په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٥

مام رەسوول و دینداریی.


شوان حەسەن     


هێرش و تاڵان و سوتان، بەشێکی گەورە لە مێژووی ئەو میللەتە دەگرێتەخۆی، بەڵام لەو بەشەی کە باشووری وڵاتە واپێدەچێت کلتوری تێکشکانی بەهایەکانی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی خۆی نوسینەوەیانی کاڵکردۆتەوە و کەس تاقەتی گێڕانەوەی نەماوە، بۆیە نامەوێت بتانبەمە گەشتێکی دوور نەبادە وەڕس ببن.

لەساڵی ١٩٨٨ دوای ڕاگرتنی شەڕی عێراق و ئێران، وات هەست دەکرد هەرچی هێزی ڕژێمی بەعسە، بە تۆپ، فرۆکە، دەبابە، بەرەو کوردستان هاتوون، وێرانییەک کە مرۆڤ ناتوانێت باسی بکات، دوای مانگی ١١ی هەمان ساڵبوو، دووبارە بەعسیەکان هێرشێکیتریان کرد، ئەو خانوانەی لە هێرشەکانی پێشوو دەستیان نەگەیشتبوێ یا پێڕانەگەیشتبوون، دەیانتەقاندوە، دەیانڕووخاند...


ئەگەر لا دیواریش مابێت نەیڕووخێن دڵیان داناکەوێ هاوڕێ کوردۆ گۆتەنی.


دەڵێن: (کانیی بەهاران) لە نەخشەی سەربازیدا شوێنی دیارینەکراوە، بۆیە ئەوێمان هەڵبژارد وەک بنکە.


چەند هاوڕێیەک بووین لە دۆڵی خۆشناوەتی بەرەو دۆڵی مەلەکان دەڕۆیشتین، گەیشتینە( بناوێ) گوندەکەی مام ڕەسوڵ، جگە لە گوندەکە کانییەکەشیان تەقاندبۆوە، پارچە سەبەیەک کەوتبووە سەر کانییەکە، ئاوی لەژێر دەردەچوو، ئێمە چیای کۆڕەکمان لێدیاربوو، بەڵام نەماندەزانی ئایە ئەوان ئێمە دەبینن یان نە؟ باوەڕێکی زۆرمان بە مام ڕەسوڵ هەبوو، نازانم مام رەسوول چی بە خەیاڵدا دەهات، هێندە بینیمان دەست نوێژی هەڵگرت، لەسەر پارچە سەبەکە دەستی بە نوێژکردن کرد، ئەگەر چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئەو وتوێژەم لەگەڵ هاوڕێ موحسین یاسین نەبووایە، بڕوابکەن هاوسۆزییم لەگەڵیدا نەدەبوو.

 

مام رەسوڵ و بەختیاری شەهید تۆفیق هەریریی

 

لەسەر چیای هەورێ بووین، بە دوربین سەیری ئەو گوندانەمان دەکرد، جاش و سەربازەکان وێرانیان دەکرد، گوتم: ئەو هەموو گوند و مزگەفتانەیان تێکدا، ئەو هەموو قورئانەیان سوتاند، کەچی ئەو میللەتە فزەی لێوەنایەت، هەر دەڕۆن و دەبن بەسەرباز و جاش بۆی، سەیری هاوڕێ موحسینم کرد، بۆ ئەوەی بزانم قسەکەم چ کاریگەریەکی لێکرد، دیتم فرمێسکی لە چاو دێنە خوارێ، گوتم هاوڕێ لۆ دەگریێی؟ گوتی: نا بینی ئەو زاڵمانە ئاینەکەشمان پێ ڕەوا نابینن، ئەو وەڵامەی ئەو بۆ من زۆر جوان و مرۆڤانە بوو، بەڕاستی نازانم ئایە فرمێسکی بوو یاخود وەڵامە چاوەڕوان نەکراوەکەی بوو؟ هەر چۆنێک بێت هەستێک لام دروست بوو، کە ئەو ڕاستە.


مام رەسوول نوێژەکەی تەواو کردبوو، ئەو کاتەی دوو زیلی سەربازی بۆ لای بناوێ هاتن، هەڵکشاین بە باڵای ئیرۆن، زیلەکان تا نزیک گوند هاتنوون، دوای ماوەیەک وەستان گەڕانەوە.


*  *  *  *  *


شەو ساماڵێکی زیوینە، شوێن دەشتی هەریرە، سێ ماڵە ڕەشماڵی لێبوون، یەکێک لەو ماڵانە، ژنەکە خزمی مام ڕەسوڵ بوو، هێشتا نانمان نەخواردبوو، دیتمان چەند ترومبێلێکی ڕژێم بۆسەیان داناوە، لە جادە کۆنەکەی هەریرێ، لە چاو دیار بوون مام رەسوڵ بە دوربین سەیریکرد و بەڵام شڵەژانی پێوە دیار نەبوو، داوای دووگردی کرد، نوێژەکەی تەواو کرد، مام رەسوڵ ناوە ناوە پرسیاری ئەو دۆست و ناسیاوانەی دەکرد، پاش تێکچوونی گوندەکانیان دەربەدەر ببوون، ئایە ئێستا کەوتونەتە کوێ؟ بەڵام بە دووربینش سەیری شوێنی بۆسەکەی دەکرد، نانەکەمان تەواو کرد، خەریک بوو بڕۆین، دەنگی یەک ئۆفمان گویێ لێبوو، ئەو ژنە میهرەبانە لە ترس و لە خێرایی و لە دڵە گەورەکەی، نە یدەویست ئێمە بڕۆین و شفتیەکە نەخۆین، ئەی خوایەکەی مام ڕەسوڵ دەبێ ئەو ئافرەتە، ئەو شەوە بە چەقۆ چەند دەستی خۆی بڕیبێت، مام رەسوول گوتی .... دەستی خۆت زۆر بڕی، وەڵامی داوە: خەمی منت نەبی کاکە خوا دەکە ئەتوو سەلامەت بی. (ببوورن ناوی ئەو ئافرەتەم لەبیر نییە).


دەبێت ئەوەش بڵێم، پیاوەکەش زۆر ئارام و لەسەرەخۆ بوو هیچ پەلەی لێنەدەکردین.


ئەو خەڵکە جوانانەی پێشمەرگەیان کردبووە ئەندامی خێزانەکانیان، ئەو خەڵکانەی ببوون بە قەڵغان بۆ ئێمە، دەڵێن هەروا چاوەڕوانی بەڵێنەکانی ئێمەن، دەبێت دوای ئەو هەموو ساڵە باوەڕ بە ئێمە بکەن؟ دەبێت بزانن کە ئێمەش وەکو ئەوان بە کراسی بەری لەو دەسەڵاتە دەرچوویین؟ تکایە بەر لەوەی دادگاییمان بکەن، جوان سەیرکەن بزانن ئەوانە لە ئێمە دەچن..؟


*  *  *  *  *


ئەو کاتانەی پێکەوە بووین حەزمدەکرد بزانم مام رەسوول، بۆ بۆتە شیوعی، ئایە نەیدەزانی ئەو حیزبە بەرنامەکەی دینداریی نییە؟ بەڵام چۆن لێی بپرسم ، بەکردەوەکانی قەت ڕێگای نەدەدام لێی بپرسم ، ئەو مرۆڤە نوێنەرایەتی حیزبی دەکرد لە هەموو شوێنێک، زۆر جار دەیگوتە هاوڕێیان وریابن هەندێک شت هەیە، پێویست ناکات لە پێش چاوی خەڵك بیکەین و بیڵێن، ئێمە بۆ خۆمان پڕوپاگەندەیەکی زۆرمان دژ دەکرێت، ئەو مرۆڤە جوانە خەونی ڕزگارکردنی مرۆڤەکانی سەر زەوی هەبوو، هەوڵی دەدا کەرامەت بۆ ئەو خەڵکە بگەڕێنێتەوە، وەک باسم کرد، ئەویش دەیزانی ئەگەر وڵاتەکەی ڕزگار نەکرێت دینەکەشێ ڕزگار نابێت، ئەو کاتەی پێکەوە بووین، ماڵ و منداڵەکانی ئاوارەی ئوردوگا و ماڵان ببوون، بەڵام ئەو پیاوە جوانە، ئێمەی کردبوو بە کوڕی خۆی، دەڵێن لە شەستەکان دژی ئاغا بووە و خزمێکی ئەندامی حیزب بووە، کردویەتی بە دۆستی حیزب، لەو کاتەوە لەگەڵ حیزب بوون بە هاوڕێ و هەوراز و نشێوان دەبڕن.


*  *  *  *  *


ئەو پیاو بیری لە هەموو شتەک دەکردەوە، بەو تەمەنە گەورەیە، لەو کاتانەی لە ڕێگادا دەڕٶیشتین، ئێمە گەنج بووین پشوومان دەدا، ئەو چیلکە داری کۆدەکردەوە و لە پەنایەک، یا لە ژێر بەردێکی دادەنا، دەمانگوت: لۆ چیە ئەوە مام رەسور؟ دەیگوت لەوانەیە لەکاتی سەرما ڕێبوارێک ڕێگای بکەوێتە ئێرە ...... هەتا لەو کاتانەی ئاگرمان دەکردەوە، بەسەر داران دەکەوت، لق و چیلکە وشکەکانی لێدەکردەوە، دەیگوت: لۆ هەموو لایەک باشە، درەختەکە، سوتان، دووکەڵی نابێت و دوژمنیش نامان بینێ، شارەزایەکی سەیری لە ڕێگادا هەبوو، بەبزنەڕێ دەیبردیە سەر ڕێگای سەرەکی، جارەک بە ڕێگایەکدا بچوبایە، لە گەڕانەوە بە هەمان ڕێگایدا دەهێنایەوە، سەری بچوبا نوێژی نە دەچوو، ڕێگا هەر چەند دووربا ڕۆژوی نەدەشکاند، خاڵێکیتر کە مەزنی ئەو پیاوە نیشاندەدات، بەر لەوەی بیر لەوەبکاتەوە زیان بە دوژمن بگەینێت، بیر لە خەڵكی ناوچەکە دەکردەوە، ئەوەم بەکردار لە دۆڵی مەلەکان لێیدیت ، دوو سەرباز گوێزیان لێدەکردەوە، نزیک بووینەوە لێیان بیانگرین، چونکە چەکەکانیان لە خۆیان دوور بوو،ئاخر مام رەسوڵ زۆر سیفەتی ئەفسانەی تێدابوو، کاتی خۆی لە شەڕی براکوژی، پێشمەرگەیەکی یەکیتی گوتبووی : ئەگەر بمەوێ مام ڕەسوری لەخەوێدا دەگرم، مام رەسوڵ وەڵامی بۆ ناردبۆوە، واز لەو قسانە بێنە، وەرە خۆت تاقییبکەوە، ئەگەر مەبەستم لێبێت نایەلم مێڕوستان هەست بە هەنگاوم بکات، بەڕاستی وابوو، ئەو کاتەی لە سەربازەکان نزیک بووینەوە، پەشیمان بۆوە، گوتمان بۆ پەشیمان بوویتەوە، گوتی: زۆر حەز دەکەم دەرسەک بدەینە ئەو دوژمنە درندەیە، بەڵام خەڵكی ئەو گوندانانە تا ئێستا شەوانە دێن، بەرهەم و کەل و پەلەکانیان دەگوازنەوە، هەر ئەوەیان هەیە پێی بژین، با میەلەتەکەمان لەوە زەلیلتر نەبێت، مام ڕەسوڵ بۆ من کتێبێکە لە ئەرشیفی ئەفسانەکان و هیچ ئەرکیلۆگێک پەی پێنەبردوە، سوپاس ئەی مرۆڤە جوانەکە، بۆ هەموو وانەکانت، بۆ سادەییت، هیوادارم هەموو مرۆڤەکان باوەڕبوون و باوەڕنەبووونیان لە دڵی خۆیان دابنێن، ئازادی ئەو میللەتە بگەینیە قۆناغێک شیاو ژیانێکی مرۆڤانە بێت، ئەو کاتە لەو زەویە جێگامان دەبێتەوە کە ڕێز لەخاڵە جیاوازەکان بگرین ،دەزانم دەسەڵاتی ستەمکاری گەندەڵ و ئیسلامی سیاسی ئەو خەڵکەیان خستۆتە چەندان بەرە، بەڵام تا کەی ئەقل ئەو دەڤەرە جێدەهێڵێت؟ کاتی ئەوە نەهاتووە خەم و ئازارە هاوبەشەکان کۆمان کاتەوە؟

تێبینی، ئەمن حەزناکەم مەسەلەی خانەنشین بکەم بە کۆتایی قسەکانم ،چونکە هێندەمان گویێ لێدەبێت،خەریکە ئەو گومانەم لادروست بێت وەک بڵێت کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە لەسەر کەم و زۆری خانەنشینە، بمبوورن ئەو نەریتە بۆ هەلێک دەقۆزمەوە، مام ڕەسوڵ ٤٠ ساڵ زیاتر خەباتی کردووە و چەندان جار ماڵی سوتاوە و بریندار بووە، بەداخەوە بە نائیب عەریف خانەنشین کراوە و بە مووچەی دووسەد هەزار، بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەکەی بدەمەوە هەر دەبێت ئەوە بڵێم، ئەو غەدرەش بۆ گەورەی مام رەسولەکان دەگەڕێتەوە، کە ئەو دەسەڵاتە لە مێژووی خەباتیان دەکات، ئەو دەسەڵاتە ساڵانێکە مێژووی مرۆڤی دڵسۆز بە زیندوو و مردوەکەی لە خۆی دوور دەکاتەوە، کەواتە شەهادەیەکی گەورەیە ئەگەر لای ئەو دەسەڵاتە خۆشەویست نەبیت.

 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک