په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١\٢٠٢٣

مانگرتنە کرێکارییەکانی بەریتانیا لە ساڵی نوێدا!


نوری بەشیر      


ساڵی نوێ لە بەریتانیا لە درێژەی ناڕەزایەتیە کرێکارییەکانی ساڵی پار بەرفراوانی بەشێوەی مانگرتنی گەورە بەرنامەی خۆیان خستۆتە ڕوو بەتایبە لەم مانگەدا تا ئێستا لە بەشە جیاوازەکانی: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان، رێگاوبانە خێراکان، پەرستاران، ئەمبولانسەکان، پاسەکان و رێگاوبان و بەشەکانی تر، دەستپێدەکان کە لەچەند دەیەی رابردوودا بێوینە دەبێت بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ خاوەن کۆمپانیا و دەوڵەتدا نەگەنە رێکەوتن.


ئەمڕۆ سێ شەممە ٣/١/٢٠٢٣ یەکەم رۆژی مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان دەستی پێکرد کە بڕیارە شەش رۆژی تر بەردوام بێت. مانگرتنی ئەمڕۆ کە تەنیا لە پێنج شەمەندەفەر یەک دانەیان کاری کردبوو، بووە هۆی ئەوەی گەورەترین ئیستگاکانی شەمەندەفەر بەتایبەت لەلەندەن وەک لەندەن برج و کینکس کرۆس کە وەک رۆژنامەی سەن نووسیویەتی وڵاتەکە دەکاتە شارۆچکەیەکی جنۆکەیی.


لیستی ناڕەزایەتیەکانی کانوونی دووەمی تا ئێستا بەم شێوەیە دەبێت: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان رۆژانی: ٣، ٤، ٥، ٦، ٧ و ١٢ی کانوونی دووەمی. کرێکارانی پاسەکان: ١٠، ١٦، ١٨، ٢٥ و ٢٦ی کانوونی دووەمی. ئەمبولاسەکان: ١١ و ٢٣ی کانوونی دووەمی. پەرستاران: ١٨ و ١٩ی کانوونی دووەمی. کرێکارانی رێگاو بان و بەشەکانی تر: ٨ی کانوونی دووەمی. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە بەسەدان هەزار کرێکار ماندەگرێت کاریگەری گەورە لەسەر هەم ئابووریی وڵاتەکە دادەنێ، هەم کاریگەری لەسەر رێگاوبان و خزمەتگوزاریەکانی وەک نەخۆشخانەکان دەبێ.


لەگەڵ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانەکەی ڕیشی سوناک دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣ یاسای توند بۆ سنووردارکردنی مانگرتنەکان دابنێت، بەڵام ئەوە ناتوانێت رێگا لە مانگرتنەکانی کرێکاران تا ئێستا بگرێت، ئەگەرچی هەر لەئێستاوە نیەت بۆ ئەو یاسایانە تانەی زۆری لەسەرە.


حکومەتی بەریتانیا وەک حکومەتی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان تا ئێستا ئامادە نیە بەوجۆرەی کە کرێکاران لەبەرامبەر ئەو هەڵئاوسانە گەورەیەی کە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە بینیوە و بەتایبەت کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگەی داناوە، کە داوای زیادکردنی کرێ و باشکردنی هەلومەرجی کارکردن دەکەن وەڵامبداتەوە. حکومەتی پارێزگاران دەیەوێت لەرێگای زیادکردنی بڕێکی زۆر کەم لەهەندێک کەرتی تایبەتدا یان دانی بڕێک پارە لەم وەرزی سەرماو سۆڵەیەدا وەک یارمەتی بۆ دانی کارەبا و گاز، یان لە رێگای هەڕەشەی گۆڕینی یاسای توند بەدژی کرێکاران و مانگرتنەکان وەڵامبداتەوەو پاشەکشە بەکرێکاران و ناڕەزایەتیەکانیان بکات، بەڵام لە ئاخری ساڵی پارەوە یەکێتیە کرێکاریەکان و رابەرانیان و خودی کرێکارانیش پەیامیان دا بە حکومەتەکەی ڕیشی سوناک کە نامانەوێت پارەی بیڵمان بۆ بدەن بەڵکو موچەکەمان بۆ زیادبکەن و هەلومەرجی کارمان بۆ چاک بکەن.


لە ساڵی پارەوە کرێکارانی بەریتانیا دەورانێکی نوێی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان دەستپێکردوە کە ئاسۆیەکەی خستۆتە بەردەم کرێکاران و یەکێتیە کرێکاریەکانەوە لە هاتنەمەیدان و سوربوون لەسەر خواستەکانیان و رۆژ دوای رۆژ بەشە جیاوازەکان پەیوەست دەبن بە ناڕەزایەتیەکان و خستەڕووی داواکانیان چ لەکەرتی دەوڵەتی یان کەرتی تایبەتدا، ئەمەش فشارو کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی پارێزگاران و هەتا ئۆپۆزیسیۆنیش کە خۆیان لەقەیرانێکی گەورەدان داناوە، بەتایبەت حکومەتی تازەی ڕیشی سوناک هاتووە وەڵام بەو قەیرانە بداتەوە کە حکومەت و حیزبەکەی دەرگیریەتی وە دەیەوێت ئەزمەکە لەسەری خەڵکدا بشکێنێتەوە هەر بۆیە تا ئێستا لەبەرامبەر خواست و داواکانی کرێکاراندا بێ وەڵامە.


٣\١\٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک