په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١١

''ماندوو'' خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروتی بەدەستهێنا.

 

مه‌نسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە دەرھێنانی "ئیبراھیم سەعیدی" خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەیروت" لە وڵاتی لوبنانی بەدەستھێنا.

بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیلمی "ماندوو"، فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئیبراھیم سەعیدی" بە ئامادەبوونی خاتوو "تیما ئەمیری" یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، لە رۆژانی ١١ و ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١١ لە بەشی پێشبڕکێی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەیروت" لە لوبنان نمایشکرا و توانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە بە ناوی "فرانس ٢٤" بەدەستبێنێت.

ڕێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی "بەیروت" لە ھۆڵی تیئاتری "کارکۆلا" لە بەریرووت بەڕێوەچوو و ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: دەرھێنەری ئیتاڵی "لۆکا گوادانینۆ" سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان، "کارلین ئاڵبۆ" دەرھێنەری فەرەنسی، "میسۆن پاچەچی" بەرھەمھێنەری عێراقی، "رەجا سانیع" رۆماننووس عەڕەبستانی و "کریستیانۆ پیچینۆ" رخنەگری سینەما، خەڵاتی تایبەتی خۆیان لە بەشی "فرانس ٢٤"دا بەخشییە فیلمی "ماندوو" لە دەرھێنانی سینەماکاری مەھابادی ئیبراھیم سەعیدی.

ئیبراھیم سەعیدی بە ھۆی سەرقاڵی بە نوێترین بەرھەمییەوە نەیتوانی لەم فیستیڤاڵە ئامادەبێت و خاتوو "تیما ئەمیری" بە نوێنەرایەتی لەم سینەماکارە کوردە، خەڵاتەکەی وەرگرت و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە لە وتەیەکی کورتدا گوتی: "سڵاو دەنرێم بۆ خەڵکی زوڵملێکرای فەلەستین".

ھەروەھا کورتە فیلمی "پێم خۆش بوو کەسێک لە شوێنێک چاوەڕوانم بێت" لە دەرھێنانی سینەماکاری لاوی کورد بابەک ئەمینی خەڵاتی برۆنزی باشترین کورتە فیلمی یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەیروت"ی بەدەستھێنا.

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەیروت" بە بەشداری ٦٧ فیلم لە ٢٩ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی؛ "فیلمە چیرۆکییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست"، "کورتە فیلمەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" و "فیلمە دیکۆمێنتییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست" و ھەروەھا چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: "پانۆڕامای نێودەوڵەتی"، "کورتە فیلمەکان"، "فیلمە چێشتخانەیەکان" و "فیلم گەلی منداڵان" لە بەیروتی پێتەختی وڵاتی لوبنان بەڕێوەچوو.
__________________________________
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.beirutfilmfoundation.org/Mef11/results.html

 


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی "ماندوو".

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک