په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

مێژوو دووبارە خۆى بە ناشرینى پیشان ده‌داتەوە.


هیوا رەش   


پێمان سەیر نەبوو کاتێک ئەمانبیست لاوێک پەلکێشى دەستى ئەمنەکانەو بە دواى خۆیاندا ڕایئەکێشن و وەکو جێگسک ئاسەوارى ڕاکێشانەکەى بە دوایدا جێئەمێنێ ! پێمان سەیر نەبوو کاتێک مامۆستا هێمنى شاعیر و پایەبەرز و دنیادیدە بە وەڕسییەوە ئەیووت ئەسیرى بسکى ئاڵۆزى کچە کوردێکى نەشمیلم ، توخوااااااااااااااااا چ سەیرە بە دەستى دیلەوە دیلم، وەکو گۆرانى خواى شاعیران ئەفەرموێ : ئەوەى ئەمڕۆ من بینیم بەم دوو چاوە ، مەینەتییەکى سووکە ئەمەى بە لاوە ، من ئەسیرى دیمەنی ئاساییشێکى پەروەردەى نێو زبڵدان و کوچە و کۆڵان و وەکو عەرەب ئەڵێت ( اولاد الشوارع ) بووم کاتێک زۆر بە بێباکانە پاڵى بە کچە هاوزمانەکانى خۆمانەوە ئەنا و خۆى ڕائەپسکاند و پەلامارى براى کچەکانى ئەدا و بە شەق و پێلەقە و قۆچ بەر ئەبووە گیانیان و لە هیچ ناچوو لە گوێرەکەیەکى هار و بەڕەڵا بەولاوە .

ماوەیەک بەر لە ئێستا ستاییشێکم بۆ دوو کارمەندى ئاساییشى لاوى بە ئەدەب ، بەڕەووشت ، دڵسۆز و مرۆڤدۆستى بەکرەجۆ نووسى و داوام کردبوو پاداشتى ماندوونەناسییان بدرێتەوە ، مخابن دڵنیام داواکەم پشتگوێ خرا و کەسێک بە دەنگیەوە نەچوو هەرچەندە ناوەکانیانیشم بەیان کردبوو ، بەڵام ئێستا ناوى ئەو کارمەندە لاساییەکەرەوەى ئەمنە سوورەکەى ئەمنە سەوزەکە نانووسم نەبادا لە ئاکامى بەدڕوشتى و بەدڕەفتارى و بێ ئەدەبییەکەى پاداشت بکرێت !

ئەرێ گەلۆ من عاتفیم یان ئاساییشە بەڕەڵاکە نائینسانى بوو ؟ ئەرێ من من ڕەشبینم یان ئاساییشەکە بە بنەچە ڕابردوو ڕەشە ، ئەرێ من دڵسۆزى حکومەتە خۆماڵییە بێپاکەى لەمەڕ خۆمانم کە ئاساییشە ناکەسبەچەکە ئەملاولایم ماچ ئەکرد و تکام لێ ئەکردو پێم زەفت ناکرا تا ئەم ئەزموونە هیچ و پووچەمان لە چاوى زومى کامێرا ناشرین نەبێت وپێم ئەووت وەکو هار و هاج بەرمەبە وێزەى هاونیشتمانیانى خۆمان یان جەلادێکى خۆفرۆش و خۆهەرزانى بەردەم پارە ، ئەرێ بەعس دیکتاتۆر بوو یان ئەو سیستمەى سەر و شکڵى وا بەرهەمیەتى ، نەفرەت لەو خەباتەى ئێمە کردمان ئەگەر مەبەستمان بووبێت بەعسى عەرەبى بگۆڕینەوە بە بەعسى کوردى ! ! !

تێبینى : ئەمڕۆ 13 5 2010 ئاساییشێکى بەڕەڵا بە پاڵپشتى چەکدارەکانى هاوپیشەى بەربووبووە وێزەى ئەو خەباتگێڕانەى بۆ ناڕەزایى دەربڕین بەرامبەر لە سێدارەدانى 5 لە تێکۆشەران لە لایەن ئاخوندە مامۆستاکانیەوە لە ئێران ئەنجام درابوو کە لەبەردەرکى سەرا بە مەبەستى پرۆتیستۆ کردنى ئەو کردارە دژە ئینسانییە ئامادەبوون ، لە کاتێکدا سەرکردەى حزبى ئاساییشە بەڕەڵاکە واژۆى کردووە لە هەڵگرتنى سزاى لە سێدارە ، بەڵام وا دیارە ئەم واژۆیە تەنها بۆ پاراستنى ژیانى تارق ڕەمەزان و سوڵتان هاشم و گشت تاوانباران بڕ ئەکات نەک پاراستنى ژیانى تێکۆشەرانى پێشمەرگەى خاک و ووڵات ! ئەگەر وانیە ئەبێت ڕیزەکانى دەزگاى ئاساییش لەو جۆرە جڕوجانەوەرانە پاک بکرێتەوە .


ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش