په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠٢٣

مارکس و ئەنارکیزم.*
 

رودۆڵف رۆکەر - ١٩٢٥

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی یەکەم -

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر پاش ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی فرێدریک ئەنگلس، ئێدوارد بێرنشتاین، یەکێک لە دیارترین ئەندامانی کۆمەڵەی (کۆمۆنێتی) مارکسیستی ، بە چەند دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، هاوەڵەکانی سەرسام کرد. بێرنشتاین گومانەکانی خۆی سەبارەت بە دروستی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ مێژوو هەروەها لە تئیۆری مارکسیستی زێدەبایی/ زێدەبەها و چڕبوونەوەی سەرمایە ئاشکرا کرد. ئەو تا ئەو شوێنە هێڕشی کردە سەر شێوازی دیالێکتیکی و بەو ئەنجامە گەیشت کە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمێکی ڕەخنەگرانە مەحاڵە. بێرنشتاین پیاوێکی وریا بوو، تا دوای مردنی ئەنگلسی بەساڵاچوو، دۆزینەوەکانی لای خۆی دەهێڵایەوە و بڵاوی نەدەکردنەوە، تەنیا ئەو کاتە ئاشکرای کردن کە ئەنجامی ترسناکی لەسەر گوێ لەمشتەکانی مارکسیستی هەبوو. تەنانەت لەگەڵ ئەو خۆ پاراستنەشدا هەر نەیتوانی ڕزگاری بێت، چونکە لە هەموو ئاراستەیەکەوە هێرشی دەکرایە سەر. کاوتسکی کتێبێکی دژی گومڕابوونی جیاوازی ڕا و بۆچوونی بێرنشتاین نوسی و لە کۆنگرەی هانۆڤەردا ئێدوارد بێرنشتاینی هەژار ناچار بوو ڕایبگەیەنێت کە گوناهبارێکی لاواز و مردووە و ملکەچی بڕیاری زۆرینەی زانستی دەبێت.

هەموو ئەوانەی بێرنشتاین وتبوونی هیچ ئاشکراکردنێکی نوێی نەهێنابووە ئاراوە. ئەو، ئەو سەرەنجامانەی کە لە بەرامبەر بناغەکانی فێرکاری مارکسیستیدا داینابوو، پێشتر بوونیان هەبووە کە کاتێک هێشتا خۆی نێردراوێکی دڵسۆزی کەنیسەی مارکسیستی بوو. ئارگیومێنتەکانی کە باسی لێوە دەکرا لە ئەدەبیاتی ئەنارکیستییەوە تاڵان کرابوون، بەڵام تاکە شتێک کە شایەنی سەرنج بوو ئەوە بوو کە یەکێک لە ناسراوترین سۆسیال دیموکراتەکان بۆ یەکەمجار بەکاریان بهێنێت. هیچ کەسێکی ژیر نکۆڵی لەوە ناکات کە ڕەخنەکانی بێرنشتاین لە ئۆردوگای مارکسیزمدا نەیتوانی کاریگەرییەکی لەبیرنەکراو دروست بکات: بێرنشتاین لە گرنگترین بناغەکانی ئابووری میتافیزیکی کارل مارکسی دابوو و سەیر نییە کە بەڕێزترین نوێنەرانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس تووشی شڵەژان بوون.


هیچ کام لەمانە ئەوەندە جددی نەدەبوون ئەگەر وەکو ڕاستییەك لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گرنگتردا نەهاتنایە. نزیکەی سەدەیەك مارکسیستەکان لە پێشنیارکردنی ئەو بۆچوونە نەوەستاون کە مارکس و ئەنگڵس دۆزەرەوەی ئەو شتە بوون کە پێی دەوترێت سۆسیالیزمی زانستی. هەر ئاوا جیاوازییەکی دەستکرد لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت سۆسیالیستی یۆتۆپیایی/خەیاڵیی و سۆسیالیزمی زانستی مارکسیستەکان داهێنرا، جیاوازییەك کە تەنها لە خەیاڵەکانی ئەمانەی دووەمیاندا، ماکسیستەکان، بوونی هەبوو. لە وڵاتانی ئەڵماندا ئەدەبیاتی سۆسیالیستی لەلایەن تیئیۆری مارکسیستییەوە قۆرخ کراوە، کە هەموو سۆسیال دیموکراتێک ئەوە بە بەرهەمی پوخت و تەواو ڕەسەنی دۆزینەوە زانستییەکانی مارکس و ئەنگڵس سەیری دەکات.


بەڵام ئەم وەهمەش لەبەرچاو ون بوو : لێکۆڵینەوە مێژووییە مۆدێرنەکان لە دەرەوەی هەموو پرسیارێک ڕوونیان کردەوە کە سۆسیالیزمی زانستی تەنیا لە سۆسیالیستە کۆنەکانی ئینگلیز و فەرەنسییەوە هاتووە و مارکس و ئەنگڵس تەبەنییان کردووە کە لە هەڵبژاردنی مێشکی ئەوانی دیکەدا شارەزا بوون. دوای شۆڕشەکانی ساڵی ١٨٤٨ کاردانەوەیەکی ترسناک لە ئەوروپادا هاتە ئاراوە: 'هاوپەیمانیی پیرۆز' دەستی کرد بە نواندنی تۆڕەکانی لە هەموو وڵاتێکدا بە مەبەستی هەناسەچنینی ( خنکاندنی) بیری سۆسیالیستیی، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندی وای لە فەرەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەرهەمهێنابوو. ئەم ئەدەبیاتە نزیکەی تەواو لەم سەردەمە تەمومژاویەدا فەرامۆشکراو لەبیرچوونەوە. زۆرێک لە بەرهەمە گرنگەکان لەناوبران تا کورتکرانەوە بۆ چەند نموونەیەك کە پەناگەیەکیان لە ئارامیی هەندێک کتێبخانەی گشتی گەورە یان کۆکراوەی هەندێك کەسی تایبەتدا دۆزیەوە.

ئەم ئەدەبیاتە تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە و لەم سەردەمەدا ئەو بیرۆکە بەپیتانەی کە لە نووسینە کۆنەکانی ئەو قوتابخانانەدا دەبینرێن کە دوای فۆریە و سانت سیمۆن (Fourier ، Saint Simon ) هاتوون، یان بەرهەمەکانی کۆنسیدرانت، دیماسی، مێی (Considerant, Demasi, Mey) و چەندانی دیکە ، مایەی سەرسوڕمانن. ئەوە هاوڕێی کۆنمان دبلیو تچەرکێسۆف (W. Tcherkesoff) بوو کە یەکەم کەس بوو کە نەخشێکی سیستماتیکی بۆ هەموو ئەم ڕاستیانە هێنایە ئاراوە: ئەو نیشانیدا کە مارکس و ئەنگڵس داهێنەری ئەو تیئۆریانە نین کە لە مێژە بە بەشێک لە وەصیەتنامەی فیکری خۆیان دادەنرێت.١ تەنانەت لەوە زیاتریش ڕۆیشت کە بیسەلمێنێت کە هەندێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە مارکسییەکان، بۆ نموونە وەکو مانیفێستی شیوعیی /کۆمۆنیست، لە ڕاستیدا تەنیا وەرگێڕانی ئازادانەیە لە فەرەنسییەوە لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە. تچەرکێسۆف (Tcherkesoff ) سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا کاتێک بانگەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئاڤانتی،( Avanti ) ئۆرگانی ناوەندی سۆسیال دیموکراتەکانی ئیتالیا،٢ دانیان پێدا نا، دوای ئەوەی نووسەر دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بەراوردکاری لە نێوان مانیفێستی کۆمۆنیست و مانیفێستی دیموکراسیدا لە نووسینی ڤیکتۆر کۆنسیدرانت (Victor Considerant) بکات، کە دەرکەوتنی پێنج ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس بوو.
 

 

 

- بەشی دووەم -


مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی "یۆتۆپیا"یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە. ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد . لە ساڵی ١٨٤٢دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische Zeitung کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە کۆمۆنیزمدا دێت. پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: "کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان" ٣


گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی.جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon) بووە، تەنانەت ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن 'موڵکایەتی چییە**؟' (?What is Property) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات. تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوە و مێشکی مارکس-ی زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو. دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو "دۆزینەوە زانستییە" گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە. لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.


تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە 'موڵکییەت چییە؟' ناودەبات بە" یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی" ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریشنەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک. ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.

مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی بە هەژموونی تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.
_____________________________________________

پەراوێز و سەرچاوە:
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.
** موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە . موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت ، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و .... واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت.
١- W. Tcherkesoff: Pages d’Histoire socialiste; les precurseurs de l’lnternationale.
٢-
The article, entitled “Il Manifesto della Democrazia”, was first published in Avanti! (Year 6; number 1901, of 1902).
٣-
Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.
 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک