١١\٥\٢٠١١
مارکسیزم، (ئۆپن
-
سوێرچ) و بەرهەمهێنانی پییر!

سهلام
عهبدوڵا
ئازادی یەک واتای هەیە: کار
و موڵکایەتی هەرەوەزی!
هەموو مەزهەبی ''وشە''،
مەزهەبی ''ئاو''
و هەموو قوتابخانە فەلسەفییە ئابووری، سایکلۆژی، ئەتیکی
کۆمەڵایەتیەاکنی جیهانبینی بۆرژوازی لە تاقە یەک قوتابخانەو هێڵ و
بڕیاردەر کۆبوونەتەوە بەناو قوتابخانەی شیگاکۆ و ئەمیش بەشێوەیەکی
دیکتاتۆییانە لەسەر ئاستی دنیا بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی
-زانیاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ''ئازادی''
ئابووری بازاڕی ئازاد دەکات کە کوێلایەتی نوێ، جەنگ، سێکسیزم،
وێرانکردنی ژینگە، گرانی، بێکاری و لانەوازی لێکەوتۆتەوە. لەم
هەڵومەرجە باڵادەستە(ناتوانین باس لە شارستانییەت بکەین
- رۆز لۆکسمبۆرک).
پاش بڵاوکردنی بەرهەمەکانی مارکس ئیتر هیچ زانایەک نەیتوانیوە بەبێ
ئاماژەکردنی ئەرینی یان نەرینی بۆ بۆچوونەکانی مارکس، بێتە مەیدانی
فەلسەفە، راگەیاندن و رۆشنبیری و زانست! سارتر لە پێشەکی
(رەخنە لە ئەقڵی دیالەکتیکی)، دەڵێ: (فەلسەفەی مارکس باڵاترین
هزرە کە مرۆڤ لەم سەردەمە پێی گەیشتووە) و
بەهەمان شێوە دریدا دەڵێ: هەڵە دەکەین ئەگەر بەرهەمەکانی مارکس
نەخوێنینەوە یان دووبارە نەیانخوێینەوەو توێژینەوە لە
بارەی بۆچوونەکانی نەکەین). ئایا دەتوانین بڵێین: تا
سەرمایەداری باڵادەست بێت، مارکسیزم وەک فەلسەفەی سەردەم دەمێنێتەوەو
بەرپرسە لە لابەلاکردنی ناکۆکی چینایەتی.
گرنگی مارکس ئیمرۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتی سەرمایەداری گەرچی لە پلەیەکی
زۆر پێشکەتووە، بەڵام هێشتا هەمان خووی هەیە و بە هەموو شێوەیەک بۆ
خواوەندە باڵاکەی(قازانج)، نوێژ، تەلیلە و...
زۆر شتی تریش دەکات و ئەگەر باری لاربوو، ئەوا خودا ئەگەر دوێنی
پەیامی خۆی بۆ بەرپاکردنی جەنگی دژ بە شوعییەتی بۆ نارد، ئەوا ئێستا
پەیامی خۆی بۆ بەرپاکردنی جەنگی ''پیرۆزی''
دژ بە تیرۆریزم بۆ ناردووە!
حکومەتە سەرمایە بانناسیونالەکان ناتوانن تەنانەت زورێک لە داخوازییە
سەرەتاییەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە ناو جەرگەی وڵاتەکانی خۆیان
جێبەجێ بکەن-بۆ نموونە تەنها لە نیویورک 140هەزار لانەواز هەیە-، بۆیە
لەسەرتاپای دنیا مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی ملیونی و بزووتنەوەی
ناڕەزایەتی، راپەرین و شۆڕش گەشەی سەندووە: عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە
سەرو بنی زاری مرۆڤایەتییەو سەرمایە بە کەڵەگایی، سەرشێتی، چەک و تفاق
و دڕندەییەوە پێشێلی مافی ئەو ئازادییانە دەکات کە بەر بە ئازادی
بەرژەوەندی و پلان و تێگەیشتنی خۆی دەگرن، بۆ نموونە سارا
ڤاگنکنێشت(سیاسەتمەداری حزبی چەپ) لە ئەڵمانیا ناوی تازەترین بەرهەمی
ناوە(ئازادی لەبری سەرمایەداری)و لە وڵامی پرسیارێکی تاگس شبیگل دەڵێ:
سەرمایەداری لە فرەلایەنەوە ئازادی سنوردار دەکات. هەر کەسێک بەناچاری
لەسەر یاسای(هارتس4)بژێ، ئازاد نییە و هەر کەسێک بەبەردەوام سەعاتی
کاری زیاتر بکات و بەحاڵیش کاتی بۆ خێزان و برادەرەکانی ئازاد نییەو
ئەوەی لە کارێکی کاتی بۆ کارێکی کاتی تر رابکات، ئازاد نییەو ناتوانێ
نەخشە بۆ ژیانی دابڕێژێ. تەنانەت زۆربەی بازاڕاکانیش ئازاد نین، بەڵکو
لەژێر دەسەڵاتی چەند بەڵێندەرێکن).
لێرەدا دەتوانین چەند نموویەک بۆ بۆچوونەکەی سارا زیادبەکەین: ئەوانەی
لەناو کەمپی پەنابەران دەژێن، ئەو دایکانە کە بەتەنها کارو منداڵ
بەخێودەکەن، بەساڵاچووان، خانەنشینان، ئالودەکانی نەخۆشییە
دەروونییەکان، ماددە هۆشبەرەکان، لانەوازان، لەشفرۆشەکان و زۆری تر....
هەر لەم کاتە گرنگی مارکسیزم ئەوەیە وڵامی سەردەمی درۆ هاوچەرخەکانی
راگەیاندنی سەرمایەی جیهانگیر و رۆشنبیرە گەمژەکانی وەک(کۆتایی مێژوو،
کۆتایی مارکسیزم، کۆتایی سیاسەت، کۆتایی...هتد)دەداتەوەو خودی
سەرمایەداری متمانەی مرۆڤایەتی لەدەستداوە.
لە 13/10/2010، دالی مورتێنزم(هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری2010) لە
وڵامی پرسیاری رۆژنامەی ئەڵمانیFAZ(ئایا قەیرانی دارایی شکستی
سەرمایەدارییە؟)، دەڵی: من لایەنگری مەزهەبیانەی سەرمایەداری نیم،
بەڵام نازانم کێی تر هەیە لەم قەیرانە بەرپرس بێت. ئێمە دەزانین کە
ئەزموونەکانی تری رێکخستنی ئابوروی بۆ ماوەی درێژخایەن، جێگای قبووڵ
نەبوو. سەرمایەداری زۆر کێشەی هەیە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤەکە چییە؟
کاتێ تەکنۆکراتێکی ئابووری ئەمریکی و هەڵگرێکی خەڵاتی نۆبڵ ئەم پرسیارە
لەخۆی دەکات، ئەوا ئێمەش دەتوانین تەنها یەک وڵام بدەین: ئێستا سەردەمی
شێوەی بەرهەمهێنانی(پییر) و ئابوروی هەرەوەزییە!
ژێردەستەکان و لەگەلیدا تەواوی مرۆڤایەیتی دەیانەوێت وەک هاوڕێی سروشت،
لە کوێلایەتی هاوچەرخی سیستێمی قازانجی سەرمایە رزگاریان بێت، نەک وەک
دڕندە زەمین و دەریا و ئۆقیانوس و دارستانەکان و ئاو هەوا بەکاربهێنرێ
و تەکنۆکراتەکانیان بەشێوەیەکی دیکتاتۆریانەی بێوێنە لە مێژووی
مرۆڤایەتی فەرمانڕەوایی بکات.
ئابووری لیبرالیزمی نوێ و ئابووری هەرەوەزی ئازاد!
وەک چۆن ترافیکلایت، ژمارەی پۆلیسی هاتووچووی زۆر کەمکردەوە، ئیمڕۆ (ئەتمەتە)و
تەکنەلۆژیا و شۆڕِشی زانیاری شوێنی سەدان ملیون مرۆڤیان گرتوۆتەوە،
ئامێری پلیت بڕین، کۆمپیوتەر شوێنی ئەو کارمەندانەی گرتەوە کە زانیاری
هاتووچووکەیان بە نەفەرەکان رادەکەیاند، بەکارهێنانی(کارتی زیرەک) لە
جیاتی کارمەندەکانی بانق، کامیرای دیگیتال، شوێنی فۆتۆگراف و موختەبەری
وێنەگرتن، قەپانی کێشی کاڵاکان، کامیرای چاودێری شوێنی سەدان ملیون
مرۆڤیان گرتۆتەوە.
بەڕێگای خۆخزمەتکردنەوە لە(سوپەرماکێت یان لە چێشتخانەکان).
کۆمپانیای-ئیکیا-سویدی کاڵاکانی (کەنتۆر یان چێشتخانە و شوێنی نووستن و
کورسی...هتد)لە گەل نەخشەی دامەزراندنیان بۆ کڕیارەکانیان بەجێدەهێڵێن
و بەمە هێزی کاری کەمتر بەکاردەهێنرێت. لە زۆر شوێندا سەندوقی
ئۆتۆماتیکی جگەرە و رۆژنامە دانراوەو مرۆڤ دەتوانێ نرخەکانیان هەڵداتە
ناوی و رۆژنامە یان پاکەتە جگەرەی خۆزراوەکەی دەستبکەوێت.
بەهەمان شێوە لە کەرتی پیشەسازی کشتۆکاڵی، رەنجی ملیونان جووتیار و
هەزاران ئاوایی بێ بایەخ کراوە(جووتیاران 80%ی هێزی کاریان پێکدەهێنا،
ئێستا 3-4%پێکدەهێنن، زۆربەیان روو لە شارە گەورەکان کردووەو لەبارێکی
سەخت و نە خوازراو ژیان بەسەر دەبەن). لێرەدا دەبێ بیر لە کشتوکاڵی
خانووە شوشەکان بکەین کە بە پەینی کیمیاوی -
ژەهراوی -
دەرخواردمان دەدەن و هەرگیز بیر لە گەشەسەندنی کشتوکاڵی بیۆلۆگی
ناکرێتەوە.... قازانج لە بەکارهێنانی ژەهر،
شوێنی"برایەتی" گرتووەتەوە!).
فریتژۆف بێرگمان (فەیلەسوفی ئەنترپۆلۆژی لە
زانکۆی مێشیگان) لەبارەی بێکاری و بەرنامەکانی چارەسەرکردنی نموونەی
ئەڵمانیا دەهێنێتەوە و دەڵێ: ئیمڕۆ حکومەتی ئەڵمانیا بە گرتنەبەری
یاسای ریفۆرمی(هارتس4)لە بەرامبەر رادەی ئەو
کێشەیە وەک ئەوە وایە یەکێک بیەوێ بە گڵاسێکی ئاو، دارستانێکی
ئاگرتێبەربوو بکوژێنێتەوە. ئێستا بێرگمان راوێژکاری ئابووری حکومەتی
ئەفریقای خواروو دەکات و لەوێ خەریکە وەک ئەڵتەنارناتیف، بەرنامەی
(ئابووری دووهەم) جێبەجێ دەکات، وات:
حکومەت تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بە دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان دەدات تا
بەخۆیان کالا پێویستەکانیان درووست بکەن. ناوبراو ئەم میتۆدە
ناوناوە(کاری نوێ)!
سۆفت وێر، دێزاین و سەنتەر و ئاوایی و شارە ئازادەکان!
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم، ئێستا بیروباوەڕی مارکس بە شێوەی بەرنامەی
ئازاد و هاوبەش و رەخنەگری بونیادنەری دوور لە بازرگانی چاوچنۆکی و
جەنگ و چەوساندنەوە بۆ ناو ماڵی دۆست و دوژمنەکانی دزەی کردووە و بێ
ئەوەی دوژمنەکانی بهوه
بزانن، بوون بە هاوڕێی و تەنانەت وەک مێوانێکی زۆر خۆشەویست، رێزی لێ
دەگرن....هاوڕێ گەر ئێوە نەبن!
لە سوچێکی ناو ماڵانی سەدان ملیون مرۆڤ، کۆمپیوتەر دانراوەو کاری لەسەر
دەکەن. لێرەشدا ناکۆکی چینایەتی باڵادەستە:
سۆفت وێرە ئازادەکان لە بەرامبەر سۆفت وێری لیسێنس. بیل کاتس (خاوەنی
مایکرۆسۆفت) لە چەندین بۆنە و چاوپێکەوتن دژ بە (شوعییەت لە
ئینتەرنێت)رای دەربڕیوە و لێرەشدا بۆچوونی جیاواز هەیە و هەندێکیش
پێیانوایە(ئۆپن سوێرچ) پەیوەندیان بە شوعییەتەوە نییە!
کرستیان سیفکس (فەیلەسوف، ئینفۆرماتیکی ئەنگلیزی و چالاکوان لە
بزووتنەوەی Open- Source و بەرنامەدانەری سوفت وێری ئازاد، دەڵێ: (هێشتا
دیباتە لەبارەی کۆمونیزم دەستی پێنەکردووە). کۆمونیزم بە بۆچوونی ئەم
فەیلەسوفە برتییە لە(شێوەی بەرهەمهێنانی هاوبەش بۆ مرۆڤ).
پرەنسپی سۆفت وێری ئازاد بۆ (ریشارد شتالمان) دەگەڕێتەوەو 4پەرەنسیپی
ئازادی پێناسەکردووە: 1- ئازادی بنەڕەتی، واتە ئازادی بەکارهێنانی
بەرنامەکە بۆ هەموو مەبەستێک. 2- ئازادی زانستی، واتە رێپێدان بە
لێتوێژینەوەی شێوەی بەکارهاتنی بەرنامەکەو گونجاندنی لەگەل خۆی. 3-
ئازادی کۆمەڵایەتی، واتە ئازادی لەبەرگرتن(ئەستنساخ)کردن. 4- ئازادی
بنیاتنان، واتە چاککردنی بەرنامەکە و ئەم چاکسازییە بۆ خۆشگوزەرانی گشت،
فەراهەم بکات.
سیفکاس لە بری کۆمونیزم باسی(کۆمۆن)ە دەکات، واتە موڵکی گشتی دەکات و
پێیوایە ئەم بزووتنەوەیە ناوکی شێوەی بەرهەمهێنانی نوێیە.
لەلایەکیترەوە کرستیان شپێر کە لێتوێژینەوە لەبارەی پرەنسیپی کۆمەڵەی
ئازاد کردووە، دەڵێ: چاکەی ئازادی و یەکسانی بۆرژوازی تەنها لە کۆمەڵەی
ئازاد جێبەجێ دەبێ. کۆمەڵە ئەو کاتە ئازادە ئەگەر یەکسان بێت و تاکەکان
بتوانن لەناو کۆمەڵەکە تەنها ئازاد بن. هەروا چوارچێوەی کۆمەڵەی ئازاد
دیاری کردووە: دەبێ هەموو یاسا و رێساکان بۆ گۆڕین بن و هەموو
بەشداربووان هەموو کاتێک ئازاد بن لە بەجێهێنانی کۆمەڵەکە.
فری سۆفت وێر چەندین کەرتی بەرهەمهێنان لە لۆژیکی قازانجی سەرمایە
رزگارکردووە، بۆ نموونە بواری دێزاینی خانوو، جلوبرگ، پەیوەندی بێ تەل،
هەروا بەرهەمهێنانی کاڵای هاوبەش و بە خۆڕایی و بێ ململانی و قازانج
بەشێوەی ئازادانە لە هاوشێوەی (سۆفێت وێری ئازاد - ئەنسکلۆپیدیای
ڤیکیپیدیا، لینوکس، فریفوکس، وۆردپرێس، پرۆژەی ئۆپن- هاردوێر و سەدان
بەرنامەی تر)، مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەیەکی هەرەوەزی
گەشەیانپێدەدا و بە خۆشییەوە لەگەل مرۆڤی تر لەسەر بەشی دەکات و یەک بە
یەکیان جێژ و سوودی لێ وەردەگرن. گەشەسەندنی ئەم جۆرە بەرهەمهێنانە وای
کردووە، سەنتەر و ئاوایی و کارگەی هەروەزی دابمەزرێ: ئابووری هەرەوەزی
ئازاد و خۆبەخش و داهێنەرانە بێ کڕین و فرۆشتن، واتە شوعییەت لەسەر
ئاستی فرتوئێل حزووری و برەوی هەیە.
بۆ نموونە هوشیاری موڵکایەتی گشتی زیندووتر هاتووەتە مەیدانی فکرو کاری
مرۆڤایەتی. نووسەر زیلکە هیلفرش لە وتارێکیدا دەنووسێ: شتالمان وەک
داهێنەری فری سۆفێت وێر، بەشێوەیەکی رادیکاڵانە( دژی موڵکایەتی
رۆشنبیرییە) و ئاماژەش بۆ بزووتنەوەی (ئیکۆلۆگی و زانستی گشتی) دەکات
کە ناکرێ پرڤاتە بکرێن وەک ئۆقیانووس، ئەتمۆسفێر، رۆشنایی رۆژ، دەریا و
کەشوهەوا...هتد. هەر بەم مانایە، پرۆقیسۆر و ئیلینۆر ئۆستروم (هەڵگری
خەڵاتی نۆبڵ و مامۆستای زانستی سیاسەتە لە زانکۆی ئیندیانا لە
بلۆمینگتون) لە چاوێکەوتنی رۆژنامەی(F.A.Z)، دەڵێ: لە ئەڵمانیان مەترسی
قووڵ بوونی ناعەداڵەتی هەیە و هەروا لە ئەمریکاش نائارامی کردووم.
ناعەداڵەتی مەترسیدارە. ئیلینور کە بەهۆی توێژینەوەی(موڵکایەتی گشتی)،
خەڵات کرا دەڵێ: هەمیشە خراپە یەکێک لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایک ببێ)!.
وتارەکەی کرستیان سیفکاس (بۆ پێشەوە بەرهو
کۆمونیزم)لە رۆژنامەی(نۆیە دۆیشلەند، 5/3/2011)دەستپێکێکە بەرەو ئەو
ئاراستەیە. کرستیان دەنووسێ: با جیهانێک بهێنین پێشچاومان کە تێدا
بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوە بە پێی پێداویستی لەپێناو
خۆشگوزەرانی هەموو رێکدەخرێت و لەلایەن مرۆڤگەلێکەوە رێکدخرێت کە هیچ
کەس ناچار نەبێت ژێردەستی یەکێکی تر بێت و ئازادانە لە کارێکی پێویست
بەشداری بکات. من ئەو جۆرە
کۆمەڵگەیە ناودەنێم کۆمەڵگەی شوعی، چونکە لەو بڕوایەم، (کۆمون)ەو
موڵکایەتی گشتی رۆڵێکی گرنگی تێدا دەبینن.
گرنگ ئەوەیە دابڕانێک درووست ببێ لە نێوان هوشیاری کار
و ژیانی هەرەوەزی ئازاد لەگەل هوشیاری قازانجی سەرمایە بگاتە
ئاستی ئەو دابڕانە کە لەنێوان گالیلی و ئەرستو
و درووست بوو. شێوەی ژیانی ئیمرۆی مرۆڤایەتی کە بەرهەمی هەموو
رەوتە فەلسەفییەکانی سەرمایەدارییە کە ئەم هەموو دڕندایەتی لێکەوتووەو
، بەبێ ڤۆلۆنتاریزم و دیتەرمەنیزم، زامنی بەزیندووراگرتن و گەشەسەندنی
بیروباوەڕی مارکس و شوعییەتن: دەمێکە شێوەی
(بەرهەمهێنانی پییر)ی کۆمۆناری لە پەراوێزی دەرچوونە و بوون بە بەشێک
لە جیهانی نوێ.
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|