١١\٦\٢٠٢٣
مارکس و
ئەنارکیزم.

رودۆڵف رۆکەر - ١٩٢٥ |

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر |
- بەشی پێنجەم -
چی لە پشت ئەم جۆرە پەرادۆکسەوەیە؟ ئەوە شتێکە کە نوێنەرانی بەناو
سۆسیالیزمی زانستی هێشتا ڕوونیان نەکردووەتەوە. لە زاراوەی واقیعیدا
تەنیا یەک وەڵام هەیە: مارکس ویستی ئەو سەرچاوەیە بشارێتەوە کە خۆی
تێیدا نوقم بووە. هەموو ئەوانەی لێکۆڵینەوەیەکیان لە پرسەکە کردووە و
هەست بە زەبری وەلای حیزبی [ پارتیزان] ناکەن، دەبێ دان بەوەدا بنێن کە
ئەم ڕوونکردنەوە خەیاڵیی نییە.
با دووبارە گوێبیستی ئەوە بین کە مارکس سەبارەت بە گرنگی مێژوویی
پرۆدۆن دەیڵێت. دەتوانین ئەمە لە لاپەڕەی ٥٢ی هەمان بەرهەمدا
بخوێنینەوە:
«پرۆدۆن نەک هەر لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریاکاندا دەنووسێت، خودی خۆی
پرۆلیتاریایە، کرێکارە . کارەکەی مانیفێستێکی زانستی پرۆلیتاریای
فەرەنسییە».
لێرەدا، وەک دەبینرێت، مارکس بە تەواوی و بە دەقیقی دەڵێت کە پرۆدۆن
لایەنگر و بانگدەری سۆسیالیزمی پرۆلیتاریایە و کارەکانی نوێنەرایەتی
مانیفێستێکی زانستی لە پرۆلیتاریای فەرەنسی دەکەن. لە لایەکی ترەوە لە
عمانیفێستی کۆمۆنیستداع دڵنیامان دەکاتەوە کە پرۆدۆن جەستەیەکی
کۆنەپەرستی سۆسیالیزمی بۆرژوازییە. ئایا دەکرێت پارادۆکسێکی تیژتر
هەبێت؟ ئێمە کێین باوەڕ بە مارکسی عخێزانی پیرۆزع یان نووسەریع
مانیفێستی کۆمۆنیستع؟ بکەین ، وە چۆن ئەم ناکۆکییە / ناتەباییە
ڕوودەدات؟ ئەوە پرسیارێکە کە ئێمە دووبارە لە خۆمانی دەکەینەوە و بە
سروشتیش وەڵامەکەی وەک پێشووترە: مارکس ویستی تەنها ئەوەی قەرزاری
پرۆدۆن بوو لە هەمووانی بشارێتەوە و هەر وەسیلەیەك بۆ پاساوی ئەو
مەبەستە قبوڵکراو بوو. ناتوانرێت گریمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە
هەبێت؛ ئەو وەسیلانەشی کە مارکس دواتر لە کێبڕکێی خۆیدا لەگەڵ میخایل
باکونین بەکاری هێنان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو لە هەڵبژاردنەکەیدا
زۆر وردبین نەبووە.
« ناکۆکی یا پارادۆکسی نێوان ئامانج و نیازپاکی ئیدارە، لەلایەک و
ئامراز و گریمانەکانی، لە لایەکی ترەوە ناتوانرێت لەلایەن دەوڵەتەوە
هەڵبوەشێنرێتەوە بەبێ ئەوەی ئەمەی دووەمیان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە
لەسەر بنەمای ئەم ناکۆکییە دامەزراوە. دەوڵەت لەسەر ناکۆکی ژیانی گشتی
و تایبەتی، لەسەر ناکۆکی نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت
دامەزراوە. لێرەوە ئیدارە دەبێت خۆی لە چالاکیەکی فەرمی و نەرینیدا
قەتیس بکات، لە کاتێکدا ژیانی مەدەنی و کارەکەی دەست پێدەکات ئا لەوێدا
دەسەڵاتی ئیدارە کۆتایی دێت. بەڕاستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو
دەرئەنجامانەی کە لە سروشتی ناکۆمەڵایەتی ئەم ژیانی مەدەنییەوە
سەرهەڵدەدەن، ئەم خاوەندارێتییە تایبەتە، ئەم بازرگانییە، ئەم
پیشەسازییە، ئەم یەکدی تاڵانکردنانەی بازنە جیاوازەکانی هاووڵاتییان،
لە لایەن ئەم هەموو دەرئەنجامانەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بێ توانایی
یاسای سروشتیی ئیدارەکەن. بۆ ئەم پارچە پارچەبوونە، ئەم نامۆراڵییە،
ئەم کۆیلایەتییەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو بناغە سروشتیەیە کە دەوڵەتی
مۆدێرن لەسەری وەستاوە، هەروەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنی کۆیلایەتی ئەو
بناغە سروشتییە بوو کە دەوڵەتی کۆمەڵگەی کۆن لەسەری وەستابوو. بوونی
دەوڵەت و بوونی کۆیلایەتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. دەوڵەتی کۆن و
کۆیلایەتی کۆن ئەم دژبەرە کلاسیکە ڕاست و ڕێکانە لە یەکترەوە نزیکتر
نەبوون لەوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن و جیهانی بازرگانی مۆدێرن بوویانە،
ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا"
****
these hypocritical Christian
opposites.
ئەم لێکدانەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئەنارکیستییە بۆ سروشتی دەوڵەت، کە لە
چوارچێوەی پەروەردەیییدا دواتر لە مارکسدا زۆر سەیر دەردەکەوێت، کە
بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەنارکیستی پەرەسەندنی سۆسیالیستی
سەرەتایی مارکس. ئەو بابەتەی کە باسی لێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی
چەمکەکانی ڕەخنەی پرۆدۆنە لە دەوڵەت، ڕەخنەیەک کە بۆ یەکەمجار لە کتێبە
بەناوبانگەکەیدا هاتووە کە ع موڵکییەت چییە؟ع ئەو کارە نەمرە کاریگەری
یەکلاکەرەوەی لەسەر پەرەسەندنی کۆمۆنیستیی ئەڵمانەکان هەبوو، بەبێ
گوێدانە ئەو ڕاستییە مارکس هەموو هەوڵێک دەدات لە بەکارهێنانی شێوازە
بێ نرخەکان بۆ نکۆڵیکردن لە ڕۆژانی سەرەتای چالاکییە سۆسیالیستییەکەی.
بێگومان لەمەدا مارکسیستەکان پاڵپشتی مامۆستاکەیان دەکەن و بەم شێوەیە
ڕوانگەی مێژوویی هەڵە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی نێوان مارکس و
پرۆدۆن وردە وردە بنیات دەنرێت.
بە تایبەتی لە ئەڵمانیا کە لەوێ پرۆدۆن تاڕادەی نەناسراو وابوو، تەواوی
چەواشەکارییەکان لەم ڕووەوە توانای بڵاوبوونەوەیان هەیە. بەڵام تا مرۆڤ
زیاتر بەرهەمە گرنگەکانی نووسەرانی سۆسیالیستی کۆن بناسێت، زیاتر
تێدەگات کە سۆسیالیزمی زانستی چەندە قەرزاری ئەو "یۆتۆپیاییانە"ن کە بۆ
ماوەیەکی زۆر لەبیرکرابوون بەهۆی "ناوبانگ"ی گەورەی قوتابخانەی مارکسی
و هۆکارەکانی دیکە کە لە سەرەتاوە بێ ئاگایانە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی
لەبیرکران. یەکێک لە گرنگترین مامۆستاکانی مارکس و ئەو کەسەی کە
بناغەکانی گەشەسەندنی دواتری ئەوی دانا، کەسێکی تر نەبوو جگە لە
پرۆدۆن، ئەو ئەنارکیستەی کە لەلایەن سۆسیالیستە یاساییەکانەوە ئەوەندە
سووکایەتی پێکرا و بە هەڵە تێیگەیشتبوون.
- بەشی شەشەم -
بۆ نموونە نووسینە سیاسییەکانی مارکس لەم قۆناغەدا، ئەو بابەتەی کە لە
ڤۆروارتس (Vorwaerts ) ی پاریس بڵاوی کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە چۆن
لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پرۆدۆن و تەنانەت بیرۆکە
ئەنارکیستەکانیشیدا بووە.
ڤۆروارتس (Vorwaerts ) گۆڤارێکی دەوری بوو کە لە پایتەختی فەرەنسا لە
ساڵی ١٨٤٤ لە ژێر سەرپەرشتی هاینریش بێرنشتاین (Heinrich Bernstein )
دەردەچوو، سەرەتا تەنیا لە دیدی تێڕوانینییەوە لیبڕاڵ بوو، بەڵام دواتر
دوای بزربوونی ئانالێس جێرمانۆفرانسایز، (Anales GermanoFrancaises )
بێرنشتاین (Bernstein ) پەیوەندی بە بەشداربووانی کۆنەوە کرد بەم جۆرە
هاوکارانی پێشوی ڕازی کرد بە پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی
سۆشیالیستییەوە. ئیتر لەو کاتەوە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) بوو بە زمانی
فەرمی سۆسیالیزم و بەشداربووانی زۆر لە دوا بڵاوکراوەکەی ئەی ڕوج (A.
Ruge ) لە نێوانیاندا باکونین، مارکس، ئەنگڵس، هاینریچ هاین، (Heinrich
Heine ) جۆرج هێرویگ (Georg Herwegh ) و هتد بە بەشداریکردنیان
نوسینەکانیان بۆ نارد.
مارکس لە بڵاکراوەی ژمارە ٦٤دا (٧\٨\١٨٤٤) بەرهەمێکی جەدەلسازیی بەناوی
“تێبینی ڕەخنەیی لەسەر وتارەکەی ‘پاشای پرۆسیاو و چاکسازی کۆمەڵایەتی'
’” بڵاوکردەوە. لەوێدا لێکۆڵینەوەیەکی لە سروشتی دەوڵەت کرد و
بێتوانایی تەواوەتی دەوڵەتی نیشاندا لە کەمکردنەوەی نەهامەتی
کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاریی. ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر لە ڕەوتی
وتارەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بە تەواوی ئەنارکیستن و بە تەواوی لەگەڵ ئەو
بیرکردنەوەدا دەگونجێن کە پرۆدۆن و باکونین و بیرمەندەکانی دیکەی
ئەنارکیزم لەم پێوەندییەدا خستوویانەتە ڕوو. خوێنەران بۆ خۆیان دەتوانن
لەم بڕگەیەی خوارەوە لە لێکۆڵینەوەکانی مارکس حوکم بدەن:
" دەوڵەت .... هەرگیز سەرچاوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە ‘دەوڵەت و
سیستەمی کۆمەڵگەدا' دا نابینێت. لە و شوێنەی حیزبە سیاسیەکان هەبن، لە
ڕاستیدا هەر حیزبێک ڕەگی هەموو خراپەیەک لە حیزبە موعاریزەکەدا دەبینێت
لەبری خۆی ، کە حزبێکی دژبەرە و لە حوکمڕانی دەوڵەتدا وەستاوە. تەنانەت
سیاسەتمەدارە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان نەک لە سروشتی جەوهەریی دەوڵەتدا
ئەو خراپەیە دەبینن بەڵکو لە فۆرمێکی دەوڵەتی دیاریکراودا بەدوای ڕیشەی
خراپەکاریدا دەگەڕێن، کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بە فۆرمێکی دەوڵەتی
جیاواز جێگەی بگرنەوە.
" لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگە دوو شتی جیاواز نین.
دەوڵەت سیستەمی کۆمەڵگەیە. ئا لەو بارەدا دەوڵەت دان بە بوونی کەموکوڕی
کۆمەڵایەتیدا دەنێت، هۆکارەکانیان یان لە یاساکانی سروشتدا دەبینێت، کە
هیچ دەسەڵاتێکی مرۆیی ناتوانێت فەرمانی پێبکات/ دەستی تێوەردا، یان لە
ژیانی تایبەتدا کە وابەستەی دەوڵەت نییە، یان لە چالاکییە نابەجێیەکانی
ئیدارەدا، کە وابەستەی ئەوە نییە. بەم شێوەیە ئینگلتەرا هۆکاری هەژاریی
لە یاسای سروشتدا دەبینێت کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووان دەبێت هەمیشە
لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان، زیاتر بن. لە لایەکی ترەوە ئینگلتەرە
هەژاری بە ئیرادەی خراپی هەژارانەوە دەبەستێتەوە، هەروەک چۆن پاشای
پرۆسیا بە هەستی نامەسیحی دەوڵەمەندەکان ڕوونیدەکاتەوە و هەر وەک چۆن
ڕیکەوتنامە/پەیمان بە عەقڵیەتی دژە شۆڕشگێڕانەی گوماناوی خاوەن
موڵکەکان لێکیدەداتەوە یاخود دەیبەستێتەوە . بۆیە ئینگلتەرە سزای
هەژاران دەدات، پاشای پرۆسیا ئامۆژگاری و لۆمەی دەوڵەمەندەکان دەکات و
ڕێکەوتننامەکە سەری خاوەن موڵکەکان دەبڕێت.
“لە کۆتاییدا، هەموو دەوڵەتێک لە کەموکوڕییە بەڕێکەوتەکان یاخودلە
کەمووکوڕییە ئەنقەستەکانی [بە مەبەست] ئیدارەدا بەدوای هۆکارەکەدا
دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانیدا لە ڕێوشوێنەکانی
ئیدارە و ئیدارەداندا دەگەڕێت. بۆچی؟ ڕێک لەبەر ئەوەی ئیدارە و
ئیدارەدان ڕێکخستنی چالاکی دەوڵەتن.".
- بەشی حەوتەم -
لە ٢٠ی تەمموزی ١٨٧٠ کارل مارکس بۆ فرێدریك ئەنگڵس-ی نووسی "
فەرەنسییەکان پێویستیان بە لێدانێك/زەربەیەك هەیە. ئەگەر پرۆسییەکان
سەرکەوتوو بن ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ
ناوەندگەرایی چینی کرێکاری ئەڵمانی. زیاتریش لەوە، باڵادەستی ئەڵمان
ناوەندی کێشکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە
فەرەنساوە دەگۆڕێت بۆ ئەڵمانیا. هەروەها مرۆڤ دەبێت بزووتنەوەکە لە
ساڵی ١٨٦٦ بە ئەمڕۆ بەراورد بکات بۆ ئەوەی بزانێت چینی کرێکاری ئەڵمانی
لە ڕووی تئیۆری و ڕێکخستنەوە لە فەرەنسییەکان باڵاترە. باڵادەستبوونی
بەسەر فەرەنسییەکان لەسەر شانۆی جیهانی بە هەمان شێوە بە مانای
زاڵبوونی تئیۆری ئێمە بەسەر تئیۆری پرۆدۆن و هتد دێت”..
مارکس ڕاستی دەکرد: سەرکەوتنی ئەڵمانیا بەسەر فەرەنسادا بۆ مێژووی
بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپی بە مانای ڕێڕەوێکی نوێ بوو. سۆسیالیزمی
شۆڕشگێڕ و لیبڕاڵی وڵاتانی لاتین فڕێدرا و جێگایان بۆ دەوڵەتگەرایی
وتئیۆرییەکانی مارکسیزمی دژە ئەنارکیستی جێهێشت. بەمەش گەشەسەندنی ئەو
سۆسیالیزمە زیندووە و داهێنەرەی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دۆگماتیزمێکی
گاڵتەجاڕی نوێوە ڕوویدا کە ئیدیعای زانینی تەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی
دەکرد، لە کاتێکدا ئەم ئیدیعایە زیاتر نەبوو لە تێکەڵەیەکی دەستەواژەی
تیۆلۆژی/ لاهوتیی و زۆربڵێیی قەدەریانە/ جەبریانە و دەرکەوت کە گۆڕی
هەموو بیرکردنەوەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو.
هاوکات لەگەڵ بیرۆکەکاندا، شێوازەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیش
گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەبری گروپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پاگەندە و
ڕێکخستنی خەباتی ئابوریی، کە لەوەدا نێونەتەوەییەکان کۆرپەی کۆمەڵی
ئایندە و ئۆرگانە گونجاوەکانیان بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی
بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن دەبینی، کەچی بووە هاتنی سەردەمی حزبە
سۆسیالیستەکان و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی پرۆلیتاریا. وردە وردە
پەروەردەی سۆسیالیستیانەی کۆن کە کرێکارانی بەرەو داگیرکردنی زەوی و
وەرشەکانی کارکردن (وۆرک شۆپەکان) دەبرد لەبیرکرا، جێگەی بە
دیسیپلینێکی نوێی حزبیی کە وەك باڵاترین ئایدیالی خۆی سەیری گرتنەدەستی
دەسەڵاتی سیاسی دەکرد گیرایەوە.
نەیاری گەورەی مارکس، میخایل باکونین، بە ڕوونی گۆڕانی لە هەڵوێستەکەدا
بینی و بە دڵێکی گەورەی خەمبارەوە پێشبینی ئەوەی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێ
لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرکەوتنی ئەڵمانیا و ڕووخانی کۆمون
دەستپێدەکات. باکۆنین لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بوو، ڕەنگی مردوو لە
دەم و چاوی نیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند دێڕە گرنگانەی لە ١١ی
تشرینی دووەمی ١٨٧٤: بۆ ئۆگارێڤ (Ogarev) نووسی:
“بیسمارسکیزم کە میلیتاریزم و دەسەڵاتی پۆلیسی و قۆرخکاری داراییە
لەژێر ناوی دەوڵەتی نوێدا لە یەك سیستەمدا خۆی گرتۆتەوە ، هەموو شوێنێك
داگیر دەکات. بەڵام ڕەنگە لە دە یان پانزە ساڵدا پەرەسەندنی ناجێگیریی
ڕەگەزی مرۆڤ جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕێگاکانی سەرکەوتن. ". لەم
بۆنەیەدا باکونین هەڵەی کرد، نەیتوانی حیساب بکات کە نیو سەدە
دەخایەنێت تاوەکو بیسمارکیزم لەناو کارەساتێکی ترسناکی جیهانیدا
تێدەشکێت.
- بەشی هەشتەم -
هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧١ و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس
هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن
بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی ١٩١٤ ئاشکرابوونی مایەپوچیی
سۆسیالیزمی سیاسی بوو.
پاشان شتێکی شاز ڕویدا و هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە
تەنها لەڕووی نەفامی (جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی
سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.
بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی
میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە
بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد. ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی
کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا
گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە
لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە. لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان،
هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا
بەناوی 'دەوڵەت و شۆڕش' بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی
ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی
تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە
"دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی" لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی
و زەلکاوی پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت
بووە.
مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی
ئەویش کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە. تا ئەو
کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە
هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو لەگەڵ پرەنسیپەکانی
دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
دامەزرێنەر-ی ساڵی ١٩١٧دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو
هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە
سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی
ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین
کتێبی 'دەوڵەت و شۆڕشی' بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.
- بەشی نۆیەم -
بە دڵنیاییەوە ئەرکی لینین کارێکی ئاسان نەبوو: لە لایەکەوە ناچار بوو
سازشی بوێرانە بەرامبەر بە مەیلی دژە دەوڵەتی ئەنارکیستەکان بکات، لە
لایەکی دیکەشەوە دەبوو نیشانی بدات کە هەڵوێستەکەی بە هیچ شێوەیەک
ئەنارکیستی نییە، بەڵکو تەنیا مارکسیستییە. وەک دەرئەنجامێکی حەتمی
ئەمە، لای هەموو مرۆڤێکی خاوەنلۆژكی دروستبیرکەرەوە، کارەکانی پڕن لە
هەڵە. نموونەیەك نیشان دەدات کە جەختکردنەوەیە لەسەر خواستێك ئەوەندەی
بکرێت تاکو مەیلێکی گوایە دژە دەوڵەت لە مارکسدا بخاتە بەرچاو. بۆ
ئەمەش لینین ئەو بڕگە بەناوبانگەی مارکس کە لە ' شەڕی ناوخۆ لە
فەرەنسادا' نوسیوێتی دەهێنێتەوە کە مارکس پەسەندی ئەوە دەکات کە کۆمۆن
دەستی کردووە بە لە ڕەگ هەڵکێشانی دەوڵەتی مشەخۆر. بەڵام لینین ئەوەی
بە بیر نەهێنایەوە کە مارکس بەو قسەیەی کە بە ئاشکرا لەگەڵ هەموو ئەو
شتانەی کە پێشتر وتوویەتی، ناچار بووە بۆ لایەنگرانی باکونین سازش
بکات، کە ئەو کاتە لە دژی ئەوان سەرقاڵی خەباتێکی زۆر سەخت بوو.
تەنانەت فرانز مێهرینگ (Franz Mehring) کە ناتوانرێت گومانی هاوسۆزی
لەگەڵ زۆرینەی سۆسیالیستەکاندا لێ بکرێت، لە دوایین کتێبی کارل مارکسدا
ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمە سازشێك بوو ، کە دەڵێت: “ بە هەر
حاڵ چەندێك هەموو وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمە ڕەنگە دروستی تیدا بێت ،
بەڵام گومانی تیا نیە فکری ناوەرۆکەکەی ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی
کە مارکس و ئەنگڵس چارەکە سەدەیەك پێشتر لە دوای مانیفێستی کۆمۆنیستەوە
بانگەشەیان بۆ دەکرد."
باکۆنین ڕاست بوو کاتێ کەو وتی "دیمەنی راپەرینە شۆڕشگێریە
چەکدارییەکەی بزوتنەوەی کۆمیۆن هێندە کاریگەر بوو تەنانەت بیروباوەڕی
مارکسییەکانیش کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ناچاربوون دان بە کار و
ڕەفتارەکانی کۆمیۆندا بنێن و پشتیوانی لێبکەن، بگرە لەوەش زیاتر لە دژی
قەناعەت لۆژیك و باوەڕی خۆیان وەستانەوە و خۆیان دایە پاڵ کۆمیۆن و
ڕێباز و ئامانجەکانیان پەسەند کرد. ئەمە گەمەیەکی کەڕنەڤاڵی کۆمیدی بوو
کە وەك کارێکی گەوجانە و و نا ئاسایی هاتبێتە پێش چاو بەڵام پێویست
بوو، چونکە شۆڕشەکە جۆش و خرۆشێکی ئاوای هێنابووە کایەوە ئەگەر
مارکسییەکان هەوڵیان بدایە دەست بە بیروباوەڕی ڕەق و تەقیانەوە بگرن و
خۆیان پەراوێز دەکرد و دەکەوتنەبەر تانە و پشتتێکردنی خەڵک و دادەبڕان
دەچوونەوە ناو خەڵوەتگەی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە. "*****
- بەشی دەیەم -
لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی
هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش ئەمەیە: کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە
هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو
چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە
فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی کرێکاری سۆسیالیستی لە زەلکاوی
پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم هەوڵێك بوو بۆ
کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە
کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا
جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر
گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی
تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن . ئەو
کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە
هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند. بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی
گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە
جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە
کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی ١٨٧١ ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان
لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:
“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە
موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات .
تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە
هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و
دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی
زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە
هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە
چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر
بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی
سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی
( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت)
چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە سیاسییەکەی بە شێوەیەك
یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”..
ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك یاخود فیدراسیۆن لە
نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات، چونکە ئەوە تەنها
ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن. بەڵام ئەوەی کە
ئەنجومەنی/ لیژنەی جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی
نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی،
کارێکی سەپێنراو بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە
زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە
شۆڕشگێڕەکانەوە.
کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی ١٨٧٢ تاجی نایە سەر ئەو کارانەی
مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ
ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی
بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی.
کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ
هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان
بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان
هێنایە ناوەوە.
- بەشی یازدەیەم (کۆتایی) -
کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٨٧٣دا هەڵگیرسا، ئەندامانی
نێونەتەوەیی کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە
بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی
زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە
پەیڕەو کرد. مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی
بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de
Barrameda, Seville, Cartagena) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە هەر
دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە. بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا
بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی
کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز. لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی
توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat) و
بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان.
ئەگەر ئەنگلس تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە
کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!
دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی ١٨٩١ کاتێک سەرکردەکانی بەناو
"گەنج/لاو" لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت
کە لینین دەبوو بیکات، دژی "هەلپەرستەکان" و "کاوتسکییەکان"، پارتێکی
جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist) لە بەرلین
دامەزراند. لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و
بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ. بۆ نموونە
ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler )
بخوێنێتەوە، ئەوا هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ' دەوڵەت و شۆڕشی' لینین-ی
دێنە سەر ڕێی. وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی
ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە بنەماکانی دیموکراسییان
ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر
ئەساسی بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.
کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم "گەنجانە/لاوانە" کە وەک
کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال
دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟ لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge)،
ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری ١٨٩١ بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت
“بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار
کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت
هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن. بێ گومان لە
نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە
نێو گەلەکەماندا کار بکەن. هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و
خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە جادووگەر هەن
. بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.".
بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە
"کۆمۆنیستەکانی" ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن
"پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن".
تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن
مەحاڵن. لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی
تەنانەت کەمتریان هەیە. دەبێ زۆربەی سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم
وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری
ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان
هاوڕا دەبێت.
ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و
ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی
لێکرد. تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو، مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای
ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی
بەختەوەری ئەنارکیزم.
_____________________________________________
پەراوێز:
****
these hypocritical Christian
opposites [ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ
باوەڕی مەسیحییەتدا] ئەمە دەستەواژەیەکە، تێرمێکە کە مارکس لە
کاپیتاڵدا بەرانبەر دەزگەکانی سەرمایەداری بەکاریهێناوە، پێیان دەڵێت
ئەو باوەڕ و دڵسۆزی و یەکسانی و بایاخە ڕەوشتیانەی کە لە ئاینی
مەسیحیدا هاتوون و ئێوە باوەڕتان پێیەتی و بانگەشەیان بۆ دەکەن لەتەك
کار و رەفتارتاندا نایەنەوە بۆیە بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئێوە هیچ یەکێك
لەوانە بەدینایەت.
*****
باکۆنین لێردا وتویەتی
"They tried to retreat into the ivory
tower of their dogma" لەبەر ئەوەی
ئەمە تێرمێکە، منیش بەو شێوەیە سەرەوە وەرمگێڕاوە.
_____________________________________________
بەشی سێیەم و چوارەم:
https://emrro.com/markisuenarkizim34.htm
بەشی یەکەم و دووەم:
https://emrro.com/markisuenarkizim12.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|