په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٢

مێژووی یاسای جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتیی سیاسی!
لائیزم
Laizizm سێکۆلاریزم Secularizm و، بیری بنچینەگری ئیسلامیی.


سیروان کاوسی     


پەرلەمانی فەرانسە، ساڵی ٢٠٠٥ ی زاینیی، یادی ١٠٠ ساڵەی پەسندکردنی ''یاسای لائیسیتە'' (Laîsîtê) ی کردەوە. چەند مانگێک پێش ئەم یادکردنەوە مێژووییە، سێ زانا و کۆمەڵناس وپسپۆڕی جیھانیی بەناوی خاتوون میشولین میلۆ (Micheline Milot) لەوڵاتانی کانادا، بەڕێز ژان بۆبرۆ (Jean Baubêrot) لە وڵاتی فەرەنسا، بەڕێز رۆبێرتۆ بلانکارت (Robert Blankarte) لەوڵاتی مەکزیک، دوای پێداچوونەوە وشیکردنەوەی یاسا کۆنەپەسندکراوەکەی پەرلەمانی فەرەنسا کە ساڵی ١٩٠٥ بڕیاردرابوو لەسەری، گەلێک تێبینی و بۆچوونی تازەیان لێزیادکرد و، ناردیان بۆ ٢٥٠ کۆمەڵناس و زانا و مامۆستای زانستگەی وڵاتانی ئینگلیز، ئەمریکا، ئەڵمانیا، نۆروێژ، سوێد، ھۆڵەند، رووسیا و ئارژانتین و ...ھتد، کە ئەمانەش ھەڵسەنگاندنی وردیان لەسەرکرد و، بۆچوون و زانیاریی خۆیانیان خستەسەر پڕۆژەکە و، ناردیانەوە بۆ فەرەنسا، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە، دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی فەرەنساوە، بەناوی ''یاسای لائیسیتە'' لەسەدەی ٢١ لەسەرتاسەری جیھان کاریپێبکرێ و، ھەوڵبدرێت بۆ جێبەجێکردنی. پاشان دەقی پڕۆژەیاساکە، بەزمانەکانی فەرەنسا و ئینگلیزی و سپانی و رووسی و چینی و ژاپۆنی وعەرەبی و چەندین زمانی دیکە وەرگێڕدرا.


ئەوڕۆکە ١١٢ ساڵ لەیاسای لائیزیزم تێدەپەڕێت، بەڵام لەزۆربەی وڵاتانی جیھان، بەتایبەتیی لەرۆژھەڵاتی ناڤین، دیکتاتۆری و چەوساندنەوەی رەگەزی و ئاینی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و، بێڕیزیکردن بە مافەکانی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی بندەست لەوانە نەتەوەی کورد، بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی ھەیە.

 
لائیزیزم کە لەزمانی فەرەنسا ''لائیسیتە'' ی پێدەگوترێت، لەبنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە و، مانای جیاکردنەوەی ئاینی ھەیە لە حکوومەت و دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی. لائیسیتە لەوڵات و کۆمەڵگەیەکدا سەرھەڵدەدا کە حکوومەت رەوایەتی (شرعیت) ی خۆی لە ئاین، یان ئاینزایەکی تایبەتەوە وەرناگرێ و، تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگە، دەتوانن بەسەربەستیی سوود لەو مافانە وەربگرن کە بەپێی یاسای دێمۆکراتیکی وڵاتەکەیان بۆیان رەچاوکراوە.


لائیسیتە لە ٣ خاڵی بنگەھین پێکھاتووە:


- ١ سەربەخۆیی تەواوی حکوومەت و ناوەندەگشتییەکانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئاین.
- ٢ ھەر کەس ئازادە لە بیروباوەڕ و پاراستن و پێڕەوکردنی ئاین، یان ئاینزای خۆی، ھەروەھا ئەگەر باوەڕی ئاینیی نەبێت.
- ٣ ھیچ جۆرە ھەڵاواردن و جیاوازییەک دانانرێت لەنێوان رەگەزی ژن و پیاو، رەنگی پێست، ئاین، ئیدۆلۆژئ سیاسی و نەتەوە. تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵ بەپێی یاسا خاوەنی مافی یەکسانن.


لائیسیتە پاوانی ھیچ کولتوور و نەتەوە و کیشوەرێکی تایبەت نییە و، نیازێکی گشتیی کۆمەڵگەی جیھانییە کە بتوانێت دنیایەکی دوور لەھەر جۆرە دیکتاتۆری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و رەگەزی و ئاینی و چینایەتیی بۆ وەچەکانی داھاتوو لەئاستی ھەموو جیھان دابین بکات.


بیری لائیزم سەرچاوە و سەرەتاکەی بۆ شۆرشی ١٧٨٩ ی فەرەنسا و بزووتنەوەکانی دژ بەکلێسەسالاریی لەسەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە کە رێخۆشکەربوون لەھەڵگیرسانی شۆرشی مەزنی پاریس لەساڵی ١٨٧١ و لاپەڕەیەکی گەش ونوێی لەبەردەم ئازادیخوازانی نەک ھەر فەرەنسا، بەڵکو تێکڕای ئۆروپا کردەوە و بۆ یەکەمجار لەلایەن پەرلەمانی فەرەنساوە لەساڵی ١٩٠٥ یاسای جیاکردنەوەی ئاین لە حکوومەت پەسندکرا. کۆتایی سەدەی ھەژدە و سەرەتای سەدەی بیست ھاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی بیری ئازادیخوازی و پێشخستنی ئازادیی کۆمەڵایەتیی لەکیشوەری ئۆروپا و پاشەکشەکردنی پاپا و کلێسە لە حکوومەت و دەسەڵاتدارێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی. بەڵام ئەم پاشەکشەکردنە لە ئاستی ئۆروپا وەکیەک نەبوو، چۆنکە لەوڵاتانی باکووری ئۆروپا وەکو نۆروێژ و سوێد و دانمارک و فنلاند، ھەروەھا لە ئاڵمانیا و ئینگلیز، کە پرۆتستانتیسم () و رێفۆرماسیۆنی مەسیحیی، مێژوویەکی ٥٠٠ سالەی لەنێویاندا ھەیە، چینی ئاینیی وەک باقی شوێنەکانی دیکەی ئۆروپا لەلایەن پێشکەوتنخوازانەوە پەلامار نەدرا، ھاوکات خێراتر توانییان لەدەسەڵاتی کلێسە کەم بکەنەوە و ناچاریکەن ملکەچی یاسایەک بێت کە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە پەسنددەکرێت، لەمەوە بیرێکی سیاسیی نوێ بەناوی ''سێکۆلاریزم'' ھاتەکایە. ئەگەرچی سێکۆلاریزم وەک لائیزیزم ئاین و دەوڵەتی لەیەکدیی جیاکردەوە، بەڵام رێی لەبەردەم چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چینی ئاینیدا نەگرت.


لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەکانی رۆشنبیریی ئۆروپا کە بە ''رێنێسانس'' نێویڕۆیوە، لەسایی سوودوەرگرتن لەو دێمۆکراسییەی کە ئازادیخوازانی ئۆروپا بەخوێنی خۆیان بەدەستیانھێنابوو، چینی ئاینی توانی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا رێکبخا و، حیزب و رێکخراوە و تلویزیۆن دابنێ و چاپەمەنیی بڵاوبکاتەوە و لەئاستی ھەموو ئۆروپا بەناوی پارتی دێمۆکراتمەسیحییەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشداریی بکات.


ئێمە ئەم روانگەیە لەھێندێک وڵاتی ئیسلامیی وەکو تورکیا دەبینین کە ئاین و مۆدێرنیزمی تێکەڵ بەیەککردووە و، ساڵانێکە لەو وڵاتەدا حکوومەت بەڕێوەدەبا و جەماوەرێکی زۆریشی لەدەروی درۆشم وبەرنامەی سیاسی وئاینیی خۆی کۆکردووەتەوە.


بوونی چەند حیزبێکی جیاواز لە تورکیا، بیرێکی ھەڵەی لای زۆرێک دروستکردووە کە بڵێن مستەفا کەمال (ئەتاترک) لە تورکیا رژێمێکی لائیکی دامەزراندووە و، سیستەمی سیاسی ئێستەشی بە سێکۆلار نێودەبەن، لەکاتێکدا ئەوی لەناوەرۆکی لائیزیزم وسێکۆلاریزم گەیشتبێ، باشدەزانیت، رژێمی ئەوکات وئێستای تورکیا ھیچیەکێک لەو مەرجانەی تێدانەبووە و نییە کە لەسیستەمەکانی لائیک و سێکۆلاردا پێڕەودەکرێن. سیستەمی سیاسیی تورکیا بەئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستانەی یەک نەتەوە و یەک وڵات و یەکزمان و یەک ئاین دامەزراوە و ھەوڵیداوە نەتەوەکانی بندەستی، لەنێورەگەزی خۆیدا بتوێنێتەوە و، مافەکانی پشتگوێ خستوون.
بەکورتی دەتوانین سێکۆلاریزم لەم دوو خاڵەی خوارەوەدا پێناسە بکەین:


١- جیاکردنەوەی ئاین لەبەڕێوەبەرێتیی کۆمەڵگە و حکوومەت. تێکڕای ناوەندە گشتییەکانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئایندا سەربەخۆن و، لەیاسادا ئاین وەک پرسێکی کەسی (شەخسی) چاویلێدەکرێت.
٢- سێکۆلاریزم بەمانای گواستنەوەی ھەموو ئۆرگان و ناوەندەگشتییەکانی کۆمەڵگەیە لەئاینەوە بۆ چوارچێوەی نائاینیی. لەڕوانگەی ''کارڵ شمیت'' ەوە سێکۆلاریزم ئاڵوگۆڕپێکردنی فەلسەفە و پەروەردە و کولتوور و سیاسەت و ئابووری و دەسەڵاتدارێتیی سیاسییە، لە کلێسەوە بۆ دەوڵەتی مۆدێرنی نائاینیی.


رژێمەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامیی بەتێکڕا دژایەتیی لەگەڵ سێکۆلاریزم دەکەن و، بانگەشەی ئەوەدەکەن، ئاینی ئیسلام لەناوەرۆکی خۆیدا باوەڕی بەرێزگرتن لە نەتەوە و ئاینی جیاواز ھەیە، لەبەر ئەوە ئازادیی تەنیا لەسایی حکوومەتی ئیسلامیدا دەستەبەردەکرێت، نەک لەسیستەمەکانی سێکۆلاری رۆژاواییدا. کاتێک باس لەجیاکردنەوەی ئاین و حکوومەت و دەسەلاتدارێتیی سیاسیی دەکرێت، تێکڕای چینی ئاینیی بەنیشانەی دوژمنایەتیی بەرامبەر بەخۆیان و بێڕێزیکردن بەرامبەر ئیدۆلۆژیی ئیسلامی دەدەنە قەڵەم.


جیاوازیی نێوان ئاین و زانست!


بنچینەی ھەموو ئاینێک لە باوەڕەوە ھاتووە، باوەڕکردن بەرووداوگەلێک کە لەسەرووی توانای جەستە و بیری مرۆڤەوە بێت وەک کرداری پەرجۆ (معجزە). باوەڕکردن بەپێچەوانەی زانست، بەتاقیکردنەوە و بەبەڵگە ساخناکرێتەوە و، مشتومڕی لەسەرناکرێت. مرۆڤی خاوەن باوەڕ خۆشەویستییەکی لەرادەبەدەر و بێسنووری ھەیە و، ئاینەکەی خۆی نەک ھەر بەدرۆ نازانێ، بەڵکو بەڕاست و رەوایان دەزانێ و رێ بەخۆی و بەکەسی دیش نادات بەچاوی شکوگومانەوە بڕواننە ئاین و باوەڕەکەی. ئاین لە خۆشەویستی و ئەڤینی بێسنوورەوە سەرچاوەدەگرێ کە بەزۆر بەریناگیرێ ولەنێو نابرێت و ناسەپێندرێت. ئاین لەپێوەندیی نێوان تاک و خودێ و باوەڕییەوە دەدوێ و، ھیچ پلان و نەخشەیەکی زانستانەی بۆ بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵات و کۆمەڵگە و رامیاری و پەروەردە پێ نییە. ھەموو ئەو داھێنان و پێشکەوتنانەی کە زانستکاران پێیگەیشتوون، لەلایەن کەسایەتی و دەسەڵاتدارانی ئاینییەوە، بەناوی دەستێوەردان لە کاروباری خودا، حوکمی'' بێدین''ی دراوەپاڵیان و فتوای کوشتنیان بۆ دەرکراوە. ئێمە ئەم دیاردەیە لەمێژووی بزاڤی رۆشنبیریی ئۆروپا و ھەروەھا لە رۆژھەڵاتی ناڤین و کوردستانیش دەبینین.


بەپێچەوانەی ئاینەوە، زانست لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی بەردەوام و شیکردنەوە و ھەڵسەنگاندن و ھەڵوەشاندنەوە و سەر لەنوێ بنیادنانەوە و ئەزموونەوە پەیدادەبێت. مرۆڤ بەسوودوەرگرتن لەزانست لەھەموو ئەو دیاردانە دەکۆڵێتەوە کە لەدنیای خۆی و دەرەوەی خۆیدا دەیانبینێت، یان بیریانلێدەکاتەوە. ھەموو ئەو پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی پێیگەیشتووە و لەداھاتوودا پێیدەگات، لەزانستەوە سەرچاوەیان گرتووە.

 
ئەگەرچی لەسایی ئەم دوو دیاردە سیاسی وکۆمەڵایەتییەوە (لائیزیزم و سێکۆلاریزم) حکوومەتەکانی رۆژاوای ئۆروپا و چەند وڵاتێکی دیکە لە دنیا توانیویانە ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ تێکڕای دانیشتوانی وڵاتەکانیان دابین بکەن، لێ، ماوەی چەند ساڵێکە لەوڵاتانی سکاندیناویا، لە ئەڵمانیا، ئینگلیز و فەرەنسا و بەگشتی لە رۆژاوای ئۆروپا، ئێمە شاھیدی پەرەسەندنی رەوتێکی رەگەزپەرستانەین و، کەشێکی دژ بەپەنابەران پەیدابووە. ھەروەک ھاوینی رابردوو لەوڵاتی نۆروێژ فاشیستێک بەناوی ''برێڤیکس'' Breviks بەنیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر سیاسەتەکانی حیزبی دەسەڵاتداری سوسیالدێمۆکرات، بۆمبێکی بەھێزی لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا تەقاندەوە، پاشان ھێرشیکردە سەر جێژنی لاوانی پارتەکە کە لەدورگەیەکی دەرەوەی ئۆسلۆ بەڕێوەدەچوو، بەدەسرێژی گوللە ھەشتا لاوی کوشت وچەندەھای دیکەشی بریندارکرد.


ئۆروپا کە بەناوەند و چاوکانیی ئازادی ودێمۆکراسی نێوبانگی ھەیە و، رۆلێکی مەزنی لەپێشخستنی ئازادی و دێمۆکراسی لەکیشوەری خۆی و لەئاستی ھەموو جیھان گێڕاوە، وڵاتی فەرەنسا کە بە دایک و لانکەی بیری لائیسیتە دەناسرێت، ئەوڕۆکە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەپەرەپێدان بەبیری رەگەزپەرستی و دژایەتیکردنی ئاینیی دەستیان ھەیە، کە ئەمەش بەتەواوەتیی بەپێچەوانەی ھەموو ئەو یاسا و پرنسیپانەیە کە بناخەی سیستەمی سێکۆلاری وڵاتەکانیان لەسەریداناوە. بۆ نموونە، دەولەتی سارکۆزیی بەئاشکرا پشتیوانیی لەرێکخراوەکانی توندڕەوی وڵاتەکەی لەبەرامبەر پەنابەرانی دانیشتووی فەرەنسا دەکات کە زۆرینەیان لەوڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاوە ھاتوون. یان خاتوون ئەنجێلا مێرکل (Angela Merkel) سەرۆکی ئەڵمانیا لەبۆنەی رێکخراوی لاوانی پارتی دێمۆکراتمەسیحیی وڵاتەکەیدا دەڵێت: ''ئێمە لەگەڵ بەھاپیرۆزەکانی ئاینی مەسیحیدا جۆشدراوین و ھەرکەسێک ئەمە پەسندنەکات، ناتوانێت لێرە بژیت!''. ئەمە لەکاتێکدا بەپێی یاسای رژێمەکانی سێکۆلاری وڵاتانی ئۆروپا، تێکڕای دانیشتوانی وڵات سەرەڕای جیاوازیی رەگەزی وئاینی و نەتەوەیی و بیروباوەڕ و مافیان وەکیەک پارێزراوبێت.


سەرھەڵدانی قەیرانی ئابووریی لە پورتۆگال و یۆنان و سپانیا و تەنانەت فەرەنسا و ئینگلیز و پەرەسەندنی رێژەی بێکاریی زەوینەی خۆشکردووە بۆ سەرھەڵدانی ناڕەزایەتیی لەنێو گەلانی ئۆروپا دژ بەحکوومەتەکانیان ھاوکات، ''حیزبەکانی راست'' کە لەسەر بنچینەی دژایەتیی رەگەزی و پاراستنی بەرژەوەندیی چینەکانی خاوەندەسەڵات دامەزراون، تێدەکۆشن رووی دژایەتییەکان بەرەولای پەنابەرانی دانیشتووی ئۆروپا راکێشن. بەردەوامی و پەرەسەندنی زیاتری ئەم دیاردەیە بەپلەی یەکەم زیان بە سیستەمەکانی سێکۆلاری ئۆروپا دەگەیەنێ، ئەوجا زیانی بۆ پەنابەران دەبێت کە زۆرینەیان دەیان سالە نیشتەجێی ئەم وڵاتانەن و رۆڵی بەرچاویان ھەیە لەبەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزاریی ئەم وڵاتانەدا.


رۆژھەڵاتی ناڤین وپرسی سێکۆلاریزم!


کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی خەباتێکی دژوار و دوورودرێژ وخوێناویی لەدژی دەسەڵاتی ئاینی و ئاینسالاریی تێپەڕکردووە. لەوڵاتانی ئۆروپا شیکردنەوە و وەلانانی ئاین لەدەسەڵاتی سیاسی و گەیشتن بە لائیزاسیۆن و سێکۆلاریزم مێژوویەکی ٢٠٠ ساڵەی ھەیە، بەڵام لەوڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست گەلانی ناوچەکە نەیانتوانیوە ھیچیەکێک لەو مافانە بەدەست بھێنن کە گەلانی ئۆروپا پێیگەیشتوون. ماوەی پتر لەساڵێکە شەپۆلێکی بەرین و مەزنی جەماوەریی لەدژی رژێمەکانی دیکتاتۆر و دژ بەئازادیی، لەوڵاتانی عەرەبی سەریھەڵداوە، بەڵام ئەوی کە بە کۆسپی گەورە لەبەردەم گەلانی وڵاتانی عەرەب بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێمۆکرات دادەنرێت، لەڕاستیدا رژێم و سەرۆکەکانیان نین، بەڵکو ئەو کۆسپ و تەگەرە ئاینی و فەرھەنگی و مێژووی و ئابوورییانەن کە لەنێو ئەم وڵاتانەدا مێژوویەکی دێرینیان ھەیە و، بوونەتە ھۆی ئەوە کە لەچاخەکانی کۆنەوە تاکو ئەمڕۆ چەند کەسانێک ببن بەمیری سەربڕ بەسەریانەوە و، لەڕۆژانێکی وەک ئەمڕۆشدا کە لەسەرەتای ھەزارەی سێیەمی زانیدا دەژین، دیکتاتۆری و تئۆکراسی ئاینیی () کە رۆڵێکی مەزنی لەھێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆی ھەیە، لەبەرگ و شێوازێکی تازەدا سەرھەڵێنێتەوە و، ھەوڵبدات بۆ سەرپەرشتیکردنی راپەڕینی گەلانی عەرەب و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی.


گەلانی عەرەب و تێکڕای وڵاتانی ئیسلامی - لەگەڵ باشووری کوردستان کە ئەوڕۆکە لەلایەن کورد خۆیەوە دەبرێت بەڕێوە، بۆ گەیشتن بە دێمۆکراسی و ئازادییەکی راستینە، سێ ئەرکیان لەپێشە:


١- جیاکردنەوەی ئاین لەحکوومەت، سەربەخۆیی تەواوی ئۆرگانەکانی سیاسی و ناوەندەکانی کۆمەلایەتیی لەبەرامبەر ئایندا. ھیچ ئاینێک بە ئاینی فەرمیی (رەسمی) ولات نەناسرێت. حکوومەت لەبەرامبەر ھەموو ئاین و ئیدۆلۆژییەکاندا بێلایەن بێت.


٢- ئازادیی بیروباوەڕ چ ئاینی، چ نائاینیی. تێکڕای دانیشتوانی ولات لەئەنجامدانی چالاکیی سیاسی و ئاینیی خۆیاندا سەربەست و ئازاد بن.


٣- ھیچ چەشنە جیاوازی و ھەڵاواردن (تبعیچ) ێک لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵ، رەگەزی ژن و پیاو، نەتەوە و ئایندا نابێ بکرێک. تێکرای دانیشتوانی ولات خاوەنی مافی یەکسان بن.
لەکۆمەڵگەی وڵاتانی ئیسلامی - بە کوردستانی ئێمەشەوە کە خاوەنی زۆرینەیەکی موسڵمانین، سێ جۆرە بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز سەبارەت بە جۆری رژێم و دەسەڵاتدارێتیی سیاسی بەدیدەکرێت:
١- دەستەی یەکەم پێڕەوانی بیری بنچینەگری ئیسلامین و، بۆ ھێنانەسەرکاری رژێمێکی ئیسلامیی تێدەکۆشن کە بەپێی یاسا و دەستووری ئیسلامیی بچێت بەڕێوە. قورئان و یاساوڕێسای ئیسلامیی بەسەرچاوەی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دادەنێن. لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا رێکخراوی ''اخوان المسلمین''، لەباشووری کوردستانیش ''یەکگرتووی ئیسلامیی'' بۆ ئەم ئامانجە تێدەکۆشن.
٢- دەستەی دووەم ئەو بەشەن کە پرۆپاگەندە بۆ دامەزرانی رژێمێکی دێمۆکراتی ئیسلامی دەکەن و، دەڵێن رژێمی ئیسلامیی دەتوانێت لەگەڵ مۆدێرنیزم و گۆڕانکارییەکانی تازەی جیھان خۆی بگونجێنی و مافی دامەزرانی سەندیکا و رێکخراوە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەرەسمی بناسێ، رێز لە مافی مرۆڤ و بیروباوەڕی جیاواز بگرێت. لایەنگرانی ئەم بیرکردنەوەیە، رژێمی ئێستای تورکیا بەنموونە دەھێننەوە، کە توانیویەتی سەرکەوتوانە لەماوەی ئەم چەند سالەدا وڵاتی تورکیا ببابەڕێوە و رێژەی گرانی و بێکاریی کەم بکاتەوە و، گەشە بەئابووریی وڵاتەکەی بدات.
٣- دەستەی سێیەم، دامەزرانی حکوومەتی ئیسلامی و ھەرجۆرە دەستێوەردانی چینی ئاینی لەکاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا رەتدەکەنەوە و، بەزیان بۆ سەر کۆمەڵگە و وڵاتی دەزانن و بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی سێکۆلاری فرەحیزبی - پەرلەمانیی تێدەکۆشن و باوەڕیانوایە ھیچ جۆرە گۆڕان و چاکسازییەک لە حکوومەتی ئیسلامیدا روونادا، چۆنکە حکوومەتی ئاینیی لەبنەڕەتدا باوەڕی بە ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانیی نێوان رەگەز و مرۆڤەکان نییە و کۆمەڵگە لەدواکەتووییدا دەھێڵێتەوە و، بۆ مانەوەی خۆی، ناکۆکی و دوژمنایەتیی ئاینیی پەرەپێدەدات.


روون وئاشکرایە، دێمۆکراسی و ھزروکولتووری ئازادیخوازیی لەپڕۆسەیەکی مێژوویی و لەئەنجامی تاقیکردنەوەی بەردەوام لەنێو کۆمەڵەخەڵکێکدا سەرھەڵدەدا، گەشەدەستێنێ و دەبێتە فەرھەنگی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە و تێکەڵ بەژیانی خەڵک دەبێت. لەبەر ئەوە گەلانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناڤین بۆ گەیشتن بەدێمۆکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، رێگەیەکی دوورودرێژیان لەبەردەمدایە، ھەر بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین، راپەڕینی گەلانی ناوچەکە، بەوتەی چاودێرانی سیاسیی، ھاتنی ''بەھاری عەرەبی''، ئایە دەتوانێت کۆتایی بەسیستەمەکانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆی ناوچەکە بھێنێ و، داھاتوویەکی گەش و بەختەوەریان بۆ مسۆگەر بکات، یان ''بەھاری ئیسلامیی'' لێ شین دەبێ و، دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی ئیدۆلۆژیی ئاینسالاری و ئیسلامیگەرێتی و ھاوتنەسەرکاری چەند رژێمێکی ئیسلامیی لەناوچەکە!؟

سێکۆلاریزم و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد!


شۆرش و بزووتنەوەی بەردەوامی نەتەوەی کورد بەدرێژایی سەدەی رابردوو لەدژی کۆیلەتی و دیکتاتۆری و چەوساندنەوەی بەردەوام وبەربڵاوی داگیرکەران، ھیچکاتێک جیا نەبووە و نییە لەخەبات بۆ وەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری و ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی. رەنگە ھیچ نەتەوەیەک بەئەندازەی نەتەوەی کورد لەمانا و ناوەرۆکی دیکتاتۆری وشەوەزەنگ ورەشەکوژی و بێمافی تێنەگەیشتبێت، چۆنکە بەدرێژایی مێژووی دابەشبوونی، بندەستی کۆمەڵەرژێمێکی رەگەزپەرستە کە مێژوویان پڕە لە خوێنڕشتن و کاولکاری و داگیرکاری و بەدرێژایی مێژووی پڕ لەتاوانیان بچووکترین مافێکیان بە گەلانی بندەستیان بەڕەوا نەزانیوە. لەبەر ئەوە، کورد چەند پێویستی بە سەربەخۆیی و و رزگارکردنی خاکەکەی لەژێردەستی داگیرکەرانی خوێنڕێژی ھەیە، ھێندەش پێویستی بەوەیە لەوڵات و نیشتمانێکدا بژی کە چیدیکە لەلایەن ھیچ سەرکردە و حیزب و ھێزێکی خۆیی و بێگانەوە، لەسەر بیروباوەڕی سیاسی و ئاین و ئاینزا و ھزر و رامانی جیاوازەوە ئازارنەدرێ، سووکایەتی پێنەکرێ، تووشی راوەدوونان و گرتن و گوللەبارانکردنی نەیەت.


لەپاش دەیانساڵ قوربانیدان وماڵوێرانیی، نەتەوەی کورد لەبەشێکی نیشتمانەکەی - لەباشووری کوردستان خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسیی خۆییە. ئەمە جێی دڵخۆشیی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە کە بەپەرۆشەوە حەز بە پێشکەوتن و سەقامگیربوونی زیاتری حکوومەتە کوردییەکەی خۆیبکات.


حکوومەتی ھەرێمیش دەتوانێت جێی ھیوا و رۆناکی ورێپێشاندەری نەتەوەی کورد بێت لەھەموو بەشەکانی کوردستان، بە مەرجێک، لەباتی حیزب، حکوومەت و پەرلەمان بکرێنە ناوەند وسەرچاوەی بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ھەموو ئۆرگانەکانی دیکەی ولات. لەیاسادا ھیچ ئاین، یان ئاینزایەک نەکرێتە ئاینی فەرمی و ئاینەکانی دیکە بە نافەرمیی لەقەڵەم نەدرێن. ئاین وەک پرسێکی ''کەسیی'' دابنرێ و، ئاین و حکوومەت بەفەرمیی لەیەکدیی جیابکرێنەوە. حکوومەت سەبارەت بە ئاینەکان بێلایەن بێ و راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیریی لەھیچ ئاینێک نەکات. ھەموو جۆرە بیروباوەڕێک ئازادبێت، بەمەرجێک پەنا نەباتە بەر توندوتیژی و زمانی ھەڕەشە و سووکایەتیی بەکارنەھێنێت.


جێی داخە، چەندین کاناڵی سەتەلایت و لۆکاڵی (ناوچەیی) حیزبیی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە دامەزراون، بەڵام حکوومەت خۆی تاکە تەلەفزیۆنێکی دانەناوە کە زمانڕەوشی ھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان بێ و تێبکۆشێت بۆ پەروەردەکردنی تاکی کورد لەڕووی ھۆشیاری نەتەوەیی و فەرھەنگی و رۆشنبیری و کولتووری ڕێزلێنان لەبیروباوەڕی جیاواز و دێمۆکراسی و بیری ئازادیخوازیی بڵاوبکاتەوە..


جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەی سەرەوە، جەوھەر وناوەرۆکی سێکۆلاریزم پێکدێنن کەدەیان سالە رۆژاوای ئۆروپا پێڕەویدەکەن و توانیویانە لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە گەلێک سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنن و ئاسایش و ئازادی و بەختەوەریی بۆ تێکڕای دانیشوانی وڵاتەکانیان دابین بکەن.
____________________________________________
ژێدەر:
() - پرۆتستانتیسم: (Protestantism) یەکێکە لە لقەکانی ئاینی دیان (مەسیحی) و سەرەتا لەسەدەی پانزەی زاین لەلایەن قەشەیەکی ئەڵمانی بەناوی ''مارتین لۆتر'' وە پەیدابوو. زۆرینەی پێڕەوانی ئەم ئاینزایە لە باکووری ئۆروپا دەژین. پرۆتێستان بەو بەشە لەپێڕەوانی ئاینی مەسیحی دەگوترێت کە لە بەرامبەر بەشێک لە یاسا و دەستووری پاپا و کلێسەی رۆم وەستانەوە و داوای چاکسازی و گۆڕانیان دەکرد . مێژووی پێڕەوانی ئەم ئاینزایە بۆ سەدەی پانزەی زاین دەگەڕێتەوە.
() - تێئۆکراسی ئاینیی (Theocracy) بەکوردییەکەی دەسەڵاتدارێتیی ئاینیی دەگەیەنێت. وشەی تێئۆکراسی لەبنەڕەتدا یۆنانییە و مانای حکوومەتی خودای ھەیە و، بە حکوومەتێک دەگوترێ کە خودا و ئاینێکی تایبەت بەسەرۆک و خاوەنی رژێم وکۆمەڵگە دەزانێ و، خودا لەڕێگەی نوێنەرەکانییەوە حکوومەت دەکات، بۆنموونە وەلی فەقیە لەرژێمی ئیسلامیی ئێراندا دەڵێ، نوێنەری خودا و رەسوولی خودا وئیمامەکانی شیعەیە. ھەروەھا لەوڵاتی سعوود بنەماڵەی ئال سعوود خۆیان بەنوێنەری خودا و پەیامھێنەری ئیسلام دەدەنە قەڵەم و رژێمێکی ئاینسالار بەڕێوە دەبەن.
 

ماڵپه‌ڕی سیروان کاوسی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک