په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠٢٠

    ماسادۆنیا و گۆرانییەکانی.

وەرگێڕانی:نەژاد عەزیز سورمێ


(ماسادۆنیا) وڵاتێکی ڕووتان و ژیانی تێدا گرانە، گۆرانییەکانیشیان بە ڕەنگی وڵاتەکەیانە.. گۆرانی کێویایەتی و تراژیدی، نوێشکی ئەو ڕووتەڵانانەن، وێنەیان پڕبەپڕی کارەساتەکانی مێژووی پێکھاتنیانە.. ماسادۆنیا کەوتووەتە نێوان وڵاتانی سڕبستان و بوڵگارستان و ئەلبان و گریک، پایەتەختی شاری سکۆپیایەو زمانەکەیان ماسادۆنییە کە دەگەڕێتەوە سەر سڵاڤی باشوور، زۆربەی دانیشتوانیشی سڵاڤین لە پاڵ ھەندێ ئەلبان و رۆمان و کەم تا کورتێکی تورک. سڵاڤییەکان لە سەردەمی ڕۆمە بیزنتینیەکانەوە (سەدەی ٩ و ١٠) بوون بە کریستیان، لەسەدەی چواردەیەمیشدا تورکە عوسمانییەکان وەک داگیرکەر ھاتنە ناویان.. لەگەڵ ئەو ھەموو بەرگری و بەرەنگاری و ناڕەزایی و خۆڕاگرتنەیشیاندا حوکمی عوسمانی تا سەرەتای سەدەی بیستەم مایەوە. دوای شەڕی دووەمی جیھان ئەو وڵاتانە ھەموویان ئازاد بوون، ماسادۆنیاش بوو بە کۆمارێکی ناو کۆمارەکانی یەکیێتی کۆمارەکانی یۆگسلاف. ڕاستیی ئەو شەش سەدەیەی بەسەر ماسادۆنیادا تێپەڕی برینی قووڵ و پڕ لە کارەسات و ڕووداو و پێشھاتی جەرگبڕی بەخۆوە بینی، قوربانی زۆریان دا، گەلێک یاخی بوون و بە چۆل و چیایان کەوتن، زۆریان وایان لێ ھات چەک ھەڵگرن و تا ئەو ڕادەیەی ڕێگری بکەن، بەتایبەتی ڕێیان لە بازرگانە تورکەکان دەگرت و ڕووتیان دەکردنەوە. ماسدۆنییەکان گیانفیدایی ڕۆڵەکانیان ھەمیشە لەبیرە کە چەند لە پێناوی سەربەخۆییدا ماندوو بوون و قوربانییان داوە. ئەم گۆرانییانە کە زۆربەیان لە دابونەریتی‌ خۆیانەوە ھاتوون سەیر دەکەی ھیچیان خاڵی نین لە تراژیدیا.

١
ئیڤۆ دە ‌زیندانی دایە
ھەڵۆیەکی لەسەر شانی ھەڵدەنیشێ
چاوی ئیڤۆ ھەڵۆ ئاو دەدەن
لە سیمایشی تێر دەبێ ..
- ئەی باڵدار
ئەوا گەورەو بەھێز بووی
منیش دەتنێرمەوە ماڵێ .
- ماڵەکەتان چۆن بناسم ؟
- حەوشەی ماڵمان کانییەکی سپی لێیە
دارێکی وشکی بەسەرەوەیە
سێ مەلی ڕەش لەسەر ئەو درەختە وشکەن
مەلی یەکەم
کە لە سپێدەوە دەگری تا ئێوارە
خوشکمە
مەلی دووەم
کە لە نیوەڕۆوە دەگری تا نیوەشەو ،
ژنەکەمە .
ئەوەی ھەرگیز لە ناڵە و فیغان ناکەوێ
ئەوە دایکمە .

٢
خۆر دادەکشێ
کچێک لەبەینی دوو دارستانی سەوز و
دوو دەریاچەی سارد
گوڵ دەچنێ ..
لە خوا بەدەر
کەسی لەگەڵدا نییە
کەس نییە ئاگاداری بێ
کە لەسەر خۆڵدا پاڵ کەوت
بەردێکی لەبن سەری بوو
بەرد مارێکی لەسەر بوو
(خوایە ئەو کیژە بمرێنە
تا پرچی بکەم بە ھێللانە و
لە گۆشتی دەم وچاوی بخۆم
چاوەکانی بخۆمەوە ..)
خوا نزای ماری قبووڵ کرد
کچەکە مرد
مار ،
پرچی کرد بە ھێللانە و
لە گۆشتی دەم وچاوی خوارد
چاوەکانی خواردەوە .

٣
مانۆلا لەسەر (فاردار)
خەریک بوو پردێک
دروست بکا
بەڕۆژ ئیشی لێ نەدەکرد
حەزی دەکرد شەوان دەستی بداتێ
چی بکا باشە ؟
سەرکاری نارد
مانۆلیکای ژنی بانگ کا
- مانۆلیکا
سەرۆک منی ناردووە
لە قەراخی ڕووباریە تۆی دەوێ
زووکە ، تا پێت دەکرێ لەزێ بکە .
- بە مانۆلا بڵێ
کوڕەکەم دەنوێنم و دێم .
کوڕەکەی دەنێو لانکێ نا
تێی ھەڵکردە گۆرانیانیان بۆی
- (ڕۆڵە بابت منی دەوێ
بە زووترین کات لەسەر فاردار ئامادە بم
ئەگەر بۆ خۆشەویستی بێ
کراسێکی سپی دەپۆشم
ئەگەر بیەوێ بمکوژێ
کراسێکی ڕەش
ئەگەر بۆ ژوانێ بێ
بنووە ڕۆڵە خەوی خێرت بێ
گەر بۆ مەرگ بێ
ڕۆڵە خێرا لەخەو ڕابە)
بەرەو فاڕدار شۆڕ بووەوە
- مانۆلا بۆ چیت بووم ؟
گەر بۆ ژوانێ بێ سپی
گەر بشتەوێ بمکوژی ، ڕەش دەپۆشم ..
مانۆلا دەستی گرت
لەسەر دیواری :
- (من ھەرگیز سووم لەخۆ نییە
مانۆلا ! بەزەیت بە کوڕەکەماندا بێتەوە
کە دەگری و
لە دوای من وێڵ دەبێ)
لەو کاتەدا
مناڵەکە لە خەو ڕاپەڕی و
خێرا بەرەو فاڕدار ھات
ھاواری دەکرد و دەگریا
باوکی دەستی گرت و ئامێزی تێوەرێنا
پێکەوە
ھەردووکیانی
بە دیواری پردەکەوە نووساند
لەو دەمەدا پرد بیڵیند بوو و
بیناش نەڕما .

٤
سەگەکان دەوەڕن ..
کەواتە شەڕانییەکان خەریکن دێن..
خۆت لەنێو ئەم خاکە ڕەشداگەڕاوەدا
لەنێو سنگی زێڕینیەوە.. بشارەوە..
شەڕانی ھاتن..
لێیان پرسین:
-کوا براکەت؟
-تۆ پیاو خراپی
نازانم براکەم لە کوێیە..
-گەر پێمان نەلێی،
چاوەکانت دەڕژێنین..
پێی نەوتن..
چاویان ڕژاند..
-پێمان ناڵێی کوا براکەت؟
ئەگەر نەڵێی دەستت دەبڕین..
دەستیان بڕی..
-جێی براکەتمان پێ ناڵێی؟
ئەگەر نەڵێی قاچت دەبڕین
قاچیان بڕی و ڕۆیشتن..
بە زەوی ڕەشداگەڕاودا ڕەت بوون..
لەوێ، لە سنگی زێڕینییەوە
(بیستانۆ) یان دۆزیەوە..
گرتیان..
پەلیان بەزنجیرێکی زیوین بەست و
بەرەو دارستانێکی دووریان برد..
(ئالینا) قیژاندی
بیستانۆ برام
نە چاوم ھەیە بتبینم
نە دەست باوەشت پێدابکەم
نە پێم ھەیە لەگەڵت بێم..

٥
ڕۆژگاری ڕەش
(ستوجان)ی ماندوو کردبوو
نە خۆراک ..نە پارە
نۆ منداڵیش..
ستوجان خوشکێکی دەوڵەمەندی ھەبوو
مێگەلێ مەڕو حەوت خەرمانی ھەبوو..
-خوشکم
نەختێ گەنمەشامیم دەویست
بۆ خۆراکی زارۆکان.. برازای خۆتن
-ستوجان، برام
بەو ڕێیەدا شۆڕبەرەوەو
چاوەڕوانی کاروان بکە
(٣٠٠) ئێستری نەواون..
لە دوای کێشان و تاوتووکردنی گەنم
پاشماوەکەیت دەدەمێ
...........................
ستوجان، برام
تەنیا دەنکێکیش زیاد نەبوو
ستوجان دەستی دایە تەلیسەکی
چووە شینکاو پڕی کرد لە لم..
ھەڵی گرت بەرەو ماڵەوە..
کە مناڵەکانی بینیان..
خێرا بەرەو پیرییەوە ھاتن..
پێ خواس .. برسی..
لمی وردو زێڕینی بۆ ھەڵڕشتن
خواردیان..
مردن..
گۆڕێکی بۆ ھەڵکەندن، ھەموویانی ناشت..
خۆیشی لە ماڵێ ھاتەدەر ببێتە ڕێگر .

٦
ھەموو شەوێ،
بە کراسێکی خوێناوییەوە دێتە لام
کەللەسەری بڕاوی تیا پێچراوە..
دایە ئەمرۆ بەیانی دەستێکی بۆ ھێنام
ئەڵقەیەکی زێڕی پێوەبوو..
من دەزانم ئەو دەستە ھی کێ بوو،
ئای دایە
بۆچی منت دایە ئەو پیاوە
ئەو دەستە بڕاوە
دەستی کوستاندینی برام بوو..

٧
بۆگدانا
لەسەر لووتکەی ئەو گردەدا خەو بردییەوە..
پەلکەگیا .. رایەخی بوو..
سەرینی .. گوڵی چیابوو
قەدی سەوز.. لێفەی بوو
شوانێکی لاو.. بەلایدا رابوورد
نەدەویست ھەڵیبستێنێ..
نە دڵی دەھات جێی بھێڵێ..
بۆیە بەھەموو ھێزیەوەدەستی کرد بە شمشاڵ لێدان..

٨
گەرگوڵت ویست،
شەونم لەسەر پەڕەی دابێ..
بەیانیان وەرە
ئەگەر ئاوی شیرینت ویست
لە نیوەڕۆیانا وەرە..
بەڵام کاتی خۆشەویستی .. ئێوارانە.

٩
کوڕو کچێک
یەکدییان خۆشدەویست و
ماچیان نەدەزانی ..
کچ کوڕەکەی بە چاوی ڕەشی ماچ دەکرد
کوڕەکەیش دەنکە ترێی
لە دەمی کچەکە دەنا ..
گوێی لە خشپەی پێی دایکی بوو
دەچووە بازاڕ تاڵەگیایان بکڕێ ژەھراویان بکا
کوڕەکە لە نیوەڕۆدا مرد
کچەکە لە شەوا
لە یەکدی بەستن
بە پەیتوونێکی چوارئەسپی ھەڵیگرتن
کچ لە دووڕییانێکدا و
کوڕیش لە سێڕییانێک نێژرا
کچەکە بوو بە بنەمێوێ
کوڕەکەیش بوو بە گوڵێ
کچ ھێشووی دان
کوڕ چڵی گوڵ
پێک گەیشتن و لێک ئاڵان
دایک ھەواڵی پێ گەیی
چەقۆیەکی ھێنا
ھێشوو و چڵەکانی بڕی
دوو ئاگری کردەوە
ھەر یەکی دەیەکی ھاوێت
خۆڵەمێشەکەیشی کۆ کردەوەو
بە باخچەیدا بڵاوی کردەوە
باخچە ڕەیحانی لێ شین بوو
ڕەیحان پیاوان لە بن شەپقەکانیان دەنێن
کچانیش لەبەر بەرۆکێ
مناڵانیش لە دەستی دەگرن ..

١٠
سێ ساڵ بوو ستوجان
داوای بۆجانای دەکرد و
دایکی داواکەی ڕەت دەکردەوە
بۆجانا خۆشیدەویست
چووە ژوورەکەی
سندووقە تازە بۆیەکراوەکەی کردەوە
کراسە سپییەکەی دەرھێنا
دەبەری کرد و خۆی پێ خەمڵاند
جێی لە حەوشەی ماڵێدا ڕاخست و
لەسەری پاڵ کەوت
خۆی مراند ..
کە دایکی بینی
ھەموو قژی خۆی ڕنییەوە
دەستی کرد بە ناڵەو فیغان
برایەکانی وتیان :
ئەم کچە فریومان دەدا
دەچین لە دارستان مارێک دێنین
پێوەی ‌دەنێین
چوونە دارستان
مارێکیان ھێنا و پێیانوەنا ،
نەبزووت
- پەنگران دێنین
ھەر نەبزووت
وتیان با ستوجان بانگ کەین
ئەگەر مردنەکەی ساختە بێ
بگاتە ئێرە دێتەوەخۆ
ھەڵدەستێتەوە
ستوجانیان بانگ کرد
ستوجان ھات
دەستی دەمەمکان گێڕا
ھەستایەوە ..
- ئای چ شیرنەخەوێک بوو
- مارمان پێوەنای نەبزووتی
بۆچی پێوەی نەدای ؟
- دایە
کە مارتان پێوەنام
وەکو شەونم بۆ من وا بوو
کە پەنگرتان پێوەنام
خۆر ھێمنی دەکردمەوە
- بۆجانا
ئەی کە ستوجان دەستی بۆ مەمکان بردی
بۆچی لەخەو ڕانەپەڕی .. نەترسای؟
- ئای ئای
توخوا ستوجان دەستی بۆ مەمکان بردم ؟
کەواتە دەبێ شووی پێ بکەم !

١١
- ستوجانیکا
لێوت بۆچی
لە لۆکەی زەرھەڵگەڕاو دەچن ؟
- لە ئەژمەتان
لە داخی سەفەری تۆ بۆ (ماربۆڤۆ)
- ستۆجانیکا خۆشەویستم
بە مەرگی ئەسپەکەم
دەستم بۆ ھیچ ئافرەتێکی دی نەبردووە
- ئەسپ خۆراکی کسۆکانە
بە چاوانم سوێند بۆ بخۆ
- کوڕم بمرێ
دەستم بۆ ئافرەتی دی نەبردووە
- کوڕ ھی ھەردووکمانە
بە چاوانم سوێند بۆ بخۆ.

____________________________________________
* لە ژمارە ١٠ی تەمووزی ١٩٨٠ ی گۆڤاری (ئەلئەقلام)ی وەزارەتی رۆشنبیریی عێڕاقییەوە کراوە بە کوردی، بڕوانە ل ٦٧.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک