په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٨

مارکس و میکاڤیللی و حیزبی سیاسیی کرێکاریی.


ئاسۆ کەمال      


وەک لە ناسینی دەفتەرەکانی زیندانی گرامشیدا ئاماژەم پێدا ئەم بەشە لەسەر مەسەلەی حیزب و پەیوەندی لە گەڵ چینی کرێکار و ستراکتۆر و توخمەکانی حیزبی سیاسی و سکتاریزم و بیروکراسی یە. لەم بەشەدا زیاتر کتێبی میری مۆدێرنی گرامشی باسدەکەین.


سەرەتا پێش ئەوەی بچمە سەر ئەم ڕیڤیو و ناساندنەی زانستێکی سیاسی کە گرامشی لەم بارەوە بەدەستی هێناوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم کارانەی من تەنیا بانگەوازێک بۆ خوێندنەوەی ئاسایی چەند کتێبێک نیە بەڵکو دراسە و لێکۆڵینەوە لەو تیۆری و ئەنجامگیریانەیە کە لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردودا بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە خەبات لە دژی سیستەمی سەرمایەداری پێی گەیشتوە. ئێمە بەم کارە تێگەیشتنێکی مێژوویی و زانستی لە کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کرێکاری بەدەست دەهێنین کە بەهۆیەوە دەتوانین پەی بە کەموکوڕیەکان و ئەزمە و بنبەستی سیاسی و ڕیکخراوەیی ئێستای کۆمۆنیزم ببەین. ئەم دراسە و لێکۆڵینەوانە سەرەتا بە ناسینی خودی زانست و تیۆریەک دەبێ کە تائێستا بەدەست هاتوە و دواتر کاری ئێمەیە بەکاریان بێنین لە لێکدانەوەی دۆخی ئێستای بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا و ئەنجامگیری دیاریکراو و کۆنکریتی لێ هەڵهێنجین. هەربۆیە چاوەڕوانی ئەوەی کە بە چەند فۆرمەڵەیەکی کورت و سادە لەم نوسینانەوە هەموو ئەو کێشانە چارەسەربکەین کە لەم دەورە مێژووییەدا ڕوبەڕوی مۆدیلی حیزبی سیاسی و جەماوەری کرێکاری و بەدیلی دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەتێکی کرێکاری ڕاگوزەر و بەراوردکردنی بە دەوڵەتی سۆڤێت ، وە هەروەها بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی و ئابوری و سیاسەت و ئازادی فەرد و کلتور و دامەزراوە و دەزگاکانی بەڕیوەبردن و هتد.. چاوەڕوانیەکی واقعی نیە و بەپێچەوانەوە نەفەس درێژی و بەشداری لەگەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئەم وەڵامانەی لە خوێنەر دەوێ. هەربۆیە ئەم ڕیڤیو و ناساندنانە تەنیا ناساندنی میتۆد و زانستگەلێکە کە بەبێ ئەوانە ناتوانین ئەم کاری گەیشتن بە ئەنجامگیریەکی نوێ لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەست پێ بکەین. لەکاتی ناساندنی ئەم بابەتانەدا خوێنەر بە پرۆسەی ئەم گۆڕانکاریانە چ لە ناو نوخبەی ڕوناکبیرانی کرێکاری و کۆمۆنیستی و چ لە ئاستی سیاسەت و حیزب و بزوتنەوەکەدا ئاشنا دەبێت.


بۆ تێگەیشتن لە چەمکی حیزب و حیزبی سیاسی و کرێکاری لای گرامشی سەرەتا دەبێ لە زانستی سیاسەت لای ئەو تێبگەین. ئەم نوسەرە کتێبی میری مۆدیرن وەک درێژکراوەی میری میکاڤیللی دەبینێ لەسەردەمیكی نوێ و بە ناوەرۆکێکی نوێ وە. ئەو دەڵێ پێش میکاڤیللی سیاسەت یان لە یۆیۆپیا یان لە باسی سکۆلار وەردەگیرا،ئەو توخمی عەقلانی خستە ناوسیاسەتەوە کە خواستی گشتی وکۆلێکتیڤ نوێنەرایەتی دەکرد و لە شێوەی ئەفسانەیی و ئەنثرۆپۆمۆفیکیەوە( شکڵی ئەفسانەیی تێکەڵاوی ئینسان و گیانداران ) بەرەو سیاسەتی بابەتی و ئۆبجێکتیڤ چوو. ئەو پرۆسەیەکی نوێنەرایەتی کرد کە (سیاسەت) بەپێی چۆنایەتی، کارەکتەربوون، وەزیفە، پێداویستیە کۆنکرێتی تاکەکان دەناسێنێ و سۆزی سیاسی دەکاتە فۆرمێکی کۆنکرێت. لای ئەم توخمی عەقڵانی و فۆرم و پرۆسەی سیاسەت، دروستکردنی دەوڵەتە. هەربۆیە میکاڤیللی نوێنەرایەتی ئیتالیای کردوە بۆ بەڕەسمی ناسینی ئەوەی کە، ڕێنیسانس ڕاستەقینە نابێ بەبێ دروستکردنی دەوڵەتێک لە ئاستی سەراسەری وڵاتدا. کتێبی میر مانیفێستی سیاسی ڕێنیسانسە. ئەگەر لای مارکس لە فەلسەفەدا هیگل و لە ئابوریدا ئادەم سمیث و ریکاردۆ پێویستن بۆ تێگەیشتن لە دنیای سەرمایەداری، ئەوا لای گرامشیش لە سیاسەتدا میکاڤیللی هەمان جێگای هەیە.


لە بەشی مارکس و میکاڤیللی دا گرامشی دەڵێ بنەمایەک کە مارکس پێشکەشی زانستی سیاسی و زانستی مێژووی کردوە ئەوەیە کە نیشانی دەدا سروشتی مرۆڤی دابڕاو و ئەبستراکت و جێگیر و نەگۆڕ نیە، بەڵکو سروشتی مرۆڤ خۆی گشتگیری ئەو چارەنوس و دیتێرمینە مێژووییەیە کە پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان هەیانە. چینی کرێکار لە ڕیگەی گۆڕینی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریەوە واتە لە ڕیگەی کۆتایی هێنان بە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەدارانەوە، سروشتی چینایەتی مرۆڤ دەگۆڕێ. ئەمە تێگەیشتنە لە زانستی سیاسەت، بە هەردوو شێوەی ناوەرۆکی کۆنکرێتی و فۆرمۆلەی لۆجیکی، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی سیاسەت دەبێ وەک گەشەیەکی ئۆرگانیکی ببینرێ. بەهەمان شێوەش میکاڤیللی، سیاسەت وەک چالاکیەکی ئۆتۆنۆمی کە خاوەنی مەبادئەکان و یاساکانی خۆیەتی، کە جیادەکرێتەوە لە ئەخلاق و دین تا خۆی دەگاتە ئاکامە فەلسەفیەکانی سیاسەت کە بەشێوەیەکی شاراوە و لەناوخۆدا فکرەی نوێی مۆرال و دین و جیهانبینی نوێ پێشکەش دەکا..


میکاڤیللی هانی ئەو هێزانەی ڕێنیسانی دەدا کە لیدەری بکەن . ئەو هێزە نوێیانەی دەزانن چیان دەوێ دەبێ چۆن ئەو ئامانجە بەدەست بێنن ئەگەر تەنانەت کارەکانیان ناکۆکی هەبێ لەگەڵ ئایدیۆلۆژی گشتی ئەوکاتەدا،ئاینی مەسیح، وە ئەو یەکێتیە تێک بشکێنن کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ترادسیۆن لە سیاسەتدا بنیات نرابوو و تا ئەمەش ڕونەدات موستەحیلە کە هێزە نوێیەکان بگەنە وشیاری سەبارەت بە شەخسیەتی سەربەخۆی خۆیان. کاتێکیش باسی حیزبی کرێکاری و خەسڵەتەکانیمان لای مارکس کرد بینیمان هەمان ئەم مەوقعیەتە سیاسیەی کە میکاڤیللی تێدابوو بۆ مارکسیش دوبارەبوەوە. مارکس یارمەتی هێزی نوێی پرۆلیتاریای دا کە تەکنیکی سیاسی ترادسیۆن گەشەپێبدا و چینی کرێکار بەناکۆکی لەگەڵ ئایدیۆلۆژی گشتیدا، کە پیرۆزی موڵکایەتی سەرمایەداری بوو لە جێگای ئاینی مەسیح، وشیاری سەبارەت بە شەخسیەتی خۆی پەیدابکا و فکرەی نوێ مۆرال و جیهانبینی نوێی کۆمۆنیستی بخاتەڕوو ، وە لە مەیدانی سیاسەتیشدا بنەماکان و یاساکانی خۆی سەبارەت بە حیزب و دەسەڵات و کۆمەڵگە جیابکاتەوە لە مۆدیل و فەلسەفەی بورژوازی لە سیاسەتدا. هەرچۆن شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار تەواوی دەوڵەتی بورژوازی هەڵدەوەشێنێتەوە نەک ریفۆرمی بکا و بنەماکانی بهێڵێتەوە، بەهەمان شێوەش دروستکردنی حیزبی چینی کرێکار هەڵوەشانەوەی بنەماکانی ڕێکخستن و ئیدارە و کاراکتەر و پەیوەندیە ناوخۆییەکانی حیزبە بورژوازیەکانە لە مەیدانی ڕیکخستنی کرێکاراندا. وە هەر بەم شێوەیەش کۆمەڵگای کۆمۆنیستی پێچەوانەی پرەنسیپ و یاساکان و دیاردەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریە. لەم تێگەیشتنە زانستیە لە سیاسەت ، حیزب و چین و دەوڵەت و کۆمەڵگە لە پەیوەندیەکی ئۆرگانی و شمولی (comprehensive)دان. هەر حیزبێک نمونەی مۆدێلێکی دەوڵەت و سیستەمێکی کۆمەڵگەیەکە.حیزبی کرێکاری نمونەی دەسەڵاتێکی کرێکاری و تۆوی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیە.


گرامشی ئەم تێگەیشتنە بابەتیە لە سیاسەت نەک وەک یۆتۆپیا و ئەفسانە بەڵکو وەک زانستێک ،کە ئۆتۆنۆمیەکی خۆی هەیە، لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەناسێنێ ،بەڵام لای گرامشی میری مۆدێرن حیزبی سیاسیە ،نەک میری ئەفسانەیی ،وە حیزب ناتوانێ تاکێکی کۆنکرێت و قارەمانێکی فەردی بێت.تەنیا دەتوانێ ئۆرگانیزمێک بێت، توخمێکی ئاڵۆزی کۆمەڵگە بێت کە تیایدا خواستی کۆلێکتیڤ بەڕەسمی ناسراوە و تاڕادەیەک دەستی بە چالاکی کردوە،و فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ. مێژوو ئەم ئۆرگانیزمەی پێشکەش کردوە ، ئەمە حیزبی سیاسیە، کە تۆوی سەرەتای ئەو خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە کە بەرەو جیهانی بوون و شمولی بوون دەچێت..


لێرەدا حیزب و یەکێتیە کرێکاریەکان بریتین لە ڕێکخراوکردنی خواستی هاوبەشی چینی کرێکار. دروستکردنی خواستی هاوبەش(collective will) کە میری مۆدێرن تیایدا لەیەک کاتدا ڕیکخەر و چالاکە، و دەربڕینێکە لەم ئۆپەراسیۆنە و بەڕیوەبردنی پراتیکی ، وە لەلایەکی تریشەوە ریفۆرمی ڕوناکبیری و مۆراڵی دەکا.ئەم دوو ئاستە ستراکتۆری هەموو ئەرکەکە دیاری دەکا..


شۆڕشی فەرەنسە لە ساڵێ ١٧٨٩دا بەرهەمی دروستبونی ئەو خواستە هاوبەشە بوو لە کۆمەڵگەدا کە دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی و سیستەمی پاشایەتی دەبێ بگۆڕدرێ .دروستبونی ئەم خواستە گشتیە مەحاڵ بوو ئەگەر جەماوەری جوتیار نەهاتنایەتە سیاسەتەوە، ئەمە بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژی سەرمایەداریش هەروایە بەبێ هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بۆ ناو سیاسەت دروستبونی خواستی گشتی شۆڕش دژی سەرمایەداری مەحاڵە.ژاکۆبینەکان لە شۆڕشی فەرەنسە و لە دەسەڵات و ململانێکانی دوای شۆڕشدا ئەو توێژ و کاتیگۆریە شکڵ گرتوەی میری میکاڤیللین و نمونەی مۆدێرنی شکڵ گرتنی خواستی هاوبەش و کۆلێکتیڤە، کە پێناسەی کەوتنەکاری وشیاری سەبارەت بە پێویستی مێژووییمان بۆ دەکا. واتە پیشانمان دەدا کە چ کاتێک دۆخی وشیاربونەوە و گەشەکردنی خواستێکی هاوبەشی جەماوەری لە ئاستی سەراسەریدا ڕوبەدەرەوە دەردەکەوێ؟


لەم دەرکەوتنەی خواستی گشتی شۆڕشدا ، ئێمە لە پەیوەندی نێوان بزوتنەوەی خۆبەخۆیی و عەفەوی لەگەڵ توخمی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکاردا تێدەگەین و پەی دەبەین بەو پەیوەندی نێوان ئەو ٣ توخمەی کە حیزبی سیاسی پێک دەهێنن.


بۆ ئەوەی حیزبێکی سیاسی کرێکاری هەبێ پیویستە ٣ توخمی سەرەکی بەدی هاتبێ:


یەکەم ؛ توخمی جەماوەری کرێکار.مەرج نیە ئەم جەماوەرە لە کرێکاری ئاسایی ڕۆحی داهێنەرانەیان هەبێ یان توانای ڕێکخراوکردنیان هەبێ بەڵام فۆرمێک لە دیسپلینی چینایەتی و بەڕیوەبردنی وەلائی سیاسیان تێدا شکڵ دەگرێ. بەبێ ئەمە حیزب بونی نیە. بەڵام ئەگەر کەسانێک ئەم هێزە مەرکەزی نەکەنەوە و پیکەوە کۆیان نەکاتەوە ئەوا پەرژوبڵاودەبن و نامێنن.


دووەم؛ ئەم توخمی پێکەوە گرێدان و کۆکردنەوەیەیە. کە مەرکەزی کردنەوەی هێزە ئاڵوز و سەراسەری و کاریگەر و بە‌هیزەکانی چینی کرێکارە ،نەک تەنیا لایەنگرە ئایدیۆلۆژە کۆمۆنیستەکان ،کە ئەگەر لێیان گەڕێی خۆیان پەرژوبڵاو و بچوک دەبن و دەبن بە هیچ. ئەم توخمەش بەبێ بونی توخمی یەکەم وەک ژەنراڵەکانە بەبێ سوپا کە هیچی پی ناکرێ. بەڵام لە ڕاستیدا دروستکردنی سوپا لە دروستکردنی ژەنراڵەکان ئاسانترە. ئەوەش ڕاستیە کە سوپایەک دەشکێت ئەگەر ژەنراڵەکانی لە دەست بدات، لەکاتێکدا کە یەکگرتویی گروپێک لە ژەنراڵەکان کە لەسەر ئامانجەکانیان ڕیککەوتون دەتوانێ زوو سوپایەک دروست بکا کە پیشتر نەبوە.


سێیەم؛ توخمی ناوەڕاست، ئەو توخمەیە کە هەردوو توخمی یەکەم و دووەم پێکەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندیەکی ئۆرگانی لە نیوانیان دروست دەکا نەک تەنیا پەیوەندی فیزیکی بەڵکو مۆراڵی و ڕوناکبیرانەش.


هەموو حیزبێک ڕێژەیەکی جێگیری هەیە لە تێکەڵاوبونی ئەم سێ توخمە و گەورەترین کاریگەری کاتێک بەدەست دێت کەئەم ڕێژە جێگیرەهەستی پێدەکرێ و دەزانرێ. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێ باوەڕێکی پۆڵایین دروست ببێ بەو ڕێگاچارە کۆنکرێتە بۆ چارەسەری کێشە گەورەکانی مەیدانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی. بەبێ ئەم قەناعەتە توخمی دووەم دروست نابێ. بۆ حوکمدان لەسەر توخمی دووەم ئەمانە پێویستە:


١-بەڕاستی چی ئەنجامداوە؟
٢-بەپێی چ چاودێریەکی کارەکانی دەتوانین بڵێین دەتوانێ ڕوداو دروست بکا لەو کێشەکانی ڕوبەڕوی دەبێتەوە؟
٣- لەکاتێکدا دەبێ شکست لە خەباتدا پێشبینی بکرێ بەڵام بەچ ڕادەیەک خۆی ئامادە دەکا بۆ سەرکەوتنێکی تر کە ئەم خۆئامادەکردنە بەڕادەی سەرکەوتنەکە گرنگە.
٤- هەموو کات دەبێ خۆبەزلگرتنی حیزب ڕێگەپێ نەدا و لە جێگایدا فاکتەکانی بەهێزی و لاوازیەکان دابنرێ.
٥- حیزب کاتێک پێشڕەوانە کاردەکا کە بەشێوەیەکی دیموکراتیک دەچێتە پێش و کاتێ بەرەودواوە دەگەڕێتەوە بیرۆکراتیانە کاردەکا. حیزبی بیرۆکراتیک ئاسانە، بڕیاردەرەکانی بیرناکەنەوە،بەشێوەیەکی تەکنیکی سیاسەتی ڕێکخراو دادەنێن. لێرەدا ناویحیزبی سیاسی بەسادەیی دەبێتە میتافۆری کارەکتەرێکی ئەفسانەیی.


لە پۆستی داهاتودا ئەم بەشە درێژە پێدەدەین بە باسەکانی پەیوەندی نێوان کاتیگۆریەکان و توخمەکانی حیزب و چینی کرێکار و چۆنیەتی دروستبونی هەژمونی بەسەر بزوتنەوەی عەفەوی و جێگای تێگەیشتنی حیزب لە دەوڵەت لە پراتیکی سیاسیدا

 

لەندەن

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک