په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٢\٢٠١٢

مێژووی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا.

عه‌باس رۆسته‌م   

کێوماڵێک بە ناو کتێبی (مێژووی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا) لە نووسینی کۆچکردو مامۆستا هادی ئەلعەلەوی.

 

 

 

- بەشی دووهەم -


پێشتر لە کێوماڵێکدا بەناو کتێبەکەی مامۆستای کۆچکردو هادی ئەلعەلەوی لە بارەی شێوەکانی ئەشکەنجە و ئازاردان و جۆرەکانی کوشتن لە مێژووی ئیسلامدا و نیاز و هۆکانی ئەو ئەشکەنجەدانە، کورتەیه‌کم نووسی، وا لێرەشدا لە بارەی ئەو هونەرە و ئەو لایەنانەی بەناوبانگ بوون لە بەکارهێنانی بە دڕندەترین شێوە، کورتەیه‌ک دەنووسسم، بە نیازی ئەوەی چەند لایەنێکی نەگریسی شێوەکانی سەپاندنی ئاینی ئیسلام لە رێگەی کۆمەڵکوژیی و ئازار و ئەشکەنجەوە بخەمە بەردەستی خوێنەران.


ئازار و ئەشکەنجەدان لە دەسپێکی ئاینی ئیسلامەوە لە مەککە سەری هەڵداوە ئەوەش کە بازرگانەکانی قورڕەیش بە نیازی ترساندن و تۆقاندنی کۆیلەکانیان بە مەبەستی پاشگەزبونەوەیان لە ئاینی ئیسلام پەیرەویان ئەکرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کۆیلانەیان پەلبەست ئەکردو سەنگەوبەردیان ئەنان و ئەیانخستنە بەر قرچەی هەتاو هەندێک جار بە رووتی و هەندێک جاریش بەرگێکی ئاسنیان ئەکردە بەریان. سەیر ئەوەیە ئەم شێوە ئەشکەنجەدانە دوای سەرکەوتنی ئاینی ئیسلام لە لایەن خودی ئیسلامەکانەوە پەنای ئەبرایەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی ناچاری ئەوە بکەن (خراج و جزی) لە کاتی خۆیدا دوا نەخەن.


نمایشکردنی سەری بڕاوی قوربانیانی کوشتن و ئەشکەنجە لە ئیسلامدا بۆ یەکەمجار لە کاتی حوکمڕانی پێغەمبەردا ئەنجامدراوە، دواییش لە خه‌لافه‌تی ئەمەویەکاندا ئەم هونەرەی برا عەرەبە ئیسلامەکان لە لایەن والی ئەمەویەکان (زیادی کوری باوکی - نەزانراوە کوری کێ بووه‌) پەنای برایەبەر بە کوشتنی (عومەر کوری ئەلحەمق) کە یەکیک بووه‌ لە نەیارەکانی موعاویەو هەوادارێکی ئیمامی عەلی بووه‌.


بەناوبانگترین کاری سەربرین لە مێژووی ئیسلامدا ، سەربرینی ئیمام حوسەینی کوری ئیمامی عەلی و کچەزای پێغەمبەر بووه‌ کە سەری خۆی و هاورێکانی کران بە نووکی ڕمەوەو لە کەربەلاوە برانە کوفەو لەوێشەوە بۆ دمەشق ، بۆ بەردەستی خەلیفەی ئیسلام یەزیدی کوری موعاویە . ئەمکارە دڕندانەیەش هەر بەردەوام بوو تا گەیشتە حوکمڕانــــە ئیسلامیـــــەکانی (ئەشبیلیە لە ئیسپانیا) کاتـێک پادشای ئەم شارە بە ناوی (ئەلموعتەمەد کوری عباد) لە باخجەی تەلارەکەیدا شوێنێکی جیاکردبووه‌وە بۆ چاندنی کەللەسەری ئەوانەی ئەیکوشتن.


ئەشکەنجەدان بە جەڵدەو قامچی ، بەشێوەێەکی فراوان لە مێژووی ئیسلامدا پەیرەوکراوە ، ژمارەی ئەو جەڵدانەش لە سزا شەرعیەکاندا دیاریکراون کە لە تاوانی زنادا دەگاتە سەد جەڵدە ، زۆرجاریش ئەم دیاریکردنە کاری پێنەکراوەو تا مردنی قوربانیەکە بەردەوام بووه‌ ، وەک چۆن شاعری بەناوبانگی عەرەب (بەشار ئیبن بورد) جەڵدەکاریکرا تا مردن لە لایەن خەلیفە مەهدیەوە لەسەرتاوانی ئەوەی گوایە لە هۆنراوەکانیدا سوکایەتی بە خەلیفە مەهدی ئەکرد.


(مالک کوری ئینس) کە خاوەنی مەزهەبی مالکیە ، لەسەر ئەوەی کە بونی خەلیفە مەنسوری عەبباسی بە خەلیفە بە نا شەرعی ئەزانی چونکە لەرێگەی زۆرداریەوە سەپێنرابو ، لە لایەن خەلیفە مەنسورەوە گیراو کەوتەژێر ئەشکەنجەدان بە جەڵدەکاری.


(ئەبی حەنیفە ئەلنەعمان) یش کە خاوەنی مەزهەبی حەنەفیە یەکێکە لە قوربانیانی جەڵدەکاری ، کە دوای پێنج رۆژ لە دارکاریکردنی بە فەرمانی (عومەری کوری هوبەیرە)ەی دەستەڵاتداری ئەوسای عێراق ، گیانی لە دەستدا بە تاوانی ئەوەی حوکمڕانی عومەری کوری هوبەیرەی بە ناشەرعی ئەزانی و قایل نەدەبو لە سێبەری ئەو حوکمەدا کاربکات.


گرونی پێستی مرۆڤ یەکێک بووه‌ لە هونەرەکانی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا ، مێژوونوس  (ئیبن ئەلئەسیر) ئەڵێت لەکاتی حوکمڕانی خەلیفە (ئەلموعتەزیدبیلا) پێستی یەکێک لە ڕابەرەکانی خەوارجەکانی گرووە لە شێوەی گروونی پێستی ئاژەڵ تا گیانی لەدەستداوە . ئەم جۆرە کوشتن و ئەشکەنجەدانە لەبەر دڕندەیی کەمتر کاری پێئەکرا.


جۆرەکانی ئەشکەنجەدان لە مێژووی ئیسلامدا زۆرن ، هەندێکجاریش چەند جۆرێکیان بە یەکەوە لەسەر یەک قوربانی ئەنجامداوە . (ئەلته‌بەری) ئەڵێت ، (ئیبن ئەبی ئەلفەوارس) کە یەکێک بووه‌ لە سەرکردەکانی قەرامگەکان ، پاش دەستگیرکردنی بە فەرمانی خەلیفە (ئەلموعتەزیدبیلا)  دوای ئەوەی سەد جەڵدەی لێدرا کۆی ددانەکانیان هەڵکێشا و دەستێکیان لە بن باڵەوە هەڵتەکان و بۆ رۆژی دووهەم هەردوو قاچ و دەستیان بڕی و سەریان لێکردەوە و لاشەکەشیان لەبەری رۆژهەڵاتی شاری بەغدادا هەڵواسی.


سەرکردەێیەکی دیکەی قەرامگەکان کە ناوی (حوسەین کوری زکرەوەیه) بووه‌، پاش ئەوەی سەد جەڵدەی لێدراوە هەردوو دەستو قاچی ، ڕاست لەگەڵ چەپ و چەپ لەگەڵ ڕاست بە جیا لە جەستەی کراونەتەوەو ئاگریان تێبەداوەو سەریان لێکردۆتەوەو بە دارێکدا هەڵیانواسیوەو کەوتونەتە هاوار و هۆسەی (ئه‌ڵاهو ئەکبەر) بە دیار پاشماوەی لاشەکەیدا ، وەک چۆن ئێستا تێرۆرستە توندڕەوە ئیسلامیەکان بە هەمانشێوە بە دیار سەربڕین و لاشەی قوربانیەکانیانەوە بە هەمان شێوە بە هاوارو هۆسەی ئه‌ڵاهو ئەکبەر لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە خۆیان نمایش ئەکەن. هەروەها گەبەری ئەڵێت کە کوشتنی دیلەکانی دیکەی قەرامگەکان بە هەمان شێوەی کوشتنی سەرکردەکانیان بووه‌و خراپتریش ، کە هەمویان بە کۆمەڵ و لە ئاهەنگێکی کۆمەڵکوژیدا یەک لە دوای یەک دەست و قاچ و سەریان لێکراوەتەوەو بەم لاو ئەولادا فرێدراون بە دەم هاواری ئه‌ڵاهو ئەکبەرەوە.


یەکێکی دیکە لە جۆرەکانی ئەشکەنجەدان لە خه‌لافه‌تی خەلیفەی عەبباسی (ئه‌لواسیق بیلا) و تەنورەکەی ئەلزەیات بووه‌، ئەم ئامێرەی ئەشکەنجەدانەش بریتی بووه‌ لە تەختەیه‌کی پان و درێژی دارێژراو بە بزماری تیژ و درێژ، لە ناوەڕاستیدا تەختەیه‌کی بچووک هەبووه‌ کە ئەشکەنجەدراوەکە بە دانیشتنەوە لە سەری دانراوە و نوستنی لێقەدەغەکراوە، کاتێکیش وەنەوزێکی دابێت کەوتۆتە سەر ئەو بزمارە تیژانە. سەیر لەوەدایە هەمان ئەو وەزیرەی داهێنەری ئەم ئامێرە بووه‌، بە هەمان ئەو ئامێرە ئەشکەنجەدرا کاتێک لە دەستەڵات لابرا.

 

ماڵپەڕی عەباس رۆستەم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک