په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠١١

 مامەڕیشەکان هاتنەوە!!!


هیوا رەش    


بۆ ئێمە سەردەمانێکى زۆر دوور نیە ، بێ لە ئێمەى پێشمەرگەى دواکەوتوو لە خۆشییەکانى ژیان ، هەموو ئەو هاوتەمەنانەمان کە ئێستا دەیانەوێ خۆ بە سیمبول بکەن ، ئەو ڕۆژە پڕ تاوان و بە نوتەک داپۆشراوەیان لە یادە ، ئەو دەمانەى زەوى و ئاسمان بە خوێن ڕەنگ کرابوون ، پەناتاوێر و بنەئەشکەوت و چەم و لێڕەوارەکانیشمان بە دەستى خیانەتەوە سەرکوێر کرابوون و نیشتمانفرۆشان ڕەدووى بەعس کەوتبوون و ڕاوەدووى پێشمەرگەیان دەنا ، لەو ئان و ساتە پڕ مەرگەساتەدا ، ئێمە وەکو نابینا لەپەکوتێمان بوو دەستمان بگرن وبمانبەنە دووتوێى جێى گەرم و نەرمیان ، تا تاوێک چاو گەرم بکەین و بۆ ساتێک سەرخەو بشکێنین بە بێ خەون بینین بە مەرگ و ئەشکەنجەوە ، نەبوو ، کەسێک نەبوو بە دوو وشەى پڕ فشەش بێت پەردەى گوێچکەمان بلەرێنێتەوە و سوکناییەک بە دڵى تێکشکاومان ببەخشێت ، نەبوو ، خۆبەپیاوزانێک ، خۆبەپرۆفیسۆرزانێک ، خۆبەشاعیرزانێک ، خۆبەفەیلەسوفزانێک ، خۆبەڕۆشنبیرزانێک ، خۆبەبیرمەندزانێک ، خۆبەنووسەرزانێک ، خۆبەسەرۆکزانێک نەبوو ، کەڵەمێردانێکى ئەوتۆ نەبوون ، بوێرانێکى ئەوتۆ دەرنەدەکەوتن ، متەقێکمان نەبیست ، ئەوانەى هەبوون ڕێکخستنە نهێنییە بە پەنجەى دەست ئەژمێردراوەکان بوون ، جگە لەوان ، کەسانێک نەبوون هیچ نەبێت بە چپەش بێت هوتافێک بکێشن و بە دزیشەوە بێت غەمێک لە کوڕانى شاخ و خەباتگێڕانى زیندان بخۆن ، ئاگرەسوورە لە خۆم دوورە ، دەست بە کڵاوەوە بگرە با نەیبات ، ئەمانەیان لە خۆیان لوول دابوو ، بە حیزى و سەلامەتى هەڵترووشکابوون ، نە بە ناوهێنانى دیموکراسى دەوێران و نە باڵانگژى دیکتاتۆریەت دەبوونەوە ، ئەمانەى باسم کردن هیچیان دیار نەبوون، وەلێ هەنوکە چاوساغ زۆرن ، قیبلەنما فرەن ، خۆبەپێغەمبەرزان گەلێکن ، سنگ دەردەپەڕێنن و باس لە ئێکسپایەریى بەرخودانەکان دەکەن ، لووتبەرزانە لە شەڕى مانونەمانى بەڕەنگاریى بەعس دەنۆڕن ، ئەمەیە کارەسات . دەیانەوێ بە زماندرێژیى تەڵقینى خەباتى شاخ دابدەن و لە مەیتخانەى مافى مرۆڤدا سیپەلاکى دەربهێنن و لە گۆڕستانى هەلپەرستیدا بینێژن ، دەمێکە وتراوە : ئەوەى تفەنگ بە ڕابردووەوە بنێت ، داهاتوو تۆپى پێوە دەنێت .

عەقڵى شاخ ئەو دەمە تاکە عەقڵى پڕ شانازى بوو ، چى بکەین ؟ سروشت ، خوداوەند هێندەى پێبەخشیبووین لە ستەم یاخى بین ، ئەو دەمە ئازادى یاساغ بوو ، لە ژێر ڕەحمى شیر و تیرى بەعسدا بوو ، ئەوەندە بڤە بوو پێى نەدەوێراین ، ئەوانەى زۆر تینووى بوون ڕێگەى بڤەیان خستبووە بەر هەنگاوەکانیان ، بە پیاسە و نەرمە غاردان ، بە هەناسەبڕکێ و دەروون شڵەژان ، بە ترس و دڵەڕاوکێى لێوان لێو لە هەڕەشەى نەمان ، ملمان دەنا و بەرەو ئاسۆى دوور هەڵدەشاخاین ، چاکمان دەزانى ڕیش چەرمووەکانى ئێستا کە حەرەمى ناڕەزایەتییەکان دەبەزێنن ، لەو دەمانەدا ، لە شەوى ئەنگوستەچاوى پڕ لێزمەى باران ، لە شارى بە بەعسى تەنراو ، لە پشتێنەى بە جاش ئابڵوقە دراو ، ئێمەى بۆسە بۆ دانراو ، زرمەمان لە بناگوێى خۆفرۆشان هەڵدەستان ، ڕێژنەى گوللەمان ئەو ڕیش چەرمووانەى لە جێخەوى گەرم ڕادەپەڕان ، کە سەریان لە توێى لێفەوە دەردەهێنا ئەوەندە نەبێ هیچیان نەدەگوت : شەو شەوى پێشمەرگەیە ، کەچى ئێستا ئەوان کە سەردەکەونە سەرەوە و مایک وەردەگرن ، هەزار مامەڕیشەى دەشتى کاکى بە کاکى گەرمیان بە فلسێک ناکڕن .

نەفرەت لە دەسەڵات ، لە خۆیان ، لە کورسییان ، لە گەندەڵییان ، لە نادادپەروەرییان ، لە دار و بەردیان ، لەو ناشیرینیانەى بەسەر خەباتى شاخ و ناوى پیرۆزى پێشمەرگەدا هانییان ، کە هەموویان کردە قوربانیى خۆیان و گیرفانیان ، ئەوان نەبوونایە زۆربڵێکان بە دەسنوێژەوە نەبوایە نەیاندەوێرا ناوى پێشمەرگە بهێنن ، بە کڕنووشەوە نەبوایە لە حزورى خەباتى شاخدا نەدەوەستان و جورئەتى ئەوەیان نەدەکرد بە هزرى بێزراویان لە عەرشى شەقامى پان و پۆڕدا لەسەر حیسابى ڕابردوو گەمە بە ئاییندە و چارەنووسى لاوانى وڵاتەکەمەوە بکەن ، لە باتى مینبەرێک ، مینبەرەکان ببەزێنن و خۆیان بکەن بە مامەڕیشەى پڵنگى چنگ بە گڕ ، بۆ پەلامارى دوژمن نا ، بۆ مایک و قسەى بێتام و سارد و سڕ ، ئێستا هەر ڕۆژەى ئاوازێک لێدەدەن و کوورەى دەروونى لاوانى بێمافمان جۆش دەدەن ، دەیانەوێ لە ڕێگەى ناڕەزایەتى ئەوانەوە ئەزمونى گەلێک تێک بدەن .

( هەواڵێکى بە پەلە ) ، بۆتە سەمفۆنیاى ڕاگەیاندنە حیزبى و سەربەخۆ بێسەروبەرەکان ، بۆ زیاتر هەڵوەرینى گەڵایەکى تر لە درەختى بەژن زراڤى لاوانمان ، لە هەواڵێکى بە پەلەدا ڕایدەگەیەنن ، چاوشێکى تر ، زوڕنا ژەنێکى دیکەى پف دراو ، قوڕمیشکراو کە ساڵانێکە ناوى بێناوەڕۆک و بێکردارە ، میوانى – مایک – ە و چۆتە ڕیزى خۆپیشاندەرانەوە ، بێئەوەى پێى بزانرێ ، بە خشکەیى و ماتى ڕاستەڕێى خۆپیشاندانەکان بەرەو گرد و هەڵدێر دەگۆڕێ ، بەرەو حوجرەیەکى دەیجورى دەبات ، هەیهات --- هەیهات ، لە لاوانى وڵات ، چییان بەسەر هات ؟ ! نەفرەت لە دەسەڵات ، نەفرەت لە دەسەڵات ، کە نیشتمانەکەم بەم ڕۆژە گەییشت و لاوانى خوێنگەرمى واى بەسەردا هات !

لاوانى وڵات ، جەماوەرى ناڕازى خۆپیشاندەر ، ئەم ڕێگەیەى گرتووتانە بەرى مەدەن ، تا بە مافى ڕەواى خۆتان دەگەن ، بەڵام ڕێگە مەدەن ، کەس بەسەرتاندا بفەلسەفێنێ ، خۆى بە بەرۆکتانا هەڵواسێ و یەقەى خواستەکانتان بدڕێنێ .

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک