په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٠\٢٠١٠

    مارت لە وەرزەکانى هەڵەبجەدا.

رۆژ هەڵەبجەیى

هەموو ساڵێک وەرزێک دەمباتەوە،
بەرئاستانەى چۆلەکە وێرانەکانى باخى گشتى و
کە نەسمە کاولەکانى ماڵى پاشا....


هەمووساڵێک کلۆربوونى ئاسمان و
تینوێتى باران، بەهەورى پەنجەکانى هەڵەبجەوە هەڵئەکا
هەمووساڵێک عاشوراى غەدرێک،
لەپێیەکانى عومەرى شارەکەمەوە نەزیفەکا و
بەعاتیفەى خێڵەوە دەپێچرێ...!
هەموو ساڵێک ئاشوبى سەرمایەک،
لەودیو کۆڵانەکانى کانیەشقان و مۆردانەوە
پرچى ڕەنگاڵە قەیرەکان بەشەختەوە دەبەستێ و
ناهێڵێ قژى گەنمێک لە کەروێشکەى،
شنەبایەکدا مەلەبکا و
شالوریک،بەدەم حەسرەتى مارتەوە،
لەقەفەسێکى نەخۆشا،
دێڕى دەنگى خۆى ڕەش نووسکا...!
ئەى مارت...بانگى کات ژمێرەکانت بڕوخێ و
چوار چێوەى جەندەڵەکانت ووردو خاش...
من بەم هەموو عوزلەتەوە، پارچە، پارچە بووم
ئیتر چۆن بچمەوە سەر وێنەیەکى ڕیالیزمى...
لەبازاڕەکانى وەسمان پاشادا..
چەند مسقاڵ عیشق و
چەند کولێرەى ڕۆمانسى،
چەند چەپک ماکیاج و
چەند کیلۆ هۆش بکڕم....!
هەتا عونەکانى هەڵەبجە بەناو هەموو ڕێگەیەکى بانەدا،
پیاسەى دووکەڵ لەچاوەکانیانا هەڵنەگرن..
هەتا هیواکانى هەڵەبجە بەپەڕەمووچى شکستەوە
زەخرەفەى خانەقایەکى گریا و ڕوئیا نەکەن....
هەتا ماچەکانى هەڵەبجە، بەکفرەکانى سواڵەوە
فاتیحەى نوێژێک دەسڕێژنەکەن...
هەتا هەڵوژەکانى هەڵەبجە،
بەگێڕانەوەى نوکتەى ستیانێکەوە،
شوشەى قاقایەک نەشکێنن...!!
  
*   *   *   *
جەسارەت لەچى بکەم ئەى مارت...
بەم هەموو گروپى عیشقەوە هەردەچمەوە سەر
میتۆدى گوڵەکانى نائومێدى...
تەمەننا لەچى بکەم ئەى مارت...
بەم هەموو مۆسیقاى گوڵە نێرگزەوە
هەردەچمەوە سەر کێڵگەى قاقڕى...
لەدەنگى چ چرایەکەوە پچڕانى دەنگم،
بەڕووناکى دەپێچى ئەى مارت..
بەم هەموو تۆفێقى کارەباییەوە،
هەر دەچمەوە سەر چەهچەهەى تاریکى ...!
لەنەخۆشخانەى چ خورافاتێکەوە هاوارکەم
ئەى مارت...
بەم هەموو فڕینى باڵە گەنجانەوە،
هەر دەچمەوە سەر برینترین فڕین...
لەتاراوگەى چ چاوێکەوە ژیرم دەکەیتەوە ئەى مارت
بەم هەموو وورشەى چاوە هەڵۆیانەوە،
هەر دەچمەوە سەر فەتواى کوێربوون...
لەحەرامستانى چ دەڤەرێکا دەمکوژێنێتەوە ئەى مارت
بەم هەموو زیکرى ئاوەوە هەردەچمەوەسەر،
ناسنامەى سەراب...!!
بەئاوەدانى چ درەختێکەوە، ئەدەب و هونەر دەکێڵى،
ئەى مارت.. بەم هەموو باخى شیعرەوە،
هەردەچمەوەسەر ئافاتى ئاوەقڵیشاوەکانى سوهراب...!
لەپەرستگەى چ کاهینێکا و،
لەپەنجەکانى کام نزاوە کۆم دەکەیتەوە ئەى مارت...
بەم هەموو خەڵوەتە سپییانەوە هەردەچمەوە
سەر، بەرماڵى شەوێکى شەمزاو...
لە گۆزەى چ سەرچاوەیەکەوە،
دەمدەیتە بەرهاژەى هۆش ئەى مارت...
بەم هەموو شەرابى ژەهرەوە هەردەچمەوەسەر
دەست و پلى کانییەکى کوژراو...!
  
*   *   *   *
هەمووساڵێک وەرزێک دەمباتەوە،
بۆ شەرحى خەوێک حەقیقەت،
لەچاوەکانى مارتەوە نابیناو تائەوپەڕى خەیاڵ،
خەراباتى وەحشەت...
هەڵەبجە ووتى:- مارت بەهەموو غەریزەیەکى خۆیەوە،
من لەگەڵیا بووم
کەچى ئەوە پێچى پێچەوانە...!
مارت منى هەڵەبجە پڕ لەو ئێوارە ناشەرعییانەدەکا
کەشەرع ڕێی نەدا،
شنیانێک بەدەم مژینى مەمکەوە،
لەدڵى سێوێکى ژەهرا ڕاکشێ...
کەشەرع ڕێی نەدا
فەریکە هەنارێک پێش ئەوەى مەمک بکا
چرۆى گوارەکانى پڕکرێ لەگللەى چەقۆ...
کەشەرع ڕێی نەدا
خرینگەى بازنگێک، پێش ئەوەى مەرگ سڵاوى لێ بکا
بەدەست ڕەشەباکانى فەسادەوە،
کچێنى بکشێ...!
هەڵەبجە ووتى:- مارت بەهەموو غەریزەیەکى
خۆیە هاوتاى بووم، کەچى ئەوبێ بەقا..
لەدواى کات ژمێرى یانزە بێ بەقاتر....
یانزە ئەوکات ژمێرە گەندەڵەبوو
هەموو بەیانیە جوانەکانمى پێچایەوە و
بەباوکێکى نەووت:-
هەڵەبجە کچ لەژێر خانەکانى قەسابخانەدا،
قەرزەکانى مەرگ ئەداتەوە..
هەڵەبجە ژن لەژێر پژمینى دیوارەکاندا
فەقیانەکانى مەرگى لێ ئەتکێ..
هەڵەبجە گەنج. لەناو چایخانەکەى خاڵەدا
قومارەکانى مەرگ پەنجەکانى تاڵان دەکا..
هەڵەبجە ساڵ خوردەکان هێشتا
کردارێکى تێپەڕیان لەت نەکردبوو
بەدەم مومارەسەى نوێژەوە، بەربەرییەکانى مەرگ
هەرچى ڕۆح و جل و بەرگ و کڵاش و کڵا و جامانە هەبوو
لەپەرداخێک ئەنفالدا، نغرۆیان کرد...!!

ئەى مارت من بەم هەموو عوزلەتەوە،
پارچە، پارچە بووم...
گریان و شینم بۆ کۆناکرێتەوە
بڕۆ لالەزارێک بدە لەیەخەى شارەزوور،
بۆ ئەوەى پێنج هەزار گوڵ پێبکەنێ....
بڕۆچینەیەک بکە، لەڕیشى شنروێ،
بۆ ئەوەى پێنج هەزار کەو داوگە بڕوخێنێ..
بڕۆ هەڵپەڕە لەعەنەب و عەبابەیلێ
بۆ ئەوەى پێنج هەزار کانى چەپڵە لێ دا..
بڕۆ نوچێک بۆ خوا سەوز بکە
بۆ ئەوەى پێنج هەزار ئەحمەد موختار سەوزبێ و
پێنج هەزار هەڵەبجە ئازاد....

ئەى مارت.......ئەى مارت
______________________________________
عونە: شێتێکە لەشێتەکانى هەڵەبجە.
هیوا: مامۆستایەکى ڕۆشنبیر لەبوارى هونەرى شێوەکارى بەڵام بەداخەوە بۆ ئەبەد خەوى لێ کەوت.
مچە: شێتێکە لە شێتەکانى هەڵەبجە ئەویش نەماوە.
تۆفیقى کارەبا: ئەو بەڕێزە بوو لە هونەرى کارەبا شارەزا، ئەویش شەهید بوو.

عەنەب و عەبابەیلێ: دوولادێی هەڵەبجەن.

 

ماڵپه‌ڕی رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی