٣\٩\٢٠١٤
مامزەکان رەو
دەکەن!

نەهرۆ
مامزەکان پەیتا پەیتا دەلەوەڕان، هەقیان بەسەر کەسەوە نەبوو لە هەمان
کاتدا حەزیان دەکرد کەس هەقی بەسەریانەوە نەبێ، تەنیا گژو گیایان
دەخوارد و ئاوی سازگاری کانی یەکانیان دەخواردەوە! سەرەتا مامزەکان
لەکەس دڵنیانەبوون تەنیا لە هاورەگەز و دایک و باوکی خۆیان نەبیت!
بەڵام مامزەکان خاوەن هەستی توندی بیستن وچاوی تیژ بوون، بیستبوویان بە
پێ ئاینێکی دیاریکراو گۆشتیان حەڵال کراوە، ئەوانیش زۆر ڕقیان لەو
ئاینە بوو کە گۆشتی بەستەزمانێکی وەک ئەوان حەڵاڵ کردووە! مامزەکان لە
دڵەڕاوکی بەردەوام دەژیان، هەستیان بە مەترسی کردبوو سەبارەت بە
توانەوەی رەگەزەکەیان، مامزەکان وەک ئاژەڵەکانی دیکە خاوەن وڵات و
مەملەکەتی خۆیان نەبوون! بۆیە قەدەریان وابوو هەر ڕەو بکەن، بەسەر
لوتکەی چیاکان و جاروباریش بە پێدەشتەکان ڕەویان دەکرد! لەم ماوەی
دوایی دا گوێبیستی ئەوە ببوون کە جەماعەتێکی توندڕەو پەیدا بوونە، پشت
بە دەقەکانی ئاین دەبەستن بۆ لەناوبردنیان، لەناوبردنی یەکجارەکی
بەشێوەیەک کە ئاداریان بەسەر پادارەوە نەمێنێ، کۆمەڵ کوژیان بکەن، ئەم
جەماعەتە چەکی قورس و دوور هاوێژیان پێبوو، لە کاتێ پەلاماریان بۆ سەر
مامزەکان چەندین یان خەڵتانی خوێن دەکرد، ئەوان تەنیا بەمەبەستی ڕاو
مامزەکانیان نەدەگوشت بەڵکو خولیای شەڕئەنگیزی بەر چاویان سور کردبوو،
ئەوان تەنیا بەوەوە ڕانەوەستان کە لە دوورەوە مامزەکان بکوژن بەڵکو
دوای ماندووبوونێکی زۆر هەوڵیان دەدا بە زیندویەتی بیانگرن و
بەشێوەیەکی دڕندانە سەرەکانیان لە جەستەکانیان بکەنەوەو، وەک نیشانەی
سەرکەوتنی دڕندایەتیان بەسەر دارتیلەکانەوە هەڵیاندەواسی!
ئەم جەماعەتە توندڕەوە بە کوشتنی مامزەکان ڕاهاتبوون، دەیانگووت
مامزەکان ئاینێکی دیکەیان هەیەو خاوەن بڕوایەکی دیکەن و خوایەکی دیکە
دەپەرەستن، ئێمە یان دەبێ بیانهێنینە سەر ئاینەکەی خۆمان یان دەبێ
بەکۆمەڵ لە ناویان بەرین!
رۆژێکیان مامزەکان کۆبوونەوەو بریاریان دا خۆیان فێری بە کارهێنانی چەک
بکەن تاوەکو بەرەنگاری لە نەسلی خۆیان بکەن، لەنێو مامزەکان نێرومێ
رێکخرا و خولی ڕاهێنان لەسەر چەک بۆیان کرایەوە، مامزەکان چی دیکە ڕازی
نەبوون لەبەر ئاینی جودایان خوێنیان بە فێڕۆ بڕژێ! لە کوێ دەوەرە
درابان لەوێ بەرگری یان دەکرد!
لە گەرمەی جەنگ هەندێ مامز رێگایان لێ ونبوو چوونە نێو جەماعەتی
توندڕەوەکانەوە، ئەوانیش بێ بەزەیی یانە سەریان بڕین، توندڕەوەکان
بروایان بە یاسای جەنگ نەبوو!
لە کاتێ سەربڕینی دیلەکان بە چەقۆ لەسەر تۆڕێ کومەڵایەتی فەیسبوک بە
تومارکراوی بڵاویان دەکردەوە، هەرگیز شەرم لە کردەوەکانیان نەدەکرد!
دڵی قوربانیەکانیان دەخوارد!
لەڕاستی دا ئەم کردەوانەیان تەنیا بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی
توقاندن بوو، توندڕەوەکان زۆر شارەزای شەڕی دەروونی بوون!
کاتێ سەری مامزێکی دیلیان دەبڕی بە گووتنەوەی ڕستەی گەورەیی بۆ خوا
خەتمی کردەوەکەیان دەکرد! کەچی کاتێ یەکی لە توندڕەوەکان لە گەرمەی
جەنگ بە برینداری دەکەوتە دەستی مامزەکان، مامزەکان دڵیان نەئەهات
بیکوژن بەڵکو تیماریان دەکرد لە شوێنێکی ترو لە بەروارێکی دی
بەرەڵڵایان دەکرد!
مامزەکان زۆر شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکرد کە گوشت خۆر نین و ڕقیان
لە خوێن ڕشتنە! بەڵام مەترسی لە نێوچوونی ڕەگەزەکەیان گیانی بەرەنگاری
و خولیای فێربوونی بەکارهێنانی چەک لایان چەکەرەی کردو پەرەی سەند!
ئیدی رۆژگار وای لێهات جەماعەتە توندڕەوەکە دەرەقەتی مامزە چەکدارەکان
نەیەن، هەر بۆیە پەنایان بردە بەر هێرش بۆ سەر شارەکانی دیکەی مامز
نشین، مامزە نێشتەجێبووەکانی ئەو شارانە جارێ فێری بەکارهینانی چەک
نەببوون و لەبەرەی سڤیل ئەهاتنە ژماردن ! لە تۆڵەی جەربەزەی مامزە
چەکدارەکان، توندڕەوکان هێرشیان بۆ سەر شاری مامزە سڤیلەکان دەکرد،
شەلم کوێرم دەکەوتنە ناویان بە کۆمەڵ دەیانکوشتن، مامزە مێ یەکانیانیش
دەستبەسەر کردو لە بازاڕی شارێک بەناوی نینەوا هەڕاج کران و بە نرخێکی
هەرزان دەفرۆشران لەم کردەوانەش سروشیان لە کردەوەی پەیامبەرەکەیان
وەرگرتبوو لە کاتێ جەنگەکانی داو کەچۆن دەست بەسەر مێ ینە دا گرتووە!
ئەم بە کۆمەڵ کوشتنەی مامزەکان سەرنجی سەرتاپای جیهانی بۆ لای خۆی
ڕاکێشا! هەموو دنیای پێشکەوتوو ئینسان دۆستی دوای لێقەومان! بوون بە
لایەنگری مامزەکان گەرچی مامزەکان لەسەر دین و باوەری جیاواز بوون!
رۆژ لە دوای رۆژ تا دەهات وڵاتان چەک و تەقەمەنیان ئەدایە سوپای
مامزەکان، مامزەکان خولیای شەڕئەنگیزی و پەلاماریان نەبوو تەنیا داکۆکی
یان لەو ناوچانە کرد کە تیایدا دەلەوەڕان و بە شاری مامزان ناسرا بوو!
جەماعەتی توندڕەوە دڵ ڕەشەکان ئاڵایەکی قەترانی ڕەشیان هەبوو، بە
گەورەیی ناوی خوایان لێ نووسیبوو کە گوایا خوا یەکەو نابێ بە دوو!
پێیان وابوو لە سەرتاپای زەمین تەنیا یەک خواو پەیامبەرو ئاین هەیە کە
ئەویش ئەوەی ئەوانە! لە بەرانبەردا مامزەکان پێستی شەهیدیکی سەرکردەیان
وشک کردبوەوە بە خوێنی سوری یەکەم شەهیدی جەنگ لەگەڵ توندڕەوەکان وێنەی
خۆرێکی درەوشاوەیان لەسەر کێشابوو!
ئاڵای ڕەشی توندڕەوەکان بوو بە سیمبۆلی نەفرەت لە هەموو کوچەو کەنارێکی
دونیا، کەچی ئاڵای مامزەکان بوو بە هێمای خوشەویستی و بەرخۆدان، لە هەر
کوێ یەکی جیهان خۆپێشاندان هەبووایە، نوێنەرێکی مامزەکان لەوێ ئاڵاکەی
بەرزدەکردەو بە شکاوەیی لێ دەڕوانی و دەگەشایەوە!
توندڕەوەکان بروایان بەیەک ڕەنگی و یەک دەنگی هەبوو ئەویش ڕەنگی ڕەش و
دەنگی فیچقەی خوێن بوو، دەنگێک کە لەناو کۆڵانە تاریکەکانی مێژوو
هاتۆتە دەرەوە دەیەوێ ڕەوڕەوەی مێژوو بگەڕێنێت بۆ دواوە! دەنگی فەرمان
و فەتوا دەرکردن و دەم تێوەردان لە وردودرشتی ئاکاری خەلک، جوانی
دونیایان لە نێوان حەڵاڵ و حەرام قەتیس کردووە!
هەر ئەوەندە ماوە بڵین نابێ مامزەکان هەوا هەڵمژن ! توندڕەوەکان پێ یان
وایە دەبێ گوانی مانگا داپۆشرێ، مەزارەگاکان دەتەقێننەوە بە بیانووی
ئەوەی نابێ شەریک بۆ خوا دروست بکرێ ! لە ناو ئاپۆرەی مامزی سڤیل خۆ
ئەتەقێننەوە بەمەبەستی ئەوەی لەو دونیا سیکس لەگەڵ حوریەکان بکەن!
رەنگە لە ئایندەی نزیک فەرمانێ ئەوە دەرکەن کە دەبێ ماسی لە نێو
رووبارو دەریاکان دەبێ خۆیان داپۆشن! چٶلەکە و پاساری نابێ بە ئاسمان
دا بفڕێ چونکە دەرپێ یان لەپێ نییە! توندڕەوەکان تەنیا
شەمشەمەکوێرەکیان خۆش دەوێ ئەویش لەبەر ئەوەی بەشەوان هەڵدەفڕێ و کەس
مەمکەکانی نابینێ!
بەڵام دونیای مامزەکان زۆر جوداو جیاواز بوو، چی دیکە وەک جاران نەمان
تەنیا بروایان بە هاڕەگەزو دایک و باوکی خۆیان هەبێ، ئاژەڵەکانی دیکە
تێکەڵیان بوون، بەتایبەتی ئەو جورە ئاژەڵانەی لێقەوماوو بوون و ئاوارەی
شارەکانی مامزان بوون، تا دەهات مامزەکان دونیابینی یان فراوان دەبوو
دەکرایەوە تەنانەت لەو بەری سنوورە دەستکردەکانەوە مامزەکانی دی بە
هانایانەوە هاتن و بوون بە هاوسەنگەریان!
وڵاتانیش بریاریان دا بە فرۆکەی جەنگی ئاسمانی مامزان بپاریزن و
لەویشەوە موشەک رەوانەی سوپای توندڕەوەکان بکەن سەرئەنجام لە رێگای
موشەکی فرۆکەکانەوە چەندین کەلاکیان لێ بەجێ ما، بوون بە خوراکی قەل و
داڵ، بەم شێوەیە ترس و دڵەراوکی بەرەی توندڕەوەکانی تەنییەوە بە
تایبەتی دوای هاتنی فرۆکە جەنگی یەکان بۆ یارمەتی دانی بەرەی مامزان!
بەرەی توندڕەوەکان چۆکیان شکا تەنانەت ئەو خوایەی کە ناوەکەی لەسەر
ئاڵا ڕەشە شوومەکەیان نووسرابوو بە هانایانەوە نەهات!
خەڵکی رۆشنبیر رۆژنامەنووسان لە رادیوو تەلەفزیون و دەزگای ڕاگەیاندنی
جیهان لایەنگیری خۆیان دەربڕی بۆ بەرەی مامزەکان!
مامزەکانیش گەیشنە ئەو بروایەی کە ئەم جەماعەتە توندڕەوە بۆ لە
ناوبردنی ئەوان دروست کراوە بۆیە تا دەهات ریزەکانیان یەکدەخست و
تەگبیری رۆژ لە دوای رۆژیان دەکرد، مامزەکان دڵنیا بوون لەم جەنگە
لەگەڵ توندڕەوەکاندا دەبەنەوە، هەرچەندە ئەم جەنگە کە دژیان بەرپا بووە
بە ناوی خوداو ئاینەوە دەکرێ لەبەرانبەردا مامزەکان بروایان بە خوای
خۆیان هەبوو، خوایەک کە نایەوێ ببێتە بازیچەی دەستی توندڕەوەکان،
خوایەک کە نایەوێ بەو جۆرە خودا بێ ! خوایەک کە نایەوێ ئاینێکی وا
ترسناکێ هەبێ!
مامزەکان ترسیان نەبوو لە کوفرو ئیمان، ترسیان نەبوو لە ئەهریمەن و
شەیتان، ترسیان نەبوو لە بەیانی و مردن، ترسیان نەبوو لە ساتی نەشئەو
مەی خواردن!
مامزەکان پێیان وابوو ئەم هێرشانە، دووبارەبوونەوەی هێرشی چەند سەد
ساڵی پێشووە کە بە ناوی خوداو ئاینەوە کرایە سەر شارەکانیان، ویڕای
ئەوەی ئەو کاتە سەردەمی ئەسپ و شمشیر بوو، بەڵام مامزەکان بەرەنگاریان
دەکرد و خۆیان نەدایە دەستەوەو بەڕەسەنی مانەوە، گەرچی ژمارەیکیان لە
ژێر زەبرێ پەلامار دا ئاینەکەیان گۆڕی!
توندڕەوەکان پێ یان وابوو یەک خوداو یەک ئاین و یەک پەیامبەر هەیە
ئەویش ئەوەی ئەوانە، بەڵام لە بەرانبەردا مامزەکان پێ یان وابوو چەندین
خودا هەیە بروایان بە بلورالیزمی خودایی هەبوو، پێ یان وابوو لە
ئاسمانی هەر وڵاتێک خوایەکی جیاواز هەیە ئیدی هەر کۆمەڵە ئینسان و
ئاژەلیشەوە لە رونگەی خۆیانەوە بۆ چەمکی خوا دەروانن!
بۆیە مامزەکان پێ یان وابوو ئەم شەڕە کە دەیکەن شەڕی ئازادی بیروڕایە،
شەڕی مان و نەمانە، شەری قەبوڵ نەکردنی ئاڵای رەشی نگریسە، شەری
هەڵکردنی ئاڵای خۆر لە ئامێزی مامزەکانە کە مێژوویەکی دێرینی هەیە!
٢\٩\٢٠١٤
- ئۆسلۆ - نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|