په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٣

مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و

خەبات لەپێناو کرێکارانی عێراقدا.*

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و پێشەنگی ڕۆمانی عەرەبی لە عێراق، ناوێکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی هوشیاربوونەوەی فیکریی و ڕێنیسانسی ئەدەبی لەمێژووی عێراقدا کە ڕۆڵێکی مەزنی گێرا لە بەرگریکردن لە کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەو لە واقیعی کۆمەڵگەی عێراقی لە دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی رابردوو ژیا کە هەمیشە لە ناکۆکیدا بوو لەگەڵ دوواکەوتوویی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئاستی مەعریفی خۆیدا.ئەلسەید قەڵەمەکەی خستە گەڕ لەبوارەکانی ئەدەب و سیاسەتدا لەپێناو کرێکاران، بەڵام بەداخەوە مێژوو بۆ ماوەیەک لەبیری کرد. کاتێکیش دکتۆر عەلی جەواد ئەلتاهیر ئاوڕ لەم نووسەرە شۆڕشگێڕە دەداتەوە، ئەوسا ناوەندە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکان لای لێ دەکەنەوە(١) مەحموود ئەحمەد ئەلسەید، لەجەرگەی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنگەرییەی عێراق هاتەد ەرەوە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خەریکی هەناسەدان بوو. ئەم نووسەرە کرێکاریی و کۆمۆنیستە لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠١ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. سەرەتا لە کتێبخانەی مزگەوتی حەیدەرخانە لای باوکی مودەریس دەست بە خوێندنی ئایینی دەکات؛ کە ئەوکات مەلای مزگەوتی عەبدولقادر گەیلانی بوو. پاشان ئەلسەید لە قوتابخانە عوسمانییەکان دەخوێنێت و تا لەسەردەمی داگیرکاری ئینگلیزدا دەچێتە خوولێکی ئەندازیاری. ئینجا گەشتی وڵاتی هیندستان دەکات و ساڵێک لەوێ بەسەر دەبات و شارەزایی لە دۆخی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هیندستان پەیدا دەکات. مەحموود لە هیندستان بە بیرمەندی سۆشیالیستی هیندی (سوامی) ئاشنا دەبێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. ساڵی ١٩٢٠ لەسەروبەندی شۆڕشی ١٩٢٠ی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ عێراق تا ئەزموونی گەشتەکەی هیندستان و شۆڕشەکە لە ڕۆمانی ( جەلال خالید) بخاتە ڕوو، کە دواتر لە ساڵی ١٩٢٨ دا بڵاوی دەکاتەوە. (٢)مەحموود ئەحمەد ئەلسەید وەک هەر خوێندەوارێکی گەنجی ئەوکاتی عێراق، جگە لە بەرهەمە ئەدەبی و سیاسییەکانی خۆی؛ زمان و ئەدەبی تورکی دەخوێنێت و لەو ڕێگەیەشەوە گەلێ بەرهەمی ئەدەبی ئینگلیزی و ڕووسی و ئەرمەنی وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی.(٣) ساڵی ١٩٢١ یەکەمین کورتە رۆمانی خۆی بڵاو دەکاتەوە بەناوی ( لەپێناو هاوسەرگیریدا) کە حوسێن ئەلرەحاڵ گەورە ڕۆشنبیری پێشکەوتووخوازی ئەوسەردەمە پێشەکی بۆ دەنووسێت. بیریشمان نەچێت حوسێن ئەلڕەحاڵ و کۆمەڵە گەنجێک ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانیان پێکهێنابوو؛ کە مەحموود ئەحمەد ئەلسەید یەکێک بوو لەو ڕۆشنبیرە گەنجانە.(٤) بەمجۆرە هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتی عێراق کەلەژێر پێی داگیرکاری ئینگلیز و کۆمپانیا بیانییەکاندا ڕەنگڕێژ دەکرا، دۆخی کرێکارانی عێراقی گەیاندبووە لووتکەی خراپی و نائینسانی. ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بەهەرشێوەیەک کەبۆیان کرابێت پشتیوانی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی عێراق بوون و تەنانەت ئامادەشبوون بەکردەوە ببنە دەنگ و نوێنەری کرێکاران. مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە کۆمەڵەی پیشەوەران شانبەشانی محەمەد ساڵح ئەلقەزاز هەموو ژیانی دەخاتە خزمەت کرێکاران و دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەو کۆمەڵە کرێکارییە.(٥) ئەو جگە لە دەقە ئەدەبییەکانی لە چیرۆک و ڕۆمان، لە وتار و نووسینە سیاسییەکانیشدا پێداگرێکی سەرسەختی کرێکارانە دژ بە سەرمایەداران.

مەحموود ئەحمەد ئەلسەید دوای گەڕانەوەی لە هیندستان لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە وەکو ( الشرق، العراق، العالم لاعربي، الاستقلال) و گۆڤارەکانی ( الیقین، المصباح، الصحیفة، المعرض، الحدیث، الحاصد) دەست بە نووسین دەکات و بەرهەمەکانی بلاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٢٠ وەکو کاتب لە وەزارەتی ناوخۆ دادەمزرێت و پاشان لەساڵی ١٩٢٣ وەک بەڕێوەبەر دەگوازرێتەوە (لیوای دیوانیە) و دوای ئەوەش لەساڵی ١٩٣١ دەبێتە سکرتێری شارەوانییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئینجا لە ئازاری ساڵی ١٩٣٣ تا کۆتایی ژیانی ١٩٣٧، دەبێتە سکرتێری پەرلەمان.

بەشێک لە وتارەکەی مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس بڵاو بکەینەوە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران بوو، واتا جێگری ئەقەزاز بوو کە لە ڕۆژنامەی (العامل) ژمارە یەکی ساڵی ١٩٣٠دا بڵاوکراوەتەوە. مەحموود ئەحمەد ئەلسەید دەنووسێت :(بانگەوازی یەکەمم بۆ هەموو کرێکاران و جووتیارانی وڵاتەکەمان؛ بۆ هەموو ئەشکەنجەدراو و ستەمدیدەیەک، بۆ هەموو سەربازە سەربڵندەکانی مرۆڤایەتی کە لە گەورەترین جەنگدا و لەپێناوی مافەکانی چینی کرێکاران و سەربەستی و بیروباوەڕە پیرۆزەکەیاندا پشتی یەکتر دەگرن، هەر ئەو بانگەوازەیە کە سەرکردەکانی ئەو چینە پێش دەیان ساڵ و ئێستاش دەیڵێنەوە: ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن!. با ئەم بانگەوازە دروشمی کرێکارانی خۆشمان بێت، بەبێ جیاوازی کار و پیشەیان، با ئەوەش بزانن کە ناکۆکی و بەربەرەکانێی یەکتر لەوە بەولاوە کە تێکیان دەشکینێ و بەرەو دواوەیان دەبات و تا ماویەکی دوورودرێژ مافیان بەفیڕۆ دەبات، هیچی تریان لێ دەستگیر نابێت.) تا دەگات بەوەی کە دەڵێت ( کرێکارانیش مافی زۆریان هەیە و خاوەنی نین، و هەروا بەئاسانی بەدەستی ناهێنن. گومانی تێدا نییە ئەوانە مافی ژیانن و بەبێ دەستخستنیان مردن گەلێک باشترە. کرێکار مافی ڕەوای خۆیەتی ڕۆژی هەشت سەعات کار بکات، کەچی زۆربەی کات چواردە سەعات کاری پێدەکرێ، مافی خۆیەتی بێکار نەبێ، مافی خۆیەتی مناڵەکانی لە قوتابخانەدا فێری خوێندن و نووسین ببێ، نەک بە نەزانی فرێبدرێتە سەر شەقامەکان، یاخود بخرێنە بەر شاگردی و لەناو کارگە و کارخانەکاندا کاری گرانیان پێ بکرێ، مافی خۆیەتی خواردنی سوودبەخش بخوا و بەرگی باش بپۆشێ و جێگایەکی لەباری هەبێ تێیدا بحەوێتەوە، نەک وەک ئاژەڵی کێوی لەئەشکەوتدا بژی، مافی خۆیەتی گەرخۆی یا ئەندامانی خێزانەکەی نەخۆش کەوتن، پزیشک چارەسەریان بکات و داودەرمانی پێویستیان بدرێتێ و گەر کەفتەکار بوو نەیتوانی ژیانی خۆی دابین بکات و لەسەرکار بمێنیتەوە، ئاوا چەردەیەک پارەی بدرێتێ و گەر پیری زۆری بۆ هێنا و چیتر بۆی نەکرا ئەرکی خۆی بەجێبێنێ و کار بکات، مووچەی خانەنشینی بدرێت بە خێزانەکەی.) تا لە کۆتاییدا دەڵێت ( گەر بێ و کرێکاران هاوکاری یەکتر نەکەن و کۆمەڵەکانیان لەسایەی ئاڵایەکی یەکگرتوودا یەک نەخەن کەڕاستتر وایە ناوی یەکێتیی کۆمەڵە و نەقابەکانی کرێکارانی لێبنێین، هەرگیز بەو مافەیان شاد نابن. دەبێ ئامانجیشی بەرگریکردن بێ لە بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمەڵەی کریکاران و هەوڵدان بێ بۆ دانانی یاسایەکی ئەوتۆ تا لەسایەی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە دێرینەدا کە بەزۆرەملێ پەیڕەوی یاساکانی دەکرێت، خۆیان و مافە ڕەواکانیان بەپێی توانا بپارێزێ و کرێکاریش سەربەست و سەربڵند بژی.)(٦)

مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە چیرۆکەکانیدا ڕێبازی ڕیالیزمی گرتۆتە بەر. ئەو جگە لەوەی پێشەنگی ڕۆمانی عەرەبی بوو لە عێراق، لەهەمان کاتیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆڕ و کۆمەڵە سۆشیالیستی و پێشکەوتووخوازەکان. (٧) و کاریگەری هەبوو بەسەر سەرجەم بونیادی ڕۆشنبیری لە عێراق. ئەم خەمخۆرەی چینی کرێکاری عێراق؛ بەداخەوە لە تەمەنێکی زوو لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٧ لە قاهیرە بۆ یەکجاری دڵی لەلێدان دەکەوێت و ماڵئاوایی لە ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و خەمە چینایەتییەکانی کرێکارانی عێراق دەکات و هەر لەو گۆڕستانەی قاهیرە دەنێژرێت کە شاعیری عێراقی عەبدولموحسین ئەلکازمی لێنێژراوە.(٧)
________________________________________
* مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە نێوان ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٣٥، نۆ کتێبی بەچاپ گەیاندووە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە و وەرگێرانیشی هەیە لە زمانی تورکییەوە.
________________________________________
سەرچاوەکان:
١- (ادباء منسیون من بلادي رائد الروایة العربیة في العراق محمود احمد السید بقلم د،علاء الادیب موقع الوطن ٢٣ی ئابی ٢٠١٩).
٢- (اعادة طبع اول روایة عراقیة لمحمود احمد السید بقلم عبدالجبار العتابي موقع ایلاف ١٩ اب ٢٠١٧).
٣-لەو کتێبانە بەنموونە لەپێناو هاوسەرگیری ١٩٢١ و چارەنووسی لاوازەکان ١٩٢٢ و نسکۆکان ١٩٢٢ و قەڵەمی شکاو ١٩٢٣ و جەلال خالید ١٩٢٨ و پێشەنگەکان ١٩٢٩ و ..تاد.
٤- (محمود احمد السید زیادة اجتماعیة ثقافیة بقلم یاسین النصیر ملف ٤ موقع الناقد العراقي ١٨-١١-٢٠١٧).
٥- چینی کرێکاری عێراق نووسینی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد و وەرگێڕانی فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن چاپی دووەم ٢٠١٩ لاپەڕە١٦٩.
٦-چینی کرێکاری عێراق نووسینی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد و وەرگێڕانی فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن چاپی دووەم ٢٠١٩ لاپەڕە١٩٢ و ١٩٣.
٧- (محمود احمد السید رائد القص العراقي الذي انجذب الاشتراکیة بقلم سماح عادل موقع کتابات ٨ ایلول ٢٠١٨).
٨- (ادباء منسیون من بلادي رائد الروایة العربیة في العراق محمود احمد السید بقلم د،علاء الادیب موقع الوطن ٢٣ی ئابی ٢٠١٩).


ئایاری ٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک