په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٨\٢٠١١

مێژووی فیلۆسۆفی ئه‌نارکیزم

له‌ لائۆ تسه ‌(Lao-Tse)وه‌ تا کرۆپۆتکین.

 

نووسینی: ڕودۆڵف ڕۆکه‌ر                                                                                                      و. له‌ فارسییه‌وه‌: هه‌ژێن

بیرۆکە ئه‌نارکیستییەکان لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا به‌رچاو ده‌که‌ون. لە ئەندێشەی حەکیمی چینی لائۆ - تسە (وانە و ڕێگەی ڕاست - The Course and The Right Way) و فیلۆسۆفانی دواتری یۆنانی و هێدۆنیسته‌کان (Hedonists) و سینیکه‌کان (Cynics) و پەیرەوانی دیکەی لایەنگری ''مافی سروشتی''، بەتایبەت لە ئەندێشەی زێنۆ (Zeno) بنیاتنەری قوتابخانەی ڕەواقی (The Stoic) و نه‌یاری ئەفلاتون دا، شوێنپای ئەم فیلۆسۆفییه‌ بەدی دەکرێت. ئەم ده‌ربڕینانه لە وانە عیرفانییه‌کانی کارپۆکراتیس لە (ئەسکەندەریە) دا هاتوون و کارایی بەرچاویان لەسەر هەندێک ئاراستە کریستییەکانی سەدەکانی نێوەراست لە فەرەنسە، ئاڵمان، ئیتالیا، هۆلەند و ئینگلاند هەبووە، کە بە زۆری ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبوونەوە. لە مێژووی چاکسازییەکانی (بۆهێمیایی) دا، پیتەر چێلکیسکی (Peter Chelcicky) بەوپەری تواناوە پشتیوانی لەم باوەڕە کرد و لە پەرتوکەکەی خۆیدا «پاکیی باوەڕ»، هەمان هەڵسەنگاندنی بەرامبەر دەوڵەت و کلیسا خستەڕوو، کە چەند سەدە پاشتر تۆلستۆی بەوە گەیشت. لە نێوان مرۆڤدۆستانی دیکەدا، ڕابێلایس (Rabelais)یش دیارە، لە پیاهەڵدانی شاری خۆشبەختی (Theleme Gargantua)دا وێنایەک لە ژیان دەخاتەڕوو، کە لە گشت کۆتوبەندەکانی سەروەری ئازاد بووە. لە نێو لایەنگرانی دیکەی ئەندێشەی ئازادیخوازیدا، دەتوانین ناوی لو بوتیە (La Boetie) ، سیلویان مارشال Sylvain و لە هەمووان بەرچاوتر، دیدروت Diderot ناوبەرین، کە نووسینە درەشاوەکانی نیشانەیەکن لە ئەندێشەی ئازادبوونی لە هەر جۆرە دەمارگیرییەکی سەرکوتگەرانە.

لە هەمان کاتدا، پەرەسەندنی چەمکی ئەنارکیزم لە مێژووی تازەدا تێگەییشتنێکی ڕۆشنتری بە ژیان بەخشی و وەڵامدانەوەکی دەستەبەجێ بوو بە ڕەوتەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی کە لە سەدەکانی دواتری مێژوودا هاتنە ئاراوە. بۆ یەکەمین جار ئەمە لەلایەن ولیەم گودوین (1756-1836)ەوە لە نووسینە سەرنجراکێشەکەیدا (لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ یەکسانی ڕامیاری و کارایی لەسەر خۆشبەختی و بەختەروەری گشتی (لەندەن 1793)دا ئەنجام درا. دەتوانین بڵێین کارەکەی گۆدوین، بەرهەمی پێگەیینی درێژماوەی چەمکە ڕادیکاڵە ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئینگلاند بوو، کە لە جۆرج بوچانانGeorge Buchanan دەستپێدەکات و لە ڕیچارد هۆکەرRichard Hooker، گێرارد وینستانلی Gerard Winstanley، ئالگێرنۆن سیدنی Algernon Sidney، جان لۆکJohn Locke، ڕۆبێرت والاسRobert Wallace، جان بلێرزJohn Bellers، بە جێرمی بێنتام Jeremy Bentham، جۆزیف پریستلیJoseph Priestley، ڕیچارد پرایس Richard Price و تۆماس پاین Thomas Paine دەگات.

گۆدوین زۆر بە ڕۆشنی ئەوەی خستەڕوو، کە هۆی خراپکارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە شێوەکانی دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە بوونی خودی دەوڵەتدایە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، کە مرۆڤ ناتوانێت ئازادانە و بە شێوەیەکی سروشتی لەتەک یەکدا بژین، بەبێ ئەوەی مەرجە ئابورییە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە دابین بکرێن و هیچ کەس نەکەوێتە بەهرەکێشی کەسانی دیکە؛ ئەوەی کە زۆربەی قسەگەرانی ڕادیکالیزمی ڕامیاری لە ئاستیدا بە تەواوی چاویان نووقاندبوو. لەم ڕووەوە بوو،کە دواتر ناچاربوون بەرتەری فرەتر بە دەوڵەتێک بدەن، کە لە سەرەتادا دەیانویست بۆ لایەنی کەم بەرتەسکی بکەنەوە. بیرۆکەی گودوین لەمەڕ کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت، خاوەنداریەتی کۆمەلایەتی (هەمووانیی هاوبەشی) زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی لەبەرچاو دەگرت و پشتی بە ژیانی ئابووریی ئازادانەی بەرهەمهێنەران لە هەرەوەزییەکاندا دەبەست. بیرۆکەکەی گۆدوین کاراییەکی فراوانی لەسەر نێوەندە پێشکەتووەکانی کرێکارانی ئینگلاند و بەشە فرە کراوەکانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ هەبوو. لە هەمووی گرنگتر، بەشداری وی بوو لە بزووتنەوەی نۆپای سۆشیالیستی (ئینگلاند)دا، ئەوەی کە دواتر پەرەسەندنی بەرچاوی لە کارەکانی رۆبێرت ئۆئێنRobert Owen، جۆن گرەی John Gray و ولیام تۆمسۆن William Thompson دا لەخۆ گرت و بۆ ماوەیەکی درێژ ڕوخسارێکی ئاشکرای ئازادیخوازانەی وەهای لە خۆ نیشان دا، کە سۆشیالیستەکانی ئاڵمان و وڵاتانی دیکە هیچکات نەیانبوو.

هەروەها سۆشیالیستی فەرەنسی، چارلز فۆریە (1772 - Charles Fourier 1832)ش لەم مەیدانەدا کارایی داناوە و پێویستە لێرەدا لەتەک تێئۆرییەکەی لەمەڕ سەرنجراکێشی کار، وەک یەکێک لە پێشڕەوانی هزری ئازادیخوازانە ڕۆشنایی بخەینە سەر.

بەڵام کەسێک کە کارایی فرەتری لەسەر پەرەسەندنی تێئۆری ئه‌نارکیستی دانا، پییەر ژوزێف پرۆدۆن (1809- Pierre Joseph Proudhon 1865) بوو. یەکێک لە لێهاتووترین و پەیگیرانەترین نووسەرانی فرە لایەنی سۆشیالیزمی هاوچەرخ بوو. پرۆدۆن بە قوڵی ڕۆچووبووە ژیانی هزری و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی و ئەمە کارایی لەسەر هەڵوێستی وی لە سەر وەڵامدانەوە بەهەر پرسێک دانابوو. لەبەر ئەوە داوەریکردن لەسەر وی لەسەر بنچینەی پێشنیارە کردەییە تایبەتەکانی، پێشنیارگەلێک کە وەک وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەو ساتە سەریان هەڵداوە، وەک ئەوەی دواتر هەندێک لە لایەنگرانی پێیهەستان، کارێکی نابەجێیە. لەنێو زۆربەی بیریارانی سۆشیالیستی ئەو سەردەمەدا، ئەو تەنیا کەسێک بوو، کە هۆی نالەباریی کۆمەڵایەتی بە قوڵترین شێوە تێگەیشتبوو و لەو بارەوە ڕوانگەی فراوانتری هەبوو. ئەو بێپێچوپەنا دژی هەموو سیستەمە دەستکردە کۆمەلایەتییەکان بوو و لە گەشەی کۆمەڵایەتیدا ئارەزوومەندیی هەمیشەیی بۆ شێوە نوێ و باڵاکانی ژیان کۆمەڵایەتی و هزری بەدی کرد؛ پێیوابوو کە ئەم گەشەکردنە ناتوانێت پابەندی هیچ فۆرمۆڵبەندییەکی ئەبستراکت (abstract)ی دیاریکراو بێت.

پرۆدۆن بەرهەڵستی کارایی سونەتیی ژاکۆبین (Jacobin)ی کرد، کە باڵی بەسەر هزری دیموکراتەکانی فەرەنسە و زۆرێک لە سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمەدا کێشابوو، بەهەمان پەیگیرییەوە دەستتێوەردانی دەوڵەتە نێوەندییەکان و چەپاوڵگەریی ئابووری لە ڕەوتی سروشتیی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵایەتیدا ڕەتدەکردەوە. بۆ ئەو ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە ڕیشاڵی ئەو دوو وەرەمە (سرگانە)، ئەرکی سەرەکی شۆڕشی سەدەی نۆزدەهەم بوو. پرۆدۆن کومۆنیست نەبوو. ئەو خاوەندارێتی وەک بەرتەریدەری بەهرەکێشی ڕەتدەکردەوە، بەڵام دانی بە خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمێناندا بۆ هەمووان دەنا، کە تێیدا لە ڕێی ڕێکەوتننامەی ئازادەوە گروپە پیشەسازییەکان کارایی لەسەر یەکدی دادەنێن، تا ئەو جێیەی کە ئەو مافە نەبێتە هۆی بەهرەکێشی کەسانی دیکە و بەرهەمی کارەکەش بە شێوەیەکی تەواو بخرێتە بەردەست ئەندامانی کۆمەڵگە. وەها کۆمەڵەیەک لەسەر بنەمای هاریکاری بەرامبەرانە (ئاڵووێریی)، بەهرەمەندیی هەمووانی لە مافی یەکسان و گۆڕینەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەلایەتییەکان، دابین دەکات. ماوەی نێوەنجی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێک دەبێتە پێوەری نرخەکەی و پێکهێنەری بنەمایەک بۆ ئاڵووێری بەرامبەرانەی بەرهەمەکانی کار. بەمجۆرە سەرمایە لە هێزی جێکەوتە و ئاسایی خۆی بێبەش دەبێت و بەشێوەیەکی تەواو پابەندی کارکردی کار دەبێت. هەل بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، کە بەر بە سوودوەرگرتن لێی وەک ئامرزای بەهرەکێشی، بگرن. وەها شێوەیەک لە ئابووری هەرجۆرە دەزگەیەکی سەرکوتگەرانەی ڕامیاریی دەکاتە شتێکی زیادە و ناپێویست. کۆمەڵگە دەگۆرێت بۆ کۆی کۆمیونیتییە ئازادەکان، کە کاروبارەکانی خۆیان بەپێی پێداویستی ڕێکدەخەن. لەلایەن خۆیانەوە یا بە هاوبەشی لەتەک ئەوانی دیکە ئەنجام دەدەن و لەوێدا ئازادی بە واتای یەکسانی لەتەک ئازادی کەسانی دیکە دێت، نەک بەرتەسکگەرەوەی، بەڵکو وەک ئاساییشپارێزی و پشتیوانیگەری دەبێت. “هەرچەندی تاکەکان ئازادتر، سەربەستتر و ئامادەتر بن، بۆ کۆمەڵگە باشترە”.

ڕێکخراوەیی فێدرالیزم، که‌ پرۆدۆن داهاتووی نزیکی مرۆڤی تێدا ده‌بینی، هیچ به‌رته‌نگییه‌کی دیاریکراوی له‌بەردەم له‌توانادابوونی گەشەسەندنه‌ داهاتووییەکان دانانێت و فراوانترین زەمینە بۆ هه‌موو جۆره‌ چالاکییه‌ تاکیی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکان ده‌ره‌خسێنێت. له‌ خاڵی دەستپێکی فیدراسیۆنەوە، پرۆدۆن بە هەمان شێوە دژایەتی ئامانجی کۆتایی یه‌کێتییە ڕامیاریی و نه‌ته‌وه‌ییەکانی ناسیونالیزمی تازه‌ پاگرتووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دەکات، که‌ که‌سانی ناوداری وه‌ک مازینی Mazzini، گاریبالدی Garibaldi، لێلێویلLelewel و که‌سانی دیکە قسەگەری بوون. له‌م بارەوە، ئەو زۆر له‌ هاوڕێ هاوچه‌رخەکانی ڕۆشنتر سروشتی ڕاستەقینەی ناسیونالیزمی ده‌ناسی. پرۆدۆن کاراییه‌کی زۆر به‌رچاوی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی سۆشیالیزم دانا، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی لاتین.

بیرۆکەگه‌لی لە جۆری تێڕوانینە ئابووریی و ڕامیارییەکانی پرۆدۆن، له‌لایه‌ن لایەنگرانی به‌ناو (ئه‌نارکیزمی تاکگه‌را)ی وەک وه‌ک جوسیه‌ وارنJosiah Warren ، ستێفان پێرڵ ئاندرێوسStephen Pearl Andrews ، ویلیام بی. گرین William B. Greene ، لیساندەر سپونەرLysander Spooner ، بێنیامین توکەرBenjamin R. Tucker ، ئەزرا هێیوود Ezra Heywood ، فرانسیس دی. تاندی Francis D. Tandy و زۆرێکی دیکەەوە له‌ ئه‌مه‌ریکا پاگەندەیان بۆ دەکرا و پەرەیان پێدەدرا، هەرچەندە هیچ یه‌ک له‌وانه‌ نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ دووربینی ڕوانگەی پرۆدۆن. تایبه‌تمه‌ندیی ئازادئەندێشی ئەم فێرگەیە ئەو ڕاستەیە، که‌ زۆربه‌ی بیریارانی ئەو فێرگەیە، بیرۆکە ڕامیارییه‌کانیان لە (پرۆدۆن)ەوە وەرنەگرتوون، به‌ڵکو له‌ سونەتی لیبرالیزمی ئه‌مه‌ریکاییه‌وه‌ هاتوون، به‌ جۆرێک که‌ توکەر ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ بکات، که‌ ''ئه‌نارکیسته‌کان پێشەنگانی دێمۆکراتە (جێفرسۆن Jefferson)ییەکانن''.

یەکێک لە ده‌ربڕینە بێوێنەکانی بیرۆکە ئازادیخوازه‌کان، دەتوانرێت له‌ په‌رتووکەکەی ماکس شتینەر (یۆهان کاسپار شمیتJohann Kaspar Schmidt 1806 - 1856) تاک و خاوەندارییەتییەکەی (Der Einzige und sein Eigentum)دا، به‌ده‌ست بهێنرێت، که‌ زۆر زوو فه‌رامۆش کرا و کاراییه‌کی وەهای له‌سه‌ر بزاڤی ئه‌نارکیستی دانه‌نا. په‌رتووکەکەی شتینەر فرەتر کارێکی فیلۆسۆفییه‌، که‌ شوێنپای وابەستەیی مرۆڤی به‌وانەوە کە پێیاندەوترێت ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاکان له‌ هه‌موو ڕێگە پێچاوپێچەکانییەوە هەڵگرتووه‌، هیچ سڵی لە نیگارکیشانی بەدەستهێنراوە زانستیییەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە، نەکرد. ئه‌م په‌رتووکه‌ یەکێکە لەو یاخیبوونە ئاگاهانه‌ و بەئەنقەستانە، که‌ ڕێز بۆ هیچ ئوتوریته‌ک دانانێن، هه‌رچه‌نده‌ به‌ده‌سه‌ڵاتیش بێت. هەروەها لەبەرئەوە بە تەواوی هێزییەوە خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی بیرکردنەوەیە.

ئه‌نارکیزم تین و وزەی شۆڕشگێڕانەی، لە میخائیل باکونین ( Michael A. Bakunin 1814-1876) وەرگرت، که‌ بیرۆکەکانی بە فێرکارییەکانی پڕۆدۆن پشتئەستوور بوون، به‌ڵام له‌ بواری ئابووریدا پەرەی پێدان، کاتێک کە شانبەسانی باڵی فیدرالیستی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی گه‌لیانه‌ (به‌کۆمه‌ڵ)ی زه‌مین و ئامرزه‌کانی دیکەی به‌رهه‌مهێنان کرد و خوازیاری به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی بوو، تەنیا بۆ به‌رهه‌می کاری که‌سیی. هه‌روا (باکونین)یش نه‌یاری کۆمونیزم بوو، که‌ له‌ سه‌رده‌می ئەویشدا، تایبەتمەندییەکی فره‌ دەسەلاتگەرایانەی هه‌بوو، وه‌ک ئەوەی ئه‌وڕۆکه‌ له‌ بۆلشه‌ڤیزمدا خۆی نیشان دەداتەوە. - باکونین لەو بارەوە ده‌لێت: "من کۆمونیست نیم، چونکه‌ کۆمونیزم گشت هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا یه‌کده‌خا و به‌خۆی هه‌ڵیانده‌لوشێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌ناچاری به‌ره‌و کۆکردنه‌وه‌ی گشت داراییه‌کان له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ملده‌نێت، لە کاتێکدا کە من خوازیاری له‌نێوبردنی ته‌واوەتی بنچینەکانی دەسەلاتگەرایی و چاودیریی میرایەتیم، که‌ تاوه‌کو ئه‌وڕۆکه‌، لەژێر پاگه‌نده‌ی مۆڕالیکردن و شارستانیکردندا، خه‌ڵکی لە کۆیلایەتیدا ڕاگرتووە و به‌هره‌کێشیی لێ ده‌کات".

باکونین شۆڕشگێڕێکی په‌یگیر بوو و باوه‌ڕی به‌ چاره‌سه‌ری دۆستانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ی کیشەکانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ نه‌ده‌کرد. ئەو لەوە تێگه‌یشتبوو، که‌ چینه‌ فه‌رمانڕه‌واکان، کوێرانە و سه‌رسه‌ختانه‌ به‌ر به‌ هه‌ر لەتوانادابوونێک بۆ جەێبەجێکردنی چاکسازییە کۆمەلایەتییە گه‌وره‌کان ده‌گرن، بۆیە ته‌نیا ڕێگه‌چارەی له‌ شۆڕشی کۆمەڵایەتیی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بینی، که‌ لە توانایدا هەیە گشت داموده‌زگه‌کانی دەسه‌ڵاتی ڕامیاریی و به‌هره‌کێشی ئابوورییی له‌نێو به‌رێت و له‌ جێی ئه‌واندا فێدراسیۆنی ئه‌نجومه‌نه‌ ئازاده‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌کاربه‌ران بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌ ڕۆژانه‌ییه‌کانی ژیانیان، به‌رپا بکات. له‌وێوه‌، که‌ ئه‌ویش وه‌ک زۆرێک له‌ هاوسه‌رده‌مه‌کانی، باوه‌ڕی به‌ نزیکی ڕوودانی شۆڕش هه‌بوو، دڵسۆزانه‌ هه‌موو هێزی خۆی خستبووه‌ پێناو یه‌کێتی که‌سانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز له‌ نێوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی نێونەتەوەیی (ئینته‌رناسیونال)ی یەکەمدا، تا له‌به‌رامبه‌ر دیکتاتۆری یا هه‌ر جۆره‌ گه‌رانه‌وه‌یەک بۆ هه‌لومه‌رجی پێشێن، پارێزگاری له‌ شۆرشێک بکات، کە بەڕێوەیە. له‌به‌رئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌توانرێت له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، ئەو به‌ بنیاتنه‌ری بزاڤی ئه‌نارکیزمی هاوچەرخ بژمێردریت.

یه‌کێکی دیکە له‌ تێئۆریدارێژه‌رە ناسراوەکانی ئه‌نارکیزم، پێته‌ر کرۆپۆتکین (Peter Kropotkin 1842-1921)بوو، که‌ خۆی بۆ بەکاربردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی زانستی سروشتی هاوچەرخ لەپێناو پەرەدان بە چه‌مکی کۆمه‌ڵناسییانه‌ (sociological)ی ئه‌نارکیزم، تەرخان کردبوو. ئەو له‌ په‌رتووکە داهێنەرانەکەیدا ''هاریکاری بەرامبەرانە - هۆکاری گەشەکردن''، بە خستنەڕووی به‌ڵگه‌کانی خۆی، دژی داروینیزمی کۆمەلایەتی (Social Darwinism) وەستایەوە، که‌ لایه‌ندگرانی هه‌وڵیان ده‌دا به‌سودوه‌رگرتن له‌ تیئۆری داروینی -ململانێ له‌پێناو مانه‌وه‌ (the Struggle for Existence)، ئەوە بسەلمێنن، کە جەنگی بەهێز بەرامبەر لاواز، یاسایەکی نەگۆڕ (ئاسنینی)ی سروشتییە و مرۆڤیش دەگرێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم چەمکە بە توندی لەژێر کارایی ڕێڕەو (مژهب)ی مالتوس (Malthus)یدا بوو، ئەوەی ''خشتەکی ژیان بۆ هەمووان بڵاونەکراوەتەوە و پێویستیان نییە، تەنیا دەتوانن خۆیان لەتەک ئەو ڕاستییەدا بگونجێنن''. کرۆپۆتکین نیشانی دا، که‌ وەها تێگەیشتنێک بۆ سروشت وەک مه‌یدانی بێسنووری جه‌نگ، ته‌نیا کاریکاتۆرێکه‌ له‌ ژیانی ڕاستەقینە، لە هاوشانی جه‌نگی دڕندانه‌ بۆ مانه‌وه‌، که‌ به‌ چنگ و کەڵبە ده‌کرێت، لە سروشتدا ئاراستەیەکی دیکەیش هه‌یه‌، که‌ خۆی له‌ پەیوەندی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆره‌ لاوازه‌کان و هەوڵی مانەوەی جۆرەکان له‌سه‌ر بنه‌مای گەشەکردنی غەریزی کۆمه‌ڵایه‌تیی و هاریکاریی بەرامبەرانە ڕاوەستاوە. به‌م جۆره‌، مرۆڤ ئافه‌رێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌لکو کۆمه‌ڵگه‌ ئافه‌رێنه‌ری مرۆڤه‌، لەوەدا کە ئەو لەو جۆرانەی کە ئەویان لێوە هاتووە، غەریزەی کۆمەڵایەتیی بۆ لەپاش ماوە، ئەو توانایەی پێدەبەخشیووە کە بەتەنیا لە دەوروبەری یەکەمیدا لەبەرامبەر زاڵی جەستەیی (فیزیکی) جۆرەکانی دیکە پارێزگاری لە خۆی بکات و پێشکه‌وتنێکی چاوەڕواننەکراوی باڵاتر مسۆگه‌ر بکات. ئه‌مەی دووه‌میان هەروا کە له‌ پاشڕەوی بەردەوامی ئەو جۆراندا نیشاندراوه‌، کە تیایاندا حه‌زی ململانێی مانەوە تا هەنووکە بەسەر یەکەمیاندا، واتە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، زاڵترە و ته‌نیا پشت به‌ هێزی جەستەیی خۆی دەبەستێت. ئه‌م بیرۆکە، ئه‌وڕۆکه‌ به‌رده‌وام له‌ ئاستێکی فراواندا لە بواری زانستی سروشتی و لێکۆڵینه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پێشوازی زیاتری لێ ده‌کرێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ گەشەکردنی مرۆڤ، گشت دەرگەکان بەڕوویدا ئاوەڵا کراون.

بەپێی تێڕوانینی کرۆپۆتکین، ئه‌م ڕاستییه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رکوتگه‌رترین هه‌لومه‌رجدا ڕاسته‌، که‌ فره‌تر په‌یوه‌ندییه‌ که‌سییه‌کانی مرۆڤ له‌ته‌ک هاوجۆرانی، لەسه‌ر بنەمای ڕێسا کۆمه‌ڵایه‌تییەکان، ڕێککەوتنی ئازاد و هاریکاری به‌رامبه‌رانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن و به‌بێ ئه‌وانه‌، ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هەرگیز له‌ توانادا نەدەبوو. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره‌ نه‌بووایه‌، ته‌نانه‌ت به‌هێزترین ده‌زگه‌ سه‌پێنه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تیش نه‌یانده‌توانی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بپارێزن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم شێوە سروشتییانەی ئاکار، که‌ له‌ قوڵایی سروشتی مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، تاکو ئەمڕۆکەش بەهۆی ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وام و بەرئەنجامه‌کانی به‌هره‌کێسی ئابووریی و جێگیریی میریییەوە، کە نوێنەرایەتی شێوەیەکی دڕندانە لە شێوەکانی ململانێی مانەوە لە کۆمەڵگەی مرۆییدا دەکات، لەکار دەخرێن، پێویستە شێوەیەکی دیکە لە شێوەکانی هاریکاری ئازاد و یارمه‌تی به‌رامبه‌رانه‌ بەسەریدا زاڵ ببێت. هوشیاری لەمەڕ لێپرسراوه‌تی که‌سیی و توانای هاوده‌ری له‌ته‌ک که‌سانی دیکە، کە گشت ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان و گشت بیرۆکەکانی یه‌کسانی کۆمه‌لایه‌تی دروست ده‌که‌ن، له‌ سایەی ئازادیدا باشتر گه‌شه‌ ده‌که‌ن.

هەروەک باکونین، (کرۆپۆتکین)یش، شۆڕشگێڕ بوو. به‌ڵام ئەو، وه‌ک ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus) و ئه‌وانی دیکە، لە شۆڕشدا ته‌نیا قۆناخێکی تایبەتیی پرۆسیسی پەرەسەندنیی بەدی کرد، ئەوەش کاتێک دەردەکەوێت، که‌ هیوایەکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە گەشەسەندنی سروشتییانه‌ی خۆیدا بەڕادەیەک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌رته‌سک بکرێته‌وه‌، که‌ پێش ئەوەی وەک هۆکارێکی نوێ لە ژیانی مرۆڤدا بتوانێت کار بکات، ناچار بێت بە توندوتیژی قاوخە کۆنەکان بشکێنێت.

به‌ پێچه‌وانه‌ی هاریکاریگه‌رایی بەرامبەرانەی پرۆدۆن و کۆمه‌ڵگه‌رایی (باکونین)ەوە، کرۆپۆتکین بانگەوازی بۆ خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش کرد، نەک تەنیا ئامرزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، به‌ڵکو هەروا به‌رهه‌مەکانی کاریش، لەبەرئەوەی پێیوابوو لە باری هه‌نووکه‌یی تەکنۆلۆجیادا هیچ پێوه‌رێکی ورد بۆ نرخاندنی کار بوونی نییه‌. بەڵام، له‌لایه‌کی دیکەه‌وه‌، به‌ ئاراستەی ئاوەزگیرانەی شێوازه‌ هاوچەرخه‌کانی کارەوە، لە توانادا هەیە فراوانییەکی ڕێژەیی بۆ هه‌موو مرۆڤێک دابین بکرێت. ئەنارکیزمی کۆمونیستی، پێش کرۆپۆتکین لەلایەن که‌سانی وه‌ک ژوزیف دێجاک (Joseph Dejacque)، ئێلیزە ڕێکلوس (Elisee Reclus)، کارلۆ کافییرۆ (Carlo Cafiero) و که‌سانی دیکەوە پێشنیار کرابوو ، دره‌وشاوه‌ترین و به‌رجه‌سته‌ترین نموونه‌ی ئه‌م هزرە، کە لەلایەن زۆرینەیەکی بەرچاوی ئەنارکیستەکانی ئەمڕۆوە پەسەند کراوە، له‌ کاره‌کانی (کرۆپۆتکین)دا بوو.

لێره‌دا پێویسته‌ یادێکیش له‌ لیئۆ تۆلستۆی ( Leo Tolstoy -1828-1910) بکه‌ینه‌وه‌، که‌ له‌ مەسیحیەتی سەرەتایی و له‌سه‌ر بنچینەگەلێکی مۆڕالیی کە لە وانەکانی ئینجیلدا هاتوون، به‌ بیرۆکەی کۆمه‌لگه‌ی بێسەروەر گه‌یشت.

خاڵی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌نارکیستەکان خوازیاریی پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خاڵییە له‌ هه‌موو ده‌زگه‌ رامیاریی و کۆمه‌لایه‌تییه‌ سەپێنراوەکان، کە لەبەردەم گەشەی مرۆڤایەتی ئازاد دا ڕێگرن. له‌م چەمکەدا، نابێت هاریکاریی بەرامبەرانە، کۆمه‌ڵگه‌رایی و کۆمونیزم به‌ واتای سیسته‌می ئابووریی داخراو لەبەرچاو بگیردرێن، که‌ بوار بۆ پێشکه‌وتنی زیاتر و بەردەوام ناهێڵێته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌مانه‌ ته‌نیا ئامرازی ئابووریین بۆ پارێزگاری له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد. تەنانەت بۆی هه‌یه‌ له‌ هەموو شێوەکانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازادی داهاتوودا، شێوەی جیاوازی ئابووری هاریکاریی لە پاڵ یەکتردا هه‌بن، لەوێدا هه‌ر بەرەوپێشچوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستە بۆ ئه‌زموونگیری ئازادانه‌ و تاقیکردنه‌وه‌ی کرده‌یی شێوازه‌ تازه‌کان، له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئازادی کۆمیونیتییە ئازادەکاندا هه‌موو هەلێک له‌ ئارادا ده‌بێت.

هه‌مان شت لەتەک هەموو شێوازە (method) جۆراوجۆره‌ ئه‌نارکیزم دەگونجێت. کاری لایەنگرانی بە دیاریکراوی، پەروەردە و ئاماده‌کاریی هزریی و ده‌روونیی خه‌ڵکه‌ بۆ ڕزگارکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی خۆیان. هه‌ر هه‌وڵێک بۆ سنووردارکردنی کارایی پاوانگه‌ری ئابووریی و ده‌سه‌لاتی ده‌وڵه‌ت، هه‌نگاوێکه‌ به‌ره‌و که‌توارییبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجه‌. هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنێکی ڕێکخراوه‌ خۆبەشکارەکان له‌ بواری جۆراوجۆری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا به‌ ئاراسته‌ی ئازادی که‌سیی و دادپەروەریی کۆمه‌ڵایه‌تی، هوشیاری خه‌ڵکی قوڵتر و لێپرسراوه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییان زیاتر ده‌کات و به‌بێ ئه‌مانه‌، بەدیهێنانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ توانادا نابێت. زۆربه‌ی ئه‌نارکیسته‌کانی ئەم سەردەمە لەو بڕوایەدان، کە وەها ئاڵوگۆرێکی کۆمه‌لایه‌تیی چه‌ندین ساڵ دەخایێنێت و کاری بنیاتنان و پەروەردەی پێویستە و به‌بێ هەڵچوون و بارگرژییەکی شۆڕشگێڕانه‌ کە تا هەنووکە هەموو بەرەوپێشچوونێکی کۆمەڵایەتی ئافراندووە، بەدیهاتنی لە توانادا نییە، هه‌ڵبه‌ته‌ تایبه‌تمه‌ندی وەها هەڵچوون و بارگرژییەک بە ڕادەی بەهێزیی بەرهەڵستیێکەوە بەستراوە، که‌ چینه‌ فه‌رمانرواکان بۆ به‌رگرتن له‌ که‌توارتیبوونه‌وه‌ی بیرۆکە تازەکان له‌ خۆیان نیشانده‌ده‌ن. هەچەندی بازنه‌کانی ڕێکخستنەوەی کۆمه‌ڵگه‌ بە ناوەڕۆکی ئازادیخوازیی و سۆشیالیزمەوە فراوانتر بن، ژانه‌کانی لە دایکبوونی ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی لە داهاتوودا که‌متر و ئاسانتر دەبن. تەنانەت شۆڕشه‌کان ده‌توانن تەنیا گەشە بە بیرۆکەگه‌لێک بدەن و پێبگەیێنن، که‌ هه‌نووکه‌ بوونیان هه‌یه‌ و بووەتە بەسێک لە هوشیاری مرۆڤ: به‌ڵام بەخۆیان ناتوانن بیرۆکەگەلێکی نوێ، یا دونیایەکی نوێ له‌ هیچه‌وه‌ بئافرێنن.

پێش ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تە سەراپاگیرەکان له‌ ڕوسیه‌، ئیتالیا، ئاڵمان و دواتر له‌ پورتوگال و ئیسپانیا و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، ڕێکخراوه‌ و بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ نزیکەی زۆربەی ولاتاندا بوونیان هه‌بوو. به‌ڵام وه‌ک هەموو بزاڤه‌ سۆشیالسیتییه‌کانی دیکەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر سه‌رکوتی فاشیزم و هێرشه‌کانی سوپای ئاڵمان و ته‌نیا توانییان بە نهێنی بمێننەوە. له‌ پاش کۆتایی جه‌نگەوە، هه‌ستانه‌وه‌ی بزاڤه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ گشت وڵاتانی ئەوروپای خۆراوایی شتێکی بەرچاوە. فیدراسیۆنی ئه‌نارکیستانی فه‌ره‌نسه‌ و ئیتالیا یەکەم پێکهاتنیان بەست، هەروەها ئه‌نارکیستانی ئیسپانیا که‌ هیشتاکه‌ هه‌زارانیان له‌ دوورخراوگه‌ن و به‌ زۆری له‌ فه‌ره‌نسه‌، به‌لجیکا و ئه‌فریکای باکووری دەژین بە هەمان کار هەستان و هه‌ر به‌و جۆره‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ ئه‌نارکیستییەکان له‌ زۆر ولاتی ئەوروپا و ئه‌مه‌ریکای باکوور و باشووری بڵاو ده‌کرێنەوە.
_____________________________________
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێرانه‌ فارسییه‌که‌ی: http://khushe.ir
ئەم وەرگێڕانە لەتەک دەقە ئینگلزییەکەی بەراورد کراوە..
بۆ خوێندنەوەی دەقە ئینگلیزییەکەی:
http://theanarchistlibrary.org/HTML/Rudolf_Rocker__Anarchism_and_Anarcho-Syndicalism.html#toc2
بۆ خوێندنەوەی دەقە ئاڵمانییەکەی :
http://www.anarchismus.at/txt2/rocker4.htm
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک