١\٦\٢٠٢٣
مارکس و
ئەنارکیزم.

رودۆڵف رۆکەر - ١٩٢٥ |

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر |
- بەشی
سێیەم -
هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک
لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن
موڵکییەت چییە؟ ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد.
ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی
مارکس نییە، هەروەها ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە
سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە
لە شوێنی خۆیدا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە. چونکە مارکس لە نووسینەکانی
دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر
ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ
بڵاوکردنەوە.
لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە
نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە
نێوانیاندا نەبووە. ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر
نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە
بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا هەژاری فەلسەفە لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا،
یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات
(Sozialdemokrat) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی
پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.
مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر
پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی
پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری
سیاسی ناویان دەبات.
مارکس نوسیوێتی مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە
شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون. لە فەرەنسا هەقێتی کە
ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی
دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت چونکە ناوبانگێکی
زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی. ئێمە
وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی بەرامبەر
بەم دوو هەڵەیە دەربڕین. ٤
مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی
تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی برەی (Bray)دزیوە،
نووسیوێتی:
ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی
مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray)دا ٥ دۆزیوەتەوە
جێگای سەرنجە کە مارکس ، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی
بەکارهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکی
مانیفێستی دیموکراسی ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن
تۆمەتبار بکات. بەڵام با بەردەوامبین. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا مارکس
پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات ٦. هەروەها لە
پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (١٨٦٥) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی
خوارەوە بدۆزینەوە:
لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە ، واتە(
موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە. بە کارە هەژێنەرەکانی وەك
ئەمە، بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا
دەیگێڕن.
مارکس لە نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات
دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک
کە پێشتر لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا دەنگی دابوووە.
تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان
زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو
قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو
نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە. لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر
نەناسراو بووە. چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری
ساڵی ١٨٤٠ دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون. تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە
زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت چییە؟ و لەگەڵ
ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو. ئەمەش توانای
مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی
خۆی وەک سۆسیالیستێك. لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس
بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی
کە دواتر دێن پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.
- بەشی چوارەم -
مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung) کە
یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە
گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی
هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو. پێشتر باسمان لەوە کردووە
کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن
(Victor Considerant ، Pierre Leroux ، Proudhon) دەکات و گومانی تێدا
نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ
سۆسیالیزم ڕاکێشاوە. بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی
سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی مارکس وەك سۆسیالیستێك. بەم پێیە لە گۆڤاری
دەوریدا باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی
سۆسیالیستی ناودەبات ٧. لە ساڵی ١٨٤٣دا کە سانسۆری برۆسسیا ڕینیشە
زایتونگی (Rheinische Zeitung) بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و
هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا. ئەم گۆڕانکارییە
لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی
کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی خێزانی پیرۆز،
ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس
بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە. کتێبەکەی ساڵی ١٨٤٥ی بە
ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ
باوەر (Bruno Bauer) ٨ سەرۆکایەتی دەکرد. سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان،
کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم
بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.
لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، خێزانی پیرۆز
[The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی
دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە. ڕاستە، فرانز
مێهرینگ، [Franz Mehring] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس،
بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی
سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان خێزانی پیرۆزیان بڵاوکردەوە،
بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها
هۆکارێکی دیکەش بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو،
بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو. جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە
نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا، تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە
کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە
سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.
لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو
کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا
هەیبوو. لە کتێبی خێزانی پیرۆزدا مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن
هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی
بایاخ و ڕینمایی بێت بۆ مارکسییەکان.
با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی ٣٦دا چی دەڵێت:
هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی
ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان
ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان
ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت تەنها ڕێکەوتە ،
وەک ئەوەیسەی (Say) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت ٩. بەڵام
پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی
یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری
سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی. ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە
کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ
یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین . کتێبەکەی
پرۆدۆن موڵکییەت چییە بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی
سێیس گرنگە کە سێیەم ئیستەیتە***
(The Third Estate) بۆ سیاسەتی مۆدێرن.
جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر
لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت. لە کتێبی خێزانی
پیرۆزدا سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن موڵکییەت چییە؟ دەڵیت یەکەم
شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی
زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە. بەڵام لە نامە
مەشوورەکەی کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،(
Sozialdemokrat) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی
تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.
_____________________________________________
پەراوێز و سەرچاوە:
***
پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی
پاشایەتیدا دابەش بوو بوو ئیستەیتی/ پۆلینەی یەکەم ( قەشە و کاهین و
ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و
ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم (خەڵکانی ئاسایی) کە دژ بە پاشایەتی و
دەسەڵاتداران بوون کە نزیکەی ٢٧ ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا
٩٨ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر
ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە
حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی
لەسەر حکومەت نەبوو. ئەندامانی ئیستەیتی سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری
تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی
ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و
بازرگانانی بچوك. سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی
ڕۆڵیان لە ئابووریدا، تاڕادەیەك هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی
ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو. بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە
خەڵکی، بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.
٤-
Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.
٥- Bray: Labours Wronszs
and Labours Remedy, Leeds, 1839.
٦- Marx and Engels: The
Communist Manifesto, page 21.
٧-
Rheinische
Zeitung, 7 January 1843.
٨- B.
Bauer: بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی
بەرلین ئازاد، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی
(نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا. کەسایەتییەکانی وەک
فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی
بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی. بیری
پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و
هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا بوو. لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر
بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە
کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم
١٨٤٣ دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا . چاپی دووەم (بێرن، ١٨٤٤) بەختی
باشتری هەبوو. بەڵام نووسەر خۆی نا، بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە
کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا. (تێبینی
سەرنوسەر.).
٩-
J.
B. Say, ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە
تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی. فۆبیای کارل
مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی
ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی
ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و
پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی ماکس شتێرنەر)،
هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا
لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە
ستەمکارییەکەی دەدا. (تێبینی سەرنوسەر).
_____________________________________________
بەشی یەکەم و دووەم:
https://emrro.com/markisuenarkizim12.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|