٦\١١\٢٠١٤
''ماڵ و کلیل''
خەڵاتی باشترین فیلمی
فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی ''ئاریکا ناتیوا''ی چیلی بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
کورتە
فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"
خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "ئاریکا ناتیوا" لە وڵاتی چیلی بەدەستھێنا.
ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و
وڵاتی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت کە کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە
نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرھەمی
بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی
خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاریکا ناتیوا" لە وڵاتی چیلی نمایشکرا و توانی
خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
"ماڵ و کلیل" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە
وڵاتانی ئیسپانیا، ڕووسیا، ئەمەریکا، مەکزیک، ئەڕژانتین، ڤێنزۆئێلا و
چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و
دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی
پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٩ تا ١٩ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ لە وڵاتی
چیلی بەڕێوەچوو.
ئەم کورتە فیلمە کوردییە تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلم لە ئاستی جیھاندا بەشداری کردووە و خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن
ئەندامانی لێژنەی دادوەران و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلمی لە لایەن
بینەرانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی ئیسپانیا و ھەروەھا خەڵاتی
باشترین فیلم لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی کورتە فیلمی "بەھرە نوێیەکان" لە ٢٦ـەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "گیرۆنا" لە وڵاتی ئیسپانیای بەدەستھێناوە.
"ماڵ و کلیل" ھەروەھا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ١٤ـەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی ماڵی ھونەریی ڤیدیۆیی "ئۆاھم" لە شاری مەدرید لە
ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێست"
لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "کراتکۆفیل پلووس" لە شاری بانجالۆکا لە بۆسنی و
ھێرزێگۆڤین، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
"ئاندگراوند"ی لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ئۆکسێ" لە شاری ھامبوورگ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە
بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "شوناس" لە شاری
باڕشلۆنە لە وڵاتی ئیسپانیا، لە فیستیڤاڵی فیلمی "ھال ئۆف لایت" لە
وڵاتی کۆلۆمبیا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیمبڵدۆن" و لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "شۆرتە بیلۆ" لە وڵاتی بەریتانیا، لە
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فینە کۆرتییە" لە وڵاتی ئیتاڵیا، لە
فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان فیلمی"ئیڤام ئام"، "کوترا کۆرتینی" و
"ماربیلا پێرلا یدنستات" لە وڵاتی ئیسپانیا، و ھەروەھا چەندین
فیستیڤاڵی دیکە چۆتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم کورتە فیلمە ١٥ خولەکییە ھەروەھا لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٢ی تەشرینی
دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە
فیلمی "ئۆ کورت" لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی
"ماڵ و کلیل".
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|