په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١١\٢٠١٨

    مانگی شیراز.*

                                  

عەبدولوه‌هاب بەیاتی                     و: نەژاد عەزیز سورمێ


(١)

دڵم بریندار دەکەم ،
شیعرەکانم
بە خوێنی دەدێرم ..
گەوھەرێک
لەبن ڕووباری مرۆڤایەتیدا
شەوق ئەداتەوە ..
پەپوولەی سوور ھەڵدەفڕن
لە شیعرەکانمدا ژنێک لە دایک دەبێ
مانگێکی شیرازی ،
لە گوڵەگەنمێکی زێڕینی بادراو ھەڵگرتووە ..
ھەنگوێنی دارستانانی
لە چاودا دەگەشێتەوە و
خەمی ئاگری ئەبەدییەت
باڵی
بۆ لە شەودا دەڕوێنن و دەفڕێ،
خۆرێک لە خەو ھەستێنێ
لە تنۆکە ئارەقی درەوشاوەی سەر
ھەنییەی عاشقدا نووستوە .
لە خەمی ڕەنگەکاندا
کە لە نێو تابلۆیاندا شێردراونەتەوە :
ژنێک ماھێکی شیرازی ھەڵگرتووە
لە شەودا دەفڕێ ..
گەمارۆی خەوم دەدا ،
دڵم بریندار دەکا ،
شیعرم
بە خوێنی دەدێرێ ..
شاران
لە بنی ئەو ڕووبارەدا دەبینم نقووم بوون
لە چاوەکانیدا سەرچاوەی گرتووە ..
جادوویەکی ھەنگوێنی
ھەر کێ نزیک دەبێتەوە
چاوی تێدەبڕێ
یان پێچەوانەی تەوژم مەلە دەکا
دەیکوژێ ..

ھەموو ژنانی دونیا
لە ژنێکدا دەبینم
لە شیعرەکانم لە دایک دەبێ ،
خاوەندارییەتی دەکەم ..
تێیدا دەحەوێمەوە ..
بەرەو ڕووی شەودا دەقیژێنم
لێ باڵەکانم
بەسەر ڕەنگی شاراوەی ناو تابلۆیان
تێکدەشکێن .

(٢)

شێت
بە ڕووباری
لە چاویدا ھەڵقوڵاو
بە ھەنگوێنی ئاگرینی گەشاوەی ناو
ڕووباری ئاگر
پێچەوانەی تەوژم
مەلە دەکەم.

(٣)

مێژووی ڕووباران دەنووسمەوە
لە مەلی خۆشەویستی و
ڕووباری زێڕینی درەختان
دەست پێ دەکەم.

(٤)
عاشقان ،
بە خوێنی من خۆیان دەشۆن
غەریبانیش بە شیعرەکانم
لە مەنفادا
شیراز بنیات دەنێن .

(٥)
خاوەندارییەتی دەکەم و
تێیدا دەحەوێمەوە
لە پەڕەمووچیدا
وێنەی یۆتۆبیایان دەکێشم
شاعیری تێدان.

(٦)
بە ڕووباری لە چاوەکانیدا ھەڵقوڵاو
شێت ..
بە لێشاوی سەرکێش و لافاو
بە بڵێسەی دڕندەی برسی
مەلە دەکەم
بێ ئەوەی بگەمە کەنار
بە سەرخۆشی نقووم دەبم..

(٧)
باڵم لێک دەکەمەوە و
لە نیوەشەودا بۆی دەفڕم
دەیبینم
نووستوە
خەون بە مانگی سەوزی شیرازییەوە
دەبینێ ..

بەسەر دەروازە بەردینییەکاندا دەگری ،
بە لق و چڵی باخچەکەیدا شۆڕ دەبێتەوە و
تەنیا تێیدا دەمێنێتەوە ..
ژیانم نەدەبوو
خاک
بە ئامادەیی و نائامادەیی
تێیدا بوو
پڕ لە کۆچ و بە تەنێیی و
تارمایی مردووان ..
ئەی گۆزەی
ڕوومەت بە توتڕک سوور و
گوڵی شاخاوی سپی !
لەو سەفەرەدا
ببە بە توێشەبەرەی من !
لەم سەفەرەدا
ببە بە دوایین مەنفای نیشتمانم
تێیدا بحەوێمەوە و بمرم .


(٨)
بە خۆشەویستی بڵێ (ئا)
یان بڵی ( نا ) .

(٩)
بڵێ ( بڕۆ !)
یەکسەر دەڕۆم ..
بڵێ ( حەزم لێتە)
یان بڵێ ( حەزت لێ ناکەم )

(١٠)
چاوەکانت
دوو چراوگی زێڕینن .
دەستت
دوو چارۆگە .

(١١)

کارەساتێک
لەژێر ڕووپۆشی وشەدا
دەشارمەوە ..
بە برینەکەم دەڵێم ،
(سارێژ مەبە!)
بە خەمم دەڵێم ،
(سارد مەبەوە !)
بە عاشقان دەڵێم
(خۆتان بە خوێنی من بشۆن!)

(١٢)

ئاگر ئاگر ھەڵدەلووشێ و
خەمی عاشقە کۆچەرییەکانیش
لە سارای خۆشەویستیدا
دەشارێتەوە ..
شیراز دەمێنێتەوە
ئێمەش دەمێنینەوە
لە شەودا سەفەری بۆ دەکەین
سووتاو بە ئاگری خەمی ئەبەدی ..
لە سپێدەدا
باڵمان لێ دەڕوێن
دەفڕین
بەڵام پێش ئەوەی
کاروانی بگاتێ
دەیکەین بە ھی خۆمان
لێی دادەنیشین و دەگەڕێینەوە .

(١٣)
لە سەرچاوەکانی نووردا
بە کوژراوی دۆزیمیانەوە
دەمم
بە توتڕکی سوور و گوڵی سپی شاخاوی بوو
باڵیشم
لە نووردا ڕوا بوون.
_______________________________________________
* لە کۆشیعری (قمر شیراز)ەوە، بڕوانە: www.alriyadh.com/52342

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک