بەشی پێشبڕکێی ٣٠ فیستیڤاڵدا بەدەستیھێنا، ئیستا ئەم
کورتە فیلمە کوردییە لە بەشی پێشبڕکیی سەرەکیی چەندین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی دیکەدا بۆ وەرگرتنی خەڵات رکابەری دەکات، لەوانە:
سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی
ئەڵبانیا، بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی
"کۆنترا ویژیون" لە وڵاتی ئەڵمانیا و ھەروەھا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "کۆپا دۆس" لە وڵاتی بڕازیل.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "کۆنترا ویژیون" بە بەشداری ٧٨
کورتە فیلم لە ٢٣ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٨ی
ئازاری ٢٠١٥ لە سینەمای ناوەندی شاری بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا
بەڕێوەدەچێت.
ئەم کورتە فیلمە کوردییە تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلم لە ئاستی جیھاندا بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستھێناوە،
لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەران و
ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلمی لە لایەن بینەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی
کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە
ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی
بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "بەھرە نوێیەکان"ی ٢٦ـەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گیرۆنا" لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین
فیلمی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاریکا ناتیوا" لە
چیلی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی کۆرتی" لە ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ١٤مین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی "ئۆ کورت" لە ئیتاڵیا، خەڵاتی
باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە
فیلمی "تکسی کاتالۆنیا" لە ئیسپانیا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلم لە
روانینی بینەران لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" لە شاری
سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان.
"ماڵ و کلیل" ھەروەھا لە چەندین فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھانیشدا چۆتە سەر
پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ١٤ـەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماڵی ھونەریی ڤیدیۆیی "ئۆاھم" لە
ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
"ئێست" لە بەریتانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "کراتکۆفیل پلووس" لە بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، لە بەشی پێشبڕکێی
سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاندگراوند"ی لە ئەڵمانیا، لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئۆکسێ" لە ئەڵمانیا، لە بەشی پێشبڕکێی
سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "شوناس" لە ئیسپانیا، لە
فیستیڤاڵی فیلمی "ھال ئۆف لایت" لە کۆلۆمبیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "ڤیمبڵدۆن" و لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "شۆرتە بیلۆ" لە
بەریتانیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فینە کۆرتییە" لە ئیتاڵیا،
لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان فیلمی"ئیڤام ئام"، "کوترا کۆرتینی" و
"ماربیلا پێرلا یدنستات" لە ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سۆلیداری" لە شاری بەرشلۆنە لە وڵاتی
ئیسپانیا و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|