په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

۴\١\٢٠١٠

مەجیدى مەجیدى:

سینەماى ئێرانى گەیشتووەتە قۆناغێکى هەستیار.

وەرگێڕانى: کاردۆ

دەرهێنەرى ناودارى سینەماى ئێرانى مەجیدى مەجیدى لەدایکبووى ساڵى 1959ى شارى تارانە و دەرچووى پەیمانگەى هونەرى شانۆیە،لە پاش هەڵگیرسانى شۆڕِِشى ئیسلامى لە ساڵى 1978 ـەوە روویکردووەتە سینەما و لە چەند بەرهەمَێکدا بەشدارییکردووە ، خاوەنى چەندین فیلمە وەک (رەنگى خودا، باران، منداڵانى ئاسمان، شۆڕەبى ، گۆرانى باڵندەکان).

 

* هۆکارى سەرکەوتنى سینەماى ئێرانى لە وڵاتانى دەرەوە بۆ چى دەگەڕێنیتەوە؟
مەجیدى مەجیدى: هۆکارى زۆرهەن، فاکتەرگەلێکى گرنک هەن وەک مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە نێو سینەماى ئێرانیدا بوونیان هەیە، ئەمانەیش لەنێو کولتوورى ئێرانیدا رەگ و ریشەیان داکوتاوە. هەروەها دەکرێت بڵێین ، جێ دەست و مۆرکى هونەرى تەلارسازیى هۆکارێکى ترە بۆ سەرکەوتنى سینەماى ئێرانى، لە چوارچێوەى بەدواداچوونەکانمدا تێبینى ئەوەمکردووە کە زۆرێک لە ماڵەکان هەسار و باخچەى فراوانیان هەیە ، بەڵام بە پێچەوانەوە شەقام و گەڕەکەکان بە تایبەتى لە ناوچە هەژارنشینەکاندا باریک و بەرتەسکن، ئەمەیش بە بۆچونى هەندآ کەس رەهەندێکى ستاتیکى بە سینەماى ئێرانى بەخشیوە، دەرئەنجام پرۆسەى وەرگرتن لە لایەن وەرگرەوە لە نێو ئەو پانتاییەدا ئەنجامدەدرێت کە تێیدا تاکەکان لەیەکەوە نزیکن و هەست بە هەناسەى یەکتردەکەن، هۆکارێکى تر ئەوەیە کە سینەماى ئێرانى دیوێکى ترى ژیان و کولتوور لە ئێران دەخاتە روو. مەبەستم وێناى دیکە نیشاندەدات جیاواز لەوەى خەڵکى لە رێى میدیاکانى رۆژئاوا وە پێیاندەگات.


* ئاخۆ سینەماى ئێرانى لە ئێران-یشدا هاوشێوەى وڵاتانى جیهان سەرکەوتنى بەدەستهێناوە؟
مەجیدى مەجیدى: بێگومان ، ساڵانە 70 بۆ 80 فیلمى سینەمایى لە ئێران بەرهەمدەهێنرێن،کە دەکرێت پۆلین بکرێنە سەر چەند جۆرێک، وەک فیلمى بازرگانى لەلایەک و ئەو فیلمانەى کە بە پێى داواکاریى کەناڵیکى تلوزیۆنى یان هەندێ دەزگا و ناوەندى تایبەتى سەبارەت بە کارەکتەرێکى مێژوویى بەرهەمدەهێنرین لە لایەکى تر، هاوکات سینەماى هونەریى لەو پۆلێنەدا جۆرێکى سەربەخۆیە و لەگەڵ ئەوەى ئومێدى زۆریان لە پشتەوەیە ، هاوکات پیگە وشوێنێکى باشیان لە نێو بینەردا هەیە، ئەمەوێ ئاماژە بەوەش بکەم ، لەئێستادا سینەماى بازرگانیش کار لەسەر بابەتى گرنگ دەکات، و بە بەراورد لەگەڵ سینەماى بازرگانى بەر لە شۆڕش سینەمایەکى هونەریى و شێلگیرترە ، لە پاش شۆڕشى ئیسلامى ساڵى ((1979))وە بە یەدەگێکى گەورەى تواناى هونەریى هاتووەتە ئاراوە،و سینەماى ئێرانیش لە پاش شۆڕشى ئیسلامییەوە بە ((8)) ساڵ پێشڤەچوونێکى گەورەى بە خۆوە بینی.


* هەندێک لە رەخنەگرانى ئێران و وڵاتى خۆرئاوا پێیانوایە زیادەڕۆییەک هەیە لەو پێشوازییەى کە لە وڵاتانى دەرەوە لە سینەماى ئێرانى دەکرێت، لەهەمبەر ئەو بۆچوونە ئێوە راتان چییە؟
مەجیدى مجیدی: من پێموایە سینەماى ئێرانى گەیشتووەتە قۆناغێکى هەستیار ، وایکردووە ئەو هەستە درووست بێت کە فیلمى ئێرانى لە رێى فێستڤاڵەکانەوە گۆڕانێکى نا راستەقینەى بەخۆوە بینیوە، ئەم تێبینییە بێ بنەما نییە ، بۆچوونێک هەیە کە پێیوایە سینەماى ئێرانى بووەتە ناوونیشانێکى باش و دەشێت خەڵکى متمانەیەکى کوێرانەیان پێهەبێت ، بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت کە سینەماى ئێرانى بە توانایەکى زۆرەوە هاتووەتە گۆڕرەپانەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە بۆچوونى من هۆکارى سەرکەوتنى بەردەوامى فیلمى ئێرانى دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى باشى و نایابیى ، هیچ بەرهەم و کاڵایەکى بەناوبانگ ئەگەر بەردەوام لە ئاستێکى باش و نایابدا نەبێت، تا هەمیشە ناتوانێت پارێزگارى لە ناوبانگى خۆى بکات ، سینەماى ئێرانى لە رادەبەدەر رووى کردووەتە فێستیڤاڵەکان، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵى ئەو نەوە گەنجەى کە هاتووەنەتە گۆڕەپانەکەوە، دۆخێکى سرووشتییە کە گەنجان بە ورنجە و سەمەرەیى فێستیڤاڵە جیهانییەکان سەرسامدەبن؛ بەڵام ئەوەشمان لە بەرچاوگرتووە کە چۆن بزاوتگەلێکى گرنگى سینەمایى وەک رەوتى ریالیزمى نوێى ئیتالیایى ، بەهۆى ئەو بەشداریکردنە بەردەوامەى لە فیسیڤاڵەکاندا ورنجە و گرنگى خۆى لە دەستدا ، راستە فێستڤاڵەکان ستایل و ئاراستەکان دیارى دەکەن، بەڵام هیچ کاتێک هونەر ناتوانێت مانەوەى خۆى تا ئەندازەیەکى دوور مسۆگەر بکات ئەگەر لەگەڵ گریمانەکانى بینەردا یەکانگیرنەبێت .


* لیرەدا ئەو پرسیارە خۆى زەقدەکاتەوە، ئاخۆ سینەما بۆ کێیە، یان بە دەستەواژەیەکى تر ، ئاخۆ ئارمانجى سەرەکى فیلمسازانى ئێران بەدەستهێنانى خەڵاتە لە ئاستى وڵاتانى جیهاندا، یاخود گەڕانەوەیە بۆلاى بینەر لە نێو ئێراندا؟
مەجیدى مجیدی: فێستیڤاڵەکان تەنها بە پرد و دەروازیەک دەزانم بۆ بێشکەشکردنى کارەکە، فیلمێکى سینەمایى گەر نەتوانێت گوتارى خۆى ئاراستەى بینەرێکى فراوانتر بکات و سەرنجیان رابکێشیت ، ئەوکات لە توانایدا نابێت بگاتە ئاستى بە جیهانى بوون. هەمان شت لە ئەدەب و وەرزشدا بەدى دەکرێت، ئاخۆ بۆچ فوتبۆڵێن وەرزشێکى جیهانییە کەچى یارى گۆڵف بەو شێوەیە نییە؟
چونکە فوتبۆڵین ئاراستەى جەماوەرێکى زیاتر دەکرێت و سەرنجیان رادەکێشێت، پێویستە ئێمە بەئاگابین لەوەى ئاخۆ لە تەواوى جیهاندا چ شتێک سەرنجى مرۆڤەکان بەلاى خۆیدا دەبات.

__________________
ژێدەر/ www.alquds.com