١١\٥\٢٠١٦
"مەلا عەبدول لەتیف" لە ئاوێنەی
رسوایی سەلەفیەتی خۆیدا!
گۆنا سهعید
بڕۆ مزگەوت و کەناڵ وئامۆژگاریەکانت بپێچەرەوە و خەریکی ژیانی تایبەتی
خۆت بە ، بڕۆ لە ژیانی واقعیدا درۆکانی کە بۆ خەڵکت کردوون تاقی کەرەوە، زۆرت ووت عەدالەت هەیە لە فرەژنیدا ، بچۆ لە نیو عەشقی تازە و
ئیدارەی سێ ژنی تردا ئەو عەدالەتە درۆزنانەیە بیهێنە دی.
تا ماویت ئەبی مەمنونی ئازادیخوازی ئەم کۆمەڵگەیە بییت ، چونکە ئەم
کۆمەڵگەیە ئەگەر بە پێی "ئامۆژگاریەکانت " مامەڵە لەگەڵ خۆت و عەشقی
تازەت بکات ، ئەوا دەبێت موحاکەمە بکرین و سزا بدرێن نەک لەسەر یەک "تاوان
" بەڵکو لەسەر چەند تاوانێک هەر بە پێێ ئامۆژگاریەکانی خۆت . ئاخر تۆ
بوویت هەموو ڕۆژێک دەتوت " عەشق تەنها عەشقی خوایە " ، تۆ بوویت هەموو
جۆرە عەشقێکی ترت بە تاوان دانا ، تێکەڵبوونی کچ و کورت بە بیدعە و دژە
دین ناودەبرد ، تۆ یت کە بەردەوام داوای چاودێری و پۆلیس دەکەیت بەسەر
سەری ژیانی تایبەتی خەڵکی ترەوە . بە پێێ ئەم ئامۆژگاریانەی خۆت بێت
ئەوا ئیوە تاوانبارن بە "خیانەتی هاوسەرگیری "، بە " تێکەڵوبوونی نێر
و مێ " ، بە " زینا " ، بە " عەشق " !! ، ئەگەر ئەم " تاوانانە " کەسی
تر بیکردایە ، لە جیاتی تۆ مامۆستایەکی تری زانکۆ بیکردایە و تۆ حاکم
بویتایە ، حوکمەکەی شەلاق و بەردەباران و مل پەراندن دەبوو بە دەستی
موریدەکانت کە لەبەرامبەر بە تۆ بێ دەنگیەکی پڕ لە ترس و گەمژە
ئاساییان هەڵبژاردوە . بە هۆی بیر و ڕاکانی تۆ و بازرگانی تۆ و
هاوبیرەکانتەوەیە بە دینەوە کە کوڕان وکچان ، ژنان و پیاوانی ئەم
کۆمەڵگەیە ناتوانن لە ژیانی گشتیدا هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژن ، ئەگەر
بڕێك ئازادیش بە خۆیان رەوا ببینن ئەبێت بە دزیەوە و لە ژیانی تایبەتی
خۆیاندا پیادەی بکەن!
ئەوە بزانە کە تۆ قەرزاری ئیمەیت ، خەڵکی ئازادی خواز ، دوژمنەکانی تۆ
! .. چونکە ئەگەر ئێمە نەبوینایە و بچوینایەتە پاڵ بیر وڕاکانی تۆ ،
ئێستا دەبوو بە پێێ حوکمەکانی خۆت پشتت لە ژێر شەلاقدا ناڵەی بهاتایە
.. بەڵام نا ، ئەم کۆمەڵگەیە سەلماندویەتی کە هەرچەند دەمێکە لە ژێر
فشاری تەوژمێکی کۆنەپەرستی دایە لەسەر دەستی کەسانی وەک تۆ ، بەڵام زۆر
لە وە مەدەنی ترە کە مل بات بۆ حوکمە ناڕەواکانی ئێوە . ئێوە بەم هەموو
دەسەلات و پارە هەڵڕژاوەی بەردەمتان نەتانتاوانیوە ڕێگە بە زۆر دیاردەی
مەدەنی وئازادی تاکە کەسی بگرن و بەر بە ڕەوەندی پێشکەوتنخوازی مرۆڤ و
بەهاکانی بگرن . لەم سەردەمەدا سەرەڕای بوونی تۆ و ژەهراوی بیر و راکەت
بەڵام خەلک ئارەزومەندانە تر هاوسەرگیری دەکات ، ئازادانە تر بریار
دەدات و ئەگەر بیەوێت جیادەبیتەوە ، تێکەڵاو بوونی کچ و کوڕ لە هەموو
کات زیاترە . کاریگەری هونەر و مۆسیقا و خۆشی ژیان و ئازادی لە بیر و
ڕا داڕزیوەکانی تۆ زۆر بەهێز ترن لەنیو ئەو کۆمەلگەیەدا ، لە سەروو
هەمووشیانەوە ڕێز گرتن لە ئازادی ژیانی شەخسی بە هی تۆی دژە ئازادیشەوە
زیاتر بووە . ئەوەتا ئێمە بەرگری لە "چاوان " دەکەین کە مافی خۆیەتی کە
لە هاوسەری پێشووی جیابۆتەوە و هاوسەرێکی تری هەڵبژاردوە کە تۆیت!
لە هەمان کاتدا بە مافی تۆی نازانین کە بەسەر سێ ژندا ژنێکی ترت هێناوە
، ئەوە یاساکانی دەسەلاتە میلیشیایەکەی هەرێمە کە ڕیگە دەدات تۆ چوار
ژن بێنیت ، ئەوە پارە ودەسەلاتەکەشتە کە ئەو ژنانە و کەس و کاریانی بێ
دەنگ کردوە ، نەک سیحری خۆت و دینەکەت . دەرکەوت کە "سەلەفیەت و ئەم بە
دەروێش کردنەی گەنجان بۆ خودا " چ درۆیەکی گەورەیە دەیکەیت ، ئەوەی لە
گەنجانی حەرام دەکەیت ، بۆ خۆتی حەلاڵ دەکەیت . بە دزیەوە و بە "مەستووری"
دژایەتی هەرچیەکت کرد خۆت ژێرا و ژێر لە جۆرە هەرە رادیکاڵەکەیت کرد کە
حەز کردن بوو لە ژنێک کە هاوسەری هەبوو ، هەمان ئەو " تابۆ " یەی کە بە
هۆی کەلتوورە دینیەکەی تۆوەیە کراوەتە بیانووی کوشتنی هەزران ژن لەم
کۆمەڵگەیەدا ! . هەروەک سەدان جار ئەم دووڕووییە ، ئەم هیپۆکراسیە کار
و کردەی هەموو خەلیفەکانی پیش خۆت و ئەمیرەکانی خەلیج و دکتورەکانی
ئەزهەر بووە ، هەمان شت کە حەڵاڵە بۆ خۆتان ، هۆکاری شەلاق کردنە بۆ
خەڵک!! . یەک مێژوو و یەک کردەوە و یەک ژەهراو بۆ گیانی کۆمەلگە...
دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە خەڵک وە بەتایبەت گەنجان بزانن کە تۆ هیچ نییت
جگە لە بازرگانێکی دیین ، هەروەک چون بۆ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دز و
جەردەیە دروست بوونی کۆمپانیا پیویست بوو بۆ دەولەمەند بوونی خۆیان و
دەستگرتن بەسەر بازاڕدا وە هەموو بوونە ملیۆنێر ، هەروا تۆش پێیوست
بوویت وەک کۆمپانیایەک بە بەرهەمهێنانی خیتابی دینی سەلەفیەت کە پێی
دەوڵەمەند بوویت و دەسەڵاتت پەیدا کردوە ، و بۆت دەلوێت کە دین بە
پیوەری ئارەزوەکانت دەپێیوت و خەریکی هەمان ئەجیندەی شێخ و ئەمیرەکانی
سعودیە و خەلیج دەبەیتەڕێوە.
خۆشبەختانە تۆ خۆت سەلەفیەت و بیر ورا ژەهراویەکانی خۆت ڕسوا کرد ،
ئەمە گەورەترین دەسکەوتە بۆ ڕەوەندی ئازادیخوازی لە کوردستان.
بۆیە ئێمە سزای تۆ نادەین لەسەر ئازادی هەڵبژاردنی ژیانی شەخسیت ، نە
تۆ نە مەعشوقەکەت ، لەوانەیە ئازاری خەڵکتان دابێت بە تایبەت مێرد و
مندالەکەی ئەو و ژنەکان و مندالەکانی ترت ، بەڵام ژیانهەڵبژاردن مافە و
بۆ هەموو کەس وەک یەکە ، ئێمە وەک تۆ زەوتی ناکەین لە خەڵک وبیدەین بە
خۆمان! چ شەرمەزاریەکە ئەمڕۆ تۆ تێی کە وتوویت ؟ ئێمەی ئازادیخوازان
خۆشت و مەعشوقەکەشت بەو بەهایانە دەپارێزین کە تۆ هەمیشە لە دژیان
ژەهراوت بڵاوکردۆتەوە ، بۆیە باشترە سەرت کز کەیت و رێز لە خۆت بگریت و
جاری تر ڕووی ئەوەت نەبێت بێێتەوە سەر مینبەر بۆ درۆ کردن بۆ گەنجان و
دژایەتی کردنی ئازادی و بەها جوانەکانی عیشق و خۆشەوسیتی و مافی
هەڵبژاردن.
کاتی ئەوە هاتتوە هەموو بە یەک دەنگ بە مەلا عەبدول لەتیف بڵێین : بڕۆ
خۆت و رێبازە دژی مرۆڤ و ڕووخێنەرەکەت بەرۆکی ئەم کۆمەڵگەیە بەردەن!
ئێمە ئازادیخوازان هیچ کات خۆش نابین لەو ژەهرەی کە ڕشتت ، لەو
ئەفیونەی سەدان گەنجت پێ گێژ و گەمژە کرد ، لەو تاوانەی کە لەشکرێک لە
داعشی ناوخۆییت دروست کرد. لە کاتێکدا کە هەمیشە پێ داگر دەبین لەسەر
بەها گرنگەکانی مرۆڤ دۆستی و بەرگری لە ئازادی تاکە کەسی و یەکسانی ژن
و پیاو، لە هەمان کاتدا بەردەوام پەیامەکانت ڕسوا دەکەین ، درۆکانت
دەردەخەین ، هەموو ئەو گەنجانەی کە تۆ گێژ و حۆلت کردن بە سەلەفیەت
دەخەینە ژێر پرسیاری ویژدانەوە و دەیانگێڕنەوە بۆ دنیای عەقڵ و
مەعریفەت و بیرکردنەوە .. ڕۆژێک دێت ئێمە کەناڵ و مزگەوتەکەت بە دەستی
خەڵکی ئازادیخواز بە داخستن دەدەین.
٨\٥\٢٠١٦
ماڵپهڕی
گۆنا سهعید
|