٢٧\٧\٢٠١٦
مێژوو لە ناپاکان
خۆش نابێ.

شەماڵ عادل سەلیم
دوای ئەوەی لێدوانە بەربادەکەی ئەمینداری گشتیی یەکێتی جیھانیی
زانایانی موسڵمان و سەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کورد( عەلی قەرەداغی )كاردانەوەو
نارەزایی کوردستانیانی لێكەوتەوە، کە بە شێوەیەکی روون ئاشکرا لە دوای
تەقینەوەکانی (ئیستەنبوڵ) داوا لە گەشتیارانی موسلمان دەکات گەشت بۆ
توركیا بكەن هەروەها دەلێت: (زەرورە کە ئەم تەقینەوەیە نەبێتە
پاشگەزبوونەوەتان لە گەشتەکانتان بۆ تورکیا لە پشوی هاویندا)، ناوبراو
پاکانەیەکی لە کەنالێکی کوردی بڵاوکردەوە بەناونیشانی (نەمگوتووە گەشت
بۆ تورکیا بکەن)؟!
من لێرەدا ئەوەی مەبەستمە بیلێم ئەوەیە: لە دوای بڵاوبوونەوی بانگەشەی
(قەرەداغی) و هاندانی موسڵمانان بۆ گەشتکردن بۆ تورکیا کە بە زمانی
عەرەبی لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوەوە، کە ناوبراو بەئاشکرا ریکلام
بۆ تورکیا دەکات و هەروەک ئەوەی وەزیری گەشت وگوزاری تورکیا بێت، وەک
رۆژنامەنووسێک، بەدواچوونم بۆ ئەم بابەتە کرد و نامەیەکم بۆ ناوبراو
نووسی لە (توێتەر) و داوام لێکرد و گوتم : ئایا ئەو لێدوانەی کە بەناوی
جەنابتەوە بەزمانی عەرەبی لە تۆرەکۆمەلایەتیەکان بڵاوبۆتەوە، (دەقەکەی
لێدوانەکەشم بۆی نارد)، لیدوانی جەنابتە؟
لەبری ئەوەی مامۆستا وەڵامم بداتەوە ، یەکسەر بلۆکی کردم!
دیارە ئەم رەفتارە ناشارستانییەی قەرەداغی ئەو ڕاستییەی بۆ سەلماندم،
ئەو واتا (قەرەداغی) بانگەشەی بۆ گەشتکردن بۆ تورکیا کردوەو، و داوشی
لە موسلمانانی جیهان کردووە کە لە گەشتەکانیان بۆ تورکیا بەردەوام بن،
چونکە پێش بڵاو بوونەوەی بانگەشەکەی و هاندانی موسڵمانان بۆ گەشتکردن
بۆ تورکیا، لە پەیجەکانی خۆی لە فیس بوک و توێتر، هەمان بیروبۆچوون و
ریکلامی بۆ تورکیا کردووە، هەربۆزانیاری خوێنەران (هەموو ریکلامەکانی
لام پارێزراوە)!
من لێرەدا بە قەرەداغی و هەموو هاوشێوەکانی
قەرەداغی دەلێم : ئایا دەزانن ، لە ولاتانی رۆژئاوای ( کافرو مورتەد )
خۆتان گوتەنی ، زۆرێک لەخەلکی مرۆڤ دۆست بایکۆتی کڕینی هەموو کاڵایەکی
تورکیای شۆفینیان کردووە و بەئاشکرا دەلێن: خەرج کردنی یەک (دۆلار) لە
تورکیا، هاوکاری و پاڵپشتییە بۆ ریژێمی تورکیا لە بەردەوام بوونی لە
کوشتن و وێرانکردنی ماڵی کوردان؟
خۆش بەختانەش ژمارەی ئەو مرۆڤ دۆستانە رۆژ دوای رۆژ لە زۆربوونەو
کەمپینەکانیان بەردەوامی هەیەو بەدەنگێکی زوڵال دەڵێن : خەرج کردنی یەک
(یۆرۆ) لە تورکیا ،دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری ریژێمی تورکیا ی فاشی
کە بەئاشکرا پاڵپشتی داعش و هاوشێوەکانی دەکا!
لە بەرێز عەلی قەرەداغی دەپرسم : بۆ جەنابتان بەناوی یەکێتی جیھانیی
زانایانی موسڵمان وسەرۆکی رابیتەی ئیسلامی کورد، داوا لە موسڵمانان
ناکەن بۆ گەشتوگوزار روو لە کوردستان بکەن، رێک وەک ئەو ریکلامەی بۆ
تورکیا دەیکەن؟
بەرێز قەرەداغی ، کوردستانەکەی ئێمەش بەشێکە لەم جیهانە کە داعش و
ھاوشێوەکانیان دەیانەوێت ژیانی مرۆڤایەتی و ئابووری وێران بکەن، ئێ
ئەگەر وایە، بۆ جەنابت تەنها بۆ تورکیا لە خوادەپارێینەوە و داوا لە
موسلمانان دەکەن و دەلێن: گەشت کردنتان بۆ تورکیا جۆرێکە لە
بەرەنگاربوونەوە بۆ تیرۆر و داعش، ئەی بۆ ریکام بۆ کوردستان ناکەن؟ ئەی
بۆ بێ دەنگن لەئاست هەڕەشەی داعش دژ بە کوردستان، ئەوکوردستانەی کە
زۆرینەی خەڵکی موسلمانە، کەچی لەبەختی (کەچی) بەدەستی ریژێمی ولاتە
موسلمانەکانی جەنابت فرمێسکیان بۆ دەبارێنی، پشکی شێری لە ماڵوێرانی و
کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیاباران و فەرهودو فەرمان وبەجارییەکردنی ژن
وشۆخە کچە نازدارەکانی بەرکەوتووە؟
لەکۆتایدا ئەوەندەماوەبڵێم: لەدوای ئەوەی کە وێنەی تورکیای فاشی لەسەر
هەقیقەتی خۆی و بۆ هەمووجیهان ئاشکراو بەیان بووە، گەر عەلی قەرەداغی و
قەرەداغیەکانی هاوشێوەی ناتوانن لەبەرژەوەندی میللەتەکەیان قسەی چاک
بکەن، پێویستە قسەی خەراپیش نەکەن، چونکە پەشیمانی دادیان نادات و
مێژووش لە ناپاکان خۆش نابێ!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|