٣٠\٦\٢٠١٠
مەبنە میرابۆ، ئەى
نووسهرە جیددیەکان...!!

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
لە رۆژنامەى ئاوێنەدا، شوان ئەحمەد، وتارێکى درێژى بە بەڵگەوە سەبارەت
بە ئاشکراکردنى گەندەڵییەکانى دەزگاى سەردەمەوە، نووسیوە و
بڵاوکردۆتەوە، دواى ئەوەى کە دوازدە ساڵ لەوێ کارى کردووە و دیارە
ئێستا لەوێ نەماوە و زۆرى بۆ هاتووە و ئیدى سکى عەمبارى کەس نییە،
هەموو ئەو شتانەى زانیوویەتى ئاشکراى کردوون.
شوان ئەحمەدى نووسهر و وەرگێڕ، رووسوورى
خۆى و نووسین و هەڵوێستەکانى خۆى دەربڕى، جەربەزانە هاتە پێش و ناوى
گەورە گەورە و خاوەنانى کتێب و وتار و بڵاوکراوەیەکى زۆر و زەوەندەى
ئەم چەند ساڵەى دواى راپەڕینى بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کرد. چونکە ئەم
سەردەمە (لەگەڵ ئەوەشدا کە سەردەمى گەندەڵى و بۆرە پیاوان و
پارەپەرستانە) وەلى، هەر هیچ نەبێت سەردەمى نەشاردنەوەى نهێنى و
رەفتارە ژێر بەژێرەکانە، ئیدى ئەوە بەسەرچوو کە مەسئول و وەزیر و
سەرۆکێک یان نووسهر و هونەرمەند و بەڕێوەبەرێک بتوانن وەکو سەردەمى
بەعسییەکان هەتا مردنیان هیچ لەبارەى کوشتار و گەندەڵى و نهێنییەکانیان
نەزانرێت.. ئەم سەردەمە (سکانداڵ/ فەزیحە) و ئابڕووچووییەکان لە
ئانوساتدا ئاشکرا دەبن و مەلا زانا و چەندان منەوەر و مامۆستایانى
زانکۆ و ئەم سەرۆک و ئەو سەرۆک و شاعیرو نووسهرى گەورەى گەلە
هەشبەسەرەکەمان ئاشکرا دەبن و هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم بڵاو
کردنەوەیاندا بوەستێت، ئەوەتا نووسینەکەى شوان ئەحمەد، بەزۆرى زۆرداران
لەو رۆژنامەیەدا وەستاو هەڕەشەکردن بەرى بە وتارە فەزیحەت - ئاشکراکەى
ئەم نووسهرە دلێر و ئازایە، نەگرت و لە سایتێکى ئازادا بڵاوى کردەوە..
ئەوەى لە نووسینە دوورو درێژەکەى شواندا هاتبوو، دەریخست کە ئەوەتا ئەو
کەڵە نووسهرانەش نەیانتوانیووە لەبەر ئیغرائاتەکانى دەسەڵات و پیاوانى
حزب و دەزگا گەندەڵەکانى ئەم کوردستانە ئازادەدا، خۆیان بگرن و تەسلیم
نەبن..
ئەوانە لەو کەسە نەفس نزم و گرگنانە دەچن کە هەموومان دەیانناسین و
زوڕناو تەپڵیان بەدەستەو شەو و رۆژ بێهەدادان، خەریکى لێستنەوەى پێڵاوى
سەرۆک و مەسئول و حزبییەکانى ئەم وڵاتەن. ئاشکرابوو کە ئەوانیش، سەبرو
قەناعەتیان نییە، بەرگەى سەرماو گەرماى تاقەت پڕوکێنى ئەم وڵاتە
هەشبەسەرە ناگرن، لەبەر بەرژەوەندى و چاوچنۆکى و پارەپەرستى و ترسنۆکى
و خۆپەرستى خۆیان، تەسلیم بە نیعمەت و پارەو ڤێلاو سەیارەى ئەم حزب یان
ئەو دەزگا یان ئەو کەسایەتى و مەسئول دەبن، چاویان دەنوقێنن و دەمیان
دەگرن و گوێیان هەڵدەخەن، بەڵام ناوێرن باس لە هیچ و نتەقى هیچیش بکەن،
بێهەڵوێستى و ترسنۆکى و بێدەنگى لە ژیانى خۆیان و نووسینە روو
زەردەکانیاندا رەنگ دەداتەوە.. لەگەڵ مەڕو گورگدا ئاو دەخۆنەوە، هەر
بزوتنەوەیەکیش بێتەکایەوە، زمانى لووس و شیعرى کوول و چیرۆکى قرچۆکیان
دەخەنەوە کار، زۆرێک لەو شاعیرو ماعیرو نووسهر و نۆسەرانە، لە سەردەمى
بەعسى فاشیشدا هەر سەرنووسەرو بەڕێوەبەرو شت بەدەست بوون. ئەمجۆرە
نووسهرانە سڵ لە گزى و داوێنپیسى و دەستپیسى و ستایشخوازى و سەرشۆڕى و
ملکەچى و پیاهەڵدان و ماستاو سارد کردنەوە ناکەنەوە.
ئەم نووسهرو داهێنەرە بێوێنانەى ئاخر زەمان، بە فیز و بوغراوە باس لە
هاوپیشە و نووسهرانى دیکە دەکەن و وەڵامى سڵاویان دەدەنەوە.. تەنیا
خۆیان بە نووسهرى جیددى دەزانن و لە هەموو کەناڵەکانى حزب و ئەهلییە
ناسەربەخۆکانەوە رێکلام بۆ کتێب و نووسین و هاتنەوە و رۆیشتنیان دەکرێت.
هەمیشە ئەمانە، بە زمانى گاڵتەجاڕییەوە باسى هەندەران و گەشتە یەک
بەدوا یەکەکانیان و شەوانى یانە و خواردنەوە و باسى ژن و خێزانى ئەم
نووسهرو ئەو نووسهرى بۆ ئەکەن، ئەگەر رەخنەشیان لێبگریت، ئیدى نە
ئەتوانن بە نووسین وەڵامت بدەنەوە، نە رێگا ئەدەن لە رۆژنامە و گۆڤارى
خزمەکانیانەوە نووسین بڵاو بکەیتەوە، ناوت ئەخەنە لیستى رەشەوە و بە
دژەباوى نەزان و جاهیل ناوزەدت ئەکەن.
هەرچۆنێک بێت، ئەوەى لە سەرەنجامى بڵاوکردنەوەى ئەو وتارە بوێرەى شوان
ئەحمەدا بۆ گشت لایەکمان دەرکەوت ئەوەیە کە دووفاقى و لایەنگیرییەک
هاتە مەیدانەوە کە باسکردنى هەموو سیستمەکەو رەخنە گرتن لە هەردوو حزبە
دەسەڵاتدارەکە و گەندەڵییەکانیان شیاوە و دەنگ لە ئاست باسکردنیدا دلێر
بوو بەڵام لە باسکردنى دەزگایەکى وەکو سەردەمدا ( کە خۆیان دۆست و نزیک
و خزمى بوون) کە چەندان بەڵگەى چاودێرى دارایى و نووسهران،
تووڕەبوونیان لەم دەزگایە و باسوخواسى نێو ژوورەکانى ئەم دەزگایە لاى
کەسمان نامۆ و سەیروسەمەرە و شۆک نەبووە، کەچى ئەم نووسهرانە (بێجگە
لە مەریوانى وریا قانیع) هەموو سوێندى شەرەفیان خوارد و هەڕەشەیان لە
رۆژنامەیەک کرد کە بۆتە سەکۆى ئازادیى رادەربڕینى زۆرێک لە نووسهرانى
کورد، بەو واتایەى ئەو وتارە دەبێت بوەستێت و گەندەڵییەکانى ئەم
دەزگایە هیچیتر بڵاو نەکرێتەوە، نەبا ناو و نهێنى ئەوانیش ئاشکرا ببێت،
پاڕانەوە و هانا بۆ بردنى ئەندامانى ئەنجومەنى ئەم دەزگایەش لەوان، لەو
لاوە بوەستێت..
ئەوە جێى سەرسوڕمان و شۆکە، کە نووسهرە جیدییەکانى دانیشتووى هەندەران،
ئیمزا کۆ ئەکەنەوە و هەڕەشە ئەکەن نووسین بۆ ئەو رۆژنامەیە نەنێرن، کە
نووسینەکەى شوان ئەحمەدى بڵاو کردۆتەوە، لە کاتێکدا ئەوان رێبەرو
پێشەنگى ئازادیى رادەربڕین و شەفافییەت و سیسمتى کراوەو دیموکراسین و
بوونەتە پێغەمبەرى هەژاران و ئازادیخوازان و بێنەوایان و قسەکەر و
میرابۆى خەڵکى هەناسەسارد..
ئەمڕۆکە ئەم نووسهرە جیددیانەن کە نایەڵن بەشەکانى دیکەى ئەو نووسینە
بڵاو بێتەوە کە خەڵک تینوون ئەو دۆکومێنتانە سەبارەت بە گەندەڵییە
زۆرەکانى ئەم دەزگایانە بڵاو بکرێنەوە کە نووسهرانێک دەیکەن لاى
زۆربەى گەنجان و خوێنەران نموونەى باڵاو نووسهرى گەورەو شاعیرى گەورە
و چیرۆکنوسى مەزن و وەرگێڕى گەورەى گەلەکەمانن. ئەوە جێى شۆکەو
سەرسوڕمانى گەورە، کە هەڵوێستى ناجۆرى گەورەى ئاوا بێماناو
بەرژەوەندخوازى، ئەو هەڕەشەکردنە بە راگرتنى ئەو نووسینە بوێرو ئازایە،
بەڕاستى لەم سەروەختەدا جێى مەترسییە بۆ ئەو ئازادییە مەرجدارەى
کەوتۆتە دەست دەسەڵات و رۆشنفیکرى ئەم کوردستانە هەشبەسەر و هەتیوەوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەو هەڵوێستەى ئەو نووسهرە جیددیانە زۆر
لەسەریان ئەکەوێت و مێژوو بە خەتمێکى رەشەوە تۆمارى ئەکات.. گەنجان و
ئازادیخوازان و خوێنەرانى ئەم نووسهرانە سەریان لە بەردى ئەلحەد درا،
هەڵوێستى فەرهاد پیرباڵ و زۆرى دیکەى پەرلەمانتارو کەسە دیارەکانى ئەم
کۆمەڵگایەمان هاتەوە پێش چاو، کە بێئومێدى و کەسەریان لە دڵدا دروست
کردین..
ئەمڕۆکە ئێمە پێویستیمان بەو جۆرە هەڵوێستانەیە کە شوان ئەحمەد نواندى،
پێویستیمان بە هەڵوێستە جوانەکەى بەڕێز مەریوان وریا قانیعە، کە
هەورامانى براشى هەر لە سەردەم بووە و هیچ ناووناتۆرەیەکى بە دواوە
نییە و پیاوێکى زۆر جوانە و بەبێ هەراو زەنا رەخنەگرێکى دڵسۆزە لە
بوارى پەروەردە گەندەڵەکەى کوردستاندا، بەڵام ئەوەى گرنگە و داخوازە لە
کاکە مەریوان ئەوەیە کە ئەم پیاوە ئاکادیمییە حەکیمە، پێویستە بێدەنگ
نەبێت، هاوڕێیەتى هیچ یەکێک و کەسێک لەوانەى هەڕەشەیان لە ئازادیى
رادەربڕین کرد نەبێتە ئاستەنگ و لەسەر یەک هێڵ و هەڵوێست لەگەڵ شوان
ئەحمەدا داکۆکى لە گەندەڵکاران و دز و درۆزنان و میرابۆکانى کوردستان
نەکات..
ئەوەى زۆر جێى داخە، ئەوە نییە کە زۆرێک لەم کەڵە نووسهرانە سوودمەند
بوون و مووچەى شەرعى و ناشەرعیان وەرگرتووە یان زەوى باش و چەوریان لە
سێنتەرى شاردا وەرگرتووە کە ئەمڕۆ چەندان دەفتەر دۆلار دەکات (کە
مامۆستا هەشبەسەرەکەى خەزوورم چل و دوو ساڵ خزمەتى هەیەو لە قڕگە و
عەربەتیش زەوى وەرنەگرتووە).. بەڵکو ئەوەیە ئێستاکە پیاوانى دەسەڵات و
زوڕناژەنە زۆر و زەوەندەکانى، قاقاى پێکەنین و گاڵتەجاڕییان بەم نهێنى
و بەڵگە ئاشکرابووانە دەگاتە گوێى هەموومان، ئەوە جێى داخە کە
متمانەمان بە هیچ و بە کەس نەمێنێ و سبەینێ چەندان میرابۆى دیکەى کوردى
هەناسەسارد و بەشمەینەت ئاشکرا ببن..
سلێمانى - 29\6\2010
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|