٣١\١٢\٢٠١٨
ماملێ.. یادی
بەخێر.

هەڵۆ محەمەد
هونەر،
لەم ژیانە جەنجاڵ و پڕ لە گێژاوەدا لای مرۆڤی شەکەت و ماندوو، یان
حەساوە و خۆشبەخت ، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر هۆگر و لایەنگرە. هونەر ئەو
بوارەیە، کە "پانتایی" ئارەزوو و حەز و ئەندێشە خۆش و بەلەزەت و
ئاواتەکانی تێدا تێکەڵ بەیەکتر بوون و یەکتر دەبیننەوە. هونەر ئەو
دەرمانەیە کە حەسرەتی دڵ دادەمرکێنێتەوە و تام و سەبوورییەکی تایبەت بە
جەستە و هەناو و گیانی مرۆڤ دەبەخشێ . هونەر بنەمایەکی بەهێزی گەل و
نەتەوەیە و میللەتی بێ هونەر، چەشنی باخی بێ گوڵە. لەباری سەرنجێکی
دیکەشەوە، هونەر چەکێکی کاریگەر و ناسنامەی هەبوون و تاجی شانازی و
سەروەرییە و گەر بخوازێ دەتوانێ، گشت سنوورەکانی ئاستەنگی بەردەم
ویستتەکانی ببەزێنێ.
هونەری ڕاستەقینەش بێ مەرج و داوای کەس، زیندوویی و گەورەیی خۆی وا لە
هەناودا و بۆتە هێزێکی مەزنیش لە بەشداریکردنی، هەر هەوڵ و گۆڕانێکی
سیستەماتیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا!. هونەری ڕەسەن و ناواخن پڕ لە
کەلەپووری میللی و خۆشەویستی مرۆڤ و سروشت، ئەو هونەرەیە کە بەدرێژایی
تەمەنی مرۆڤایەتی درێژە دەکێشێ و دەمێنێتەوە، ڕەگ لەسەر ناسنامەی خۆی
دادەکوتێ پەل و پۆدەهاوێژێ. لەهەر دەم و ساتەوەختێکدا دەنکە مرواری و
چەپکە گوڵی ڕازاوە و هەستی گەرم و ئاوازی بەجۆش و خرۆشی خۆی دەخاتە
بەردەستی گوێگر و عاشقانی.
هونەریی کوردیش، بە بەراوود بە باڵای هەنجن هەنجنکراوی ژیانی ژێردەستی
و وڵات دابەشکراوی، هونەرێکە بە قەوارەی ئازار و ژان، خۆشی و
شیرینییەکانی نەتەوەی کورد، خۆی بەرجەستە کردووە و پارێزگاری لە
هەبوونی خۆی کردووە و ڕەهەندی ڕەسەنایەتی خۆی پاراستووە و
سەلماندوویەتی کە لەو هەموو کەین و بەینەدا، ڕەنگ و بۆی خۆی هەیە.
هونەری کوردی بەتایبەتی (ئاواز و گۆرانی)ژێی هەست و نەستی هەر گوێگرێک
بەجۆش و خرۆشێکی ئەفسووناوییەوە دەهەژێنێ و مرۆڤ حەیرانی جوانی وڵات و
ئافرەت و وەرزە دڵفڕێنەکان و بۆن و بەرامەی گوڵزاری بەهار و دەنگ و
جریوەی باڵندە و ڕەنج و ئارەقەی ماندبوون و شادی و گەمەی مرۆڤی کورد
دەکات. لەنێو مێژووی سەدەیەکی ئەم هونەرەدا دەیان کەڵە هونەرمەندی
گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی لێهاتوومان بەرچاو دەکەون، کە بۆ هەتا هەتایە
بە زیندوویی " ناو و بەرهەمەکانیان" لەناو دڵ و هەستی گشتمان و مێژوودا
دەژین.
"ماملێ" ناوی ئەو کەڵە ھونەرمەندە میللییە ھەرە بە ناوبانگ و شۆڕەسوارە
ھەرە لێھاتووەی ئەم بوارەیە و ئەستێرەیەکی ھەرە مەزن و پڕشنگداری
جیھانی گۆرانی و مۆسیقای کوردیتە و نیو سەدەیرەبەق زیاترە بە ھەموو دڵ
و کوڵێکەوە بە ھەموو حەز و خواستێکەوە بەوپەڕی ئەمەکداریی و دڵسۆزییەوە
بەوپەڕی ھۆشیاریی و لێزانییەوە سەرقافڵەچێتی قوتابخانە و ڕێبازە
ھونەرییە تایبەتەکەی خۆی لە گۆرانی و ئاھەنگی کوردی گێڕان و داھێنانە
ھونەرییەکانی دەکات و نزیکەی ٧٠٠ گۆرانی ھەرە دانسقە و پڕ لە مانا و
تابلۆی بەرزی ھونەریی ھەستفڕێن بۆ چڕیوین و بەئاواتی زۆری دیکەش بوو،
مەخابن نەخۆشی چەپەڵ و مەرگی ناھەموار بوونە ئاسەنگی بەددەم گەیشتنە
ئاواتەکانی .
ماملێ، ھەبوونێکی ھەرە زێڕین و دەریایەکی ھەرە بەربەرینی وشە و گۆرانی
کوردییە و ھەزاران بەیتی رەسەن و فۆلکلۆری لەئامێزگرتووە و سەدان
ئاوازی ژیاندۆتەوە و داناوە و دەیان شیعری شاعیرە بەرزەکانی کوردی وەک{
وەفایی و مسباح الدیوان و ھێمن و ھەژار و کامیل} و...ھتدی بۆ کردووین
بە چەپکە گوڵی ڕازاوە و عەشقی خۆشەویستییەکی بە کەفوکوڵ و ھەست گەرم و
بۆی وتووینەتەوە و گیانێکی ئەفسووناوی کردووە بە بەرشیعرەکان دا. لەتەک
ئەم لایەنانەدا گۆرانییەکانی ماملێ، ھێزێکی دینامیکی شۆڕشگێڕی و
کوردایەتیش و ڕۆڵ لە ھۆشیاری نەتەوەیی و ھونەری بەرگریدا دەبینن. ئەو
مانا ئامێزییەی بەرهەمەکانی ماملێ جۆرە شەقڵ و ڕەسەنایەتییەکی
بەگۆرانییەکانی بەخشیوە و بوونەتە سیمبۆڵ و ناسنامەی ھونەرەکەی ماملێ و
کورد.
زنجیرە گۆرانییەکانی " بازی بێریان، زەمانە، یادی بەخێر، من دەڵێم شاری
دڵم، زێنەبێ، شیرین تەشی دەڕێسێ، جوانێ گیان بۆ وات لێکردم، مریەم
سابڵاخی" و سەدانی دیکە لە زیھن و خەیاڵ و سەرزمانی کەسمان سپی نابنەوە.
ھەربۆیە مامۆستا ھێمن ساتێ وا ھەست دەکات، ئەو لەبیرچۆتەوە و فەرامۆش
کراوە، ئاخر چونکە باش لەوە ئاگادارە، کە دەنگی " ماملێ" ھەردەم میوانی
ئامادەی گشت کەس و ماڵێکمانە، بۆ تکای وایە و داوامان لێ دەکات و دەڵێ:
ئا لەو چرکەساتەدا یادی بکەن.
لەو دەمەی دا گوێ ھەڵدەخەن بۆ تارێ
لەو دەمەی دا مامـلـــــــێ دەڵێ قەتارێ
دڵدارانی گۆرانی خۆماڵی کوردی، عاشقانی دەنگ و ئاوازی (( سەید ئەسغەری
کوردستانی، خارە تایەر تۆفیق، جووتە جەزراوی، کاوێس ئاغا، مامۆستا عەلی
عەلی مەردان، رەسول گەردی و حەسەن زیرەک )) و... دڵنیان کە ماملێ نامرێ
و بەھەشتی بەرین و دڵی ھەموو کورد و لاپەڕەی گەشی مێژوو و ھێلانەی
خۆشەویستی مرۆڤدۆستی مەنزڵگای دەبێت. ھەتا دوا زایەڵە و نووزەی ھونەری
کوردی، ماملێ زیندووە.
محەمەدی ماملێ لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەندە و مام سەعید ھونەرمەندی
سەردەمی سەید ئەسغەر بووە و ئێستاش پاش کۆچی خۆی وەچەیەک ھونەرمەندی
دڵسۆز و لێھاتووی خۆی پێ سپاردووین. ماملێ کوری شارەکەی قازی محەمەد و
ھێمن و ھەژار و کۆمارە جوانەمەرگکراوەکەی کوردستانە لە مەھاباد و
چوارچرای مەیدانی ئاڵای سەربەخۆیی ھەڵکردن و لەسێدارەی (قازی) یانە.
ھونەرمەندی پاش کۆمارە و لەسەر ھەڵوێست و ھونەر و بەرھەمەکانی، تووشی
ئازار و کولەمەرگی و زیندانی بووە. وەلێ کۆڵی نەداوە و ڕاستەوخۆ
بەشداری خەباتی نەتەوەکەی کردووە و باجی سەروەریی و تێکۆشانی خۆی داوە.
ماملێ دۆستی دەیان ھەڵکەوتووی دیکەی گەلەکەمانە و ھاودەمی زۆربەی
ھەڵکەوتووانی کوردی کردووە و لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندەکانی کوردستاندا،
پەیوەندی ھەبووە و پێکەوە گۆرانییان وتووە و ئاھەنگیان سازداوە.
لەڕادیۆکانی تاران و کرمانشان و سنە و مەھاباد گۆرانی پێشکەش کردووە.
ماملێی ھونەرمەند خاوەنی ھەستێکی زۆر پاک و بێگەردی کوردایەتی بووە و
چەندین جار گیانبازی بە ژیانی خۆیەوە کردووە، دەیان سروودی نەتەوەیی
بەدەنگە زوڵاڵەکەی تۆمار کردووە . سەرقافڵەی ئەمانەش وتنەوەی مارشی
نەتەوەیی (ئەی رەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان)ە. ئەمانەش بەڵگە و
دەلالەتی جەسووری و باوەڕی پتەو و بەتینی کوردایەتییەکەیەتی.ھونەرمەندی
هەڵکەوتوو و هێژا، خاوەنی کەسایەتییەکی گەورەی خۆی بووە. لەنێو خەڵک دا
و لای میللەتەکەی گەلێ خۆشەویست و ڕێزلێگیرواو بووە. ساڵی ١٩٢٥ لە
سابڵاخ لەدایک بووە. دوا ڕۆژەکانی ژیانی بەئازارەوە بەسەر دەبات و
تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەبێت و تا دەھات لاواز و بچووک دەبۆوە.
لە ڕۆژی ١٩٩٩/١/٢٣ پاش یادکردنەوەی جەژنی ڕێبەندانی ئەمساڵیش لەگەڵمان
دا ماڵئاوایی لێکردین.
ھەواڵەکە بروسکەئاسا بەسەرتاسەری کوردستان دا بڵاوبۆوە و ھەزاران ھەزار
کەسی ھەژاند و چزەی لەدڵ و دەروونی یەکپارچەی نەتەوەی کوردەوە ھەڵسان.
مەرگە تاڵ و ناخۆشەکەی، ژینگەیەکی خەمناکی دەروونی هێندە بەئازاری
خوڵقاند، خۆی وتەنی: شایی و شینمان تێکەڵ بوو.
ماملێ، سەرلەنوێ بێ پەیمان شکاندن!! لەگەڵ ھاوبیرەکانی دەست لەملی ھێمن
و ھەژار بووە. چونکە لە ھیچ شوێنێ و ھیچ کەسێ فێری پەیمان شکاندنی
نەکردبوو. باش دەیزانی لە نێو کورد دا پەیمان شکێنی نییە. دواتر
بەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شکۆوە، لە گۆڕستانی شاری سابڵاخ بە بەشداری
ھەزاران کەس بە دایکی نیشتمان بە ڕوو سووری و سەرکەشییەوە سپێردایەوە.
ئەفسووس و ھەزارجار ئەفسوس نەتوانرا ژیان و ئەزموون و کارەکانی ئەو
ھونەرمەندە ھەڵکەوتووەمان، بەتەواوی خزمەت بکرێت و تۆمارێکی جوانیان
بپارێزرێ. تەنها یادگارێک ئەوەیە ھونەرمەندێکی لاو بەناوی( شارامی
عەلیدی) کورتە فلیمێکی لەسەر ژیانی تۆمار کردووە.بە ھیوای ئەوەی
بەھیمەتی وەچە دڵسۆزەکانی خۆی و تەواوی ھونەرمەندانی بەئەمەک و خەمخۆری
کوردمان، ئەو کەلێنە مەزنەی کەوتە باڵەخانەی ھونەری ئاواز و گۆرانی و
ئاوازی کوردیمانەوە پڕ بکەینەوە.ب اس و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو
ھونەرمەندە ھێژایە بێکۆتاییە و ئەرکی دڵسۆزانی پسۆڕی ئەم مەیدانەیە،
ئاوڕی بەپەرۆشی لێ بدەنەوە.ھێندەی لەسەر بابایەکی وەکو ئێمە بێت، وا
بەقسەی بەدکاری لەگەڵ ناکەین و بەڵێنیان دەدەینێ:
ئەگەرچی ڕۆیین قەت ناچن لەیادمان.... دەکەین یادتان بە یادی ئەوانەوە
شادین
بۆ دەستکاریکردنی ئەم بەیتە شیعرە،داوای لێبووردن لە ڕەوانی بێگەردی
مامۆستا ھێمنی گەورە دەکەم.
__________________________________________________
سەرنج: ئەم
بابەتە گۆڤاری "خوێندکاری کورد" ژمارە ٢٧ نەورۆزی ١٩٩٩ بڵاوکراوەتەوە
بەناوی هاوبیرەوە. هەڵەکانی چاککراوە و بەکەمێک دەستکارییەوە لێرەدا
پێشکەشتان دەکەمەوە. بۆ مەرگی ماملێ گەورە دەستەی نووسەرانی خوێندکاری
کوردیش بروسکەی خەمباری نارد. پێش مەرگی مامۆستا کۆتایی هەشتاکانی
سەدەی ڕابووردوو، بۆ ئەنجامدانی دیمانەیەک، نامەیەکی دوورودرێژ و
کۆمەڵی پرسیارم ئاڕاستەی مامۆستا ماملێ کرد. بەداخەوە چ وەرامێکم
بەدەست نەگەشتەوە. ئیدی نازانم نامەی ناوبراو گەیشت یاخود نا!؟. دەنا
ئێستا زانیاری زیاترمان دەربارەی هزر و کار و خزمەتی هونەر و گۆڕانی
خۆیی و کوردی لەبەردەستدا دەبوو.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|