په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٠\٢٠١٠

مەحاڵیش مەحاڵ نییە، قوتابخانەی کوردی لە ئامەد، سلۆپی و هەکاری.


سەلام عەبدوڵا  


هەموو داهێنانە مەزنەکانی مرۆڤایەتی وەک ئەنتەرنێت، مۆبایل بۆ نموونە پێشی دۆزینەوەیان، مەحاڵ بوون، لێ ئێستا لەسەرتاپای سەرسەزمین بەکاردەهێنرێن. لە چرکەساتەکانی شکستی بزووتنەوە جۆرەبەجۆرەکان، چاودێرەکان دەیانگوت"مەحاڵە"جارێتر سەرهەڵبدەنەوە، کەچی بەرپرسانی ئەو "لە مەحاڵ مەحالتر"، ئێستا بوون بە دەسەڵاتدارو لەناو کۆشک و تەلارەکانیانەوە خودی خۆیان باسی" لە مەحاڵ مەحالتر " بۆ نەوەی ئێستا دەکەن، وەک بڵێی پەیامێکەی ئەوەبێ، گەنجان لە بەرگریکردن بۆ دابینکردنی ژیانی شیاو بە گەل و زۆرینە هەژارەکەی، دڵسارد بکەن!


ئایا ئەو جۆرە دەربڕینانە چ مەعریفە و زیرەکی و بەرچاوڕۆشنییەک زیادەکات؟ ئایا مرۆڤ بەو دەربڕینانە خوێن شیرین یان رەزاقورس دەبێ؟ لە تاکی گەلەکەیەوە نزیکدەبێتەوە یان دوور؟!


ئەمە کێشە و قەیرانێکمان دەخاتە روو کە لە تێڕوانین بۆ ژیان و فکرو مێژوو سەریهەڵداوە. . . ئایا مام جەلال دەتوانێ پێمان بڵێ: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یان گەلانی ژێردەستە سازش لەگەل مێژوو دەکەن؟ رادەوەستن؟ خۆبەدەستەوە دەدەن؟!


"مەحاڵی مەحاڵەکانە"کەی مام جەلال، مافێکی سەرەتاییە و نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێناوەو مرۆڤایەتی لەبەردەم مافی چارەنووسی گەلان تێگەیشتن و سمپاتی گەورەی هەیە. سەیرە مام پێی وایە دەسەڵات هەر بەدەستی حوکمڕانە شوفێنیست و شەرنگیزو چەوسێنەرو کەرو وڵاخانە دەمینێتەوە: ئایا ئەو دەسەڵاتدارانە"کۆتایی مێژوو"و شێوەی حوکمڕانی پێکدەهێنن و کوردستانییەکان بە کوێلایەتی و سەرشۆڕی مەحکومن؟!


مام جەلال بەبێ ئەوەی پێویستی پێ هەبێت، بەو قسانە بەرد بە بەردی خۆی دەهێنێتە قسە و کەسیش نازانێ بۆچی!


لەراستیدا ئەم پێشنیارە"زیادەڕۆییە" لە من، چونکە سیاسەتمەدارێگی گەورەی کوردان لە تورکیایە و دەتوانێ بە بەرپرسە گەورەکانی بڵێ: ئاساییە لەم سەردەمە منداڵانی کوردزمان قوتابخانەی هەبێ بە زمانی خۆی، ئەوە نییە لە کەرکوک و هەولێر قوتابخانە هەیە بە زمانی تورکی بۆ تورکومانەکان...!


مەحاڵکردنی مافی سەرەتایی، لە قاڵبدانی ئەقڵە و بەرتەسککردنی بینینە بە ئاراستەی دواڕۆژێکی باشتر لەمەی هەیەو ئەگەر مام جەلال وەک سەرۆککۆماری ئیراق ئەم هەلەی نەقۆستەوە بۆ دەربڕینی ئەم مافە سەرەتایە، ئەوا دەکرێ وەک هاوڵاتییەک لێرەوە بڵێین:


ئیمڕۆ وا دەخوازێ لە کوردستانی باکوور رێگای بەرگری مەدەنییانە بۆ گەیشتن بە مافی زۆر سادە(خوێندن بە زمانی کوردی)بگرنەبەر و"خوا کەریمە بۆ"لە مەحاڵ مەحاڵتر".
ئێستا نەک سبەی:
لە هەموو گەڕەکێکی ئامەد و سلۆپی و هەکاری، قوتابخانەی کوردی بێنە دامەزراندن!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا